نوسین
17/05/2022 - 10:51 AM
74 بینراو

شێوازەکانی تاقیکردنەوەی یەقین

شێوازەکانی تاقیکردنەوەی یەقین

شێوازەکانی تاقیکردنەوەی یەقین

پرۆفیسۆر خالید موحه‌ممه‌د ساڵح: : شێوازەکانی تاقیکردنەوەی یەقین: ٢- تاقیکردنەوە بە بەخششەکان: ئێمە زۆر جار وا تێ دەگەین کە تاقیکردنەوە تەنها بە ناخۆشی و قاتوقڕی و لەناوچوون و نەخۆشی دەبێت، بێئاگا لەوەی کە هەندێک جار بەپێچەوانەوە تاقیکردنەوە بە بەخشش و دەسەڵات دەوڵەمەندی و خۆشگوزەرانی دەبێت و لەوانەشە ئەم جۆرە لە تاقیکردنەوە، لەجۆرەکەی تر قورستر بێت و کەمتر مرۆڤ بتوانێت خۆی بۆ ڕاگیر بکات. خوای گەورە لەبارەی ئەم جۆرە تاقیکردنەوانەوە دەفەرموێت: [وَنَبْلُوكُم بِالشَّرِّ وَالْخَيْرِ فِتْنَةً وَإِلَيْنَا تُرْجَعُونَ](سورة الٲنبیاء،الآیة 35 ). ئێمە بە هەردوو باری ناخۆشی و خۆشی تاقییتان دەکەینەوە و هەموویشی هەر کۆتایی دێت و هەتا سەر نابێت و دواتر بۆ لای ئێمە دەگەڕێنەوە و سزا و پاداشتی هەڵوێستەکانتان وەردەگرن. یان دەفەرموێت: [وَبَلَوْنَاهُمْ بِالْحَسَنَاتِ وَالسَّيِّئَاتِ لَعَلَّهُمْ يَرْجِعُونَ](سورة الٲعراف،الآیة168 ). واتە: ئێمە بە چاکە و بەخشش و خۆشگوزەرانی و هەندێک جاریش بە ناخۆشی و نەخۆشی و بەدحاڵی تاقیمان کردنەوە؛ تا بگەڕێنەوە بۆ لای خوا و دەست لە خراپە کۆتا کەن. یان دەفەرمووێت: [إِنَّمَا أَمْوَالُكُمْ وَأَوْلَادُكُمْ فِتْنَةٌ وَاللَّهُ عِندَهُ أَجْرٌ عَظِيمٌ]( سورة التغابن،آیة15 ). واتە: ئەو داهات و دەسەڵات و ماڵ و منداڵەی هەتانە تەنها بۆ تاقیکردنەوەی ئێوەیە و خوای گەورە بەخششی لەوە زۆر زیاتری لایە، بۆیە بەم کەمەی دونیا فری و نەخۆن و لاڕێ نەبن؛ تا ئەو زۆرەی دواڕۆژتان لەدەست نەچێت؛ چونکە ئەوەی دونیا چەند زۆر بێت هەر کەمە و هەتا سەرنییە، بەڵام ئەوەی قیامەت بۆ هەتا هەتایە و نەبڕاوەیە. سرووشتی مرۆڤیش وایە کە زوو دەکەوێتە ژێر کاریگەریی دونیا و خۆشییەکانی و کەمتر دەتوانێت خۆی بۆ ڕابگرێت. ئەوەتا خوای گەورە کە خۆی درووستکار و بەدیهێنەری مرۆڤە دەفەرموێت: [كَلَّا إِنَّ الْإِنسَانَ لَيَطْغَى أَن رَّآهُ اسْتَغْنَى](سورة العلق،آیة6 ). واتە: نەخێر مرۆڤ کاتێک دەبینێت دەوڵەمەند بووە و دەسەڵاتی هەیە گومڕا و لا ڕێ دەبێت و سنوورەکانی خوا دەبەزێنێت، یان دەفەرموێت: [وَتُحِبُّونَ الْمَالَ حُبّاً جَمّاً](سورة الفجر، آیة20). واتە: بەڕاستی پارە و سامانی دونیاتان زۆر خۆش دەوێت. پێشەوا بوخاری فەرموودەیەک دەگێڕێتەوە و دەفەرمووێت: (أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ ﷺ بَعَثَ أَبَا عُبَيْدَةَ بْنَ الْجَرَّاحِ إِلَى الْبَحْرَيْنِ يَأْتِي بِجِزْيَتِهَا، فَقَدِمَ أَبُو عُبَيْدَةَ بِمَالٍ مِنْ الْبَحْرَيْنِ، فَسَمِعَتْ الْأَنْصَارُ بِقُدُومِ أَبِي عُبَيْدَةَ، فَوَافَتْ صَلَاةَ الصُّبْحِ مَعَ النَّبِيِّﷺفَلَمَّا صَلَّى بِهِمْ الْفَجْرَ، انْصَرَفَ فَتَعَرَّضُوا لَهُ فَتَبَسَّمَ رَسُولُ اللَّهِ ﷺ حِينَ رَآهُمْ، وَقَالَ: {أَظُنُّكُمْ قَدْ سَمِعْتُمْ أَنَّ أَبَا عُبَيْدَةَ قَدْ جَاءَ بِشَيْءٍ؟}. قَالُوا: أَجَلْ يَا رَسُولَ اللَّه ﷺ قَالَ: {فَأَبْشِرُوا، وَأَمِّلُوا مَا يَسُرُّكُمْ، فَوَاللَّهِ لَا الْفَقْرَ أَخْشَى عَلَيْكُمْ، وَلَكِنْ أَخَشَى عَلَيْكُمْ أَنْ تُبْسَطَ عَلَيْكُمْ الدُّنْيَا كَمَا بُسِطَتْ عَلَى مَنْ كَانَ قَبْلَكُمْ، فَتَنَافَسُوهَا كَمَا تَنَافَسُوهَا، وَتُهْلِكَكُمْ كَمَا أَهْلَكَتْهُمْ}..)(صحیح البخاری،ج4،ص97). واتە: پێغەمبەری خوا ﷺئەبو عوبەیدەی ڕەوانە کرد؛ تا جزیەی ناوچەی بەحرەینی بۆ کۆ بکاتەوە، کە ئەبوعوبەیدە گەڕایەوە ئەنصار بیستبوویان کە گەڕاوەتەوەو ماڵێکی زۆریشی لەگەڵ خۆی هێناوە، وایش ڕێکەوت کە کاتی نوێژی بەیانی بوو، پێغەمبەری خوا ﷺ نوێژی بەیانی بۆ کردن و کاتێک ویستی بڕوات چوونە خزمەتی و ئەویش زەردەخەنەیەکی کرد و فەرمووی وا بزانم بیستووتانە ئەبو عوبەیدە گەڕاوەتەوە و شتێکی لەگەڵ خۆی هێناوە؟ گوتیان: بەڵێ ئەی پێغەمبەری خوا ﷺ فەرمووی: دەی مژدەتان لێ بێت ئەوەی بەتەمای هاتوون پێتانی دەدەم، بە خوا من ناترسم لەوەی هەژار بکەون و نەدار بن، بەڵام دەترسم دونیا باوەشتان بۆ بکاتەوە و زاڵ بێت بەسەرتاندا، وەک چۆن باوەشی بۆ نەتەوەکانی پێش ئێوە کردبۆوە و ئێوەش بکەونە ململانێ و پێشبڕکێ لەسەر دونیا وەک ئەوانەی پێش ئێوە کردیان، بەو هۆیەشەوە لەناو بچن وەک ئەوانەی پێش ئێوەی لەناو برد. ئەبو دەرداء بۆمان دەگێڕێتەوە و دەڵێت: (خرج علينا رسول اللهﷺوَنَحْنُ نَذْكُرُ الْفَقْرَ وَنَتَخَوَّفُهُ، فَقَالَ: {الفَقْرَ تَخَافُونَ؟!! والَّذِي نَفْسِي بِيَدِهِ لَتُصَبَّنَّ عَلَيْكُمُ الدُّنْيَا صَبّاً حَتَّى لا يُزيغَ قَلْبَ أَحَدِكُمْ إَزَاغَة إِلاَّ هِيَ}.)( سنن ابن ماجة،ص4،روال الٲلبانی فی تخریجه حدیث الحسن). واتە: جارێکیان دانیشتبووین باسی ترس و ناڕەحەتی هەژارییمان دەکرد، پێغەمبەری خوا ﷺ هات بۆ لامان و فەرمووی: دەڵێی لە هەژاری دەترسن؟! بەو کەسەی گیانی منی بەدەستە خوا نازو نیعمەتەکانی خۆی بەلێشاو دەڕژێت بەسەرتاندا، تا وای لێ دێت، تاکە مەترسی بۆ سەر دڵ و دەروون و باوەڕتان تەنها دونیا دەبێت. لەم دەقانەوە بۆمان دەردەکەوێت کە خۆشییەکانی دونیا و ناز و بەخششەکانی بەڵا و هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر دڵ و باوەڕی باوەڕداران. دەبینین خەڵکانێک هەن، تا هەژار بوون جۆر بوون لەگەڵ خوا، بەڵام کە دەوڵەمەند بوون، لای خوایان بەرداوە و بەهۆی سەرقاڵی بە دونیاوە، کەمتر دەیانپەرژێتە سەر خەمی قیامەت و هەوڵی بۆ دەدەن، کەمتر فریای پرسی حەڵاڵ و حەرامی مامەڵەکانیان دەکەون و زیاتر لە هەوڵی کۆکردنەوەی پارەدان، بەهۆی سەرقاڵیان بە دونیاوە کەمتر فریای قورئان خوێندن و نوێژی جەماعەت و ڕۆژووی سوننەت دەکەون، کەمتر، یان هەر دەگمەن خزم و نەخۆش و خەڵکانی هەژار بەسەر دەکەنەوە و ئاوڕیان لێ دەدەنەوە. خەڵکانێکی تر هەن، گیرۆدەی دەستی نیعمەتی لەشساغی، یان گەنجی، یان پۆست، یان دەسەڵات، یان هەندێک جار جوانی بوون و بەهۆی ئەو بەخششانەوە کە دەبوو سوپاسی خوایان لەسەر بکردایە و شوکرانە بژێر بوونایە و لەڕێی خواناسیدا بەخەرجیان بدایە لاڕێ و سەرلێشێواو بوون و دژی خوا بەکاریان هێناوە و خەڵکیان پێ لەخشتە بردووە و ڕێگای خواناسی و قیامەتیان ون کردووە. کەواتە: دەبێت مرۆڤی باوەڕدا لەوە بەئاگا بێت کە هەرچی خوا پێی داوە لە دونیا لە بەرامبەریدا بەرپرسیارە و خوا لە دواڕۆژدا لێپێچینەوەی لەسەر دەکات و وەک خۆی دەفەرموێت: [ثُمَّ لَتُسْأَلُنَّ يَوْمَئِذٍ عَنِ النَّعِيمِ]( سورة التكاثر،آیة8). واتە: پاشان لێپرسینەوەتان لەسەر بەخشش و نیعمەتەکان لەگەڵ دەکرێت. وە وەکو پێغەمبەری خوایش ﷺ دەفەرموێت: {لن تَزُولُ قَدَمَا عَبْدٍ يَوْمَ الْقِيَامَةِ حَتَّى يُسْأَلَ عَنْ أربع: عَنْ عُمْرِهِ فِيمَا أَفْنَاهُ، وَشَبَابِهِ فِيمَا أَبْلاهُ، وَعَنْ مَالِهِ مِنْ أَيْنَ اكْتَسَبَهُ وَفِيمَا أُنْفِقَهُ، وَعَنْ علمه مَاذا عَمِلَ فِيه}( سنن الترمذی،ج4،ص612 ). واتە: هیچ کەس قاچەکانی لە بەردەم خوای گەورە ناترازێ، تا لێپریسنەوەی لەسەر چوار شت لەگەڵ نەکرێت، لەسەر تەمەنی لە چیدا بەسەری بردووە و جوانی و گەنجێتییەکەی لە چیدا داناوە و لەسەر پارە و سەروەت و سامانی چۆنی پەیدا کردووەو لە چیدا خەرجی کردووە و لەسەر ئەو زانست و زانیارییەی خودا پێی داوە چی لێ کردووە و چۆنی بەکار هێناوە پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح کتێبی کردەوەکانی دڵ/ل87_88_89