نوسین
26/05/2022 - 10:19 AM
87 بینراو

ئامانجەکانی تاقیکردنەوەی مرۆڤەکان

ئامانجەکانی تاقیکردنەوەی مرۆڤەکان

ئامانجەکانی تاقیکردنەوەی مرۆڤەکان

ئامانجەکانی تاقیکردنەوەی مرۆڤەکان: لەوانەیە زۆر جار بپرسین و بەمێشکماندا بێت: باشە بۆچی خوای گەورە بەو ناڕەحتییانە تاقیمان دەکاتەوە؟ یان بەواتایەکی تر سوودی ئەو تاقیکردنەوانە دەبێت چی بن؟ لێرەدا هەندێک لەو سوودانە باس دەکەین: ١- کۆی پڕۆسەی ژیان و زان و مان و مردن لە پێناو تاقیکردنەوەی مرۆڤەکان هاتووەتە بوون و هیچی تر، وەک خوای گەورە دەفەرموێت: [الَّذِي خَلَقَ الْمَوْتَ وَالْحَيَاةَ لِيَبْلُوَكُمْ أَيُّكُمْ أَحْسَنُ عَمَلاً](سورة الملك:آیة ۲ ). واتە: ئەو خوایەی کە مردن و ژیانی درووست کردووە؛ تا تاقییتان بکاتەوە کامەتان لە هەموان کردەوەی باشترە و خواناس ترە. هەر لەبەرئەوەیە خوای پەروەردگار پەیام و پێغەمبەرانی خۆی بۆ مرۆڤایەتی ناردووە؛ تا ڕێگای ڕاستیان نیشان بدەن و لە ڕێگەی ناڕێک ئاگاداریان بکەنەوە وەک خۆی دەفەرموێت: [إِنَّا هَدَيْنَاهُ السَّبِيلَ إِمَّا شَاكِراً وَإِمَّا كَفُوراً]( سورة الٳنسان:آیة۲). واتە: ئێمە ڕێگای ڕاستمان نیشانی مرۆڤەکان داوە و ئەوانیش خۆیان ئازادن لە بڕیاردان و هەڵبژاردن سوپاسگوزار دەبن، یان یاخی و خوانەناس. هەروەها دەفەرموێت: [وَهَدَيْنَاهُ النَّجْدَيْن](سورة البلد: آیة ۱۰). واتە: ئێمە هەردوو ڕێگای باشە و خراپەمان نیشان داوە. بەخاتری ئەوەیش کە زیاتر هاوکاری مرۆڤەکان بکات تا ڕێگای ڕاست بدۆزنەوە خوای گەورە بیرو ژیری بەخشیوەتە مرۆڤەکان و تەمەن و کاتی تەواوی پێ بەخشیون بۆ هەڵسەنگاندن و ئازادی بڕیاردانیشی پێ بەخشیون و سەرەنجامیش بەرپرسیارێتی هەر بڕیارێک یان بژاردەیەک دەکەوێتە ئەستۆی مرۆڤەکان خۆیان. بەخشین و بەڵاکانیش دوو هۆکاری کاریگەریی دەرخستنی ڕووی ڕاستەقینەی مرۆڤەکانن، بەتایبەتی بەڵاو ناڕەحتییەکان بۆیە خوای گەورە دەفەرموێت: [وَمِنَ النَّاسِ مَن يَقُولُ آمَنَّا بِاللَّهِ فَإِذَا أُوذِيَ فِي اللَّهِ جَعَلَ فِتْنَةَ النَّاسِ كَعَذَابِ اللَّهِ]( سورة العنكبوت:آیة۱۰). واتە: خەڵکانێک هەن دەڵێن: ئێمە باوەڕمان بە خوای گەورە هێناوە، بەڵام ئەگەر لە پێناوی خوادا تووشی بچووکترین ئازار و ناڕەحەتی بن؛ ئەوا دەستبەرداری باوەڕەکەیان دەبن و پێیان وایە، ئازاری خەڵک و سزای خوا چوون یەکن؛ بۆیە ئەگەر ئەم تاقیکردنەوانە نەبن، لاف وگەزافی دینداری ئاسانە و درۆیش داماوە و هەموو کەس پێی دەوێرێت، چەند کەسمان هەیە ئەهلی نوێژ و خواناسی بوون، نەک لە ترسی سزا، بەڵکو لە پێناوی دەستخستنی پۆست و پایە و پارەی دونیا وازی لە دینداری و مزگەوت و تێکەڵی موسڵمانان هێناوە، چەن کەس لە ترسی کورسی و بەرژەوەندییەکانی ناوێرێت سەردانی ماڵەکانی خوا بکات، ئەمانە ئەوانەن کە بەرگەی شنەبایەکی تەماع و چاوچنۆکی و دونیاویستی خۆیان نەگرتووە، ئەی ئەگەر ئەمانە لەسەر خوا قسەیان پێ بگوترێت، یاخود ئازار و ئەشکەنجە بدرێن، بڵێی دەستبەرداری دینەکەشیان نەبن؟! هیچ بەدووری مەزانە. پێشەوا حەسەنی بەصری دەڵێت: (خەڵکی هەتا لە خۆشگوزەرانیدا بن، ڕاستیی ناخیان دەرناکەوێت؛ تا تووشی نەهامەتی و ناڕەحەتی نەبن، ئەو کات ڕاستیی ناخیان دەردەکەوێت، ئەو کاتە باوەڕداران لەگەڵ باوەڕەکەیان دەمێننەوە و دووڕووەکانیش دووڕوێتییەکەیان ئاشکرا دەبێت)( الجاحظ: ،البیان والتبیین،ص۹۳،ج۳). سەییدیش لە تەفسیرەکەیدا دەڵێت: (باوەڕ وشەیەک نییە بەدەم بگوترێت، بەڵکو ڕاستییەکە ئەرک و بەرپرسیارێتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەمانەتێکە و دەبێت پێوەی ماندوو بین، تێکۆشان و ئارامگری و خۆڕاگری دەوێت، کار و فەرمانە و بەرگەگرتنی دەوێت، بۆیە ئەوەندە بەس نییە خەڵکی بەدەم بڵێن: باوەڕمان هێناوە،..؛ تا تەواو تاقی نەکرێنەوە.. وەک چۆن ئاڵتونێک کاتێک تێزاب دەکرێت بەسەریدا؛ تا ساغیی کانزای ئاڵتوونەکە دەربکەوێت، تاقیکردنەوەکانی دونیاش بەهەمان شێوە کانزای خەڵکەکە دەردەخات و ڕاستیی ناخیان دەخاتە ڕوو)( سید قوتب فی ظلال القرآن،ج٥،ص۲۷۳۰). کتێبی کردەوەکانی دڵ،لاپەڕە٩٢-٩٣ پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح