ئامانجەکانی تاقیکردنەوەی مرۆڤەکان

ئامانجەکانی تاقیکردنەوەی مرۆڤەکان
ئامانجەکانی تاقیکردنەوەی مرۆڤەکان: ٢- تاقیکردنەوەو ناڕەحەتییەکان باوەڕدارانی تۆکمە و تەواو درووست دەکەن: نموونەیەکی سادە: ئەو هەموو نەهامەتییەی لە سەردەمی منداڵی و لاوێتیدا بەسەر پێغەمبەری خواداﷺ هات بۆ ئەوە بوو، خوای گەورە ئامادەی بکات بۆ هەڵگرتنی باری قورسی پێغەمبەرایەتی، بیهێنە پێش چاوی خۆت، ئەگەر ئەم پیاوە لە منداڵییەوە کەسێکی بەناز پەروەردە بوایە، دواتر بەرگەی ئەو هەموو ئازار و ئەشکەنجە و ناڕەحەتی و برسێتی و دەربەردەرییەی دەگرت؟! یان هاوەڵانی لە سەردەمی مەککە و بۆ ماوەی سیازدە ساڵ بەرگەی ئەو هەموو ئازار و ئەشکەنجەیەی قورەیشیان گرت؛ بۆئەوەی خوای گەورە ئامادەیان بکات بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەتی مەدینە لە داهاتوویەکی نزیکدا، کەواتە: ئامانجی تاقیکردنەوەکان، ڕووخاندن نییە، بەڵکو درووستکردن و بونیادنانە. خەببابی کوڕی ئەرەت کە هاوەڵێکی بەڕێز بوو دەڵێت: ئێمە لە مەککە زۆر ئازارو ئەشکەنجە دەدراین، زۆریان بۆ هێنابووین، ڕۆژێکیان چوومە خزمەت پێغەمبەرﷺبینیم لەپاڵ دیواری کەعبەدا ڕاکشاوە و عەباکەی بەخۆیدا داوە و پێم گوت: ئەی پێغەمبەری خواﷺ: بۆ لە خوا ناپاڕێیتەوە لەم دۆخە ڕزگارمان بکات؟ بۆ داوا لە خوا ناکەیت سەرمان بخات؟ دەڵێت: پێغەمبەری خوا ﷺکە گوێی لە قسەکانم بوو، هەستاو ڕەنگی سوور هەڵگەڕاو فەرمووی: {لَقَدْ كَانَ مَنْ قَبْلَكُمْ لَيُمْشَطُ بِمِشَاطِ الْحَدِيدِ مَا دُونَ عِظَامِهِ مِنْ لَحْمٍ أَوْ عَصَبٍ مَا يَصْرِفُهُ ذَلِكَ عَنْ دِينِهِ وَيُوضَعُ الْمِنْشَارُ عَلَى مَفْرِقِ رَأْسِهِ فَيُشَقُّ بِاثْنَيْنِ مَا يَصْرِفُهُ ذَلِكَ عَنْ دِينِهِ وَلَيُتِمَّنَّ اللَّهُ هَذَا الْأَمْرَ حَتَّى يَسِيرَ الرَّاكِبُ مِنْ صَنْعَاءَ إِلَى حَضْرَمَوْتَ مَا يَخَافُ إِلَّا اللَّهَ}( صحیح البخاری،ج٥،ص٤٥). واتە: شوێنکەوتەکانی پێغەمبەرانی پێش ئێوە پێش ئێوە بەشانەی ئاسن دایان دەهێنان و گۆشت و ئێسک و دەمارەکانیان لێک جیا دەکردنەوە و بەمشار لە تەوقی سەریانەوە تا بەری پێیان دەیانکردن بەدوو کەرتەوە، سەرەڕای ئەوانە دەستبەرداری باوەڕەکەیان نەدەبوون، دڵنیا بن خوا ئەم پەیامەی خۆی سەردەخات، تا وای لێدێت و ئاشتی بەشێوەیەک باڵ بەسەر ناوچەکەدا دەکێشێت، کەسێک بە سواری وڵاخەکەی لە سەنعاوە دەڕوات بەرەو حەضرەمەوت، جگە لە خوا شتێکی تر نییە لێی بترسێت. کەواتە: پێغەمبەری خوا ﷺ نهێنیی ئەو ئازارو ئەشکەنجانەی شاری مەککەی دەزانێ، کە ئەوانە ژانی بوون و باجی مانن. هەر لەبەرئەوەیە کاتێک سەرانی قورەیش سازشیان لەگەڵ دەکرد و پێشنیاری ئەوەیان دەکرد دەسەڵاتی پێ بدەن و بیکەنە گەورەی خۆیان ڕازی نەدەبوو بەوەی وەری بگرێت؛ چونکە دەیزانی تا ئەوکات پیاوانێکی ئاوها پەروەردە نەبوون، کە بتوانن بەرگری لێ بکەن و دەسەڵات و پەیامەکەی بپارێزن، بۆیە هەر دەسەڵاتێک لەم قۆناغەدا درووست بێت، دەرەنجامەکەی شکست دەبێت و لەژێر سایەی دەسەڵاتەکەی ئەبو جەهل و ئەبو لەهەب و وەلیدی کوڕی موغیرەدا دەبێت و ئیسلامیش هەرگیز لەگەڵ ستەم و نادادپەروەریدا هەڵناکات. بۆیە لە پێشەوا شافعییان پرسی تاقیکردنەوە و ئارامگرتن خێری زیاترە، یان دەسەڵاتداری و سەرکەوتن؟ لە وەڵامدا فەرمووی: (التمكين درجة الأنبياء، ولا يكون التمكين إلا بعد المحنة، فإذا امتحن صبر، وإذا صبر مكن، ألا ترى أن الله عز و جل امتحن إبراهيم عليه السلام ثم مكنه، وامتحن موسى عليه السلام ثم مكنه، وامتحن أيوب عليه السلام ثم مكنه، وامتحن سليمان عليه السلام ثم مكنه)( الغزالی،احیا علوم الدین،ص۲٦). واتە: دەسەڵاتگرتنە دەست پلەی پێغەمبەرانە و دەسەڵاتیش لە دوای قۆناغی ناڕەحەتی و تاقیکردنەوە دێت، کاتێک تاقی دەکرێتەوە ئارام دەگرێت، کە ئارامی گرت خوای گەورە سەری دەخات، نابینی خوای گەورە ئیبراهیمی تاقی کردەوە، پاشان سەری خست، موسای تاقیکردەوە، پاشان سەری خست، ئەیوبی تاقی کردەوە، پاشان سەری خست، سلێمانی تاقی کردەوە، پاشان سەری خست. ئێمە ئەمڕۆ دەبینین موسڵمانانی دونیا زۆر لە ناڕەحەتی و مەینەتدان و ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجەی زۆر دەبنەوە، لە هەموو لایەکەوە کوفر تەنگی پێ هەڵچنیون و بەجۆرەها شێوە هەوڵی لەناوبردن و سەرکوتکردنیان دەدەن، بەڵام ئەمانە وەکو گوتمان ژانی بوونن، دەبێت ئەو ئازار و ئەشکەنجانە درووستمان کات، پتەومان کات و هەرگیز نابێت چۆکمان پێ دابدات. ململانێی ئێمە لەگەڵ خەڵکانێکدایە وەک خۆمان مرۆڤن، هەموو ئەو هۆکارانەی بۆ ئەوان ڕەخساون، بۆ ئێمەش ڕەخساون، ئەوان لە دەرەنجامی هەوڵ و ماندووبوونی بەردەوام گەشتوونەتە ئەم ڕۆژە، ئەگەر باوەڕدارانیش بیانەوێت جڵەوی دەسەڵات بگرنە دەست، دەبێت وەکو ئەوان بکەن و خۆیان ماندووو بکەن، ئەگینا خوا لەسەر خەڵکانی تەممەڵ و دەم مردوو نایەتە جواب، ئەوەتا ڕاشکاوانە پێمان دەفەرموێت: [إِنَّ اللّهَ لاَ يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُواْ مَا بِأَنْفُسِهِمْ]( سورة الرعد،آیة۱۱). واتە: خوای گەورە بارودۆخی هیچ گەل و نەتەوەیک ناگۆڕێت، تا خۆیان نەیگۆڕن، یان تاخۆیان نەگۆڕێن و خۆیان چاک نەکەن. با هەرگیز چاوەڕوانی ئەوە نەکەین خوای گەورە خۆی بێت و شەڕمان لەسەر بکات و دەسەڵاتمان بداتە دەست، یان چاوەروان بین بە موعجیزەکانی سەرمان بخات؛ چونکە سوننەتی خوا بۆ سەرخستنی باوەڕداران بەو شێوەیە نییە و خوای گەورەش سوننەتەکانی خۆی، نەک بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ هیچ پێغەمبەرێک تێک نەداوە، بەڵکو خۆیان هەوڵیان داوە و چی لە توانایاندا بووە خستوویانەتە کار و ئەوکات خوای گەورە سەرکەوتنی پێداون. کەواتە: خاڵێکی تر لە حیکمەتی ئازارو ناڕەحەتییەکان، ئامادەکردنی بەرەی باوەڕدارانە بۆ قۆناغی گرتنەدەستی دەسەڵات و حوکمڕانی. كتێبی کردەوەکانی دڵ،ل٩٥-٩٦ ڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح