سەردانیکەر: 594,161
دەگێڕنەوە: جارێکیان عەبدوڵڵای کوڕی مەسعوود لە ماڵەکەی چووە دەرەوە، کۆمەڵێک لەو کەسانەی کە خۆشیان دەویست و بە زانست و کەسێتییەکەی سەرسام بوون، شوێنی کەوتن، ئەویش کە هەستی کرد، وەستاو گوتی: کارێکتان پێم هەیە لەگەڵم دێن؟ گوتیان نەخێر. فەرمووی: دەی بگەڕێنەوە؛ چونکە ئەم جۆرە شوێنکەوتنە دەبێتە مایەی فریودان و لەخۆباییبوونی شوێنکەوتووەکان و لە ڕێزی شوێنکەوتەکانی وەکو خۆشتان کەم دەکاتەوە( ابن الجوزی/صفة الصفوة/ص406). بزانن ئەم هەڵوێستەی عەبدوڵڵا، چەند خواناسانەیە؛ چونکە دەترسێت ئەم شوێنکەتن و پێداهەڵدانە، تووشی ڕیا و لەخۆباییبوونی بکات و نیەتی بگۆڕێت و لە پاداشتی کردەوەکانی کەم بکاتەوە. ئێستایش هەر ئەم جۆرە خەڵک و هەڵوێستانەن، کە کەسانی خۆسەپێن و ستەمکار درووست دەکەن، هەمیشە هەڵوێستی خەڵکانی خۆ بەکەمزان و چەوساوە، لووتبەرز و ملهوڕەکان درووست دەکات، بۆیە خوای گەورە، لە قورئاندا کە باسی سیفەتی (کبر) دەکات، لەگەڵ سیفەی (ضعف) هەمیشە (ألف، سين، تاء)ی داخوازییان دەخاتە سەرو بە (استکبار) (استضعاف) دەیانهێنێت، نەک بە (كبر، ضعف)؛ چونکە ئەو دوو سیفەتە لە ڕاستیدا بوونیان نییە و خوای گەورە هەموو مرۆڤەکانی لەیەک ئاستدا درووست کردووە و کەسی بەخواردەست و کۆیلەی کەسی تر درووست نەکردووە، بەڵام ئەوە هەڵوێستی مرۆڤەکان خۆیانە، دواتر دەیانکات بەو دوو بەرەیەوە و هەندێکیان ئەوانی تر دەچەوسێننەوە، هەر لەبەرئەوەیە خوا هەردوو بەرەکە پێکەوە لە دۆزەخدا کۆ دەکاتەوە؛ چونکە ئەگەر بەهاوکاری و دەستباریی ئەو کۆیلە و شوێنکەوتانە نەبوایە؛ ستەمی ستەمکاران نەدەچووە سەر. کتێبی کردەوەکانی دل
گرنگی ئیخلاص بۆ کردەوەکانی مرۆڤ: تەنها بوونی نیەت بەس نییە بۆ وەرگرتنی کردەوەکان، بەڵکو دەبێت ئەو نیەتە تەواو بۆ خوای گەورە یەکلا بووبێتەوە و کەسەکە جگە لە ڕەزامەندیی خوای گەورە، هیچ مەبەستێکی تری بەکردەوەکانی نەبێت، بەمەش دەگوترێت ئیخلاص، ئیخلاص بریتییە لەوەی کاری پەنهان و ئاشکرای مرۆڤی باوەڕدار وەکو یەک بێت و تەنها لە پێناو بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خوای گەورەدا بێت، واتە: لەپێش چاوی خەڵک گوفتار و ڕەفتاری چۆنە و باسی چی دەکات، کاتی پەنهان و تەنیایی و نهێنیشی هەروا بێت. بۆ نموونە: ئەگەر کەسێک چاو و دەم و دەست و داوێنی لەحەرام پاراست لە پێش چاوی خەڵکی، دەبێت لە کاتی نهێنی و پەنهانیشدا هەر وا بێت، یان ئەگەر دوو ڕکعات نوێژی کرد لە شوێنێک کە خەڵکی دەیبینن، دەبێت نوێژیی تەنیایی و نهێنیشی لەڕووی ڕواڵەتی وەستانی نوێژو ملکەچی ناخ و دڵ و دەروونیدا هەروا بێت. ئەگەر وابوو؛ ئەوە دیارە ئەو کەسە ڕاستگۆیە و تەواو خۆی یەکلا کردۆتەوە بۆ خوای گەورە. خۆ ئەگەریش وا نەبوو؛ ئەوکات دیارە پێوەری نیەت و دڵسۆزییەکەی درووست نییە و پێویستە بەخۆیدا بچێتەوە و چارەسەری دڵ و دەروونی بکات.. پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح کتێبی کردەوەکانی دڵ/ل37
وەرگرتنی پۆست و پایە: خەڵکانێکی تر هەن خولیای پۆست و پلە و پایەن و هەر ئەو خولیایەش سەریان دەخوات و بێ ئەرزشیان دەکات، بۆیە دینداری دەکەن، یان خۆیان وا نیشان دەدەن کە دیندارن؛ تا خەڵکی متمانەیان پێ بکەن و لە پاشماوەی سفرەی خۆیان فەرموویەکیان لێ بکەن و شتێکیان یێ بدەن، یان بە مەبەستی ئەوەی عەیب و عارەکانی خۆیانی پێ داپۆشن و دین بکەنە ڕەشماڵێک و لەژێریدا خەریکی دونیاداری و کاری نابەجێی خۆیان بن. ئەمڕۆ خەڵکانێکی زۆری بەناو دیندار دەبینین، واز لە دینداری و خواناسی دەهێنن؛ تا لە کەلاکی دونیای خەڵکانی دونیاویست پشکێکیان پێ ببڕێت، چەندان کەس هەن، لە ناخی خۆیاندا حەز بە خواناسی دەکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی ئەمڕۆ حەزی بەم جۆرە خەڵکانە نییەو کار و پۆستیان پێ نادەن، ئەمان بۆ ڕازیکردنی ئەوان، واز لە دینداری و مزگەوت و کۆمەڵی موسڵمانان دەهێنن؛ تا متمانەی ئەوان بەدەست بێنن؛ چونکە ئەوانە بەلای دەسەڵاتەوە، هەموویان تۆمەتن و پێویستە ئەمان لەملی خۆیانی داماڵن. بەداخەوە زۆر کات ئەم جۆرە کەسانە، سەرەڕای ئەم هەموو سازش و خۆ بەدەستەوەدانەش، کەچی هەر متمانەیان پێ ناکەن و هیچیان پێ نادەن و سەرەنجام دەبنە کوردەکەی لە هەردوو جەژنە بوو؛ هەم دونیا و هەم قیامەتیشیان لەدەست دەچێت. کتێبی کردەوەکانی دڵ/ل50
خۆشویستنی پیا هەڵدان: خەڵکانێکی تر بەهۆی ئەوەوە تووشی ڕیا دەبن کە حەز دەکەن خەڵکی بەشان و باڵیاندا هەڵبدەن و باسی جوامێری و ژیری و بوێری و ڕەوانبێژی و چاکەکاری و بانگخوازی و خواناسیان بکەن، ئەمە دەردێکی تری کوشندەی خەڵکانی موسوڵمانە، کە حەز دەکەن بەکردەوەکانیان ناوبانگ پەیدا بکەن. لە کاتێکدا ئێمە دەتوانین بەو کردەوانە، ناو و ناوبانگ لە لای خوا و لەناو فریشتەکان لە ئاسمان تۆمار بکەین، دەتوانین قیامەت و بەهەشتیان پێ بەدەست بهێنین، کەچی ئێمە، تاڵانفرۆشیان دەکەین، ئێمە لای خوا بەخەڵکی و ئاسمان بەزەوی و قیامەت بەدونیا و بەهەشت بەدۆزەخ دەگۆڕینەو؟!. کتێبی کردەوەکانی دڵ /ل49
هۆکارەکانی دروستبوونی ریا: یەکەم: نەزانی: ئەگەر باوەڕداران ڕاستییەکانی ژیان وەکو خۆی تێ بگەن ئەوکات هەر گیز تووشی ڕیا نابن؛ چونکە ئێمە بۆ دەمانەوێت خەڵکی لە خۆمان ڕازی بکەین، ئەوان چیان بۆ ئێمە کردووە، تا لە پێناو ڕەزامەندیی ئەوان کار بکەین؟! ئاخر ژیان و تەمەن و لەشساغی و ڕۆزی و سەرجەم بەخششەکانی تر هەمووی هی خوایە، ئیتر بۆچی دەبێت ئێمە بیانخەینە پێناو خزمەتی خەڵکەوە؟! بۆچی دەبێت ڕەزامەندیی خوا بگۆڕینەوە بە ڕەزامەندی خەڵکی؟! ئاخر ئەوان بۆ ژیانی خۆیان، چییان بەدەستە، هەتا بۆ ئێمە هەیانبێت؟! ئەی ئەگەر بۆ ژیان هیچیان بەدەست نەبێت، ئاخۆ بۆ دوای مردن و قیامەتمان چیان لەدەست دێت؟! هەموو ئەوەی خەڵک بۆ ئێمەی پێ دەکرێت، تەنها باسێکی باشەمانە، ئەویش ئەگەر بیکەن!! قسەی باشیش بکرێت، یان نا دەبێت چ سوودێکی هەبێت؟! بەتایبەتی ئەگەر نرخەکەی تووڕەیی خوای گەورەو بەهەدەردانی کردەوەکانمان بێت. کتێبی:کردەوەکانی دڵ/ل/48
کاری پاکردنەوەی دڵ و یەکلابوونەوەی نیەت بۆ خوای گەورە، هەروا ئاسان نییە، هەتا سەر زارەکی بەڕێ بکرێت، بەڵکو هەوڵ و ماندوبوون و پەرستش و زانستی زۆری دەوێت، خواناسانی پێشین زیاتر لە هەر کار و پەرستشێکی تر بە نیەتەوە زۆر ماندوبوون. سوفیانی ثەوری دەڵێت: (ما عالجت شيئا أشد علي من نيتي؛ لأنها تنقلب علي) کتێبی ( جامع العلوم والحکم/ص۷۰). واتە: هیچ شتێک کە ویستبێتم چارەسەری بکەم، هێندەی نیەتی دڵم سەرقاڵی نەکردووم؛ چونکە لێم دەگۆڕیت. کتێبی کردەوەکانی دڵ/30