سەردانیکەر: 592,610
٦- با هەمیشە گومانی باشمان بە خوای خۆمان هەبێت، کە هەرگیز خوا کارێک ناکات، لە زیانی بەندەکانی خۆی، بەڵکو هەمیشە باشەی بۆیان دەوێت؛ چونکە لەناو بوونەوەردا خوا ڕێزی زۆری لە مرۆڤ گرتووە و بەدەستی خۆی درووستی کردووە و لە ڕۆحی خۆی کردووە بە بەریدا و هەر لە سەرەتای درووستبوونییەوە فەرمانی بە فریشتەکانی نزیکی خۆی کردووە کڕنووشی بۆ بەرن و ئەم هەموو بوونەوەرەی خۆی لە زەوی خۆر و مانگ و سیستەمە گەردوونییە زەبەلاحەی خستۆتە پێناو خزمەتی ئەوەوەو دواتر ئەو هەموو پەیام و پێغەمبەرەی بۆ ڕەوانە کردوون؛ تا گومڕا و لاڕێ نەکەون، جا چ ژیرێک باوەڕ دەکات، کە خوا بیەوێت بێڕێزی بەرامبەر بەو درووستکراوە ناوازەیەی خۆی بکات، یان بیەوێت ناڕەحەتی بکات و ڕووبەڕووی سزا و ئازار و ئەشکەنجەی بکاتەوە؟! بەداخەوە ئێمە هەمیشە لە ئاست تێگەشتن و زانستی کەم و کورتبینی خۆمان بڕیار دەدەین و هەڵسەنگاندن بۆ کارو فەرمانەکانی خوای گەورە دەکەین، خوای گەورەش لە ئاست توانا و بەخشش و زانستی بێسنووری خۆی بڕیار دەدات. ئەوەتا کاتێک باسی بەڵا و ناڕەحتییەکانمان بۆ دەکات، دەفەرموێت: [قُل لَّن يُصِيبَنَا إِلاَّ مَا كَتَبَ اللّهُ لَنَا](سورة التوبة:الآیة٥۱ ). واتە: بڵێ هیچ ناخۆشی و بەڵایەکمان بەسەر نایەت جگە لەوەی خوای گەورە بۆی نووسیوین. کەواتە: بەڵاکە بۆ ئێمە و لە بەرژەوەندیی ئێمە نووسراوە؛ چونکە دەفەرموێت: (لنا)، نەک (علینا). واتە: بۆمانە، نەک لەسەر و لە دژمانە. یەکێک لە سەرەتاییترین سوودەکانی ناخۆشییەکانی دونیا، ئەوەیە کە خوای گەورە دەیکاتە مایەی لێخۆشبوونی تاوانەکان و کەمکردنەوەی سزای قیامەت، پێغەمبەری خوا ﷺ لە فەرموودەیەکیدا دەفەرموێت: {مَا يُصِيبُ الْمُسْلِمَ مِنْ نَصَبٍ، وَلَا وَصَبٍ، وَلَا هَمٍ وَلَا حُزْنٍ وَلَا أَذًى وَلَا غَمّ حَتَّى الشَّوْكَةِ يُشَاكُهَا إِلَّا كَفَّرَ اللَّهُ بِهَا مِنْ خَطَايَاهُ}(صحیح البخاری:ج۷،ص۱۱٤ ). واتە: هیچ شتێک نایەتە ڕێی مرۆڤی باوەڕدار لە ماندوێتی و نەخۆشی و پەژارە و خەم و ئازار و ناڕەحەتی، تەنانەت دڕکێک کە دەچێت بە پێیدا ئیللا خوای گەورە دەیکاتە مایەی سڕینەوەی تاوانەکانی. ئەمانە و چەندان سوودی تر کە ئێمە هەستیان پێ ناکەین و لێیان بێئاگاین. کتێبی کردەوەکانی دڵ،ل۱۰۷
ئەگەر دەولەت لەسەر بنەمای باوەڕ و ئایدیایەکی دادپەروەرانە و لە دەستێکی پاکی خواناس و شیاو وشارەزادا نەبوو، ئەوە وەک ئەم بەناو دەوڵەتە کوردییەی ئێمەی لێ دێت کەسی ساڵ زیاترە بەدەست کۆمەڵێک چەتە و مافیای بەناو دەسەڵاتی کوردی هاوئاوازی جەنابتەوە دەناڵێنێ و دژایەتی دین وژین وکلتور و ناو ناسنامە وبەهاکانی دەکرێت ودەسکەوت داهاتی بەتاڵان دەبرێت و تێیدا ڕێز و مافی هەموو ئاینزاو نەتەوەیەکی تر لە ڕێز ومافی کوردبوون وموسوڵمانبوون زیاتر بەهەند وەردەگیرێت.97
ئامڕازەکانی خۆڕاگری و دامەزراوی مرۆڤەکان: ٥- سوپاسی خوای گەورە بکەین لە سەر ئەوەی ئەو بەڵایە ڕووی لە دینمان نەکردووە؛ چونکە ئەوەی لە دونیا هەیە، هەمووی هەر دەڕوات، ساتێک درەنگتر، یان زووتر بەجێی دەهێڵین، مرۆڤ بە تەنها و بەڕووتی چۆن هاتووەتە دونیا، ئاوهایش لێی دەردەچێت و دەگەڕێتەوە بۆلای خوا، کاتێک دەزانین ئەم بەخششانە هەر دەڕۆن، بۆچی مرۆڤ وا بکات لەسەریان، خوا لە خۆی بڕەنجێنێـت. هەر بۆیە پێغەمبەری خواﷺکاتێک نزای دەکرد و دەپاڕایەوەو دەیفەرموو: {ولا تجعلْ مُصيبتَنَا في دِيِننَا}( سنن النساء:ج٦،ص۱۰٦). واتە: خوایە هەر بەڵاو موسیبەتێکت نارد؛ لە دینمانی لابدە و با ڕوو لە دونیا بێت؛ چونکە باوەڕ و خواناسی دەستمایەی ژیانی مرۆڤە کە لەدەست چوو، قەرەبوو ناکرێتەوە، بەڵام گشت شتەکانی تر لاوەکین و هەر لەدەست دەچن و خوای گەورە زۆر بەباشتر قەرەبوویان دەکاتەوە. پێشەوا عومەر دەفەرموێت: (ما ابتليت ببلاء إلا كان لله تعالى علي فيه أربع نعم: إذ لم يكن فى دينى، وإذ لم يكن أعظم منه، وإذ لم أحرم الرضا به، وإذ أرجو الثواب عليه)(الغزالی:احیاء علوم الدین،ج٤،ص۱۲۹ ). واتە: هەر ناخۆشییەک ڕووی تێ کردبێتم خوای گەورە لەپاڵیدا چوار بەخششی لەگەڵ کردووم: یەکەم ئەو ناخۆشی و نەهامەتییە بۆ دونیا بووە و ڕووی لە ئایین و بیروباوەڕم نەبووە، دووەم: لەوە گەورەتر نەبووە، سێیەم: پێی ڕازی بووم و لە نیعمەتی ڕەزامەندی بێبەش نەبووم، چوارەم: چاوەڕوانی پاداشتم کردووە لە خوای گەورە. پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح کتێبی کردەوەکانی دڵ،ل۱۰٥
ئامڕازەکانی خۆڕاگری و دامەزراوی مرۆڤەکان: ٤- خۆڕاگر و ئارامگربین و هیچ کات و بەهیچ شێوەیەک ناڕەزایی، یان قسەی خراپ و ناشکوری بەهیچ ئەندامێکی جەستەماندا نەیەت، نەدڵ، نەدەم، نەدەست، نەکردەوە؛ چونکە ناشکوری کردن، نەک بەڵاکە لا نابات، بەڵکو بەپێچەوانەوە زیادی دەکات و پاداشتەکەشی دەبات. ئەمەش خاڵی جیاوازیی نێوان مرۆڤی بڕوادار و خەڵکانی بێباوەڕە؛ چونکە ئێمە و ئەوانیش لە دونیا تووشی بەڵاو ناڕەحەتی دەبین، بەڵام ئێمە دەزانین دونیا هەر کۆتایی دێت و ئەم ناڕەحەتیانەش بەشێکن لە تاقیکردنەوەی خوای گەورە، بۆیە ئارام دەگرین و چاوەڕوانی پاداشتی ناڕەحەتییەکانمان لە خوا دەکەین، بەڵام ئەوان سەرباری ناڕەحەتییەکانی دونیایان، سزای قیامەتیشیان لەسەرە، بۆیە خوای گەورە دڵنەواییمان دەکات و دەفەرموێت: [إن تَكُونُواْ تَأْلَمُونَ فَإِنَّهُمْ يَأْلَمُونَ كَمَا تَأْلَمونَ وَتَرْجُونَ مِنَ اللّهِ مَا لاَ يَرْجُونَ]( سورة النساء،آیة۱۰). واتە: ئەگەر ئێوە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەیاندا، تووشی ئازار و ناڕەحەتی دەبن؛ ئەوانیش وەکو ئێوە تووشی ئازارو ناڕەحەتی دەبن، بەڵام ئێوە چاوەڕوانی پاداشت لە خوای گەورە دەکەن و ئەوان چاوەروانی هیچ پاداشتێک لە هیچ کەس ناکەن. بۆیە خوای گەورە، ئامۆژگاریمان دەکات کە لە کاتی بەڵاو ناڕەحەتییەکاندا ئارامگر بین و مژدەی زۆر گەورە بەئارامگران دەدات و دەفەرموێت: [وَبَشِّرِ الصَّابِرِينَ الَّذِينَ إِذَا أَصَابَتْهُم مُّصِيبَةٌ قَالُواْ إِنَّا لِلّهِ وَإِنَّـا إِلَيْهِ رَاجِعونَ أُولَـئِكَ عَلَيْهِمْ صَلَوَاتٌ مِّن رَّبِّهِمْ وَرَحْمَةٌ وَأُولَـئِكَ هُمُ الْمُهْتَدُونَ]( سورة البقرة: الآیة۱٥٥-۱٥۷). واتە: موژدە بدە بە ئارامگران ئەوانەی کاتێک نەهامەتییەک ڕوویان تێ دەکات، دەڵێن: ئێمە هی خواین و هەر بۆ لای ئەویش دەگەڕێینەوە ئەوانە بەزەیی و لێخۆشبوونی خوای گەورە دادەبەزێتە سەریان و هەر ئەوانەش لەسەر ڕێگەی ڕاستی خواناسین. لە شوێنێکی تردا باسی هاوەڵی بوونی خۆی و کۆمەکیکردنی ئارامگران دەکات و دەفەرموێت: [إنَّ اللّهَ مَعَ الصَّابِرِينَ]( سورة البقرة:الآیة ۱٥۳). واتە: خوای گەورە لەگەڵ ئارامگرانە. لە هەندێک شوێنی تردا جەخت لەسەر خۆشەویستیی خۆی دەکاتەوە بۆ ئەوان و دەفەرموێت: [وَاللّهُ يُحِبُّ الصَّابِرِينَ]( سورة آل عمران:الآیة ۱٤٦). واتە: خوای گەورە ئارامگرانی خۆش دەوێت. سەرباری ئەمانە هەمووی مژدەی ئەوەیان پێ دەدات کە بێ ئەندازە و بەشێوەیەک کە هەر بیریان لێ نەکردۆتەوە، پاداشتیان دەداتەوە و دەفەرموێت: [إِنَّمَا يُوَفَّى الصَّابِرُونَ أَجْرَهُم بِغَيْرِ حِسَابٍ]( سورة الزمر:الآیة۱۰). ئەمانە و چەندان بەخششی تر، کە لە ئارامگریدا دەست دەکەون. هەر بۆیە پێغەمبەری خوایشﷺ فێرمان دەکات لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێکدا خۆمان ڕادەستی خوای گەورە بکەین و بەقەدەری ئەو ڕازی بین و بڵێین: {قَدَرُ اللَّهِ وَمَا شَاءَ فَعَلَ}( صحیح مسلیم،ج٤،ص۲۰٥۲). واتە: ئەمە ویستی خوای لەسەر بووە، خوایش هەرچی بوێت؛ ئەوە دەبێت. ئەمانە ئەو هەڵوێستانەن کە دەقە شەرعییەکان فێرمان دەکەن لە کاتی ناڕەحەتیدا بیانکەینە وێردی زوبانمان و زیاد و کەمیان لێ نەکەین و بیرمان بەلای قسەی بەد و ناشکوریدا نەڕوات. پێشینانی ئەم ئوممەتە، ئەوەندە بەئاگاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم پرسەدا کردووە، کاتێک تووشی ناڕەحەتی بوون، نەک هەر ناڕەزاییان دەرنەبڕیوە، بەڵکو لای کەسیش باسیان نەکردووە؛ لە ترسی ئەوەی نەوەک پاداشتەکەی کەم بێتەوە. پیاوێک دەڵێت: سکاڵای نەخۆشییەکی خۆم لای کەسێک باس دەکرد، شورەیح ئاگای لێ بوو، هات دەستی خستە سەر شانم و گوتی: حەز دەکەم دوو قسەت لەگەڵ بکەم، دووری خستمەوە، گوتی: برام، بۆچی سکاڵای نەخۆشی و ناخۆشیی خۆت لای خەڵک دەکەیت؟ وتم: من ئازارم زۆر بوو، بۆیە باسم کردووە، گوتی: سەیری ئەو چاوەم بکە، منیش سەیری چاویم کرد، هیچی پێوە دیار نەبوو، گوتی: سوێند بە خوا نزیکەی (15) ساڵە نە کەسێک، نە ڕێگایەک هیچی پێ نابینم، هەتا ئێستایش جگە لە خۆم و خوا کەس نازانێت ئەو چاوەم لە دەست داوە و باسم نەکردووە؛ تا پاداشتەکەی لای خوا کەم نەکات، پاشان پێی گوتم: تۆ قسەکەی یەعقوبت گوێ لێ نەبووە، کە دەفەرموێت: [إِنَّمَا أَشْكُو بَثِّي وَحُزْنِي إِلَى اللّهِ](سورة یوسف:الآیة۸٦ ). واتە: من سکاڵای ناسۆرو خەمەکانم تەنها لای خوا دەکەم. ئەمە تێگەشتنێکی زۆر وردە لە مامەڵەکردن لەگەڵ خوای گەورە و ئێمە لێی بێئاگاین، بۆیە دەبینین بە بچووکترین ئازارو ناڕەحەتی هاوارمان لێ هەڵدەسێت و دەست دەکەین بە سکاڵاکردن و ناشکوری و تانەدان لە بڕیارەکانی خوای گەورە و تۆمەتبارکردنی بە ستەمکردن و نادادپەروەری، هەموو ئەمانەش نەک چارەسەری کێشەکان ناکەن بەڵکو ئەوەندەی تر زیادی دەکەن و قورستری دەکەن. کتێبی کردەوەکانی دڵ،ل103 پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح
خوای گەورە دەربارەی فیرعەون ودارودەستەکەی دەفەرموێت: (وَجَحَدُوا بِهَا وَاسْتَيْقَنَتْهَا أَنفُسُهُمْ ظُلْمًا وَعُلُوًّا ۚ فَانظُرْ كَيْفَ كَانَ عَاقِبَةُ الْمُفْسِدِينَ). واتە: ئەوانە لە ستەمکاری و لووتبەرزی خۆیانەوە ئینکاری بوونی خوای گەورە وبەڵگەکانییان دەکرد، هەرچەندە لەناخیشدا باوەڕی تەواویان پێی هەبوو. جا بڕوانە چارەنووسی خراپەکاران بەچی گەیشت، ئەمە حەقیقەتی هەموو دژە دین ومولحیدێکە بۆیە ئەگەر مەردن و دووڕوو نین لەگەڵ ڕێبازو دروشمەکانتان وەسییەت بکەن کە مردن لاشەکانتان نەهێنرێتە ماڵەکانی خوای گەورە بە وڕێوڕەسمی ئاینی لاشەکانتان بۆ گۆڕستان بەڕێ نەکرێت.
ئامڕازەکانی خۆڕاگری و دامەزراوی مرۆڤەکان: ۳- سوپاسی خوای گەورە بکەین، کە ئەو بەڵایەی بەسەرمان هاتووە لەوە گەورەتر نەبوو، ئەگەر گەورەتر بوایە، چ دەسەڵاتێکمان دەبوو؟؛ چونکە هەر بەڵایەک بێت بەدڵنیاییەوە لەو گەورەترو ناڕەحەتتر هەیە. پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح کتێبی کردەوەکانی دڵ،ل۱۰۳
بەڕێزان و خۆشەویستان جەژنتان پیرۆز بێت هەموو ڕۆژێکتان جەژن و خۆشی بێت خوای گەورە طاعەت و عیبادەتی هەموو لایەکی قبوڵ فەرمووبێت گەردنمان ئازاد کەن و گەردنتان ئازاد بێت پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح
ئامڕازەکانی خۆڕاگری و مرۆڤەکان ۲- کاتێک بەڵایەکمان بەسەر دێت بزانین کە خەڵکانێکی تر هەن بەڵای زۆر لەوەی ئێمە گەورەتریان بەسەر هاتووەو خوای گەورە بەقورستر تاقی کردوونەتەوە؛ بۆیە پێغەمبەری خوا ﷺ دەفەرموێت: {انْظُرُوا إِلَى مَنْ أَسْفَلَ مِنْكُمْ وَلاَ تَنْظُرُوا إِلَى مَنْ هُوَ فَوْقَكُمْ، فَهُوَ أَجْدَرُ أَنْ لاَ تَزْدَرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ}( صحیح مسلیم-ج٤-ص۲۷۷٥). واتە: هەمیشە سەیری خەڵکانی خوار خۆتانەوە بکەن و سەیری خەڵکانی سەرووی خۆتان مەکەن؛ چونکە ئەوە واتان لێ دەکات، بەکەم سەیری نیعمەتەکانی خوای گەورە نەکەن. ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە؛ بۆ کەمکردنەوەی ئازاری خەمەکان بۆ نموونە: کاتێک هەژار دەبیت و داهاتەکەت وەک پێویست نابێت، بزانە خەڵکانێک هەن هەر هیچیان نییە، ئەگەر هەر هیچت نییە، بزانە خەڵکانێک هەن سەرەڕای نەبوونی، لەشبەبار و ناساغ و لەجێکەوتەن، ئەگەر منداڵێکت نەخۆش دەکەوێت، یان دەمرێت، بزانە خەڵکانێک هەن هەر منداڵیان نییە و نابێت، بەم شێوەیە هەرکات تووشی ناڕەحەتی بوویت؛ سەیری خەڵکانی خوار خۆت بکەیت، نەک سەروو خۆت. خۆ ئەگەریش بەپێچەوانەوە سەیری سەرووی خۆت بکەیت؛ ئەوا ئەگەر هیچ خەمیشت نەبێت هەر خەمباریت؛ چونکە دەبینیت خەڵکی شتانێکیان هەیە تۆ نیتە و لە خەمی پەیداکردنیدایت، کە پەیدای دەکەیت چاوت تێر نابێت؛ چونکە هەر چاوت لە ژوور خۆتەوەیە، بەم شێوەیە ئارامی لە دڵ و دەروونت هەڵدەگیرێت، خۆ ئەگەر تووشی بەڵایەکیش بیت؛ ئەوا خەمەکان چەند قات دەبنەوە و ژیانت لێ تاڵ دەبێت. پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح کتێبی کردەوەکانی دڵ-ل۱۰۲-۱۰۳
۳- خوای گەورە هاوشێوەی نوێژ و ڕۆژووو پەرستشەکان ئەو خەم و پەژارە و نەهامەتییانەش دەکاتە مایەی هەڵوەرینی تاوانەکان. پێغەمبەری خوا ﷺلە فەرموودەیەکیدا دەفەرموێت: {إذا أَرَادَ الله بِعَبْدِهِ الخَيْرَ عَجَّلَ لهُ العُقُوبَةَ في الدُّنْيا، وَإذا أرَادَ بِعَبْدِهِ الشَّرَّ أمْسَكَ عَنْهُ بِذَنْبِهِ حَتَّى يُوافِيَ بِهِ يَوْمَ القِيامَةِ}(سورة الرعد- آیة ۱۱ ). واتە: ئەگەر خوای گەورە بیەوێت چاکە لەگەڵ بەندەیەکیدا بکات، هەر لە دونیادا تۆڵەی تاوانەکانی لێ دەکاتەوە، ئەگەریش بیەوێت سزای بدات، تۆڵەی تاوانەکانی بۆ هەڵدەگرێت؛ تا لە قیامەتدا تۆڵەی لێ دەکاتەوە. هەر لەبەر ئەوەیە زانایانی پێشین گوتویانە: (لولا مصائب الدنيا لوردنا القيامة مفاليس)( سنن الترمذی-ج٤-ص٦۰۱). واتە: ئەگەر بەڵاو نەهامەتییەکانی دونیا نەبوایە؛ بەمایەپووچی دەچووینە قیامەت. بەداخەوە ئەمڕۆ دونیاویستی بەشێوازێک بەری چاوی بۆ قیامەت گرتووین و ئاسۆی بوون و بیرکردنەوەمانی قەتیس کردووە، ئامانجی بوونی خۆمان لەبیر کردووە و بەرگەی بچووکترین تاقیکردنەوە ناگرین. کتێبی کردەوەکانی دڵ-ل٩٦-۹۷
ئامڕازەکانی خۆڕاگری و دامەزراوی مرۆڤەکان ۱- وا تێ بگەین لە ژیانی دونیا کە تەنها قۆناغێکە بۆ قیامەت و تاسەر بۆ کەس نەبووە و نابێت و خۆشی و ناخۆشییەکانیشی تا سەر نین، بۆیە با زۆر خەمی پێوە هەڵنەگرین، بەڵکو هەوڵ بدەین لە پێناو بەدەستهێنانی ژیانی دوایی و مسۆگەرکردنی قیامەت، ساتەکانی بەخەرج بدەین. کتێبی کردەوەکانی دڵ-ل102
ئامانجەکانی تاقیکردنەوەی مرۆڤەکان 6- بەڵاو ناخۆشییەکان زلەی میهرەبانیی خوای گەورەن و مەبەست لێیان بەئاگاهێنانەوەی بەندەکانە بۆ بەخۆداچوونەوە و گەڕانەوە لە دونیا بەر لە لێپرسینەوە و سزای قیامەت. خوای پەروەردگار لەبارەی ئەم خاڵە دەفەرموێت: {وَلَنُذِيقَنهُم منَ العَذَابِ الأدنَى دُونَ العَذَابِ الأكبَرِ لَعَلهُم يَرجِعُونَ}(سورة السجدة،آیة۲۱ ). واتە: ئێمە بەر لەسزا سەخت و گەورەکەی قیامەت لە دونیا، هەندێک جار سزا و ناخۆشییان بەسەردا دەهێنین؛ تا پەشیمان ببنەوەو بگەڕێنەوە بۆ لای خوا. لەم سۆنگەیەوە کاتێک ئاوڕ لە ژیانی پێغەمبەرﷺ و ڕووداوەکانی دەدەینەوە، ئەم خاڵە بەڕوونی هەست پێ دەکەین، بۆ نموونە: کاتێک هاوەڵانی هەڵەیەکیان کردبێت، خوای گەورە نەیهێشتووە بەسەریاندا تێپەڕبێت و یەکسەر ئاگاداری کردوونەتەوە، ئەوەتا لە غەزای ئوحوددا، کاتێک هەندێک لە تیرهاوێژەکان سەرپێچی فەرمانەکەی پێغەمبەر ﷺدەکەن و شوێنەکانیان چۆڵ دەکەن، خوای گەورە یەکسەر دەرەنجامی شەڕەکە لە سەرکەوتنەوە دەگۆڕێت بۆ شکست و باجەکەشی زۆر بەسەختی دەدەن و (70) لە هاوەڵە بەڕێزەکانی شەهید دەبن. خۆ دەکرا خوای گەورە سەرەڕای سەرپێچیکردنەکەشیان، هەر سەرکەوتنی پێ ببەخشینایە، بەڵام ئەوە ڕێخۆشکەر دەبوو، بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەو جۆرە هەڵانە، بۆیە خوای گەورە لێیان قەبووڵ ناکات و یەکسەر باجی هەڵەکەیان پێ دەدات؛ تا جارێکی تر دووبارەی نەکەنەوە و لە قورئانیشدا و لە نزیکەی (60) ئایەتدا وردەکارییەکانی شەڕەکە تۆمار دەکات، هەتا نەک تەنها بۆ ئەوان، بەڵکو تا قیامەت بۆ هەموو نەوەکان بێتە پەند و پابەند بن بەفەرمانەکانی پێغەمبەرەوەﷺو بەموو لێی لانەدەن، ئەگینا خوای گەورە سزای سەختیان دەدات. ڕووداوێکی تر کە دەکرێت لەم ڕووەوە سوودی لێ ببینرێت غەزای حونەین بوو، کە تێیدا ژمارەی موسڵمانان نزیکەی (12000) کەس بوون و ئەم ژمارە زۆرەیش جۆرێک لە لووتبەرزی لای هەندێک لە هاوەڵان درووستکرد و کە ژمارەیان نەدەگەشتە (15) کەس و گوتیان: (ئەمڕۆ بەم ژمارە زۆرەوە نابەزین). ئەوەبوو خوای گەورە بەهەمان شێوەی ئوحود، بەسەختی دەرسی دادان و ئەگەر لوتفی خوا نەبوایە، تووشی گەورەترین شکستی سەربازی دەهاتن، دواتر خوای گەورە هات بەهانایانە و سەری خستن، بەڵام پاش ئەوەی باجی هەڵوێستی هەڵەی خۆیان دا. خوای گەورە هاوشێوەی ئوحود ڕووداوەکانی حونەینیشمان لە قورئاندا بۆ تۆمار دەکات و باسی پەند و وانەکانیمان بۆ دەکات. جا با لێرەدا هەڵوێستەیەک بکەین و بەراوردێک لەنێوان حاڵەتی دینداری خۆمان و ئەواندا بکەین. ئەوان هاوەڵی پێغەمبەری خوا بوون و پێغەمبەرﷺ بە جەستە لەو ئەزموونانەدا لەگەڵیان بووە. ئەوان کە خوای گەورە هەڵی بژاردوون بۆ هاوەڵیکردنی پێغەمبەرەکەی و لە چەندان شوێندا شایەتی پاکی و چاکی و دڵسۆزی بۆ داون. ئەوان کە هەموو ژیانیان خستبوە پێناو سەرخستنی دینی خواوە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، خوای گەورە لەسەر بچووکترین هەڵە کە کەمینەیەکی زۆر کەمیش کردبێتیان، سزای داون و سەرکەوتنی پێ نەداون. ئەی ئێستا و بەم پێوەرانە، دەبێت حاڵی ئێمە چۆن بێت؟! ئێمە تا چەند پابەندین بە فەرمانەکانی خواو پێغەمبەرەوەﷺ؛ تا لەڕوومان بێت داوای سەرکەوتنی لێ بکەین؟! پێم وایە لوتفی خوا لەگەڵمان زۆرە، ئەگەر نا دەبوو نەک هەر شکست، بەڵک و تەفروتوونا بووینانە و شوێنەواریشمان هەر نەمایە؛ چونکە ئێمە، نەک خزمەتمان بەدینی خوا پێ نەکراوە، بەڵکو زۆر کات هەڵسوکەوت و هەڵوێستەکانی ئێمە، بووەتە لەکە و بەهۆیانەوە خەڵکی لە دینی خوا تۆراوە. ئەوە ئێمە کە بە ناخێری گیانمان خۆمان بە ئیسلامی لەقەڵەم داوە و خۆمان بەشوێنکەوتەی پێغەمبەرﷺ دەزانین و لاف وگەزافی سەلەفییەت لێ دەدەین، ئەگینا خەڵکانی تر ئەوە لەم جۆرە شوێنانەدا هەر جێی باس نین، هەموو گەڕانەونەتەوە سەر نەریتەکانی نەفامی سەردەمانی زوو، هەر یەکە بتێکی بۆ خۆی تاشیوە لە خۆی کردووەتە خوا و شەوو ڕۆژی خستۆتە سەر یەک لە پێناو پیاهەڵدان و خزمەتکردنیدا. کتێبی کردەوەکانی دڵ،ل٩٩-١٠٠ پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح
گەشتن بە پلە باڵاکانی بەهەشت: یەکێکی تر لە نهێنییەکانی ناخۆشییەکان ئەوەیە کە هەندێجار خوای گەورە بەندەیەکی خۆش دەوێت و دەیەوێت بەشی زۆر باشی لە بەهەشتدا پێ بدات، بەڵام کردەوە چاکەکانی ئەم بەندەیە ئەوەندە نین تا بیگەیەننە ئەو ئاستانە، بۆیە خوای گەورە بەو ناخۆشییانە بەسەری دەکاتەوە؛ تا پلەی بەرز بکاتەوەو بیگەیەنێتە ئەو شوێنەی کە خۆی بۆی داناوە.