سەردانیکەر: 407,936
دووڕوویی (النفاق) یەکێکی تر لە کردەوە هەستیارەکانی دڵ دووڕوویی و گومان و نیفاقە، ئەم کردەوەیەش تەواو پێچەوانەی کردەوەی پێشووەو هەرکات باوەڕ دامەزراو نەبوو ئەو کات دووڕوویی و گومان جێگەی دەگرێتەوە. لێرەدا و لەبەر گرنگیی ئەم باسە هەندێک لەسەر وردەکارییەکانی هەڵوێستە دەکەین و دەدوێین؛ تا بڕواداران لێی بەئاگا بن. سەرەتایش لە پێناسەکەیەوە دەست پێ دەکەین: یەکەم: پێناسەی دووڕوویی (النفاق): زانایان لەبارەی پێناسەی وشەی (نفاق) لە ڕووی زمانەوانییەوە چەند بۆچوونێکیان هەیە لەوانە: - هەندێک پێیان وایە وشەی نیفاق لە (نفق)ە وە وەرگیراوە و هەرکەسێک لە جێگەیەکی شاراوەدا کارێک بکات، یان خۆی تێدا بشارێتەوە، بەو جێگەیە دەگوترێت (نفق)؛ چونکە مرۆڤی دووڕوویش بێباوەڕییەکەی دەشارێتەوە، بۆیە پێی دەگوترێت: (منافق) دووڕوو. - هەندێکی تر دەڵێن: وشەی (نیفاق) لە ئاژەڵێکەوە وەرگیراوە کە بەزمانی عەرەبی پێی دەگوترێت: (یربوع)، ئەم ئاژەڵە چەند کونێک لە زەوی دەکات، کە هەست بە مەترسیی دەکات لە یەکێک لەم کونانەوە دەچێتە ناوەوە کە پێی دەگوترێت: (قاصعاء) و لە کونێکی ترەوە سەر دەردەهێنێت کە پێی دەگوترێت: (نافقاء). دووڕووەکانیش لە لایەکەوە دێنە بازنەی باوەڕەوە و لەلایەکی ترەوە لێی دەردەچن، جارێک وەک باوەڕدار خۆیان وێنا دەکەن جارێکیش وەک بێ باوەڕ. - هەندێکی تر دەڵێن ئەم ئاژەڵە ژێری زەوییەکە تەواو دەکۆڵێت و بنی بۆش دەکاش، بەڵام ڕوو پۆشی زەوییەکە دەهێڵێتەوە، کە ڕو پۆشی زەوییەکە دەبینیت هەست دەکەیت بەوەی زەوییەکی پتەوە، بەڵام وا نییەو بنی بەتاڵە، باوەڕی دووڕووەکانیش هەر وایە، کە بەڕووکەش سەیریان دەکەیت زۆر تۆکمە دەردەکەون، بەڵام باوەڕەکەیان بەرگەی هیچ ناگرێت و بچووکترین شتی بەرکەوێت دادەتەپێت و هەرەس دەهێنێت، هەر بۆیە پێیان دەگوترێت (منافق)( تاج العروس من جواهر القاموس:ج۲٦). لە ڕووی زاراوەشەوە زانایان لەبارەی پێناسەی (نفاق) دەڵێن: بریتییە لەوەی بەشێوەیەک لای خەڵکی خۆت دەربخەیت، بەڵام لە ڕاستی و لە ناختدا وانەبیت. پەرتووکی کردەوەکانی دڵ،ل۱۱٥ پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح
ئامڕازەکانی خۆڕاگری و دامەزراوی مرۆڤەکان: ۱۱- ئەو نەهامەتییە هەر دەبوو بهاتایە و ببوایە و خۆ دەربازکردن لێی مەحاڵ بوو، پێشەوا عەلی لە گوتەیەکیدا لەبارەی مردن دەفەرمووێت: (هەرگیز لە مردن نەترساوم؛ چونکە کاتی تەمەن و ڕۆژی مردنم دیاریکراوە و دەزانم ئەو ڕۆژەی کاتی مردنم دێت دەربازبوون لێی مەحاڵە، ئەو ڕۆژەش کە کاتی مردنم نییە مردن تێیدا مەحاڵە). بۆیە هەرگیز لێی نەترساوم. بۆیە با نەڵێین ئەگەر وامان بکردایە وا دەبوو، یان وامان نەکردایە وا نەدەبوو، یان بریا وام بکردایە، یان وام بگوتایە، یان نەمکردایە و نەمگوتایە؛ چونکە ئەو جۆرە بیرکردنەوانە ئازاری نەهامەتییەکان زیاد دەکەن و کێشەی دوودڵی و وەسوەسە درووست دەکەن و باوەڕیش بە قەزا و قەدەر لاواز دەکەن، پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: {وَإِنْ أَصَابَكَ شَىْءٌ فَلاَ تَقُلْ لَوْ أَنِّى فَعَلْتُ كَانَ كَذَا وَكَذَا. وَلَكِنْ قُلْ قَدَرُ اللَّهِ وَمَا شَاءَ فَعَلَ فَإِنَّ لَوْ تَفْتَحُ عَمَلَ الشَّيْطَانِ}(صحیح مسلیم:ج٤،ص۲۰٥۲). واتە: ئەگەر شتێکت بەسەر هات مەڵێ ئەگەر وام بکردایە ئاوا و ئاوا دەبوو، بەڵکو بڵێ: ویستی خوای لەسەر بووە، خوایش هەرچی بوێت، ئەوە دەبێت؛ وشەی (ئەگەر) دەرگای شەیتان لەسەر مرۆڤەکان دەکاتەوە. ئەمانە کۆمەڵێک خاڵن دەبێت زۆر بەوریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکەین و هەوڵ بدەین، هەمیشە لەبیرمان بن؛ چونکە پێم وایە زۆرێک لە ئازاری خەم و نەهامەتییەکانمان کەم دەکەنەوە و ئاسوودەییەکی زۆری دەروونیمان پێ دەبەخشن. پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح کتێبی کردەوەکانی دڵ:ل۱۱۱
ئامڕازەکانی خۆڕاگری و دامەزراوی مرۆڤەکان: سەرەڕای ئەوەی کە ناخۆشییەکان ئەو هەموو سوودەشیان هەیە، ناکرێت تاڵی ئازارەکانیشیان فەرامۆش بکرێت، بۆیە کۆمەڵێک کار هەن، دەکرێت مرۆڤی باوەڕدار پەنایان پێ ببات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئازارو تاڵی ناخۆشییەکان لەوانە: أ- نزاو پاڕانەوە: پێغەمبەری خواﷺلە فەرموودەیەکیدا دەفەرموێت: {لَا يَرُدُّ الْقَدَرَ إِلَّا الدُّعَاءُ}( مسند الامام احمد:ص۲۸۰،ج٥). واتە: جگە لە نزا و پاڕانەوە هیچ شتێک قەدەر گل ناداتەوە. بۆیە ئەگەر مرۆڤ لە ڕوودانی ڕووداوێک دەترسا، یان ڕووداوەکە ڕووی دا بوو، کاریگەرییەکانی زۆر قورس بوو لەسەری با زۆر بپاڕێتەوە، بەڵکو خوای گەورە بەزەیی پێیدا دێتەوە و لەسەری لادەبات، یان بۆی قەرەبوو دەکاتەوە و شوێنەکەی بۆ پڕ دەکاتەوە، ئومموسەلەمەی دایکی بڕواداران دەڵێت: گوێم لێ بوو پێغەمبەری خواﷺ دەیفەرموو: {مَا مِنْ مُسْلِمٍ تُصِيبُهُ مُصِيبَةٌ فَيَقُولُ مَا أَمَرَهُ اللَّهُ: إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ اللَّهُمَّ أْجُرْنِى فِى مُصِيبَتِى وَأَخْلِفْ لِى خَيْرًا مِنْهَا. إِلاَّ أَخْلَفَ اللَّهُ لَهُ خَيْرًا مِنْهَا}( صحیح مسلیم:ج۲،ص٦۳). واتە: هەر موسڵمانێک تووشی بەڵا و ناڕەحەتییەک بێت و ئەوە بڵێت کە خوای گەورە فەرمانی پێ کردووە: ئێمە موڵکی خواین و هەر بۆلای ئەویش دەگەڕێینەوە، خوایە گیان پاداشتی ئەم نەهامەتی و ناڕەحەتییەم بدەیتەوە و شوێنەکەیم بە باشتر بۆ پڕبکەیتەوە، ئیللا خوای گەورە قەرەبووی نەهامەتییەکەی بەباشتر بۆ دەکاتەوە. ئوممو سەلەمە دەفەرموێت: کاتێک ئەبو سەلەمەی هاوسەرم کۆچی دوایی کرد، من زۆر ناڕەحەت و خەمبار بووم و لە دڵی خۆمدا دەمگوت: دەبێت کێ لە هاوسەرەکەی خۆم باشتر بێت، تا خوا بۆمی قەرەبوو بکاتەوە، دەڵێت: کات هات و ڕۆیشت دواتر بوومە خێزانی پێغەمبەرﷺ و ئەوکات بەهای ئەو نزایەم بۆ دەرکەوت و زانیم چ کاریگەرییەکی هەیە. بۆیە نابێت مرۆڤی باوەڕدار لە کاتی ناخۆشی و نەهامەتیدا چۆک دابدات و دەستەو ئەژنۆ دابنیشێت، بەڵکو با پەنا بۆ خوای گەورە ببات و چی هەیە لەوی داوا بکات؛ چونکە هیچ شت بەبێ ویستی ئەو ناکرێت و هیچ شتێکیش لە توانا و دەسەڵاتی ئەو بەدەر نییە، دڵنیایش بێت لەوەی کە خوای گەورە نزاکانی وەردەگرێت و بەشێوەیەک لەشێوەکان بەدەم داواکانییەوە دێت. ب- نوێژکردن: کەسێک تووشی ناخۆشییەک دەبێت با زۆر نوێژ بکات؛ چونکە نوێژ پەیوەندیی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ خوای گەورە، بەدلنیاییەوە ئەو خۆڕادەستکردن و ملکەچی و چەمانەوە و کڕنووشبردنە بۆ خوای گەورە، واتای زۆر گەورەی هەیە، بۆیە خوای گەورە ئامۆژگاریمان دەکات لە کاتی ناخۆشیدا پەنای بۆ بەرین و دەفەرموێت: [وَاسْتَعِينُواْ بِالصَّبْرِ وَالصَّلاَةِ]( سورة البقرة:آیة٤٥). واتە: لە کاتی ناخۆشیدا پەنا بەر ئارامگری و نوێژکردن بەرن و خوای گەورە یارو یاوەری ئارامگرانە. دیارە لەژێر ڕۆشنایی ئەم ئایەتەدا بووە، کە هاوەڵان بۆمان دەگێڕنەوەو دەفەرموون: {كان إِذَا حَزَبَهُ أَمْرٌ صَلَّى}( السیوطی،الفتح الكبیر فی ضم الزیادة الی جامع الصغیر:ج۲،ص۳۳۰). واتە: هەرکات پێغەمبەری خوا ﷺ ڕووبەڕووی کارێک، یان شتێکی قورس و ناڕەحەت ببوایەتەوە پەنای بۆ نوێژکردن دەبرد. ت- بەخشین و چاکە کردن لەگەڵ هەژاراندا: پێغەمبەری خوا ﷺلە فەرموودەیەکیدا دەفەرموێت: {دَاوُوا مَرْضَاكُمْ بِالصَّدَقَةِ}(البیهقی:السنن الكبری،ج۳،ص۳۳۰ ). واتە: بە بەخشین و چاکە کردن لەگەڵ هەژاراندا چارەسەری نەخۆشەکانتان بکەن. ث- قورئان خوێندن: خوای گەورە لەبارەی یەکێک لە سوودەکانی قورئانەکەی خۆی دەفەرموێت: [ونُنَزِّلُ مِنَ الْقُرْآنِ مَا هُوَ شِفَاء وَرَحْمَةٌ لِّلْمُؤْمِنِينَ](سورة الٳسراء:۸۲ ). واتە: لە قورئاندا ئایەتانێکمان دابەزاندووە کەچارەسەر و بەزەیی و بەخششن بۆ باوەڕداران. کەواتە: قورئان خوێندیش یەکێکی ترە لە چاکەکانی مرۆڤی باوەڕدار، کە دەکرێت لە کاتی ناخۆشییەکاندا پەنای بۆ ببات؛ تا ئازارەکانی سووک بکات. کتێبی کردەوەکانی دڵ:ل۱۱۳ پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح
ئامڕازەکانی خۆڕاگری و دامەزراوی مرۆڤەکان: ۱۰- هەر ناخۆشییەک بەسەرمان دێت، ویستی خوای لەسەرە و هیچ شتێک بێ ویستی ئەو ناکرێت، پێغەمبەری خواﷺ لە فەرموودەیەکیدا دەفەرموێت: {وَاعْلَمْ أنَّ الأُمَّةَ لَوِ اجْتَمَعَتْ على أنْ يَنْفَعُوكَ بِشَيْءٍ لَمْ يَنْفَعُوكَ إِلاَّ بِشَيْءٍ قَدْ كَتَبَهُ اللَّهُ لَكَ، وَإِنِ اجْتَمَعُوا على أنْ يَضُرُوكَ بِشَيْءٍ لَمْ يَضُرُوكَ إِلا بِشَيءٍ قد كَتَبَهُ اللَّهُ عَلَيْكَ}( صحیح مسلیم:ج٤،ص۲۰٥۲). واتە: بزانە ئەگەر هەموو ئەو ئوممەتە کۆ بێتەوە لەسەر ئەوەی سوودێکت پێ بگەیەنن، ناتوانن پێتی بگەیەنن، ئەگەر خوای گەورە بۆی نەنووسیبیت، ئەگەریش کۆ ببنەوە لەسەر ئەوەی زیانێکت پێ بگەیەنن، ناتوانن پێتی بگەیەنن، ئەگەر خوای گەورە لەسەری نووسیبیت. کەواتە: هەموو خۆشی و ناخۆشییەک کە تووشمان دێت، ویستی خوای لەسەرە و پێویستە ئێمەش بە ویستەکانی ئەو ڕازی و سوپاسگوزار بین هەرچی و هەرچۆن بێت؛ چونکە وەکو گوتمان ئێمە لەبەر خودی خۆی کە شایەنی هەموو گەورەییەکە دەیپەرستین، نەک لەبەر بەخششەکانی و ئەو بەڵایەش بەدڵنیاییەوە بەشێک لە بەخششەکانی بردووە، نەک هەمووی. کتێبی کردەوەکانی دڵ:ل۱۱۱ پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح
ئامرازەکانی خۆڕاگری و دامەزراوی مرۆڤەکان: ۹-با پێوەری بەخششەکانی دونیا نەکەینە سەنگی مەحەکی باشی و بەختەوەری مرۆڤەکان، بەو واتایەی ئەگەر خوای گەورە دەرگای دونیای بۆ خەڵکانێکی خراپ واڵا کرد، ئیتر پێمان وا بێت ئەوان ڕاستن و لەسەر حەقن، بۆیە خوا دونیای پێ داون، ئێمەش پێویستە چاویان لێ بکەین؛ چونکە ئەم بۆچوونە هەڵەیە لەبەر دوو هۆ: أ- هیچ کات بەخششەکانی دونیا نابنە پێوەر بۆ بەختەوەری مرۆڤەکان؛ چونکە بەختەوەری لە ناخ و دڵدایە، نەک لەبەر دەست و دەوروبەر، بۆ نموونە: مەرج نییە کەسێک خانووی خۆش و ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز و پارە و سامانی زۆری هەبێت بەختەوەر بێت، پێچەوانەکەشی بەدبەخت بێت. ئێستا وڵاتێکی وەک و یابان کە بە هەموو پێوەرێکی دونیا، دەبێت دانیشتووانەکەی بەختەوەرترین مرۆڤی دونیا بن؛ کەچی بەپێچەوانەوە زۆرترین و مەترسیدارترین ڕێژەی خۆکوشتن لە وڵاتی یابانە، یان سوید کە پێی دەڵێن بەهەشتی خوا لەسەر زەوی ڕێژەی خۆکوشتن تێیدا ئێجگار زۆرە و ئەم ڕێژانەش ساڵ بەساڵ ڕوو لە زیادبوونە، باشە بۆچی؟! ئەی بۆ لە صوماڵ کە هیچ هۆکارێکی بەختەوەری ژیانی دونیای تێدا نییە ڕێژەی خۆ کوشتن دەگمەنە؟! کەواتە: وەکو گوتمان بەختەوەری لە ناخدایە و خەڵکی صۆماڵ بەختەوەرن بەو باوەڕەی لە ناخیاندایە و گەشبینن بە دواڕۆژی باوەڕ و خواناسییەکەیان. ب- ئەو بەخششانە نابنە پێوەری ڕەزامەندیی خوا و ڕاستیی ڕێبازی ئەوان؛ چونکە هەندێک جار زۆری بەخششەکان ئیستدراجە و خوای گەورە بەو بەخششانە تاقییان دەکاتەوە، پێغەمبەری خوا ﷺ لە فەرموودەیەکیدا دەفەرموێت: {إِذَا رَأَيْتَ اللَّهَ يُعْطِى الْعَبْدَ مِنَ الدُّنْيَا عَلَى مَعَاصِيهِ مَا يُحِبُّ، فَإِنَّمَا هُوَ اسْتِدْرَاجٌ}( مسند الامام احمد،ج۲۸،ج٤٥۷). واتە: ئەگەر بینیت خوای گەورە، بێ دڵی بەندەیەکی یاخی نەدەکرد و ئەوەی پێی خۆش بوو دەیدایە؛ ئەوە بزانە خوا جڵەوی بۆ شل دەکات و ئیستدراجی دەکات، پاشان ئەو ئایەتەی خوێندەوە: [فَلَمَّا نَسُواْ مَا ذُكِّرُواْ بِهِ فَتَحْنَا عَلَيْهِمْ أَبْوَابَ كُلِّ شَيْءٍ حَتَّى إِذَا فَرِحُواْ بِمَا أُوتُواْ أَخَذْنَاهُم بَغْتَةً فَإِذَا هُم مُّبْلِسُونَ](سورة الانعام:آیة٤٤). واتە: کاتێک پشتیان کردە پەیامەکانی خوا و لەبیر خۆیان بردەوە ئێمەش دەرگای هەموو بەخششەکانمان بە ڕوویاندا واڵا کرد، کاتێک کەوتنە نازو نیعمەتەوە، لەناکاودا لەناومان بردن و و بێ هیوامان کردن لە بەزەیی خوای گەورە. لە ئایەتێکی تردا دەفەرموێت: [أَيَحْسَبُونَ أَنَّمَا نُمِدُّهُم بِهِ مِن مَّالٍ وَبَنِينَ * نُسَارِعُ لَهُمْ فِي الْخَيْرَاتِ بَل لَّا يَشْعُرُونَ](سورة المؤمنون:آیتان ٥٥-٥٦ ). واتە: بۆ وا دەزانن ئەو بەخششانەی لەگەڵمان کردوون لەو ماڵ و سەروەت و سامانەی پێمان داون ئێمە دەمانەوێت خێر و چاکەیان لەگەڵدا بکەین نەخێر، بەڵکو ئەوانە بێ هەستن و وای تێ دەگەن. کەواتە: هەموو بەخشش و پێدانێک مەرج نییە نیشانە و بەڵگەی باشی خاوەنەکەی بێت، یان بەپێچەوانەوە، ناڕەحەتی و ناخۆشی نیشانەی خراپیی خاوەنەکەی بێت، بەڵکو هەندێک جار بەپێچەوانەوەیە ئەوەتا فیرعەون (400) ساڵ ژیاوە و لە هەموو تەمەنیدا، تەنانەت ددانێکی نەئێشاوە و ئەو هەموو دەوڵەت و دەسەڵاتەشی هەبووە، بەڵام ئەمە هەرگیز نیشانەی ئەوە نەبووە، کە خوا فیرعەونی خۆش ویستووە، لەبەرامبەریشدا پێغەمبەران ئەوەندە بەشمەینەت و ناڕەحەت بوون لە ژیانی دونیا، نوح (950) ساڵ گیرۆدەی دەستی گەلێکی سەرسەخت بووبوو، کە هەمیشە سەرقاڵی بانگخوازی و هیدایەتیان بوو، ئیبراهیم بە چەندان شێوە خوای گەورە تاقیی کردۆتەوە هەر لە بەگژاچوونەوەی بێباوەڕی باوکی و گەلەکەی، تا دەگاتە هەوڵی سووتاندن و دەربەدەرکردن و بەجێهێشتنی خێزان و جگەرگۆشە تاقانەکەی لە دۆڵێکی چۆڵ و بێکەسدا، تا فەرمانکردن بەسەربڕینی تاقانەکەی پاش گەورەبوونی و جۆرەها تاقیکردنەوەی تر، ئەیوب خوای گەورە هەموو سەروەت و سامان و ماڵ و منداڵەکەی لێوەرگرتۆتەوە و بۆماوەی (14) ساڵ نەخۆشییەکی خراپی گرتووە، کە شاربەدەر کراوە و لە هیچ ئاوەدانییەکدا جێگەی نەکراوەتەوە، یوسف چەندان ساڵی تەمەنی منداڵی و لاوی لە کۆیلایەتی و بەندیدا بەسەر بردووە، پێغەمبەری سەروەرمان ﷺ هەر لە سەرەتاوە بەهەتیوی و هەژاری هاتووەتە دونیا و هەر لە منداڵیدا لە نازی دایکی بێبەش بووە، پاشانیش ڕووبەڕووی ئەو هەموو ئازار و ئەشکەنجەیە بۆتەوە لە لایەن نەیارانییەوە و پاش ئەوەش کە دەسەڵاتی هەبوو هەر بەهەژاری و نەداری ژیانی بردۆتە سەر و جار هەبوو بۆ دوومانگ زیاتر ئاگر لە هیچ ماڵێکیدا نەکراوەتەوە و تەنها ئاو و خورمای خواردووە، خۆ ناکرێت بڵێین ئەمانە خوا خۆشی نەویستوون، یان ڕقی لێیان بووە!. کەواتە: پێوەری خۆشی و ناخۆشی، لای خوا بۆ قیامەتە، نەک خۆمان و خەڵک و دونیا؛ چونکە ژیانی دواڕۆژ نەبڕاوە و هەمیشەییە هەر بۆیە خوا پاداشتی باوەڕداران و سزای بێباوەڕانی خستۆتە ئەو ڕۆژە. کتێبی کردەوەکانی دڵ، ل۱۰۸-۱۰۹-۱۱۰ پڕۆفیسۆر خالید
زاراوەی پیرۆزی لای هەر کەسێک کەخۆی بەموسوڵمان بزانێت دەبێت بەپێی پێوەر وبەڵگە شەرعییەکان لێی بڕوانێت نەک بەپێی پێودانگی نەتەوەیی یان نیشتیمانی یان دارایی یان سۆزداری،. و وبەپێی بەڵگەو پێودانگانە شەرعییەکانیش بێت خاکی مەککە بەلای ئێمەی موسوڵمانەوە لەهەموو خاکی دونیا پیرۆزترە وگەورەترە، وئەمەیش بەڵگە شەرعییەکانن. ١- خوای گەورە لەقورئاندا (٢) جار سوێندی پێ خواردوە: (لَا أُقْسِمُ بِهَذَا الْبَلَدِ). (١) سورة البلد (وَهَٰذَا الْبَلَدِ الْأَمِينِ (3)) (سورة التین ) ٢- خوای گەورە لەقورئاندا (٢٧) جار باسی حەرەمە پیرۆزەکەی کردووە. ٣- خوای گەورە یەک سورەتی قورئانی بەناوی ئەو شارەوە ناو ناوە کە سورەتی (البلد) ە. ٤- ئەو شارە لانکەی پەیامەکانی خوای گەورە وهاتنە خوارەوەی قورئان ولەدایکبوونی هەندێک لە پێغەمبەرانە لەنێوانیشیاندا باشترین وگەورەترینی پێغەمبەران کە پێغەمبەری ئیسلامە ﷺ . ٥- ئەو شارە خۆشەویستترین وباشترینی شارە لای خوای گەورە، هەر وەک پێغەمبەری خوا ﷺ کاتێک بێباوەڕان لەو شارە ناچاری دەکەن بە کۆچ کردن ئاوڕی لێ دەداتەوە ودەفەرموێت: (وَاللَّهِ إِنَّكِ لَخَيْرُ أَرْضِ اللَّهِ وَأَحَبُّ أَرْضِ اللَّهِ إِلَى اللَّهِ وَلَوْلاَ أَنِّي أُخْرِجْتُ مِنْكِ مَا خَرَجْتُ )رواه الترمذي وابن ماجه، وصححه الألباني. واتە: وەڵڵاهی تۆ باشترینی زەوی خوای گەورەیت وخۆشەویستترینی خاکی بەلای خوای گەورەوە وئەگەر دەریان نەکردمایە هەرگیز جێم نەدەهێشتیت. ٦- لەوەتەی گەردوون هاتۆتە بوون خوای گەورە خاکەکەی کردۆتە حەرەم وهەر کەسێک تێی بچێت سەر وماڵ وناموسی تێیدا پارێزراوە ولەبارەیەوە دەفەرموێت: {وَمَنْ دَخَلَهُ كَانَ آَمِنًا }. آل عمران:۹۷. واتە: هەر کەسێک بچێتە ناوی سەرو ماڵی پارێزراوە وپێغەمبەریش لەو بارەیەوە دەفەرموێت: :(إن الله حرم مكة يوم خلق السموات والأرض فهي حرام بحرام الله إلى يوم القيامة) رواه البخاري. واتە: خوای گەورە لەو ڕۆژەوە زەوی وئاسمانەکانی دروست کردوە خاکی مەککەی کردۆتە حەرەم، بۆیە تا ڕۆژی قیامەت خاکەکەی بەحەرەم دەمێنێتەوە. ٧- یەکەم ماڵ وخانەی خواپەرستی کە کەعبەیە لەو شارە پیرۆزەیە(إِنَّ أَوَّلَ بَيْتٍ وُضِعَ لِلنَّاسِ لَلَّذِي بِبَكَّةَ مُبَارَكًا وَهُدًى لِّلْعَالَمِينَ)) آل عمران:۹٦. واتە: یەکەم خانە وماڵی خواناسی کەبۆ خەڵکی دانرابێت ئەو ماڵەیە کە لەشاری مەککەیە. ٨- دوو پایەی سەرەکی ئیسلام لەو شارەیە کە حەج و قیبلە و ڕووگەی موسوڵمانانە کە موسوڵمانان باوەڕیان تەواو نییە ئەگەر ڕۆژی پێنج جار ڕوو بەو شارە نوێژ نەکەن و کڕنوش نەبەن. ٩- پاداشتی نوێژ وپەرستش لەحەرەمەکەیدا خێری سەد هەزار هێندەی هەمان کاری هەیە لەهەر شوێنێکی تردا، هەر وەک پێغەمبەری خوا ﷺدەفەرموێت: (صَلَاةٌ فِي مَسْجِدِي هَذَا أَفْضَلُ مِنْ أَلْفِ صَلَاةٍ فِيمَا سِوَاهُ إِلَّا الْمَسْجِدَ الْحَرَامَ.)رواه احمد وابن حبان باسناد صحيح. واتە: نوێژێک لەمزگەوتەکەی مندا – لە مەدینە- خێری هەزار نوێژی هەیە لەهەر شوێنێکی تردا جگە لەمزگەوتی حەرامی مەککە نەبێت، کە نوێژێک لەمزگەوتی حەرەمی مەکیدا سەد هێندەی خێری مزگەوتەکەی منیشی هەیە. ١٠- یەکێکە لەو دوو شارەی کە خوای گەورە دەیپارێزێت و دەججال ناتوانێت بچێتە ناوی. هەرکەسیش پێی وایە لەڕووی شەرعییەوە خاکێکی تر لەخاکی مەککە پیرۆزترە بابەڵگە بۆمان بسەلمێنێت.
ئامڕازەکانی خۆڕاگری و دامەراوی مرۆڤەکان: ۸- هەرگیز پێت وا نەبێت، کە خوای گەورە تەنها تۆ تاقی دەکاتەوە و خەڵکانی تر پاڵیان لێ داوەتەوە و لە نازو نیعمەتدا دەژین، بەڵکو دڵنیابە لەوەی کە ئەوەی بەسەر تۆ دێت بەسەر هەموو خەڵکی هاتووە و دێت؛ چونکە سرووشتی ژیانی دونیا وایە، کە کەس تا سەر تێیدا بەختەوەر نابێت و نەهامەتییەکانی ژیان بۆ هەمووان لە بۆسەدان و هەر جارەو کەسێک و بەشێوەیەک گیرۆدەیان دەبێت، جا بەختەوەری ڕاستەقینە ئەوەیە کە لە واتە و ڕاستییەکانی ژیان تێ دەگات و خۆی بۆ تاقیکردنەوەکانی ئامادە دەکات، ئەمەش ئاسوودەیەکی زۆری دەروونی بۆ مرۆڤی باوەڕدار درووست دەکات، کە بۆ خەڵکانی تر دەستەبەر نابێت. پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح پەرتووکی: کردەوەکانی دڵ:ل109
سەری ساڵی نوێی کۆچی لەئێوەی بەڕێز و لەسەرجەم موسوڵمانان پیرۆز بێت. پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح
٦- با هەمیشە گومانی باشمان بە خوای خۆمان هەبێت، کە هەرگیز خوا کارێک ناکات، لە زیانی بەندەکانی خۆی، بەڵکو هەمیشە باشەی بۆیان دەوێت؛ چونکە لەناو بوونەوەردا خوا ڕێزی زۆری لە مرۆڤ گرتووە و بەدەستی خۆی درووستی کردووە و لە ڕۆحی خۆی کردووە بە بەریدا و هەر لە سەرەتای درووستبوونییەوە فەرمانی بە فریشتەکانی نزیکی خۆی کردووە کڕنووشی بۆ بەرن و ئەم هەموو بوونەوەرەی خۆی لە زەوی خۆر و مانگ و سیستەمە گەردوونییە زەبەلاحەی خستۆتە پێناو خزمەتی ئەوەوەو دواتر ئەو هەموو پەیام و پێغەمبەرەی بۆ ڕەوانە کردوون؛ تا گومڕا و لاڕێ نەکەون، جا چ ژیرێک باوەڕ دەکات، کە خوا بیەوێت بێڕێزی بەرامبەر بەو درووستکراوە ناوازەیەی خۆی بکات، یان بیەوێت ناڕەحەتی بکات و ڕووبەڕووی سزا و ئازار و ئەشکەنجەی بکاتەوە؟! بەداخەوە ئێمە هەمیشە لە ئاست تێگەشتن و زانستی کەم و کورتبینی خۆمان بڕیار دەدەین و هەڵسەنگاندن بۆ کارو فەرمانەکانی خوای گەورە دەکەین، خوای گەورەش لە ئاست توانا و بەخشش و زانستی بێسنووری خۆی بڕیار دەدات. ئەوەتا کاتێک باسی بەڵا و ناڕەحتییەکانمان بۆ دەکات، دەفەرموێت: [قُل لَّن يُصِيبَنَا إِلاَّ مَا كَتَبَ اللّهُ لَنَا](سورة التوبة:الآیة٥۱ ). واتە: بڵێ هیچ ناخۆشی و بەڵایەکمان بەسەر نایەت جگە لەوەی خوای گەورە بۆی نووسیوین. کەواتە: بەڵاکە بۆ ئێمە و لە بەرژەوەندیی ئێمە نووسراوە؛ چونکە دەفەرموێت: (لنا)، نەک (علینا). واتە: بۆمانە، نەک لەسەر و لە دژمانە. یەکێک لە سەرەتاییترین سوودەکانی ناخۆشییەکانی دونیا، ئەوەیە کە خوای گەورە دەیکاتە مایەی لێخۆشبوونی تاوانەکان و کەمکردنەوەی سزای قیامەت، پێغەمبەری خوا ﷺ لە فەرموودەیەکیدا دەفەرموێت: {مَا يُصِيبُ الْمُسْلِمَ مِنْ نَصَبٍ، وَلَا وَصَبٍ، وَلَا هَمٍ وَلَا حُزْنٍ وَلَا أَذًى وَلَا غَمّ حَتَّى الشَّوْكَةِ يُشَاكُهَا إِلَّا كَفَّرَ اللَّهُ بِهَا مِنْ خَطَايَاهُ}(صحیح البخاری:ج۷،ص۱۱٤ ). واتە: هیچ شتێک نایەتە ڕێی مرۆڤی باوەڕدار لە ماندوێتی و نەخۆشی و پەژارە و خەم و ئازار و ناڕەحەتی، تەنانەت دڕکێک کە دەچێت بە پێیدا ئیللا خوای گەورە دەیکاتە مایەی سڕینەوەی تاوانەکانی. ئەمانە و چەندان سوودی تر کە ئێمە هەستیان پێ ناکەین و لێیان بێئاگاین. کتێبی کردەوەکانی دڵ،ل۱۰۷
ئەگەر دەولەت لەسەر بنەمای باوەڕ و ئایدیایەکی دادپەروەرانە و لە دەستێکی پاکی خواناس و شیاو وشارەزادا نەبوو، ئەوە وەک ئەم بەناو دەوڵەتە کوردییەی ئێمەی لێ دێت کەسی ساڵ زیاترە بەدەست کۆمەڵێک چەتە و مافیای بەناو دەسەڵاتی کوردی هاوئاوازی جەنابتەوە دەناڵێنێ و دژایەتی دین وژین وکلتور و ناو ناسنامە وبەهاکانی دەکرێت ودەسکەوت داهاتی بەتاڵان دەبرێت و تێیدا ڕێز و مافی هەموو ئاینزاو نەتەوەیەکی تر لە ڕێز ومافی کوردبوون وموسوڵمانبوون زیاتر بەهەند وەردەگیرێت.97