هۆکارەکانی درووستبوونی یەقین

هۆکارەکانی درووستبوونی یەقین
هۆکارەکانی درووستبوونی یەقین: بۆ گەشتن بەم قۆناغانەش مرۆڤی باوەڕدار پێویستی بە دوو هۆکارو هاوکاری سەرەکی هەیە ئەوانیش: ١- پێویستی بە زانستی دڵە. ٢- پێویستی بەوەیە کە ئەو زانستەی لە واقیع و ژیانی ڕۆژانەیدا ڕەنگدانەوەی هەبێت و بەرجەستەی بکات. خوای گەورە لە قورئاندا کۆمەڵێک دیمەنی دامەزراوی و پتەوی باوەڕی پێغەمبەرانمان بۆ باس دەکات؛ تا ئێمەش لێیانەوە فێر بین و چاویان لێ بکەین و هاوشێوەی ئەوان فەرمانبەرداری فەرمانەکانی خوای گەورە بین لەوانە: دیمەنی ئیبراهیم کە چۆن ئامادە بوو هەر لە سەرەتای لاوێتییەوە گیانی خۆی ببەخشێتە خوای گەورە و لە پێناوی ئەودا بخرێتە ئاگرەوە و بسووتێنرێت، یان دواتر چۆن ئامادەبوو خێزان و کۆرپەلە تاقانەکەی لە بیابانێکی وشک و چۆڵدا جێ بهێڵێت، کە بەپێی هەموو پێوەرەکان ئەو جێهێشتنە ڕادەستکردن بوو بە مەرگ، دەڵێن: کاتێک ئیبراهیم دروودو سڵاوی خوای لێ بێت، خاتوو هاجەرو ئیسماعیلی دانا، خاتوو هاجەر شوێنی کەوت و سێ جار بانگی کردو دەیگوت: ئەی ئیبراهیم تو خوا خوا فەرمانی پێ کردوویت لێرەدا جێمان بهێڵیت؟ ئەویش قوڕگی پڕ بووبوو لە گریان، نەیدەتوانی وەڵامی بداتەوە، دواجار ئاوڕی دایەوە و فەرمووی: بەڵێ خوای گەورە فەرمانی پێ کردووم. ئەوجا خاتوو هاجەر فەرمووی: کەواتە: بڕۆ جێمان بهێڵە خوای گەورە دەمانپارێزێت( ابن ابی زمنین، تفسیر القرآن العزیز). ئەوەی زۆر جێی سەرنجە لەم دیمەنەدا جگە لە هەڵوێستی حەزرەتی ئیبراهیم دروودو سەلامی خوای لێ بێت هەڵوێستی خاتوو هاجەرەی خێزانێتی کە پێغەمبەریش نییە، بەڵام ئەو باوەڕە پتەو و دامەزراوەی بە خوای گەورە هەبووە، کە ئەگەر ئەمە فەرمانی ئەو بێت، ئیتر ترسی نییە و ئەو خۆی دەیانپارێزێت. یان دیمەنی موسا پێغەمبەر دروودو سەلامی خوای لێ بێت کاتێک خوای گەورە فەرمانی پێ دەکات لەژێر باڵی ڕەشی شەودا خۆی و گەلەکەی میسر بەجێ بهێڵن، ئەوە بوو کاتێک فیرعون پێی زانین شوێنیان کەوت و لە کەنارەکانی دەریادا پێیان گەشت و موسا و گەلەکەی کەوتنە نێوان بەرداشی دوو هێزەوە، هێزی دەریاو هێزی سوپاکەی فیرعەون، لەو کاتانەدا گەلەکەی هاواریان کردو گوتیان: [إِنَّا لَمُدْرَكُونَ](سورة الشعراء،آیة٦۱ ). واتە: ئەوە فیرعەون پێمان گەیشتەوەو تیاچووین، بەڵام موسا لەو پەڕی متمانەبوونەوە بە خوای خۆی هاواری کردو فەرمووی: [كَلَّا إِنَّ مَعِيَ رَبِّي سَيَهْدِينِ]( سورة الشعراء، آیة٦۲). واتە: نەخێر من خوای گەورەم لەگەڵە و ئەو ڕزگارمان دەکات، خۆ ئەو کاتەی موسا قسەکە دەکات؛ خوای گەورە هیچ بەڵێنێکی پێ نەداوە کە ڕزگاری بکات، بەڵام متمانەی موسا بە خوای گەورە ئەو دڵنیاییەی پێ دەبەخشێت، کە خوای گەورە ڕزگاریان دەکات. یان دیمەنی پێغەمبەری ئیسلام ﷺلەو کاتەی لەگەڵ ئەبوبەکری هاوەڵیدا، لە ئەشکەوتەکەدا خۆیان حەشار دابوو، بێباوەڕان گەشتنە بەردەمی ئەشکەوتەکە و ئەبوبەکر بە ترسێکی زۆرەوە دەیچپاند بەگوێی پێغەبەرداﷺو دەیگوت: (ئەگەر یەکێکیان سەیری بەرپێی خۆی بکات دەمانبینێت و دەماندۆزنەوە، بەڵام پێغەمبەری خواﷺ لەو پەڕی ئارامی و متمانەبوونەوە بە خوای گەورە پێی فەرموو: {مَا ظَنُّكَ يَا أَبَا بَكْرٍ بِاثْنَيْنِ اللَّهُ ثَالِثُهُمَا}( صحیح البخاری،ج٥،ص٤). واتە: ئەی ئەبوبەکر گومانت بەدوو کەس چۆنە کە خوای گەورە سێیەمیان بێت، دڵتەنگ مەبە؛ خوامان لەگەڵە. خوای گەورەش ڕزگاری کردن. جابری کوڕی عەبدوڵڵا دەگێڕێتەوەو دەڵێت: (كُنَّا مع رسول اللِّهِ ﷺبذاتِ الرِّقاعِ، فإذَا أتينا على شَجرةٍ ظليلة تركْنَاهَا لرسول اللَّهﷺ فَجاء رجُلٌ من الْمُشْرِكِين، وسيف رسول اللَّه ﷺمُعَلَّقٌ بالشَّجرةِ، فاخْترطهُ فقال: تَخَافُنِي؟ قَالَ: {لا}. قَالَ : فمَنْ يمْنَعُكَ مِنِّي؟ قال: {اللَّه}. قال: فسقَطَ السَّيْفُ مِنْ يدِهِ، فأخذ رسَول اللَّه ﷺ السَّيْفَ فَقال: {منْ يمنعُكَ مِنِّي؟}. فَقال: كُن خَيْرَ آخِذٍ، فَقَالَ: {تَشهدُ أنْ لا إلَه إلا اللَّهُ، وأنِّي رسولُ اللَّه؟}. قال: لا، ولكِنِّي أعاهِدُك أن لا أقَاتِلَكَ، ولا أكُونَ مع قوم يقاتلونك، فَخلَّى سبِيلهُ)(صحیح البخاری،ج٥،ص۱۱٤). واتە: لە خزمەتی پێغەمبەری خوادا بووینﷺلە غەزای (ذات الرقاع)، ڕێمان کەوتە دارێک سێبەری هەبوو جێمان هێشت؛ تا پێغەمبەری خوا ﷺکەمێک پشووی لێ بدات، لەو کاتەنەدا یەکێک لە بێباوەڕان دزەی کردبووە ناو سەربازگەی موسڵمانان و گەشتبووە پێغەمبەر و ئەویش ڕاکشابوو شمشێرەکەشی کردبوو بە دارەکەدا، پیاوەکە شمشێرەکەی هەڵکێشاو گوتی: ئەی محەممەد لێم دەترسیت؟ پێغەمبەری خوا ﷺفەرمووی: نەخێر. گوتی: ئێستا کێ لە دەستم ڕزگارت دەکات؟! پێغەمبەری خوایشﷺبەو پەڕی ئارامی و دڵنیاییەوە فەرمووی: خوای گەورە. کابرا کە گوێی لە ناوی الله بوو شمشێرەکەی لە دەست کەوتە خوارەوە و ئەوجا پێغەمبەر ﷺ شمشێرەکەی گرت بەدەستییەوە و فەرمووی: ئەی ئێستا کێ تۆ دەپارێزێت و ڕزگارت دەکات؟! پیاوەکە دەستی بە پاڕانەوە کرد و گوتی: ئەی محەممەد من کردم، تۆ نەیکەیت، تۆ براگەورە و دەستڕۆیشتوویەکی باش بە. پێغەمبەرﷺپێی فەرموو: باوەڕ بهێنەو بڵێ: باوەڕم وایە کە جگە لە خوای گەورە پەرستراوێکی تر بەحەق نییە و موحەممەدیش پێغەمبەری خوایە، ئازادت دەکەم. پیاوەکە گوتی: باوەڕ ناهێنم، بەڵام بەڵێنت پێ دەدەم کە هەرگیز شەڕت لەگەڵ نەکەم، لەگەڵ کەسانێکیش نەبم کە شەڕت لەگەڵ دەکەن، پێغەمبەری خواﷺئازادی کرد. بزانن بەڕێزان، ئەم ئارامی و دڵنیایی و لەگەڵ خوابوونە چ بەرهەم و دەرەنجامێکی گەورە و ناوازەی هەیەو چۆن خوای گەورە بەهۆیەوە بەندەکانی لە ساتە سەختەکاندا ڕزگار دەکات. کتێبی کردەوەکانی دڵ،لا٧٥-٧٦-٧٧-٧٨