سەردانیکەر: 333,546
پرۆفیسۆر خالید موحهممهد ساڵح: : شێوازەکانی تاقیکردنەوەی یەقین: ٢- تاقیکردنەوە بە بەخششەکان: ئێمە زۆر جار وا تێ دەگەین کە تاقیکردنەوە تەنها بە ناخۆشی و قاتوقڕی و لەناوچوون و نەخۆشی دەبێت، بێئاگا لەوەی کە هەندێک جار بەپێچەوانەوە تاقیکردنەوە بە بەخشش و دەسەڵات دەوڵەمەندی و خۆشگوزەرانی دەبێت و لەوانەشە ئەم جۆرە لە تاقیکردنەوە، لەجۆرەکەی تر قورستر بێت و کەمتر مرۆڤ بتوانێت خۆی بۆ ڕاگیر بکات. خوای گەورە لەبارەی ئەم جۆرە تاقیکردنەوانەوە دەفەرموێت: [وَنَبْلُوكُم بِالشَّرِّ وَالْخَيْرِ فِتْنَةً وَإِلَيْنَا تُرْجَعُونَ](سورة الٲنبیاء،الآیة 35 ). ئێمە بە هەردوو باری ناخۆشی و خۆشی تاقییتان دەکەینەوە و هەموویشی هەر کۆتایی دێت و هەتا سەر نابێت و دواتر بۆ لای ئێمە دەگەڕێنەوە و سزا و پاداشتی هەڵوێستەکانتان وەردەگرن. یان دەفەرموێت: [وَبَلَوْنَاهُمْ بِالْحَسَنَاتِ وَالسَّيِّئَاتِ لَعَلَّهُمْ يَرْجِعُونَ](سورة الٲعراف،الآیة168 ). واتە: ئێمە بە چاکە و بەخشش و خۆشگوزەرانی و هەندێک جاریش بە ناخۆشی و نەخۆشی و بەدحاڵی تاقیمان کردنەوە؛ تا بگەڕێنەوە بۆ لای خوا و دەست لە خراپە کۆتا کەن. یان دەفەرمووێت: [إِنَّمَا أَمْوَالُكُمْ وَأَوْلَادُكُمْ فِتْنَةٌ وَاللَّهُ عِندَهُ أَجْرٌ عَظِيمٌ]( سورة التغابن،آیة15 ). واتە: ئەو داهات و دەسەڵات و ماڵ و منداڵەی هەتانە تەنها بۆ تاقیکردنەوەی ئێوەیە و خوای گەورە بەخششی لەوە زۆر زیاتری لایە، بۆیە بەم کەمەی دونیا فری و نەخۆن و لاڕێ نەبن؛ تا ئەو زۆرەی دواڕۆژتان لەدەست نەچێت؛ چونکە ئەوەی دونیا چەند زۆر بێت هەر کەمە و هەتا سەرنییە، بەڵام ئەوەی قیامەت بۆ هەتا هەتایە و نەبڕاوەیە. سرووشتی مرۆڤیش وایە کە زوو دەکەوێتە ژێر کاریگەریی دونیا و خۆشییەکانی و کەمتر دەتوانێت خۆی بۆ ڕابگرێت. ئەوەتا خوای گەورە کە خۆی درووستکار و بەدیهێنەری مرۆڤە دەفەرموێت: [كَلَّا إِنَّ الْإِنسَانَ لَيَطْغَى أَن رَّآهُ اسْتَغْنَى](سورة العلق،آیة6 ). واتە: نەخێر مرۆڤ کاتێک دەبینێت دەوڵەمەند بووە و دەسەڵاتی هەیە گومڕا و لا ڕێ دەبێت و سنوورەکانی خوا دەبەزێنێت، یان دەفەرموێت: [وَتُحِبُّونَ الْمَالَ حُبّاً جَمّاً](سورة الفجر، آیة20). واتە: بەڕاستی پارە و سامانی دونیاتان زۆر خۆش دەوێت. پێشەوا بوخاری فەرموودەیەک دەگێڕێتەوە و دەفەرمووێت: (أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ ﷺ بَعَثَ أَبَا عُبَيْدَةَ بْنَ الْجَرَّاحِ إِلَى الْبَحْرَيْنِ يَأْتِي بِجِزْيَتِهَا، فَقَدِمَ أَبُو عُبَيْدَةَ بِمَالٍ مِنْ الْبَحْرَيْنِ، فَسَمِعَتْ الْأَنْصَارُ بِقُدُومِ أَبِي عُبَيْدَةَ، فَوَافَتْ صَلَاةَ الصُّبْحِ مَعَ النَّبِيِّﷺفَلَمَّا صَلَّى بِهِمْ الْفَجْرَ، انْصَرَفَ فَتَعَرَّضُوا لَهُ فَتَبَسَّمَ رَسُولُ اللَّهِ ﷺ حِينَ رَآهُمْ، وَقَالَ: {أَظُنُّكُمْ قَدْ سَمِعْتُمْ أَنَّ أَبَا عُبَيْدَةَ قَدْ جَاءَ بِشَيْءٍ؟}. قَالُوا: أَجَلْ يَا رَسُولَ اللَّه ﷺ قَالَ: {فَأَبْشِرُوا، وَأَمِّلُوا مَا يَسُرُّكُمْ، فَوَاللَّهِ لَا الْفَقْرَ أَخْشَى عَلَيْكُمْ، وَلَكِنْ أَخَشَى عَلَيْكُمْ أَنْ تُبْسَطَ عَلَيْكُمْ الدُّنْيَا كَمَا بُسِطَتْ عَلَى مَنْ كَانَ قَبْلَكُمْ، فَتَنَافَسُوهَا كَمَا تَنَافَسُوهَا، وَتُهْلِكَكُمْ كَمَا أَهْلَكَتْهُمْ}..)(صحیح البخاری،ج4،ص97). واتە: پێغەمبەری خوا ﷺئەبو عوبەیدەی ڕەوانە کرد؛ تا جزیەی ناوچەی بەحرەینی بۆ کۆ بکاتەوە، کە ئەبوعوبەیدە گەڕایەوە ئەنصار بیستبوویان کە گەڕاوەتەوەو ماڵێکی زۆریشی لەگەڵ خۆی هێناوە، وایش ڕێکەوت کە کاتی نوێژی بەیانی بوو، پێغەمبەری خوا ﷺ نوێژی بەیانی بۆ کردن و کاتێک ویستی بڕوات چوونە خزمەتی و ئەویش زەردەخەنەیەکی کرد و فەرمووی وا بزانم بیستووتانە ئەبو عوبەیدە گەڕاوەتەوە و شتێکی لەگەڵ خۆی هێناوە؟ گوتیان: بەڵێ ئەی پێغەمبەری خوا ﷺ فەرمووی: دەی مژدەتان لێ بێت ئەوەی بەتەمای هاتوون پێتانی دەدەم، بە خوا من ناترسم لەوەی هەژار بکەون و نەدار بن، بەڵام دەترسم دونیا باوەشتان بۆ بکاتەوە و زاڵ بێت بەسەرتاندا، وەک چۆن باوەشی بۆ نەتەوەکانی پێش ئێوە کردبۆوە و ئێوەش بکەونە ململانێ و پێشبڕکێ لەسەر دونیا وەک ئەوانەی پێش ئێوە کردیان، بەو هۆیەشەوە لەناو بچن وەک ئەوانەی پێش ئێوەی لەناو برد. ئەبو دەرداء بۆمان دەگێڕێتەوە و دەڵێت: (خرج علينا رسول اللهﷺوَنَحْنُ نَذْكُرُ الْفَقْرَ وَنَتَخَوَّفُهُ، فَقَالَ: {الفَقْرَ تَخَافُونَ؟!! والَّذِي نَفْسِي بِيَدِهِ لَتُصَبَّنَّ عَلَيْكُمُ الدُّنْيَا صَبّاً حَتَّى لا يُزيغَ قَلْبَ أَحَدِكُمْ إَزَاغَة إِلاَّ هِيَ}.)( سنن ابن ماجة،ص4،روال الٲلبانی فی تخریجه حدیث الحسن). واتە: جارێکیان دانیشتبووین باسی ترس و ناڕەحەتی هەژارییمان دەکرد، پێغەمبەری خوا ﷺ هات بۆ لامان و فەرمووی: دەڵێی لە هەژاری دەترسن؟! بەو کەسەی گیانی منی بەدەستە خوا نازو نیعمەتەکانی خۆی بەلێشاو دەڕژێت بەسەرتاندا، تا وای لێ دێت، تاکە مەترسی بۆ سەر دڵ و دەروون و باوەڕتان تەنها دونیا دەبێت. لەم دەقانەوە بۆمان دەردەکەوێت کە خۆشییەکانی دونیا و ناز و بەخششەکانی بەڵا و هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر دڵ و باوەڕی باوەڕداران. دەبینین خەڵکانێک هەن، تا هەژار بوون جۆر بوون لەگەڵ خوا، بەڵام کە دەوڵەمەند بوون، لای خوایان بەرداوە و بەهۆی سەرقاڵی بە دونیاوە، کەمتر دەیانپەرژێتە سەر خەمی قیامەت و هەوڵی بۆ دەدەن، کەمتر فریای پرسی حەڵاڵ و حەرامی مامەڵەکانیان دەکەون و زیاتر لە هەوڵی کۆکردنەوەی پارەدان، بەهۆی سەرقاڵیان بە دونیاوە کەمتر فریای قورئان خوێندن و نوێژی جەماعەت و ڕۆژووی سوننەت دەکەون، کەمتر، یان هەر دەگمەن خزم و نەخۆش و خەڵکانی هەژار بەسەر دەکەنەوە و ئاوڕیان لێ دەدەنەوە. خەڵکانێکی تر هەن، گیرۆدەی دەستی نیعمەتی لەشساغی، یان گەنجی، یان پۆست، یان دەسەڵات، یان هەندێک جار جوانی بوون و بەهۆی ئەو بەخششانەوە کە دەبوو سوپاسی خوایان لەسەر بکردایە و شوکرانە بژێر بوونایە و لەڕێی خواناسیدا بەخەرجیان بدایە لاڕێ و سەرلێشێواو بوون و دژی خوا بەکاریان هێناوە و خەڵکیان پێ لەخشتە بردووە و ڕێگای خواناسی و قیامەتیان ون کردووە. کەواتە: دەبێت مرۆڤی باوەڕدا لەوە بەئاگا بێت کە هەرچی خوا پێی داوە لە دونیا لە بەرامبەریدا بەرپرسیارە و خوا لە دواڕۆژدا لێپێچینەوەی لەسەر دەکات و وەک خۆی دەفەرموێت: [ثُمَّ لَتُسْأَلُنَّ يَوْمَئِذٍ عَنِ النَّعِيمِ]( سورة التكاثر،آیة8). واتە: پاشان لێپرسینەوەتان لەسەر بەخشش و نیعمەتەکان لەگەڵ دەکرێت. وە وەکو پێغەمبەری خوایش ﷺ دەفەرموێت: {لن تَزُولُ قَدَمَا عَبْدٍ يَوْمَ الْقِيَامَةِ حَتَّى يُسْأَلَ عَنْ أربع: عَنْ عُمْرِهِ فِيمَا أَفْنَاهُ، وَشَبَابِهِ فِيمَا أَبْلاهُ، وَعَنْ مَالِهِ مِنْ أَيْنَ اكْتَسَبَهُ وَفِيمَا أُنْفِقَهُ، وَعَنْ علمه مَاذا عَمِلَ فِيه}( سنن الترمذی،ج4،ص612 ). واتە: هیچ کەس قاچەکانی لە بەردەم خوای گەورە ناترازێ، تا لێپریسنەوەی لەسەر چوار شت لەگەڵ نەکرێت، لەسەر تەمەنی لە چیدا بەسەری بردووە و جوانی و گەنجێتییەکەی لە چیدا داناوە و لەسەر پارە و سەروەت و سامانی چۆنی پەیدا کردووەو لە چیدا خەرجی کردووە و لەسەر ئەو زانست و زانیارییەی خودا پێی داوە چی لێ کردووە و چۆنی بەکار هێناوە پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح کتێبی کردەوەکانی دڵ/ل87_88_89
شێوازەکانی تاقیکردنەوەی یەقین: بەشێوازێکی گشتی خوای گەورە لەسێ ڕووەوە مرۆڤی باوەڕدار تاقی دەکاتەوە: ١- تاقیکردنەوە بە پەرستش و ئەرک و بەرپرسیارێتییە شەرعییەکان: هەمووان دەزانین کە خوای گەورە کاتێک مرۆڤی درووست کردووەو دای بەزاندۆتە سەر زەوی بەردەوام شەریعەت و پەیامەکانی خۆی بۆ ڕەوانە کردووە تا پەیوەندی لەگەڵ خوادا نەپچڕێت و نەکەوێتە داوی شەیتان و ئارەزوەکانی خۆیەوە و فەرمانیشی پێ کردوون کە بەو بەرنامە و شەریعەتانەوە پابەند بن، ئەوەتا ئامۆژگاریی پێغەمبەرەکەی دەکات ﷺکە پابەند بێت بە فەرمانەکانییەوە و پێی دەفەرموێت: [فَاعْبُدْهُ وَاصْطَبِرْ لِعِبَادَتِهِ](سورة مریم آیة٦٥). واتە: پەرستشی خوای گەورە بکە و ئارام بگرە لەسەر پەرستشکردنی، پاشان فەرمانی پێ دەکات، کە نەک تەنها خۆی، بەڵکو پێویستە فەرمان بە کەسوکار و دۆستانیشی بکات کە پابەند بن بە پەرستشەکانەوە و پێی دەفەرموێت: [وَأْمُرْ أَهْلَكَ بِالصَّلاةِ وَاصْطَبِرْ عَلَيْهَا](سورة طه۱۳۲ ). واتە: فەرمان بە خێزان و کەسوکارەکەت بکە، نوێژەکانیان بکەن و ئارامگر بە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو فەرمانە. جا بۆیە لێرەدا، فەرمانەکانی ڕووبەڕووی پێغەمبەرەکەی دەکاتەوە؛ تا ئێمە تێ بگەیەنێت کە ئەرکی پابەندبوون بە پەرستش و شەریعەتەکەیەوە کەس نابوێرێت، گەرچی پێغەمبەریش بێت. ئەو شەریعەت و پەیامانەیش، بەگشتی ژیانی مرۆڤ و کارو کردەوەکانی دابەش دەکەن بەسەر پێنج تەوەرەدا کە ئەوانیش: - واجبات: بەو شتانە دەگوترێت، کە خوای گەورە پێویستی کردووە لەسەر مرۆڤەکان ئەنجامی بدەن و مرۆڤەکان لەسەر کردنیان، پاداشت دەکرێن و لەسەر نەکردنیان، سزا دەدرێن وەکو نوێژ و ڕۆژوو، ...... - محرمات: بەو شتانە دەگوترێت کە خوای گەورە قەدەغەی کردووە لەسەر مرۆڤەکان و نابێت بیکەن و لەسەر کردنیان مرۆڤەکان سزا دەدرێن و لەسەر نەکردنیان پاداشت دەکرێن وەکو دزی و درۆ..... - مندوبات: بەو شتانە دەگوترێت کە خوای گەورە بەباشی داناوە مرۆڤەکان بیکەن، بەڵام فەرمانی بەکردنیان نەکردووەو مرۆڤەکان لەسەر کردنیان پاداشت دەکرێن، بەڵام لەسەر نەکردنیان سزا نادرێن، وەکو ڕۆژووی دوشەممان و پێنج شەممان، یان شەونوێژ............... - مکروهات: بەو شتانە دەگوترێت، کە خوای گەورە بەباشی داناوە مرۆڤەکان نەیکەن، بەڵام قەدەغە و یاساغی نەکردوون و مرۆڤەکان لەسەر نەکردنیان پاداشت دەکرێن، بەڵام لەسەر کردنیان سزا نادرێن، وەکو نوێژکردن بە بێ هۆ لە کاتی خۆرهەڵاتن، یان خۆرئاوابووندا .............. - مباحات: بەو شتانە دەگوترێت، کە خوای گەورە دەرگای بۆ مرۆڤەکان واڵا کردووە و بۆ حەز و خواستەکانی خۆیانی جێ هێشتووە و سەرپشکی کردوون لە بڕیاری کردن و نەکردنیان و سزاو پاداشتی لەسەر کردن و نەکردنیان دانەناوە، وەکو هەڵبژاردنی جۆری خواردن و جلو بەرگ و شوێنی حەوانەوە و ....... کۆی ئەم کردەوانە پێی دەگوترێت شەریعەت و مرۆڤ بەهۆیانەوە لە دوو ڕووەوە تاقی دەکرێتەوە: ڕووی یەکەم: لەڕووی تیۆری هزرییەوە: کە سەرەتاتر و گرنگترە لە ڕووەکەی تر، ئەویش بەوەی دەبێت مرۆڤ لەڕووی تیۆری و هزرییەوە بیروباوەڕی بەکۆی ئەو حوکم و پرسە شەرعییانە هەبێت، وەک ئەوەی کە خوای گەورە دیاری کردووە و دای ناوە و بەهەمان شێوەی شەریعەتەکەی خوای گەورە، ڕیزبەندی بۆ حوکمە شەرعییەکان بکات و واجباتی شەرع بە واجب و حەرامەکانی بەحەرام و مەکروه ـو مەندوب و موباحەکانیشی وەکو خۆی بزانێت و نابێت لەم ڕووەوە بەموو ڕاجیایی لەگەڵ شەرع هەبێت؛ چونکە هەر ڕاجیاییەک لەم ڕووەوە، لە بنەما سەرەکییەکاندا مرۆڤ لە بازنەی باوەڕ دەباتە دەرەوە، بۆ نموونە: کەسێک باوەڕی وا بێت نوێژ واجب نییە، یان زەکات، یان حەج، یان باڵاپۆشی ئافرەت، یان پێی وا بێت زینا حەڵاڵە، یان عارەق، یان درۆ، یان سیحر، ئەمانە مرۆڤ پێی کافر دەبێت، جا کەسەکە لەڕووی کردارییەوە بیانکات، یان نا.. ئەوە گرنگ نییە، بۆ نموونە: کەسێک نوێژیش بکات، بەڵام پێی وا بێت واجب نییە، یان زینا نەکات، بەڵام پێی وا بێت حەرام نییە، یان باوەڕی بە دادووەری یاسای میرات نەبێت لەنێوان ژن و پیاودا، یان باوەڕی بە فرەژنی، یان باڵاپۆشی ئافرەتان نەبێت، کە خوای گەورە لە قورئاندا باسی کردوون، هەموو ئەمانە مرۆڤ پێیان کافر دەبێت، با لەڕووی کرداریشەوە پێیانەوە پابەند بێت؛ چونکە ئەوە تانەدانە لە حوکم و حیکمەتی خوای گەورە، بۆیە مرۆڤ بەوە دێتە بازنەی شەرعەوە، کە باوەڕی تەواوی بەهەموو ئەحکامەکانی شەرع هەبێت وەکو خۆی. ڕووی دووەم: لەڕووی کرداری و پراکتیکەوە: پێویستە مرۆڤ لەم ڕووەشەوە تەواو پابەند بێت بەحوکمەکانی شەرعەوەو هەوڵی تەواو بدات واجبەکان جێبەجێ بکات و خۆی لەحەرامەکان بگرێتەوە و سنوور بەزێنی حوکمەکانی شەرع نەکات و بەپێی توانا (مندوب)ـە کان بکات و خۆی لە (مکروهـ) ـەکان بپارێزێت و زیادەڕەویش لە (مباح)ـەکاندا نەکات، بەڵام ئەگەر مرۆڤ، لەم ڕووەوە کەمتەرخەمییەکیشی هەبێت؛ ئەوا باجی ئەم ڕووەیان لەوەی یەکەم کەمترە و تەنها پێی تاوانبار دەبێت، بەڵام لە بازنەی باوەڕ ناڕواتە دەرەوە، بۆ نموونە: کەسێک ساردە نوێژ بێت، بەڵام پێی وا بێت کە نوێژ ئەرکێکی شەرعییە و دەبێت موسڵمانان پێوەی پابەند بن و دان بەکەموکووڕی خۆیدا بنێت، ئەمە تاوانبارە، بەڵام هەر موسڵمانە، یان زینا، یان دزی، یان عارەق، یان سوو بخوات و پێی وا بێت کە ئەمانە حەرامن و دان بە تاوانباری خۆیدا بنێت ئەمیش بەهەمان شێوە تاوانبارە، بەڵام کافرو بێباوەڕ نییە. کەواتە: پێویستە مرۆڤی باوەڕدار لە هەردوو ڕووەوە– چ لەڕووی تیۆری و چ لەڕووی کردارییەوە- پابەند بێت بەحوکمە شەرعییەکانەوە و فەرمانەکانی خوای گەورە وەکو خۆی جێبەجێ بکات و لێیان لا نەدات و بەمەش بەختەوەری دونیا و دواڕۆژ دەبێت کتێی کردەوەکانی دڵ،لا90_91
بەڕێزان جەژن لەئێوەی بەڕێز و خۆشەویست پیرۆز بێت، تاعەتتان قەبوڵ، گەردنمان ئازاد کەن، گەردنتان ئازاد بێت.
هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لە یەکە یەکەی ئیوەی بەڕێز و سەرجەم موسوڵمانانی جیهان پیرۆز بیت، خوای گەورە بیکاتە مانگی خۆشی و لێخۆشبوونی تاوانەکانمان.
خۆزگە ئەو کاتانەیش کە بەرپرس وکادر وئەندامان وکەناڵەکانی ڕاگەیاندنتان سوکایەتی وبێ ڕێزییان بەرامبەر ئیسلام وقورئان وپێغەمبەرو ویاران ومامۆستایانی ئاینی ومیراتگرانی وپیرۆزییەکانی موسوڵمانان دەکرد ئاوها دەهاتنە سەر خەت وسەرکۆنەی ئەو جۆرە کارانەشتان دەکرد وڕێکاری یاساییتان بەرامبەر ئەنجامدەرانی دەگرتە بەر.
هۆکارەکانی درووستبوونی یەقین: بۆ گەشتن بەم قۆناغانەش مرۆڤی باوەڕدار پێویستی بە دوو هۆکارو هاوکاری سەرەکی هەیە ئەوانیش: ١- پێویستی بە زانستی دڵە. ٢- پێویستی بەوەیە کە ئەو زانستەی لە واقیع و ژیانی ڕۆژانەیدا ڕەنگدانەوەی هەبێت و بەرجەستەی بکات. خوای گەورە لە قورئاندا کۆمەڵێک دیمەنی دامەزراوی و پتەوی باوەڕی پێغەمبەرانمان بۆ باس دەکات؛ تا ئێمەش لێیانەوە فێر بین و چاویان لێ بکەین و هاوشێوەی ئەوان فەرمانبەرداری فەرمانەکانی خوای گەورە بین لەوانە: دیمەنی ئیبراهیم کە چۆن ئامادە بوو هەر لە سەرەتای لاوێتییەوە گیانی خۆی ببەخشێتە خوای گەورە و لە پێناوی ئەودا بخرێتە ئاگرەوە و بسووتێنرێت، یان دواتر چۆن ئامادەبوو خێزان و کۆرپەلە تاقانەکەی لە بیابانێکی وشک و چۆڵدا جێ بهێڵێت، کە بەپێی هەموو پێوەرەکان ئەو جێهێشتنە ڕادەستکردن بوو بە مەرگ، دەڵێن: کاتێک ئیبراهیم دروودو سڵاوی خوای لێ بێت، خاتوو هاجەرو ئیسماعیلی دانا، خاتوو هاجەر شوێنی کەوت و سێ جار بانگی کردو دەیگوت: ئەی ئیبراهیم تو خوا خوا فەرمانی پێ کردوویت لێرەدا جێمان بهێڵیت؟ ئەویش قوڕگی پڕ بووبوو لە گریان، نەیدەتوانی وەڵامی بداتەوە، دواجار ئاوڕی دایەوە و فەرمووی: بەڵێ خوای گەورە فەرمانی پێ کردووم. ئەوجا خاتوو هاجەر فەرمووی: کەواتە: بڕۆ جێمان بهێڵە خوای گەورە دەمانپارێزێت( ابن ابی زمنین، تفسیر القرآن العزیز). ئەوەی زۆر جێی سەرنجە لەم دیمەنەدا جگە لە هەڵوێستی حەزرەتی ئیبراهیم دروودو سەلامی خوای لێ بێت هەڵوێستی خاتوو هاجەرەی خێزانێتی کە پێغەمبەریش نییە، بەڵام ئەو باوەڕە پتەو و دامەزراوەی بە خوای گەورە هەبووە، کە ئەگەر ئەمە فەرمانی ئەو بێت، ئیتر ترسی نییە و ئەو خۆی دەیانپارێزێت. یان دیمەنی موسا پێغەمبەر دروودو سەلامی خوای لێ بێت کاتێک خوای گەورە فەرمانی پێ دەکات لەژێر باڵی ڕەشی شەودا خۆی و گەلەکەی میسر بەجێ بهێڵن، ئەوە بوو کاتێک فیرعون پێی زانین شوێنیان کەوت و لە کەنارەکانی دەریادا پێیان گەشت و موسا و گەلەکەی کەوتنە نێوان بەرداشی دوو هێزەوە، هێزی دەریاو هێزی سوپاکەی فیرعەون، لەو کاتانەدا گەلەکەی هاواریان کردو گوتیان: [إِنَّا لَمُدْرَكُونَ](سورة الشعراء،آیة٦۱ ). واتە: ئەوە فیرعەون پێمان گەیشتەوەو تیاچووین، بەڵام موسا لەو پەڕی متمانەبوونەوە بە خوای خۆی هاواری کردو فەرمووی: [كَلَّا إِنَّ مَعِيَ رَبِّي سَيَهْدِينِ]( سورة الشعراء، آیة٦۲). واتە: نەخێر من خوای گەورەم لەگەڵە و ئەو ڕزگارمان دەکات، خۆ ئەو کاتەی موسا قسەکە دەکات؛ خوای گەورە هیچ بەڵێنێکی پێ نەداوە کە ڕزگاری بکات، بەڵام متمانەی موسا بە خوای گەورە ئەو دڵنیاییەی پێ دەبەخشێت، کە خوای گەورە ڕزگاریان دەکات. یان دیمەنی پێغەمبەری ئیسلام ﷺلەو کاتەی لەگەڵ ئەبوبەکری هاوەڵیدا، لە ئەشکەوتەکەدا خۆیان حەشار دابوو، بێباوەڕان گەشتنە بەردەمی ئەشکەوتەکە و ئەبوبەکر بە ترسێکی زۆرەوە دەیچپاند بەگوێی پێغەبەرداﷺو دەیگوت: (ئەگەر یەکێکیان سەیری بەرپێی خۆی بکات دەمانبینێت و دەماندۆزنەوە، بەڵام پێغەمبەری خواﷺ لەو پەڕی ئارامی و متمانەبوونەوە بە خوای گەورە پێی فەرموو: {مَا ظَنُّكَ يَا أَبَا بَكْرٍ بِاثْنَيْنِ اللَّهُ ثَالِثُهُمَا}( صحیح البخاری،ج٥،ص٤). واتە: ئەی ئەبوبەکر گومانت بەدوو کەس چۆنە کە خوای گەورە سێیەمیان بێت، دڵتەنگ مەبە؛ خوامان لەگەڵە. خوای گەورەش ڕزگاری کردن. جابری کوڕی عەبدوڵڵا دەگێڕێتەوەو دەڵێت: (كُنَّا مع رسول اللِّهِ ﷺبذاتِ الرِّقاعِ، فإذَا أتينا على شَجرةٍ ظليلة تركْنَاهَا لرسول اللَّهﷺ فَجاء رجُلٌ من الْمُشْرِكِين، وسيف رسول اللَّه ﷺمُعَلَّقٌ بالشَّجرةِ، فاخْترطهُ فقال: تَخَافُنِي؟ قَالَ: {لا}. قَالَ : فمَنْ يمْنَعُكَ مِنِّي؟ قال: {اللَّه}. قال: فسقَطَ السَّيْفُ مِنْ يدِهِ، فأخذ رسَول اللَّه ﷺ السَّيْفَ فَقال: {منْ يمنعُكَ مِنِّي؟}. فَقال: كُن خَيْرَ آخِذٍ، فَقَالَ: {تَشهدُ أنْ لا إلَه إلا اللَّهُ، وأنِّي رسولُ اللَّه؟}. قال: لا، ولكِنِّي أعاهِدُك أن لا أقَاتِلَكَ، ولا أكُونَ مع قوم يقاتلونك، فَخلَّى سبِيلهُ)(صحیح البخاری،ج٥،ص۱۱٤). واتە: لە خزمەتی پێغەمبەری خوادا بووینﷺلە غەزای (ذات الرقاع)، ڕێمان کەوتە دارێک سێبەری هەبوو جێمان هێشت؛ تا پێغەمبەری خوا ﷺکەمێک پشووی لێ بدات، لەو کاتەنەدا یەکێک لە بێباوەڕان دزەی کردبووە ناو سەربازگەی موسڵمانان و گەشتبووە پێغەمبەر و ئەویش ڕاکشابوو شمشێرەکەشی کردبوو بە دارەکەدا، پیاوەکە شمشێرەکەی هەڵکێشاو گوتی: ئەی محەممەد لێم دەترسیت؟ پێغەمبەری خوا ﷺفەرمووی: نەخێر. گوتی: ئێستا کێ لە دەستم ڕزگارت دەکات؟! پێغەمبەری خوایشﷺبەو پەڕی ئارامی و دڵنیاییەوە فەرمووی: خوای گەورە. کابرا کە گوێی لە ناوی الله بوو شمشێرەکەی لە دەست کەوتە خوارەوە و ئەوجا پێغەمبەر ﷺ شمشێرەکەی گرت بەدەستییەوە و فەرمووی: ئەی ئێستا کێ تۆ دەپارێزێت و ڕزگارت دەکات؟! پیاوەکە دەستی بە پاڕانەوە کرد و گوتی: ئەی محەممەد من کردم، تۆ نەیکەیت، تۆ براگەورە و دەستڕۆیشتوویەکی باش بە. پێغەمبەرﷺپێی فەرموو: باوەڕ بهێنەو بڵێ: باوەڕم وایە کە جگە لە خوای گەورە پەرستراوێکی تر بەحەق نییە و موحەممەدیش پێغەمبەری خوایە، ئازادت دەکەم. پیاوەکە گوتی: باوەڕ ناهێنم، بەڵام بەڵێنت پێ دەدەم کە هەرگیز شەڕت لەگەڵ نەکەم، لەگەڵ کەسانێکیش نەبم کە شەڕت لەگەڵ دەکەن، پێغەمبەری خواﷺئازادی کرد. بزانن بەڕێزان، ئەم ئارامی و دڵنیایی و لەگەڵ خوابوونە چ بەرهەم و دەرەنجامێکی گەورە و ناوازەی هەیەو چۆن خوای گەورە بەهۆیەوە بەندەکانی لە ساتە سەختەکاندا ڕزگار دەکات. کتێبی کردەوەکانی دڵ،لا٧٥-٧٦-٧٧-٧٨
ئەو ئیسلامەی من تێیگەیشتوم وای لێ فێربووم کەبەو پەڕی ئەدەب ونەرمییەوە مامەڵە لەگەڵ بەرامبەرەکانمان بکەین هەرکێ و هەرچی و هەرچۆن بن، هەر بۆ نموونە کاتێک خوای گەورە موسا پێغەمبەر و هارونی برای ڕەوانەی لای فیرعەون دەکات ئامۆژگاريیان دەکات وپێیان دەفەرموێت: (فَقُولَا لَهُ قَوْلًا لَيِّنًا لَعَلَّهُ يَتَذَكَّر أَوْ يَخْشَی )(سورة طه آیة:٤٤) واتە بەنەرمی بیدوێنن وقسەی لەگەڵ بکەن بەڵکو یادی خوای گەورەی بکەوێتەوە و بگەڕێتەوە، خۆ خوای گەورە خۆی باش دەزانێت فیرعەون پاشگەز نابێتەوە بەڵام دەیەوێت ئێمە فێری ئەدەبی دواندن بکات، هەر لەو ڕوانگەیەیشەوە بوو کاتێک پێغەمبەری خوا ﷺ نامەی بۆ سەرانی کوفری سەردەمی خۆی دەنارد بەڕێزەوە دەیدواندن و بە (عظيم القبط و عظيم الفرس و عظيم الروم ) بانگی دەکردن، هەر چەند لای پێغەمبەر ﷺ ئەوانە هیچ عەظەمەتێکیان نەبوو؛بەڵام بەئەدەبەوە دەیدواندن ودەیزانی قسەکانی ئاوا کاریگەرییان زیاترە . جا نە ئێمە لەو پێغەمبەرانە باشترین ونە بەرامبەرەکەیشمان لە فیرعەون و سەرانی کوفری سەردەمی پێغەمبەر ﷺ خراپترە. هەر لە پێناو گەیاندنی پەیامی چاکسازییاندا زۆر جار پێغەمبەران خۆیان و هەڵوێستەکانیان هاوتای هەڵوێستی گەلەکانیان کردوە و سەرەڕای دڵنیاییان لەڕاستی پەیامەکانیان گوتویانە: (وَإِنَّا أَوْ إِيَّاكُمْ لَعَلَى هُدًى أَوْ فِي ضَلَالٍ مُبِينٍ) (سورة السبٲ آیة:۲٤)واتا ئێمە لەگەل ئێوە یەکێکمان لەسەر ڕێگەی ڕاستین وبەرامبەرەکەیشمان لە گومڕایی تەواوداین. دواتر من لەوە تێناگەم هەندێک موسوڵمان جوێن ونەفرەت قسەی زبر وگوتەی نەشیاو لە کوێ فێربوون وپەروەردەی دەستی کێن لە کاتێکدا پێغەمبەری خودا ﷺ دەفەرموێت: (لَيْسَ الْمُؤْمِنُ بِطَعَّانٍ، وَلَا بِلَعَّانٍ، وَلَا الْفَاحِشِ الْبَذِيءِ). رواه أحمد وصححه الألباني. واتە: مرۆڤی بڕوادار تانەوتەشەر لەخەڵکی نادات ونەفرەتیان لێ ناکات وزمان پیس ودەم شڕ نییە بەرامبەریان. بۆیە پەیامی ئیسلام لێوان لێوە لەجوانی وپێویستە ئێمە بەقسەی زبر و هەڵوێستی نەشیاوی خۆمان نەیشێوێنین.
بەداخەوە هەڵوێستەکانت پێچەوانەی هیواکانی ئێمەیە: ئێمە بەهیوا بووین تۆ وەک پیاوێکی دونیای عیرفان ببیتە سەرمەشقی خاکیبوون و دونیا نەویستی، کەچی بەداخەوە خەریکە تۆیش وەک خەڵکێکی سادە جوانییەکانی دونیا فریوت دەدات و لەڕێبازی پاکی تەصەووف دورت دەخاتەوە. ئێمە بەهیوابووین جەنابت ببیتە هەوێنی تەبایی و برایەتی نێوان سەرجەم موسوڵمانان بەبێ جیاوازی، کەچی بەداخەوە وتەکانی ئەم دواییەت ئەوەندەی تر برینەکانی نێوانمانی قوڵتر کردەوە و ئازاری زامی برینەکانی هەزار و چوارسەد ساڵی لەمەوبەری هەتا ئەمڕۆ هێنایەوە سۆ. ئێمە بەهیوا بووین دڵسۆزی و وەفای جەنابت بۆ ڕێبازی پێغەمبەر ﷺ کە بەباپیرە گەورەی خۆتی دەزانیت، دڵسۆزی و وەفا بێت بۆ سەرجەم خێزان و یارو یاوەران و هاوەڵە بەڕێزەکانی کە خوای گەورە بژاردەی کردوون بۆ هاوەڵێتی ئەو لەقورئاندا و لەچەندین شوێندا باسی باشی و دڵسۆزی لێبڕاوییان دەکات و پێغەمبەریش ﷺ شایەتی ئەوەیان بۆ دەدات کەباشترینی نەوەی ئەو ئوممەتە ئەو نەوەیە بوون کە لەگەڵ ئەو بوون و هەر لەدونیا موژدەی بەهەشتی بەزۆرێک لەوانە داوە، کەچی تۆ ئێستا نەفرەتیان لێ دەکەیت و بێڕێزییان بەرامبەر دەکەیت و بەهاوەڵ ئەژماریان ناکەیت و موریدەکانت لەسەر ئەوە پەروەردە دەکەیت. ئێمە بەهیوابووین جەنابت ببیتە سەنگەری بەریگریکردن لەمافی خەڵکانی چەوساوە وبەش مەینەت و قەڵایەک بۆ بەگژاچوونەوەی ستەم و داکۆکیکارێکی سەرسەخت لە مافەکانی میللەت کەچی بەداخەوە تا ئێستا هەر چاوەڕوانین و هیچ هەڵوێستێکت لەو بارەیەوە نییە وبەپێچەوانەوە زۆرێک لەسەرانی ئەو ستەم ونادادییە زۆر کات شانبەشانی ئێوە لەبۆنە ئاینییەکاندا دەوەستن. ئێمە بەهیوابووین تۆ ببیتە لەمپەر لەبەردەم دیاردەی ئیلحاد وهەوڵەکانی بێدین کردنی ڕۆڵەکانی ئەو میللەتە وئەو هەموو سوکایەتییەی ڕۆژانە بە ئیسلام ومێژووی بابو باپیرانتان دەکرێت وئەو هەموو دیاردە دزێو ونامۆیەی تەنگیان بەم کۆمەڵگەیە هەڵچنیوە هەر لە دیاردەی مەی و ماددە هۆشبەرو یانەکانی شەوانە و سەنتەرەکانی مەساج، کەچی بەداخەوە هیچ هەنگاوێکت لەو لایەیشەوە نەناوە و هەندێک لەو دیاردانە بەداخەوە چەند مەترێک لە تەکێکەی ئێوەوە دوورە. ئەمانە و زۆر هیوای تر هەن کە لەسەر خەڵکانی وەک ئێوە هەڵچنراون وئەگەر بتانەوێت پێتان دەکرێت ببنە سونبول لەپێناویاندا و ئێستایش نەچوە بچێت وکات زۆری ماوە و ڕێگای قیامەتیش دوورە وڕەزامەندی خوای گەورەیش توێشووی زۆری دەوێت. ەکۆتاییدا پێم خۆشە ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەر ﷺ هەمیشە لەیادت بێت کە دەفەرمووێت: (هەرکەس لەپێناو ڕەزامەندی خەڵکیدا خوای گەورە لەخۆی توڕە بکات، خوای گەورە لێی توڕە دەبێت وخەڵکیشی لێ توڕە دەکات، هەرکەسێکیش لەپێناو ڕەزامەندی خوای گەورەدا خەڵکی لەخۆی توڕە بکات، خوای گەورە لێی ڕازی دەبێت وخەڵکیشی لێ ڕازی دەکات.) هیوادارم ئێستایش بەڕێزتان ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو وتانەتان بدەن ودڵی ئەو خەڵکە بدەنەوە کە هیوای لەسەر ئێوە هەڵچنیوە وپێیان بڵێن کە ئەوە باوەڕی ئێوە نییە وتەنها هەڵوێستێکی هەڵە بووە ولێی پەشیمانن. پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح
پلەکانی یەقین: پاش ئەوەی مرۆڤ لە باوەڕەکەیدا قۆناغەکانی دوودڵی و گومان تێدەپەڕێنێت و دەگاتە یەقین، پێویستە لەم قۆناغەشدا کۆمەڵێک پلە ببڕێت تا دەگاتە یەقینی تەواو، ئەو پلانەیش کە مرۆڤ دەگەیەنن بە یەقینی تەواو بریتین لە: ١- بوونی زانست (علم الیقین): واتا مرۆڤ لە ڕووی تیۆریی و فیکرییەوە بەڵگەی زانستی تەواوی بۆ درووست بێت، کە ئەوانەی باوەڕی پێیەتی هەمووی ڕاستن و دڵنیاکەرەوەن. مرۆڤی باوەڕدار بۆ ئەوەی بگاتە ئەم قۆناغە بەچەند بازنەیەکدا گوزەر دەکات: بازنەی یەکەم: بازنەی ئیسلام: ئیسلام بازنەیەکی فراوانە و هەموو ئەو کار و کردەوانە دەگرێتەوە کە بەڕوکەش واتەی موسوڵمانبوونیان لێ دەخوێنرێتەوە و خەڵکی پێیانەوە پابەندن، جا تا چەند ئەوەی بەڕووکەش دەیکەن لە ناخیاندا جێگیر بووە، یان نا، ئەوە جێی پرسیارە و بۆ وەڵامدانەوەی پێویستمان بە بازنەی دووەم هەیە کە بازنەی باوەڕە. بازنەی دووەم: بازنەی باوەڕ (إيمان): بریتییە لە ئاوێتەبوونی ئەو کارو کردەوانەی کە مرۆڤ لە ڕووکەشدا دەیکەن لەگەڵ باوەڕی ناخی دڵیان و ئاوێتەبوونی سەرجەم ئەندامانی لەش بەتایبەتی دڵ لەگەڵ کردەوەکانی جەستە و هەرکات مرۆڤ گەشتە ئەم قۆناغ و بازنەیە؛ ئەوکات باوەڕەکەی بەتەواوی دادەمەزرێت، بەڵام مانەوە لە بازنەی یەکەم جێی متمانە نییە و کەسەکە هەمیشە لە مەترسیدایە و ناکرێت متمانە بە باوەڕەکەی بکرێت. بازنەی سێیەم: بازنەی ئیحسان: پاش بازنەی دووەمیش بازنەیەکی تەسکتر هەیە لەو دوو بازنەیەی پێشتر، ئەویش بازنەی ئیحسانە و مرۆڤ کە دەگاتە ئەم بازنەیە بەشێوەیەک خوا ناسی دەکات وەک ئەوەی بەچاوی سەر خوای گەورە ببینێت و هەموو شتە نەبینراو غەیبیەکانیش لای ئەم بینراو و بەرجەستە دەبن. بەڵام بەداخەوە کەمن ئەو باوەڕدارانەی کە دەگەنە ئەم بازنەیە و زۆربەی باوەڕداران هەر لە بازنەی یەکەم و دووەم دەمێننەوەو ناگەنە بازنەی سێیەم. هەموو ئەم بازنەو قۆناغانەیش کە باسمان کرد، هێشتا هەر قۆناغی زانستی تیۆرییە (علم الیقین) و نەگەشتووەتە قۆناغی دووەمی یەقین. ٢- قۆناغی بینینی ڕاستییەکان (عین الیقین): لەم قۆناغەدا ڕاستییەکان لە بازنەی تیۆری دەترازێن و دەچنە بازنەی کرداری و مرۆڤ بەچاوی سەر ڕاستییەکان دەبینێت، داواکەی حەزرەتی ئیبراهیم علیه السلام دەچێتە ئەم بازنەو قۆناغەوە کاتێک داوا لە خوای گەورە دەکات نیشانی بدات کە چۆن مردوو زیندوو دەکاتەوە، خۆ ئێمە دڵنیاین لە دامەزراویی باوەڕی ئیبراهیم؛ چونکە ئەم داوایەی لە سەرەتای پێغەمبەرایەتییەکەیدا نییە؛ تا بڵێین داوای دڵنیایی دەکات، بەڵکو کاتێک ئەم داوایە دەکات چەند قۆناغێکی سەختی لەگەڵ گەلەکەی بڕیوە و تەنانەت خوای گەورە پاش گفتوگۆکەی لەگەڵ نەمروود ئەم داوایەی باس دەکات و لەبارەیەوە دەفەرموێت: [وَإِذْ قَالَ إِبْرَاهِيمُ رَبِّ أَرِنِي كَيْفَ تُحْيِـي الْمَوْتَى قَالَ أَوَلَمْ تُؤْمِن قَالَ بَلَى وَلَـكِن لِّيَطْمَئِنَّ قَلْبِي قَالَ فَخُذْ أَرْبَعَةً مِّنَ الطَّيْرِ فَصُرْهُنَّ إِلَيْكَ ثُمَّ اجْعَلْ عَلَى كُلِّ جَبَلٍ مِّنْهُنَّ جُزْءاً ثُمَّ ادْعُهُنَّ يَأْتِينَكَ سَعْياً وَاعْلَمْ أَنَّ اللّهَ عَزِيزٌ حَكِيمٌ]( سورة البقرة:آیة۲٦۰). واتە: کاتێک ئیبراهیم گوتی: ئەی پەروەردگارم نیشانم بدە چۆن مردوو زیندوو دەکەیتەوە. ئەم داوایەی ئیبراهیم وەک داواکەی موسا وایە دروودو سەلامی خوایان لەسەر بێت کە داوا لە خوای گەورە دەکاتو دەفەرموێت: [رَبِّ أَرِنِي أَنظُرْ إِلَيْكَ]( سورة الاعراف:الآیة۱٤۳). واتە: ئەی پەروەردگارم ڕێگەم بدە بتبینم. پێغەمبەران لە شەوق و خۆشەویستییان بۆ خوای گەورە، حەزیان کردووە زۆر لێی نزیک ببنەوە و خوای گەورە هەندێک بەخششیان لەگەڵ بکات کە لەگەڵ خەڵکانی تری نەکردووە، داواکەی ئیبراهیمیش هەر لەم ڕوانگەیەوەیە. خوای گەورەش پێی دەفەرموێت: بۆ هێشتا باوەڕت دانەمەزراوە؟ هەرچەندەی خوای گەورە خۆی باشتر دەزانێت کە باوەڕی چەند پتەوو دامەزراوە، بەڵام ئەمە تەنها بۆ دواندنی ئیبراهیمە، هەروەک چۆن پرسیار لە موسا دەکاتو دەفەرموێت: [وَمَا تِلْكَ بِيَمِينِكَ يَا مُوسَى]( سورة طه:الآیة ۱۷). واتە: ئەی ئەوە چییە بەدەستی ڕاستەوە ئەی موسا؟ لە کاتێکدا خوای گەورە دەزانێت گۆچانە و بۆچیشی بەکار دەهێنێت، بەڵام تەنها بۆ دواندنی موسا پرسیارەکە دەکات. لێرەشدا پرسیارەکە هەر بۆ هەمان مەبەسەتە. ئیبراهیمیش لە وەڵامدا دەفەرمووێت: بەڵێ باوەڕم تەواو دامەزراوە، بەڵام دەمەوێت زیاتر دڵنیا بم و زیاتر گەورەیی دەسەڵاتت ببینم. بۆیە ئیبراهیم دەیەوێت لە قۆناغی باوەڕی تیۆری بەڕاستییەکان (علم الیقین) بترازێت بۆ بینینی ڕاستییەکان (عین الیقین)، ئەم قۆناغەش تایبەتە بە پێغەمبەران و لەوانەشە هەندێک لە پیاوچاکان بەشێکی کەمیان لەم بەخششە گەورەیە بەهرەمەندبن. ٣- قۆناغی بەرجەستەبوون و ژیان لەناو ڕاستییەکان (حق الیقین): لەم قۆناغەدا مرۆڤ بەشێوەیەکی بەرجەستەبوو، ئاوێتەی ڕاستییەکان دەبێت و لەگەڵیاندا دەژی و هیچ بوارێک بۆ ئینکاریکردن، یان باوەڕ نەبوون نامێنێتەوە بۆ نموونە: هەموو ئەو شتانەی کە لە دونیا لێمان پەنهانن و خوای گەورە داوای لێ کردووین باوەڕمان پێیان هەبێت لەپاش مردن دەبنە واقیع و مرۆڤ تەواو لە بوونیان دڵنیا دەبێتەوە؛ چونکە هەستەوەرەکان هەستی پێ دەکەن، ئیتر لەو کاتانەدا باوەڕ هیچ هونەرو گرنگییەکی نامێنێت؛ چونکە بیەوێت، یان نا شتەکان ڕاستن و بوونیان هەیە. ئەمەش خاڵی جیاکەرەوەی نێوان مرۆڤی باوەڕدار و بێباوەڕە؛ چونکە ئێمە هەر لە دونیا و بەر لەوەی هیچ شتێک بەچاوی سەر ببینین، باوەڕمان وایە هەموو ئەو شتانەی کە خوای گەورە خۆی ڕاستەوخۆ لە قورئاندا، یان لەسەر زاری پێغەمبەرەکەی ﷺ باسی کردوون و فەرموونی هەمووی ڕاستن و بۆ یەک ساتیش لە بوونی بچووکترینی ئەو شتانە دوو دڵ نین، بەڵام بێباوەڕان باوەڕیان پێیان نییە، پاش مردن ئێمە و ئەوانیش هەموومان وەک یەک ڕاستییەکان دەبینین، بەڵام بەداخەوە ئەو کات کاتی تاقیکردنەوەکان کۆتایی هاتووەو باوەڕبوون هیچ سوودێکی نامێنێت. کتێبی کردەوەکانی دڵ/لا۷۲
دامەزراویی دڵ (الیقین) یەکێکی تر لە کردەوە گرنگەکانی دڵ (يقين) ە و (یقین) یش بریتییە لە بوونی باوەڕی تەواو بە هەموو ئەو شتانەی کە لێمان پەنهانن بە ڕێژەیەکی زۆر زیاتر لەو شتانەی کە بەرجەستەن و دەیانبینین؛ چونکەی ئەوەی دەیبینین بەچاو، یان بەهەستەوەرەکانی تر هەستیان پێ دەکەین ئەوانە ئێمە لەڕێگەی توانا سنووردارەکانی خۆمانەوە دەیانسەلمێنین، کە لەوانەیە لەژێر کاریگەریی هەندێک شتدا زانیاری هەڵەمان پێ بدەن وەک لە کاتی بوونی جادوو، یان نەخۆشی, بەڵام ئەوەی خوای گەورە دەیفەرمووێت؛ هیچ جێی گومان و دوودڵی نییە و لە هیچ کاتێکیشدا و لەژێر کاریگەریی هیچ شتێکدا خوای گەورە زانیاریی هەڵە ناداتە بەندەکانی، ئیتر عەقڵ و هەستەوەرەکانی ئێمە بیسەلمێنن، یان نا؛ ئەوە ئەرزشێکی ئەوتۆی نییە بەمەرجێک لەشەرع و فەرموودەی خوادا سەلمابێت. باوەڕی دامەزراویش بەو شێوەیە باڵاترین پلەکانی باوەڕە و لە قۆناغی ئیسلام و ئیمان هەڵدەکشێت بۆ قۆناغی ئیحسان کە پێغەمبەری خوا ﷺلە بارەیەوە دەفەرموێت: {الْإِحْسَانُ أَنْ تَعْبُدَ اللَّهَ كَأَنَّكَ تَرَاهُ فَإِنْ لَمْ تَكُنْ تَرَاهُ فَإِنَّهُ يَرَاكَ}( صحیح البخاری،ج۱،ص۱۹). واتە: ئیحسان ئەوەیە کە بەشێوەیەک خوا پەرستی بکەیت کە خوای گەورە دەبینیت، خۆ ئەگەر تۆ ئەو نەبینیت ئەوا ئەو تۆ دەبینێت. کتێبی کردەوەکانی دڵ/لا65