نوسین
27/03/2022 - 04:50 PM
83 بینراو

بەداخەوە هەڵوێستەکانت پێچەوانەی هیواکانی ئێمەیە:

بەداخەوە هەڵوێستەکانت پێچەوانەی هیواکانی ئێمەیە:

بەداخەوە هەڵوێستەکانت پێچەوانەی هیواکانی ئێمەیە:

بەداخەوە هەڵوێستەکانت پێچەوانەی هیواکانی ئێمەیە: ئێمە بەهیوا بووین تۆ وەک پیاوێکی دونیای عیرفان ببیتە سەرمەشقی خاکیبوون و دونیا نەویستی، کەچی بەداخەوە خەریکە تۆیش وەک خەڵکێکی سادە جوانییەکانی دونیا فریوت دەدات و لەڕێبازی پاکی تەصەووف دورت دەخاتەوە. ئێمە بەهیوابووین جەنابت ببیتە هەوێنی تەبایی و برایەتی نێوان سەرجەم موسوڵمانان بەبێ جیاوازی، کەچی بەداخەوە وتەکانی ئەم دواییەت ئەوەندەی تر برینەکانی نێوانمانی قوڵتر کردەوە و ئازاری زامی برینەکانی هەزار و چوارسەد ساڵی لەمەوبەری هەتا ئەمڕۆ هێنایەوە سۆ. ئێمە بەهیوا بووین دڵسۆزی و وەفای جەنابت بۆ ڕێبازی پێغەمبەر ﷺ کە بەباپیرە گەورەی خۆتی دەزانیت، دڵسۆزی و وەفا بێت بۆ سەرجەم خێزان و یارو یاوەران و هاوەڵە بەڕێزەکانی کە خوای گەورە بژاردەی کردوون بۆ هاوەڵێتی ئەو لەقورئاندا و لەچەندین شوێندا باسی باشی و دڵسۆزی لێبڕاوییان دەکات و پێغەمبەریش ﷺ شایەتی ئەوەیان بۆ دەدات کەباشترینی نەوەی ئەو ئوممەتە ئەو نەوەیە بوون کە لەگەڵ ئەو بوون و هەر لەدونیا موژدەی بەهەشتی بەزۆرێک لەوانە داوە، کەچی تۆ ئێستا نەفرەتیان لێ دەکەیت و بێڕێزییان بەرامبەر دەکەیت و بەهاوەڵ ئەژماریان ناکەیت و موریدەکانت لەسەر ئەوە پەروەردە دەکەیت. ئێمە بەهیوابووین جەنابت ببیتە سەنگەری بەریگریکردن لەمافی خەڵکانی چەوساوە وبەش مەینەت و قەڵایەک بۆ بەگژاچوونەوەی ستەم و داکۆکیکارێکی سەرسەخت لە مافەکانی میللەت کەچی بەداخەوە تا ئێستا هەر چاوەڕوانین و هیچ هەڵوێستێکت لەو بارەیەوە نییە وبەپێچەوانەوە زۆرێک لەسەرانی ئەو ستەم ونادادییە زۆر کات شانبەشانی ئێوە لەبۆنە ئاینییەکاندا دەوەستن. ئێمە بەهیوابووین تۆ ببیتە لەمپەر لەبەردەم دیاردەی ئیلحاد وهەوڵەکانی بێدین کردنی ڕۆڵەکانی ئەو میللەتە وئەو هەموو سوکایەتییەی ڕۆژانە بە ئیسلام ومێژووی بابو باپیرانتان دەکرێت وئەو هەموو دیاردە دزێو ونامۆیەی تەنگیان بەم کۆمەڵگەیە هەڵچنیوە هەر لە دیاردەی مەی و ماددە هۆشبەرو یانەکانی شەوانە و سەنتەرەکانی مەساج، کەچی بەداخەوە هیچ هەنگاوێکت لەو لایەیشەوە نەناوە و هەندێک لەو دیاردانە بەداخەوە چەند مەترێک لە تەکێکەی ئێوەوە دوورە. ئەمانە و زۆر هیوای تر هەن کە لەسەر خەڵکانی وەک ئێوە هەڵچنراون وئەگەر بتانەوێت پێتان دەکرێت ببنە سونبول لەپێناویاندا و ئێستایش نەچوە بچێت وکات زۆری ماوە و ڕێگای قیامەتیش دوورە وڕەزامەندی خوای گەورەیش توێشووی زۆری دەوێت. ەکۆتاییدا پێم خۆشە ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەر ﷺ هەمیشە لەیادت بێت کە دەفەرمووێت: (هەرکەس لەپێناو ڕەزامەندی خەڵکیدا خوای گەورە لەخۆی توڕە بکات، خوای گەورە لێی توڕە دەبێت وخەڵکیشی لێ توڕە دەکات، هەرکەسێکیش لەپێناو ڕەزامەندی خوای گەورەدا خەڵکی لەخۆی توڕە بکات، خوای گەورە لێی ڕازی دەبێت وخەڵکیشی لێ ڕازی دەکات.) هیوادارم ئێستایش بەڕێزتان ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو وتانەتان بدەن ودڵی ئەو خەڵکە بدەنەوە کە هیوای لەسەر ئێوە هەڵچنیوە وپێیان بڵێن کە ئەوە باوەڕی ئێوە نییە وتەنها هەڵوێستێکی هەڵە بووە ولێی پەشیمانن. پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح