شێوازەکانی تاقیکردنەوەی یەقین

شێوازەکانی تاقیکردنەوەی یەقین
شێوازەکانی تاقیکردنەوەی یەقین: بەشێوازێکی گشتی خوای گەورە لەسێ ڕووەوە مرۆڤی باوەڕدار تاقی دەکاتەوە: ١- تاقیکردنەوە بە پەرستش و ئەرک و بەرپرسیارێتییە شەرعییەکان: هەمووان دەزانین کە خوای گەورە کاتێک مرۆڤی درووست کردووەو دای بەزاندۆتە سەر زەوی بەردەوام شەریعەت و پەیامەکانی خۆی بۆ ڕەوانە کردووە تا پەیوەندی لەگەڵ خوادا نەپچڕێت و نەکەوێتە داوی شەیتان و ئارەزوەکانی خۆیەوە و فەرمانیشی پێ کردوون کە بەو بەرنامە و شەریعەتانەوە پابەند بن، ئەوەتا ئامۆژگاریی پێغەمبەرەکەی دەکات ﷺکە پابەند بێت بە فەرمانەکانییەوە و پێی دەفەرموێت: [فَاعْبُدْهُ وَاصْطَبِرْ لِعِبَادَتِهِ](سورة مریم آیة٦٥). واتە: پەرستشی خوای گەورە بکە و ئارام بگرە لەسەر پەرستشکردنی، پاشان فەرمانی پێ دەکات، کە نەک تەنها خۆی، بەڵکو پێویستە فەرمان بە کەسوکار و دۆستانیشی بکات کە پابەند بن بە پەرستشەکانەوە و پێی دەفەرموێت: [وَأْمُرْ أَهْلَكَ بِالصَّلاةِ وَاصْطَبِرْ عَلَيْهَا](سورة طه۱۳۲ ). واتە: فەرمان بە خێزان و کەسوکارەکەت بکە، نوێژەکانیان بکەن و ئارامگر بە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو فەرمانە. جا بۆیە لێرەدا، فەرمانەکانی ڕووبەڕووی پێغەمبەرەکەی دەکاتەوە؛ تا ئێمە تێ بگەیەنێت کە ئەرکی پابەندبوون بە پەرستش و شەریعەتەکەیەوە کەس نابوێرێت، گەرچی پێغەمبەریش بێت. ئەو شەریعەت و پەیامانەیش، بەگشتی ژیانی مرۆڤ و کارو کردەوەکانی دابەش دەکەن بەسەر پێنج تەوەرەدا کە ئەوانیش: - واجبات: بەو شتانە دەگوترێت، کە خوای گەورە پێویستی کردووە لەسەر مرۆڤەکان ئەنجامی بدەن و مرۆڤەکان لەسەر کردنیان، پاداشت دەکرێن و لەسەر نەکردنیان، سزا دەدرێن وەکو نوێژ و ڕۆژوو، ...... - محرمات: بەو شتانە دەگوترێت کە خوای گەورە قەدەغەی کردووە لەسەر مرۆڤەکان و نابێت بیکەن و لەسەر کردنیان مرۆڤەکان سزا دەدرێن و لەسەر نەکردنیان پاداشت دەکرێن وەکو دزی و درۆ..... - مندوبات: بەو شتانە دەگوترێت کە خوای گەورە بەباشی داناوە مرۆڤەکان بیکەن، بەڵام فەرمانی بەکردنیان نەکردووەو مرۆڤەکان لەسەر کردنیان پاداشت دەکرێن، بەڵام لەسەر نەکردنیان سزا نادرێن، وەکو ڕۆژووی دوشەممان و پێنج شەممان، یان شەونوێژ............... - مکروهات: بەو شتانە دەگوترێت، کە خوای گەورە بەباشی داناوە مرۆڤەکان نەیکەن، بەڵام قەدەغە و یاساغی نەکردوون و مرۆڤەکان لەسەر نەکردنیان پاداشت دەکرێن، بەڵام لەسەر کردنیان سزا نادرێن، وەکو نوێژکردن بە بێ هۆ لە کاتی خۆرهەڵاتن، یان خۆرئاوابووندا .............. - مباحات: بەو شتانە دەگوترێت، کە خوای گەورە دەرگای بۆ مرۆڤەکان واڵا کردووە و بۆ حەز و خواستەکانی خۆیانی جێ هێشتووە و سەرپشکی کردوون لە بڕیاری کردن و نەکردنیان و سزاو پاداشتی لەسەر کردن و نەکردنیان دانەناوە، وەکو هەڵبژاردنی جۆری خواردن و جلو بەرگ و شوێنی حەوانەوە و ....... کۆی ئەم کردەوانە پێی دەگوترێت شەریعەت و مرۆڤ بەهۆیانەوە لە دوو ڕووەوە تاقی دەکرێتەوە: ڕووی یەکەم: لەڕووی تیۆری هزرییەوە: کە سەرەتاتر و گرنگترە لە ڕووەکەی تر، ئەویش بەوەی دەبێت مرۆڤ لەڕووی تیۆری و هزرییەوە بیروباوەڕی بەکۆی ئەو حوکم و پرسە شەرعییانە هەبێت، وەک ئەوەی کە خوای گەورە دیاری کردووە و دای ناوە و بەهەمان شێوەی شەریعەتەکەی خوای گەورە، ڕیزبەندی بۆ حوکمە شەرعییەکان بکات و واجباتی شەرع بە واجب و حەرامەکانی بەحەرام و مەکروه ـو مەندوب و موباحەکانیشی وەکو خۆی بزانێت و نابێت لەم ڕووەوە بەموو ڕاجیایی لەگەڵ شەرع هەبێت؛ چونکە هەر ڕاجیاییەک لەم ڕووەوە، لە بنەما سەرەکییەکاندا مرۆڤ لە بازنەی باوەڕ دەباتە دەرەوە، بۆ نموونە: کەسێک باوەڕی وا بێت نوێژ واجب نییە، یان زەکات، یان حەج، یان باڵاپۆشی ئافرەت، یان پێی وا بێت زینا حەڵاڵە، یان عارەق، یان درۆ، یان سیحر، ئەمانە مرۆڤ پێی کافر دەبێت، جا کەسەکە لەڕووی کردارییەوە بیانکات، یان نا.. ئەوە گرنگ نییە، بۆ نموونە: کەسێک نوێژیش بکات، بەڵام پێی وا بێت واجب نییە، یان زینا نەکات، بەڵام پێی وا بێت حەرام نییە، یان باوەڕی بە دادووەری یاسای میرات نەبێت لەنێوان ژن و پیاودا، یان باوەڕی بە فرەژنی، یان باڵاپۆشی ئافرەتان نەبێت، کە خوای گەورە لە قورئاندا باسی کردوون، هەموو ئەمانە مرۆڤ پێیان کافر دەبێت، با لەڕووی کرداریشەوە پێیانەوە پابەند بێت؛ چونکە ئەوە تانەدانە لە حوکم و حیکمەتی خوای گەورە، بۆیە مرۆڤ بەوە دێتە بازنەی شەرعەوە، کە باوەڕی تەواوی بەهەموو ئەحکامەکانی شەرع هەبێت وەکو خۆی. ڕووی دووەم: لەڕووی کرداری و پراکتیکەوە: پێویستە مرۆڤ لەم ڕووەشەوە تەواو پابەند بێت بەحوکمەکانی شەرعەوەو هەوڵی تەواو بدات واجبەکان جێبەجێ بکات و خۆی لەحەرامەکان بگرێتەوە و سنوور بەزێنی حوکمەکانی شەرع نەکات و بەپێی توانا (مندوب)ـە کان بکات و خۆی لە (مکروهـ) ـەکان بپارێزێت و زیادەڕەویش لە (مباح)ـەکاندا نەکات، بەڵام ئەگەر مرۆڤ، لەم ڕووەوە کەمتەرخەمییەکیشی هەبێت؛ ئەوا باجی ئەم ڕووەیان لەوەی یەکەم کەمترە و تەنها پێی تاوانبار دەبێت، بەڵام لە بازنەی باوەڕ ناڕواتە دەرەوە، بۆ نموونە: کەسێک ساردە نوێژ بێت، بەڵام پێی وا بێت کە نوێژ ئەرکێکی شەرعییە و دەبێت موسڵمانان پێوەی پابەند بن و دان بەکەموکووڕی خۆیدا بنێت، ئەمە تاوانبارە، بەڵام هەر موسڵمانە، یان زینا، یان دزی، یان عارەق، یان سوو بخوات و پێی وا بێت کە ئەمانە حەرامن و دان بە تاوانباری خۆیدا بنێت ئەمیش بەهەمان شێوە تاوانبارە، بەڵام کافرو بێباوەڕ نییە. کەواتە: پێویستە مرۆڤی باوەڕدار لە هەردوو ڕووەوە– چ لەڕووی تیۆری و چ لەڕووی کردارییەوە- پابەند بێت بەحوکمە شەرعییەکانەوە و فەرمانەکانی خوای گەورە وەکو خۆی جێبەجێ بکات و لێیان لا نەدات و بەمەش بەختەوەری دونیا و دواڕۆژ دەبێت کتێی کردەوەکانی دڵ،لا90_91