سەردانیکەر: 397,163
۳- خوای گەورە هاوشێوەی نوێژ و ڕۆژووو پەرستشەکان ئەو خەم و پەژارە و نەهامەتییانەش دەکاتە مایەی هەڵوەرینی تاوانەکان. پێغەمبەری خوا ﷺلە فەرموودەیەکیدا دەفەرموێت: {إذا أَرَادَ الله بِعَبْدِهِ الخَيْرَ عَجَّلَ لهُ العُقُوبَةَ في الدُّنْيا، وَإذا أرَادَ بِعَبْدِهِ الشَّرَّ أمْسَكَ عَنْهُ بِذَنْبِهِ حَتَّى يُوافِيَ بِهِ يَوْمَ القِيامَةِ}(سورة الرعد- آیة ۱۱ ). واتە: ئەگەر خوای گەورە بیەوێت چاکە لەگەڵ بەندەیەکیدا بکات، هەر لە دونیادا تۆڵەی تاوانەکانی لێ دەکاتەوە، ئەگەریش بیەوێت سزای بدات، تۆڵەی تاوانەکانی بۆ هەڵدەگرێت؛ تا لە قیامەتدا تۆڵەی لێ دەکاتەوە. هەر لەبەر ئەوەیە زانایانی پێشین گوتویانە: (لولا مصائب الدنيا لوردنا القيامة مفاليس)( سنن الترمذی-ج٤-ص٦۰۱). واتە: ئەگەر بەڵاو نەهامەتییەکانی دونیا نەبوایە؛ بەمایەپووچی دەچووینە قیامەت. بەداخەوە ئەمڕۆ دونیاویستی بەشێوازێک بەری چاوی بۆ قیامەت گرتووین و ئاسۆی بوون و بیرکردنەوەمانی قەتیس کردووە، ئامانجی بوونی خۆمان لەبیر کردووە و بەرگەی بچووکترین تاقیکردنەوە ناگرین. کتێبی کردەوەکانی دڵ-ل٩٦-۹۷
ئامڕازەکانی خۆڕاگری و دامەزراوی مرۆڤەکان ۱- وا تێ بگەین لە ژیانی دونیا کە تەنها قۆناغێکە بۆ قیامەت و تاسەر بۆ کەس نەبووە و نابێت و خۆشی و ناخۆشییەکانیشی تا سەر نین، بۆیە با زۆر خەمی پێوە هەڵنەگرین، بەڵکو هەوڵ بدەین لە پێناو بەدەستهێنانی ژیانی دوایی و مسۆگەرکردنی قیامەت، ساتەکانی بەخەرج بدەین. کتێبی کردەوەکانی دڵ-ل102
ئامانجەکانی تاقیکردنەوەی مرۆڤەکان 6- بەڵاو ناخۆشییەکان زلەی میهرەبانیی خوای گەورەن و مەبەست لێیان بەئاگاهێنانەوەی بەندەکانە بۆ بەخۆداچوونەوە و گەڕانەوە لە دونیا بەر لە لێپرسینەوە و سزای قیامەت. خوای پەروەردگار لەبارەی ئەم خاڵە دەفەرموێت: {وَلَنُذِيقَنهُم منَ العَذَابِ الأدنَى دُونَ العَذَابِ الأكبَرِ لَعَلهُم يَرجِعُونَ}(سورة السجدة،آیة۲۱ ). واتە: ئێمە بەر لەسزا سەخت و گەورەکەی قیامەت لە دونیا، هەندێک جار سزا و ناخۆشییان بەسەردا دەهێنین؛ تا پەشیمان ببنەوەو بگەڕێنەوە بۆ لای خوا. لەم سۆنگەیەوە کاتێک ئاوڕ لە ژیانی پێغەمبەرﷺ و ڕووداوەکانی دەدەینەوە، ئەم خاڵە بەڕوونی هەست پێ دەکەین، بۆ نموونە: کاتێک هاوەڵانی هەڵەیەکیان کردبێت، خوای گەورە نەیهێشتووە بەسەریاندا تێپەڕبێت و یەکسەر ئاگاداری کردوونەتەوە، ئەوەتا لە غەزای ئوحوددا، کاتێک هەندێک لە تیرهاوێژەکان سەرپێچی فەرمانەکەی پێغەمبەر ﷺدەکەن و شوێنەکانیان چۆڵ دەکەن، خوای گەورە یەکسەر دەرەنجامی شەڕەکە لە سەرکەوتنەوە دەگۆڕێت بۆ شکست و باجەکەشی زۆر بەسەختی دەدەن و (70) لە هاوەڵە بەڕێزەکانی شەهید دەبن. خۆ دەکرا خوای گەورە سەرەڕای سەرپێچیکردنەکەشیان، هەر سەرکەوتنی پێ ببەخشینایە، بەڵام ئەوە ڕێخۆشکەر دەبوو، بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەو جۆرە هەڵانە، بۆیە خوای گەورە لێیان قەبووڵ ناکات و یەکسەر باجی هەڵەکەیان پێ دەدات؛ تا جارێکی تر دووبارەی نەکەنەوە و لە قورئانیشدا و لە نزیکەی (60) ئایەتدا وردەکارییەکانی شەڕەکە تۆمار دەکات، هەتا نەک تەنها بۆ ئەوان، بەڵکو تا قیامەت بۆ هەموو نەوەکان بێتە پەند و پابەند بن بەفەرمانەکانی پێغەمبەرەوەﷺو بەموو لێی لانەدەن، ئەگینا خوای گەورە سزای سەختیان دەدات. ڕووداوێکی تر کە دەکرێت لەم ڕووەوە سوودی لێ ببینرێت غەزای حونەین بوو، کە تێیدا ژمارەی موسڵمانان نزیکەی (12000) کەس بوون و ئەم ژمارە زۆرەیش جۆرێک لە لووتبەرزی لای هەندێک لە هاوەڵان درووستکرد و کە ژمارەیان نەدەگەشتە (15) کەس و گوتیان: (ئەمڕۆ بەم ژمارە زۆرەوە نابەزین). ئەوەبوو خوای گەورە بەهەمان شێوەی ئوحود، بەسەختی دەرسی دادان و ئەگەر لوتفی خوا نەبوایە، تووشی گەورەترین شکستی سەربازی دەهاتن، دواتر خوای گەورە هات بەهانایانە و سەری خستن، بەڵام پاش ئەوەی باجی هەڵوێستی هەڵەی خۆیان دا. خوای گەورە هاوشێوەی ئوحود ڕووداوەکانی حونەینیشمان لە قورئاندا بۆ تۆمار دەکات و باسی پەند و وانەکانیمان بۆ دەکات. جا با لێرەدا هەڵوێستەیەک بکەین و بەراوردێک لەنێوان حاڵەتی دینداری خۆمان و ئەواندا بکەین. ئەوان هاوەڵی پێغەمبەری خوا بوون و پێغەمبەرﷺ بە جەستە لەو ئەزموونانەدا لەگەڵیان بووە. ئەوان کە خوای گەورە هەڵی بژاردوون بۆ هاوەڵیکردنی پێغەمبەرەکەی و لە چەندان شوێندا شایەتی پاکی و چاکی و دڵسۆزی بۆ داون. ئەوان کە هەموو ژیانیان خستبوە پێناو سەرخستنی دینی خواوە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، خوای گەورە لەسەر بچووکترین هەڵە کە کەمینەیەکی زۆر کەمیش کردبێتیان، سزای داون و سەرکەوتنی پێ نەداون. ئەی ئێستا و بەم پێوەرانە، دەبێت حاڵی ئێمە چۆن بێت؟! ئێمە تا چەند پابەندین بە فەرمانەکانی خواو پێغەمبەرەوەﷺ؛ تا لەڕوومان بێت داوای سەرکەوتنی لێ بکەین؟! پێم وایە لوتفی خوا لەگەڵمان زۆرە، ئەگەر نا دەبوو نەک هەر شکست، بەڵک و تەفروتوونا بووینانە و شوێنەواریشمان هەر نەمایە؛ چونکە ئێمە، نەک خزمەتمان بەدینی خوا پێ نەکراوە، بەڵکو زۆر کات هەڵسوکەوت و هەڵوێستەکانی ئێمە، بووەتە لەکە و بەهۆیانەوە خەڵکی لە دینی خوا تۆراوە. ئەوە ئێمە کە بە ناخێری گیانمان خۆمان بە ئیسلامی لەقەڵەم داوە و خۆمان بەشوێنکەوتەی پێغەمبەرﷺ دەزانین و لاف وگەزافی سەلەفییەت لێ دەدەین، ئەگینا خەڵکانی تر ئەوە لەم جۆرە شوێنانەدا هەر جێی باس نین، هەموو گەڕانەونەتەوە سەر نەریتەکانی نەفامی سەردەمانی زوو، هەر یەکە بتێکی بۆ خۆی تاشیوە لە خۆی کردووەتە خوا و شەوو ڕۆژی خستۆتە سەر یەک لە پێناو پیاهەڵدان و خزمەتکردنیدا. کتێبی کردەوەکانی دڵ،ل٩٩-١٠٠ پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح
گەشتن بە پلە باڵاکانی بەهەشت: یەکێکی تر لە نهێنییەکانی ناخۆشییەکان ئەوەیە کە هەندێجار خوای گەورە بەندەیەکی خۆش دەوێت و دەیەوێت بەشی زۆر باشی لە بەهەشتدا پێ بدات، بەڵام کردەوە چاکەکانی ئەم بەندەیە ئەوەندە نین تا بیگەیەننە ئەو ئاستانە، بۆیە خوای گەورە بەو ناخۆشییانە بەسەری دەکاتەوە؛ تا پلەی بەرز بکاتەوەو بیگەیەنێتە ئەو شوێنەی کە خۆی بۆی داناوە.
دەستکەوتنی پاداشت و نزیکبوونەوە لە خوای گەورە: ناخۆشی و نەهامەتییەکانی دونیا، جگە لەوەی کە تاوانەکان دەوەرێنن، سوودێکی تریان ئەوەیە کە ئەگەر مرۆڤ لەسەریان خۆڕاگر و ئارامگر بێت، پاداشتیشیان لەسەر وەردەگرێت، پێغەمبەری خوا ﷺلە فەرموودەیەکیدا دەفەرموێت: {مَا يُصِيبُ الْمُؤمِنَ مِنْ شَوْكَةٍ فَمَا فَوْقَهَا إِلاَّ رَفَعَهُ اللَّهُ بِهَا دَرَجَةً أَوْ حَطَّ عَنْهُ بِهَا خَطِيئَةً}( ابن القیم ج٤،ص۱۹۲). واتە: هەر شتێک تووشی مرۆڤی باوەڕدار بێت؛ لە دڕکێک کە دەچێت بە پێیدا، تا شتی گەورەتر، ئیللا خوای گەورە، یان پلەیەک لای خۆی بەرزی دەکاتەوە، یان تاوانێکی پێ هەڵدەوەرێنێت. دەبێت نەخۆش و هەژار و خەمبار و خاوەن پەژارەکان، هەست بە نیعمەتی لەگەڵ خوابوون و نزیکیان لە خواوە بکەن؛ تا تاڵی خەمەکانیان لە ناخدا بێتە هەنگوین و ئاسوودەیی دەروونیان پێ ببەخشێت. پێغەمبەری خواﷺ لە فەرموودەیەکی قودسیدا، باسی دیمەنێک لە لێپرسینەوەکانی قیامەتمان بۆ دەکات و دەفەرموێت: {إِنَّ اللَّهَ عَزَّ وَجَلَّ يَقُولُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ: يَا ابْنَ آدَمَ مَرِضْتُ فَلَمْ تَعُدْنِى؟!.. قَالَ يَا رَبِّ كَيْفَ أَعُودُكَ وَأَنْتَ رَبُّ الْعَالَمِينَ؟!. قَالَ: أَمَا عَلِمْتَ أَنَّ عَبْدِى فُلاَنًا مَرِضَ فَلَمْ تَعُدْهُ، أَمَا عَلِمْتَ أَنَّكَ لَوْ عُدْتَهُ لَوَجَدْتَنِى عِنْدَهُ. يَا ابْنَ آدَمَ اسْتَطْعَمْتُكَ فَلَمْ تُطْعِمْنِى؟!. قَالَ: يَا رَبِّ وَكَيْفَ أُطْعِمُكَ وَأَنْتَ رَبُّ الْعَالَمِينَ؟!. قَالَ: أَمَا عَلِمْتَ أَنَّهُ اسْتَطْعَمَكَ عَبْدِى فُلاَنٌ فَلَمْ تُطْعِمْهُ، أَمَا عَلِمْتَ أَنَّكَ لَوْ أَطْعَمْتَهُ لَوَجَدْتَ ذَلِكَ عِنْدِى. يَا ابْنَ آدَمَ اسْتَسْقَيْتُكَ فَلَمْ تَسْقِنِى. قَالَ: يَا رَبِّ كَيْفَ أَسْقِيكَ وَأَنْتَ رَبُّ الْعَالَمِينَ. قَالَ: اسْتَسْقَاكَ عَبْدِى فُلاَنٌ فَلَمْ تَسْقِهِ أَمَا إِنَّكَ لَوْ سَقَيْتَهُ وَجَدْتَ ذَلِكَ عِنْدِى}( صحیح مسلیم،ج٤،ص۱۹۹۰). واتە: خوای گەورە لە قیامەتدا بە بەندەکەی دەفەرموێت: ئەی بەندەکەم نەخۆش بووم، سەردانت نەکردم؟! بەندەکەش دەڵێت: ئەی پەروەردگار تۆ چۆن نەخۆش دەکەویت؛ تا من سەردانت بکەم، لە کاتێکدا تۆ درووستکار و بەدیهێنەری جیهانیانیت؟! خوای گەورە پێی دەفەرموێت: ئەی نەتزانی فڵان کەسی بەندەی من نەخۆش بوو، سەردانت نەکرد، خۆ ئەگەر سەردانی ئەوت بکردایە؛ ئەوا منت لای ئەو دەبینی، پاشان پێی دەفەرموێت: ئەی بەندەکەم برسیم بوو، داوای نانم لێ کردیت پێت نەدام؟! بەندەکەش دەڵێت: ئەی پەروەردگار من چۆن نان بە تۆ بدەم، لە کاتێکدا تۆ درووستکار و بەدیهێنەری جیهانیانیت؟! خوای گەورە پێی دەفەرموێت: ئەی نەتزانی فڵان کەسی بەندەی من، داوای نانی لێ کردیت پێت نەدا، ئەی نەتزانی ئەگەر نانت بەو بدایە، ئێستا پاداشتەکەیت لای من وەردەگرتەوە، پاشان پێی دەفەرموێت: ئەی بەندەکەم تینووم بوو، داوای ئاوم لێ کردیت پێت نەدام؟! بەندەکەش دەڵێت: ئەی پەروەردگار من چۆن ئاو بە تۆ بدەم لە کاتێکدا تۆ درووستکار و بەدیهێنەری جیهانیانیت؟! خوای گەورە پێی دەفەرموێت: ئەی نەتزانی فڵان کەسی بەندەی من، داوای ئاوی لێ کردیت پێت نەدا، ئەی نەتزانی ئەگەر ئاوت بەو بدایە، ئێستا پاداشتەکەیت لای من وەردەگرتەوە. کەواتە: خوای گەورە کاتێک بە ناخۆشییەک بەندەکەی بەسەر دەکاتەوە لەبری ئەو نیعمەتەی لێی وەرگرتۆتەوە ئەوەندە لە خۆی نزیک دەکاتەوە کە بەو شێوەیە گوزارشتی لێ دەکات و دەفەرموێت: سەردانی ئەوان و چاکەکردن لەگەڵ ئەوان سەردانی من و چاکەکردن لەگەڵ من بوو. ئەمەش مژدەیەکی زۆر گەورەیە، بۆ هەموو کەسێک کە خوای گەورە بە ناخۆشییەک لە ناخۆشییەکان بەسەری کردۆتەوە کتێبی کردەەکانی دڵ،ل97_98
ئامانجەکانی تاقیکردنەوەی مرۆڤەکان: ٢- تاقیکردنەوەو ناڕەحەتییەکان باوەڕدارانی تۆکمە و تەواو درووست دەکەن: نموونەیەکی سادە: ئەو هەموو نەهامەتییەی لە سەردەمی منداڵی و لاوێتیدا بەسەر پێغەمبەری خواداﷺ هات بۆ ئەوە بوو، خوای گەورە ئامادەی بکات بۆ هەڵگرتنی باری قورسی پێغەمبەرایەتی، بیهێنە پێش چاوی خۆت، ئەگەر ئەم پیاوە لە منداڵییەوە کەسێکی بەناز پەروەردە بوایە، دواتر بەرگەی ئەو هەموو ئازار و ئەشکەنجە و ناڕەحەتی و برسێتی و دەربەردەرییەی دەگرت؟! یان هاوەڵانی لە سەردەمی مەککە و بۆ ماوەی سیازدە ساڵ بەرگەی ئەو هەموو ئازار و ئەشکەنجەیەی قورەیشیان گرت؛ بۆئەوەی خوای گەورە ئامادەیان بکات بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەتی مەدینە لە داهاتوویەکی نزیکدا، کەواتە: ئامانجی تاقیکردنەوەکان، ڕووخاندن نییە، بەڵکو درووستکردن و بونیادنانە. خەببابی کوڕی ئەرەت کە هاوەڵێکی بەڕێز بوو دەڵێت: ئێمە لە مەککە زۆر ئازارو ئەشکەنجە دەدراین، زۆریان بۆ هێنابووین، ڕۆژێکیان چوومە خزمەت پێغەمبەرﷺبینیم لەپاڵ دیواری کەعبەدا ڕاکشاوە و عەباکەی بەخۆیدا داوە و پێم گوت: ئەی پێغەمبەری خواﷺ: بۆ لە خوا ناپاڕێیتەوە لەم دۆخە ڕزگارمان بکات؟ بۆ داوا لە خوا ناکەیت سەرمان بخات؟ دەڵێت: پێغەمبەری خوا ﷺکە گوێی لە قسەکانم بوو، هەستاو ڕەنگی سوور هەڵگەڕاو فەرمووی: {لَقَدْ كَانَ مَنْ قَبْلَكُمْ لَيُمْشَطُ بِمِشَاطِ الْحَدِيدِ مَا دُونَ عِظَامِهِ مِنْ لَحْمٍ أَوْ عَصَبٍ مَا يَصْرِفُهُ ذَلِكَ عَنْ دِينِهِ وَيُوضَعُ الْمِنْشَارُ عَلَى مَفْرِقِ رَأْسِهِ فَيُشَقُّ بِاثْنَيْنِ مَا يَصْرِفُهُ ذَلِكَ عَنْ دِينِهِ وَلَيُتِمَّنَّ اللَّهُ هَذَا الْأَمْرَ حَتَّى يَسِيرَ الرَّاكِبُ مِنْ صَنْعَاءَ إِلَى حَضْرَمَوْتَ مَا يَخَافُ إِلَّا اللَّهَ}( صحیح البخاری،ج٥،ص٤٥). واتە: شوێنکەوتەکانی پێغەمبەرانی پێش ئێوە پێش ئێوە بەشانەی ئاسن دایان دەهێنان و گۆشت و ئێسک و دەمارەکانیان لێک جیا دەکردنەوە و بەمشار لە تەوقی سەریانەوە تا بەری پێیان دەیانکردن بەدوو کەرتەوە، سەرەڕای ئەوانە دەستبەرداری باوەڕەکەیان نەدەبوون، دڵنیا بن خوا ئەم پەیامەی خۆی سەردەخات، تا وای لێدێت و ئاشتی بەشێوەیەک باڵ بەسەر ناوچەکەدا دەکێشێت، کەسێک بە سواری وڵاخەکەی لە سەنعاوە دەڕوات بەرەو حەضرەمەوت، جگە لە خوا شتێکی تر نییە لێی بترسێت. کەواتە: پێغەمبەری خوا ﷺ نهێنیی ئەو ئازارو ئەشکەنجانەی شاری مەککەی دەزانێ، کە ئەوانە ژانی بوون و باجی مانن. هەر لەبەرئەوەیە کاتێک سەرانی قورەیش سازشیان لەگەڵ دەکرد و پێشنیاری ئەوەیان دەکرد دەسەڵاتی پێ بدەن و بیکەنە گەورەی خۆیان ڕازی نەدەبوو بەوەی وەری بگرێت؛ چونکە دەیزانی تا ئەوکات پیاوانێکی ئاوها پەروەردە نەبوون، کە بتوانن بەرگری لێ بکەن و دەسەڵات و پەیامەکەی بپارێزن، بۆیە هەر دەسەڵاتێک لەم قۆناغەدا درووست بێت، دەرەنجامەکەی شکست دەبێت و لەژێر سایەی دەسەڵاتەکەی ئەبو جەهل و ئەبو لەهەب و وەلیدی کوڕی موغیرەدا دەبێت و ئیسلامیش هەرگیز لەگەڵ ستەم و نادادپەروەریدا هەڵناکات. بۆیە لە پێشەوا شافعییان پرسی تاقیکردنەوە و ئارامگرتن خێری زیاترە، یان دەسەڵاتداری و سەرکەوتن؟ لە وەڵامدا فەرمووی: (التمكين درجة الأنبياء، ولا يكون التمكين إلا بعد المحنة، فإذا امتحن صبر، وإذا صبر مكن، ألا ترى أن الله عز و جل امتحن إبراهيم عليه السلام ثم مكنه، وامتحن موسى عليه السلام ثم مكنه، وامتحن أيوب عليه السلام ثم مكنه، وامتحن سليمان عليه السلام ثم مكنه)( الغزالی،احیا علوم الدین،ص۲٦). واتە: دەسەڵاتگرتنە دەست پلەی پێغەمبەرانە و دەسەڵاتیش لە دوای قۆناغی ناڕەحەتی و تاقیکردنەوە دێت، کاتێک تاقی دەکرێتەوە ئارام دەگرێت، کە ئارامی گرت خوای گەورە سەری دەخات، نابینی خوای گەورە ئیبراهیمی تاقی کردەوە، پاشان سەری خست، موسای تاقیکردەوە، پاشان سەری خست، ئەیوبی تاقی کردەوە، پاشان سەری خست، سلێمانی تاقی کردەوە، پاشان سەری خست. ئێمە ئەمڕۆ دەبینین موسڵمانانی دونیا زۆر لە ناڕەحەتی و مەینەتدان و ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجەی زۆر دەبنەوە، لە هەموو لایەکەوە کوفر تەنگی پێ هەڵچنیون و بەجۆرەها شێوە هەوڵی لەناوبردن و سەرکوتکردنیان دەدەن، بەڵام ئەمانە وەکو گوتمان ژانی بوونن، دەبێت ئەو ئازار و ئەشکەنجانە درووستمان کات، پتەومان کات و هەرگیز نابێت چۆکمان پێ دابدات. ململانێی ئێمە لەگەڵ خەڵکانێکدایە وەک خۆمان مرۆڤن، هەموو ئەو هۆکارانەی بۆ ئەوان ڕەخساون، بۆ ئێمەش ڕەخساون، ئەوان لە دەرەنجامی هەوڵ و ماندووبوونی بەردەوام گەشتوونەتە ئەم ڕۆژە، ئەگەر باوەڕدارانیش بیانەوێت جڵەوی دەسەڵات بگرنە دەست، دەبێت وەکو ئەوان بکەن و خۆیان ماندووو بکەن، ئەگینا خوا لەسەر خەڵکانی تەممەڵ و دەم مردوو نایەتە جواب، ئەوەتا ڕاشکاوانە پێمان دەفەرموێت: [إِنَّ اللّهَ لاَ يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُواْ مَا بِأَنْفُسِهِمْ]( سورة الرعد،آیة۱۱). واتە: خوای گەورە بارودۆخی هیچ گەل و نەتەوەیک ناگۆڕێت، تا خۆیان نەیگۆڕن، یان تاخۆیان نەگۆڕێن و خۆیان چاک نەکەن. با هەرگیز چاوەڕوانی ئەوە نەکەین خوای گەورە خۆی بێت و شەڕمان لەسەر بکات و دەسەڵاتمان بداتە دەست، یان چاوەروان بین بە موعجیزەکانی سەرمان بخات؛ چونکە سوننەتی خوا بۆ سەرخستنی باوەڕداران بەو شێوەیە نییە و خوای گەورەش سوننەتەکانی خۆی، نەک بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ هیچ پێغەمبەرێک تێک نەداوە، بەڵکو خۆیان هەوڵیان داوە و چی لە توانایاندا بووە خستوویانەتە کار و ئەوکات خوای گەورە سەرکەوتنی پێداون. کەواتە: خاڵێکی تر لە حیکمەتی ئازارو ناڕەحەتییەکان، ئامادەکردنی بەرەی باوەڕدارانە بۆ قۆناغی گرتنەدەستی دەسەڵات و حوکمڕانی. كتێبی کردەوەکانی دڵ،ل٩٥-٩٦ ڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح
ئامانجەکانی تاقیکردنەوەی مرۆڤەکان: لەوانەیە زۆر جار بپرسین و بەمێشکماندا بێت: باشە بۆچی خوای گەورە بەو ناڕەحتییانە تاقیمان دەکاتەوە؟ یان بەواتایەکی تر سوودی ئەو تاقیکردنەوانە دەبێت چی بن؟ لێرەدا هەندێک لەو سوودانە باس دەکەین: ١- کۆی پڕۆسەی ژیان و زان و مان و مردن لە پێناو تاقیکردنەوەی مرۆڤەکان هاتووەتە بوون و هیچی تر، وەک خوای گەورە دەفەرموێت: [الَّذِي خَلَقَ الْمَوْتَ وَالْحَيَاةَ لِيَبْلُوَكُمْ أَيُّكُمْ أَحْسَنُ عَمَلاً](سورة الملك:آیة ۲ ). واتە: ئەو خوایەی کە مردن و ژیانی درووست کردووە؛ تا تاقییتان بکاتەوە کامەتان لە هەموان کردەوەی باشترە و خواناس ترە. هەر لەبەرئەوەیە خوای پەروەردگار پەیام و پێغەمبەرانی خۆی بۆ مرۆڤایەتی ناردووە؛ تا ڕێگای ڕاستیان نیشان بدەن و لە ڕێگەی ناڕێک ئاگاداریان بکەنەوە وەک خۆی دەفەرموێت: [إِنَّا هَدَيْنَاهُ السَّبِيلَ إِمَّا شَاكِراً وَإِمَّا كَفُوراً]( سورة الٳنسان:آیة۲). واتە: ئێمە ڕێگای ڕاستمان نیشانی مرۆڤەکان داوە و ئەوانیش خۆیان ئازادن لە بڕیاردان و هەڵبژاردن سوپاسگوزار دەبن، یان یاخی و خوانەناس. هەروەها دەفەرموێت: [وَهَدَيْنَاهُ النَّجْدَيْن](سورة البلد: آیة ۱۰). واتە: ئێمە هەردوو ڕێگای باشە و خراپەمان نیشان داوە. بەخاتری ئەوەیش کە زیاتر هاوکاری مرۆڤەکان بکات تا ڕێگای ڕاست بدۆزنەوە خوای گەورە بیرو ژیری بەخشیوەتە مرۆڤەکان و تەمەن و کاتی تەواوی پێ بەخشیون بۆ هەڵسەنگاندن و ئازادی بڕیاردانیشی پێ بەخشیون و سەرەنجامیش بەرپرسیارێتی هەر بڕیارێک یان بژاردەیەک دەکەوێتە ئەستۆی مرۆڤەکان خۆیان. بەخشین و بەڵاکانیش دوو هۆکاری کاریگەریی دەرخستنی ڕووی ڕاستەقینەی مرۆڤەکانن، بەتایبەتی بەڵاو ناڕەحتییەکان بۆیە خوای گەورە دەفەرموێت: [وَمِنَ النَّاسِ مَن يَقُولُ آمَنَّا بِاللَّهِ فَإِذَا أُوذِيَ فِي اللَّهِ جَعَلَ فِتْنَةَ النَّاسِ كَعَذَابِ اللَّهِ]( سورة العنكبوت:آیة۱۰). واتە: خەڵکانێک هەن دەڵێن: ئێمە باوەڕمان بە خوای گەورە هێناوە، بەڵام ئەگەر لە پێناوی خوادا تووشی بچووکترین ئازار و ناڕەحەتی بن؛ ئەوا دەستبەرداری باوەڕەکەیان دەبن و پێیان وایە، ئازاری خەڵک و سزای خوا چوون یەکن؛ بۆیە ئەگەر ئەم تاقیکردنەوانە نەبن، لاف وگەزافی دینداری ئاسانە و درۆیش داماوە و هەموو کەس پێی دەوێرێت، چەند کەسمان هەیە ئەهلی نوێژ و خواناسی بوون، نەک لە ترسی سزا، بەڵکو لە پێناوی دەستخستنی پۆست و پایە و پارەی دونیا وازی لە دینداری و مزگەوت و تێکەڵی موسڵمانان هێناوە، چەن کەس لە ترسی کورسی و بەرژەوەندییەکانی ناوێرێت سەردانی ماڵەکانی خوا بکات، ئەمانە ئەوانەن کە بەرگەی شنەبایەکی تەماع و چاوچنۆکی و دونیاویستی خۆیان نەگرتووە، ئەی ئەگەر ئەمانە لەسەر خوا قسەیان پێ بگوترێت، یاخود ئازار و ئەشکەنجە بدرێن، بڵێی دەستبەرداری دینەکەشیان نەبن؟! هیچ بەدووری مەزانە. پێشەوا حەسەنی بەصری دەڵێت: (خەڵکی هەتا لە خۆشگوزەرانیدا بن، ڕاستیی ناخیان دەرناکەوێت؛ تا تووشی نەهامەتی و ناڕەحەتی نەبن، ئەو کات ڕاستیی ناخیان دەردەکەوێت، ئەو کاتە باوەڕداران لەگەڵ باوەڕەکەیان دەمێننەوە و دووڕووەکانیش دووڕوێتییەکەیان ئاشکرا دەبێت)( الجاحظ: ،البیان والتبیین،ص۹۳،ج۳). سەییدیش لە تەفسیرەکەیدا دەڵێت: (باوەڕ وشەیەک نییە بەدەم بگوترێت، بەڵکو ڕاستییەکە ئەرک و بەرپرسیارێتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەمانەتێکە و دەبێت پێوەی ماندوو بین، تێکۆشان و ئارامگری و خۆڕاگری دەوێت، کار و فەرمانە و بەرگەگرتنی دەوێت، بۆیە ئەوەندە بەس نییە خەڵکی بەدەم بڵێن: باوەڕمان هێناوە،..؛ تا تەواو تاقی نەکرێنەوە.. وەک چۆن ئاڵتونێک کاتێک تێزاب دەکرێت بەسەریدا؛ تا ساغیی کانزای ئاڵتوونەکە دەربکەوێت، تاقیکردنەوەکانی دونیاش بەهەمان شێوە کانزای خەڵکەکە دەردەخات و ڕاستیی ناخیان دەخاتە ڕوو)( سید قوتب فی ظلال القرآن،ج٥،ص۲۷۳۰). کتێبی کردەوەکانی دڵ،لاپەڕە٩٢-٩٣ پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح
پرۆفیسۆر خالید موحهممهد ساڵح: : شێوازەکانی تاقیکردنەوەی یەقین: ٢- تاقیکردنەوە بە بەخششەکان: ئێمە زۆر جار وا تێ دەگەین کە تاقیکردنەوە تەنها بە ناخۆشی و قاتوقڕی و لەناوچوون و نەخۆشی دەبێت، بێئاگا لەوەی کە هەندێک جار بەپێچەوانەوە تاقیکردنەوە بە بەخشش و دەسەڵات دەوڵەمەندی و خۆشگوزەرانی دەبێت و لەوانەشە ئەم جۆرە لە تاقیکردنەوە، لەجۆرەکەی تر قورستر بێت و کەمتر مرۆڤ بتوانێت خۆی بۆ ڕاگیر بکات. خوای گەورە لەبارەی ئەم جۆرە تاقیکردنەوانەوە دەفەرموێت: [وَنَبْلُوكُم بِالشَّرِّ وَالْخَيْرِ فِتْنَةً وَإِلَيْنَا تُرْجَعُونَ](سورة الٲنبیاء،الآیة 35 ). ئێمە بە هەردوو باری ناخۆشی و خۆشی تاقییتان دەکەینەوە و هەموویشی هەر کۆتایی دێت و هەتا سەر نابێت و دواتر بۆ لای ئێمە دەگەڕێنەوە و سزا و پاداشتی هەڵوێستەکانتان وەردەگرن. یان دەفەرموێت: [وَبَلَوْنَاهُمْ بِالْحَسَنَاتِ وَالسَّيِّئَاتِ لَعَلَّهُمْ يَرْجِعُونَ](سورة الٲعراف،الآیة168 ). واتە: ئێمە بە چاکە و بەخشش و خۆشگوزەرانی و هەندێک جاریش بە ناخۆشی و نەخۆشی و بەدحاڵی تاقیمان کردنەوە؛ تا بگەڕێنەوە بۆ لای خوا و دەست لە خراپە کۆتا کەن. یان دەفەرمووێت: [إِنَّمَا أَمْوَالُكُمْ وَأَوْلَادُكُمْ فِتْنَةٌ وَاللَّهُ عِندَهُ أَجْرٌ عَظِيمٌ]( سورة التغابن،آیة15 ). واتە: ئەو داهات و دەسەڵات و ماڵ و منداڵەی هەتانە تەنها بۆ تاقیکردنەوەی ئێوەیە و خوای گەورە بەخششی لەوە زۆر زیاتری لایە، بۆیە بەم کەمەی دونیا فری و نەخۆن و لاڕێ نەبن؛ تا ئەو زۆرەی دواڕۆژتان لەدەست نەچێت؛ چونکە ئەوەی دونیا چەند زۆر بێت هەر کەمە و هەتا سەرنییە، بەڵام ئەوەی قیامەت بۆ هەتا هەتایە و نەبڕاوەیە. سرووشتی مرۆڤیش وایە کە زوو دەکەوێتە ژێر کاریگەریی دونیا و خۆشییەکانی و کەمتر دەتوانێت خۆی بۆ ڕابگرێت. ئەوەتا خوای گەورە کە خۆی درووستکار و بەدیهێنەری مرۆڤە دەفەرموێت: [كَلَّا إِنَّ الْإِنسَانَ لَيَطْغَى أَن رَّآهُ اسْتَغْنَى](سورة العلق،آیة6 ). واتە: نەخێر مرۆڤ کاتێک دەبینێت دەوڵەمەند بووە و دەسەڵاتی هەیە گومڕا و لا ڕێ دەبێت و سنوورەکانی خوا دەبەزێنێت، یان دەفەرموێت: [وَتُحِبُّونَ الْمَالَ حُبّاً جَمّاً](سورة الفجر، آیة20). واتە: بەڕاستی پارە و سامانی دونیاتان زۆر خۆش دەوێت. پێشەوا بوخاری فەرموودەیەک دەگێڕێتەوە و دەفەرمووێت: (أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ ﷺ بَعَثَ أَبَا عُبَيْدَةَ بْنَ الْجَرَّاحِ إِلَى الْبَحْرَيْنِ يَأْتِي بِجِزْيَتِهَا، فَقَدِمَ أَبُو عُبَيْدَةَ بِمَالٍ مِنْ الْبَحْرَيْنِ، فَسَمِعَتْ الْأَنْصَارُ بِقُدُومِ أَبِي عُبَيْدَةَ، فَوَافَتْ صَلَاةَ الصُّبْحِ مَعَ النَّبِيِّﷺفَلَمَّا صَلَّى بِهِمْ الْفَجْرَ، انْصَرَفَ فَتَعَرَّضُوا لَهُ فَتَبَسَّمَ رَسُولُ اللَّهِ ﷺ حِينَ رَآهُمْ، وَقَالَ: {أَظُنُّكُمْ قَدْ سَمِعْتُمْ أَنَّ أَبَا عُبَيْدَةَ قَدْ جَاءَ بِشَيْءٍ؟}. قَالُوا: أَجَلْ يَا رَسُولَ اللَّه ﷺ قَالَ: {فَأَبْشِرُوا، وَأَمِّلُوا مَا يَسُرُّكُمْ، فَوَاللَّهِ لَا الْفَقْرَ أَخْشَى عَلَيْكُمْ، وَلَكِنْ أَخَشَى عَلَيْكُمْ أَنْ تُبْسَطَ عَلَيْكُمْ الدُّنْيَا كَمَا بُسِطَتْ عَلَى مَنْ كَانَ قَبْلَكُمْ، فَتَنَافَسُوهَا كَمَا تَنَافَسُوهَا، وَتُهْلِكَكُمْ كَمَا أَهْلَكَتْهُمْ}..)(صحیح البخاری،ج4،ص97). واتە: پێغەمبەری خوا ﷺئەبو عوبەیدەی ڕەوانە کرد؛ تا جزیەی ناوچەی بەحرەینی بۆ کۆ بکاتەوە، کە ئەبوعوبەیدە گەڕایەوە ئەنصار بیستبوویان کە گەڕاوەتەوەو ماڵێکی زۆریشی لەگەڵ خۆی هێناوە، وایش ڕێکەوت کە کاتی نوێژی بەیانی بوو، پێغەمبەری خوا ﷺ نوێژی بەیانی بۆ کردن و کاتێک ویستی بڕوات چوونە خزمەتی و ئەویش زەردەخەنەیەکی کرد و فەرمووی وا بزانم بیستووتانە ئەبو عوبەیدە گەڕاوەتەوە و شتێکی لەگەڵ خۆی هێناوە؟ گوتیان: بەڵێ ئەی پێغەمبەری خوا ﷺ فەرمووی: دەی مژدەتان لێ بێت ئەوەی بەتەمای هاتوون پێتانی دەدەم، بە خوا من ناترسم لەوەی هەژار بکەون و نەدار بن، بەڵام دەترسم دونیا باوەشتان بۆ بکاتەوە و زاڵ بێت بەسەرتاندا، وەک چۆن باوەشی بۆ نەتەوەکانی پێش ئێوە کردبۆوە و ئێوەش بکەونە ململانێ و پێشبڕکێ لەسەر دونیا وەک ئەوانەی پێش ئێوە کردیان، بەو هۆیەشەوە لەناو بچن وەک ئەوانەی پێش ئێوەی لەناو برد. ئەبو دەرداء بۆمان دەگێڕێتەوە و دەڵێت: (خرج علينا رسول اللهﷺوَنَحْنُ نَذْكُرُ الْفَقْرَ وَنَتَخَوَّفُهُ، فَقَالَ: {الفَقْرَ تَخَافُونَ؟!! والَّذِي نَفْسِي بِيَدِهِ لَتُصَبَّنَّ عَلَيْكُمُ الدُّنْيَا صَبّاً حَتَّى لا يُزيغَ قَلْبَ أَحَدِكُمْ إَزَاغَة إِلاَّ هِيَ}.)( سنن ابن ماجة،ص4،روال الٲلبانی فی تخریجه حدیث الحسن). واتە: جارێکیان دانیشتبووین باسی ترس و ناڕەحەتی هەژارییمان دەکرد، پێغەمبەری خوا ﷺ هات بۆ لامان و فەرمووی: دەڵێی لە هەژاری دەترسن؟! بەو کەسەی گیانی منی بەدەستە خوا نازو نیعمەتەکانی خۆی بەلێشاو دەڕژێت بەسەرتاندا، تا وای لێ دێت، تاکە مەترسی بۆ سەر دڵ و دەروون و باوەڕتان تەنها دونیا دەبێت. لەم دەقانەوە بۆمان دەردەکەوێت کە خۆشییەکانی دونیا و ناز و بەخششەکانی بەڵا و هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر دڵ و باوەڕی باوەڕداران. دەبینین خەڵکانێک هەن، تا هەژار بوون جۆر بوون لەگەڵ خوا، بەڵام کە دەوڵەمەند بوون، لای خوایان بەرداوە و بەهۆی سەرقاڵی بە دونیاوە، کەمتر دەیانپەرژێتە سەر خەمی قیامەت و هەوڵی بۆ دەدەن، کەمتر فریای پرسی حەڵاڵ و حەرامی مامەڵەکانیان دەکەون و زیاتر لە هەوڵی کۆکردنەوەی پارەدان، بەهۆی سەرقاڵیان بە دونیاوە کەمتر فریای قورئان خوێندن و نوێژی جەماعەت و ڕۆژووی سوننەت دەکەون، کەمتر، یان هەر دەگمەن خزم و نەخۆش و خەڵکانی هەژار بەسەر دەکەنەوە و ئاوڕیان لێ دەدەنەوە. خەڵکانێکی تر هەن، گیرۆدەی دەستی نیعمەتی لەشساغی، یان گەنجی، یان پۆست، یان دەسەڵات، یان هەندێک جار جوانی بوون و بەهۆی ئەو بەخششانەوە کە دەبوو سوپاسی خوایان لەسەر بکردایە و شوکرانە بژێر بوونایە و لەڕێی خواناسیدا بەخەرجیان بدایە لاڕێ و سەرلێشێواو بوون و دژی خوا بەکاریان هێناوە و خەڵکیان پێ لەخشتە بردووە و ڕێگای خواناسی و قیامەتیان ون کردووە. کەواتە: دەبێت مرۆڤی باوەڕدا لەوە بەئاگا بێت کە هەرچی خوا پێی داوە لە دونیا لە بەرامبەریدا بەرپرسیارە و خوا لە دواڕۆژدا لێپێچینەوەی لەسەر دەکات و وەک خۆی دەفەرموێت: [ثُمَّ لَتُسْأَلُنَّ يَوْمَئِذٍ عَنِ النَّعِيمِ]( سورة التكاثر،آیة8). واتە: پاشان لێپرسینەوەتان لەسەر بەخشش و نیعمەتەکان لەگەڵ دەکرێت. وە وەکو پێغەمبەری خوایش ﷺ دەفەرموێت: {لن تَزُولُ قَدَمَا عَبْدٍ يَوْمَ الْقِيَامَةِ حَتَّى يُسْأَلَ عَنْ أربع: عَنْ عُمْرِهِ فِيمَا أَفْنَاهُ، وَشَبَابِهِ فِيمَا أَبْلاهُ، وَعَنْ مَالِهِ مِنْ أَيْنَ اكْتَسَبَهُ وَفِيمَا أُنْفِقَهُ، وَعَنْ علمه مَاذا عَمِلَ فِيه}( سنن الترمذی،ج4،ص612 ). واتە: هیچ کەس قاچەکانی لە بەردەم خوای گەورە ناترازێ، تا لێپریسنەوەی لەسەر چوار شت لەگەڵ نەکرێت، لەسەر تەمەنی لە چیدا بەسەری بردووە و جوانی و گەنجێتییەکەی لە چیدا داناوە و لەسەر پارە و سەروەت و سامانی چۆنی پەیدا کردووەو لە چیدا خەرجی کردووە و لەسەر ئەو زانست و زانیارییەی خودا پێی داوە چی لێ کردووە و چۆنی بەکار هێناوە پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح کتێبی کردەوەکانی دڵ/ل87_88_89
شێوازەکانی تاقیکردنەوەی یەقین: بەشێوازێکی گشتی خوای گەورە لەسێ ڕووەوە مرۆڤی باوەڕدار تاقی دەکاتەوە: ١- تاقیکردنەوە بە پەرستش و ئەرک و بەرپرسیارێتییە شەرعییەکان: هەمووان دەزانین کە خوای گەورە کاتێک مرۆڤی درووست کردووەو دای بەزاندۆتە سەر زەوی بەردەوام شەریعەت و پەیامەکانی خۆی بۆ ڕەوانە کردووە تا پەیوەندی لەگەڵ خوادا نەپچڕێت و نەکەوێتە داوی شەیتان و ئارەزوەکانی خۆیەوە و فەرمانیشی پێ کردوون کە بەو بەرنامە و شەریعەتانەوە پابەند بن، ئەوەتا ئامۆژگاریی پێغەمبەرەکەی دەکات ﷺکە پابەند بێت بە فەرمانەکانییەوە و پێی دەفەرموێت: [فَاعْبُدْهُ وَاصْطَبِرْ لِعِبَادَتِهِ](سورة مریم آیة٦٥). واتە: پەرستشی خوای گەورە بکە و ئارام بگرە لەسەر پەرستشکردنی، پاشان فەرمانی پێ دەکات، کە نەک تەنها خۆی، بەڵکو پێویستە فەرمان بە کەسوکار و دۆستانیشی بکات کە پابەند بن بە پەرستشەکانەوە و پێی دەفەرموێت: [وَأْمُرْ أَهْلَكَ بِالصَّلاةِ وَاصْطَبِرْ عَلَيْهَا](سورة طه۱۳۲ ). واتە: فەرمان بە خێزان و کەسوکارەکەت بکە، نوێژەکانیان بکەن و ئارامگر بە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو فەرمانە. جا بۆیە لێرەدا، فەرمانەکانی ڕووبەڕووی پێغەمبەرەکەی دەکاتەوە؛ تا ئێمە تێ بگەیەنێت کە ئەرکی پابەندبوون بە پەرستش و شەریعەتەکەیەوە کەس نابوێرێت، گەرچی پێغەمبەریش بێت. ئەو شەریعەت و پەیامانەیش، بەگشتی ژیانی مرۆڤ و کارو کردەوەکانی دابەش دەکەن بەسەر پێنج تەوەرەدا کە ئەوانیش: - واجبات: بەو شتانە دەگوترێت، کە خوای گەورە پێویستی کردووە لەسەر مرۆڤەکان ئەنجامی بدەن و مرۆڤەکان لەسەر کردنیان، پاداشت دەکرێن و لەسەر نەکردنیان، سزا دەدرێن وەکو نوێژ و ڕۆژوو، ...... - محرمات: بەو شتانە دەگوترێت کە خوای گەورە قەدەغەی کردووە لەسەر مرۆڤەکان و نابێت بیکەن و لەسەر کردنیان مرۆڤەکان سزا دەدرێن و لەسەر نەکردنیان پاداشت دەکرێن وەکو دزی و درۆ..... - مندوبات: بەو شتانە دەگوترێت کە خوای گەورە بەباشی داناوە مرۆڤەکان بیکەن، بەڵام فەرمانی بەکردنیان نەکردووەو مرۆڤەکان لەسەر کردنیان پاداشت دەکرێن، بەڵام لەسەر نەکردنیان سزا نادرێن، وەکو ڕۆژووی دوشەممان و پێنج شەممان، یان شەونوێژ............... - مکروهات: بەو شتانە دەگوترێت، کە خوای گەورە بەباشی داناوە مرۆڤەکان نەیکەن، بەڵام قەدەغە و یاساغی نەکردوون و مرۆڤەکان لەسەر نەکردنیان پاداشت دەکرێن، بەڵام لەسەر کردنیان سزا نادرێن، وەکو نوێژکردن بە بێ هۆ لە کاتی خۆرهەڵاتن، یان خۆرئاوابووندا .............. - مباحات: بەو شتانە دەگوترێت، کە خوای گەورە دەرگای بۆ مرۆڤەکان واڵا کردووە و بۆ حەز و خواستەکانی خۆیانی جێ هێشتووە و سەرپشکی کردوون لە بڕیاری کردن و نەکردنیان و سزاو پاداشتی لەسەر کردن و نەکردنیان دانەناوە، وەکو هەڵبژاردنی جۆری خواردن و جلو بەرگ و شوێنی حەوانەوە و ....... کۆی ئەم کردەوانە پێی دەگوترێت شەریعەت و مرۆڤ بەهۆیانەوە لە دوو ڕووەوە تاقی دەکرێتەوە: ڕووی یەکەم: لەڕووی تیۆری هزرییەوە: کە سەرەتاتر و گرنگترە لە ڕووەکەی تر، ئەویش بەوەی دەبێت مرۆڤ لەڕووی تیۆری و هزرییەوە بیروباوەڕی بەکۆی ئەو حوکم و پرسە شەرعییانە هەبێت، وەک ئەوەی کە خوای گەورە دیاری کردووە و دای ناوە و بەهەمان شێوەی شەریعەتەکەی خوای گەورە، ڕیزبەندی بۆ حوکمە شەرعییەکان بکات و واجباتی شەرع بە واجب و حەرامەکانی بەحەرام و مەکروه ـو مەندوب و موباحەکانیشی وەکو خۆی بزانێت و نابێت لەم ڕووەوە بەموو ڕاجیایی لەگەڵ شەرع هەبێت؛ چونکە هەر ڕاجیاییەک لەم ڕووەوە، لە بنەما سەرەکییەکاندا مرۆڤ لە بازنەی باوەڕ دەباتە دەرەوە، بۆ نموونە: کەسێک باوەڕی وا بێت نوێژ واجب نییە، یان زەکات، یان حەج، یان باڵاپۆشی ئافرەت، یان پێی وا بێت زینا حەڵاڵە، یان عارەق، یان درۆ، یان سیحر، ئەمانە مرۆڤ پێی کافر دەبێت، جا کەسەکە لەڕووی کردارییەوە بیانکات، یان نا.. ئەوە گرنگ نییە، بۆ نموونە: کەسێک نوێژیش بکات، بەڵام پێی وا بێت واجب نییە، یان زینا نەکات، بەڵام پێی وا بێت حەرام نییە، یان باوەڕی بە دادووەری یاسای میرات نەبێت لەنێوان ژن و پیاودا، یان باوەڕی بە فرەژنی، یان باڵاپۆشی ئافرەتان نەبێت، کە خوای گەورە لە قورئاندا باسی کردوون، هەموو ئەمانە مرۆڤ پێیان کافر دەبێت، با لەڕووی کرداریشەوە پێیانەوە پابەند بێت؛ چونکە ئەوە تانەدانە لە حوکم و حیکمەتی خوای گەورە، بۆیە مرۆڤ بەوە دێتە بازنەی شەرعەوە، کە باوەڕی تەواوی بەهەموو ئەحکامەکانی شەرع هەبێت وەکو خۆی. ڕووی دووەم: لەڕووی کرداری و پراکتیکەوە: پێویستە مرۆڤ لەم ڕووەشەوە تەواو پابەند بێت بەحوکمەکانی شەرعەوەو هەوڵی تەواو بدات واجبەکان جێبەجێ بکات و خۆی لەحەرامەکان بگرێتەوە و سنوور بەزێنی حوکمەکانی شەرع نەکات و بەپێی توانا (مندوب)ـە کان بکات و خۆی لە (مکروهـ) ـەکان بپارێزێت و زیادەڕەویش لە (مباح)ـەکاندا نەکات، بەڵام ئەگەر مرۆڤ، لەم ڕووەوە کەمتەرخەمییەکیشی هەبێت؛ ئەوا باجی ئەم ڕووەیان لەوەی یەکەم کەمترە و تەنها پێی تاوانبار دەبێت، بەڵام لە بازنەی باوەڕ ناڕواتە دەرەوە، بۆ نموونە: کەسێک ساردە نوێژ بێت، بەڵام پێی وا بێت کە نوێژ ئەرکێکی شەرعییە و دەبێت موسڵمانان پێوەی پابەند بن و دان بەکەموکووڕی خۆیدا بنێت، ئەمە تاوانبارە، بەڵام هەر موسڵمانە، یان زینا، یان دزی، یان عارەق، یان سوو بخوات و پێی وا بێت کە ئەمانە حەرامن و دان بە تاوانباری خۆیدا بنێت ئەمیش بەهەمان شێوە تاوانبارە، بەڵام کافرو بێباوەڕ نییە. کەواتە: پێویستە مرۆڤی باوەڕدار لە هەردوو ڕووەوە– چ لەڕووی تیۆری و چ لەڕووی کردارییەوە- پابەند بێت بەحوکمە شەرعییەکانەوە و فەرمانەکانی خوای گەورە وەکو خۆی جێبەجێ بکات و لێیان لا نەدات و بەمەش بەختەوەری دونیا و دواڕۆژ دەبێت کتێی کردەوەکانی دڵ،لا90_91
بەڕێزان جەژن لەئێوەی بەڕێز و خۆشەویست پیرۆز بێت، تاعەتتان قەبوڵ، گەردنمان ئازاد کەن، گەردنتان ئازاد بێت.
هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لە یەکە یەکەی ئیوەی بەڕێز و سەرجەم موسوڵمانانی جیهان پیرۆز بیت، خوای گەورە بیکاتە مانگی خۆشی و لێخۆشبوونی تاوانەکانمان.
خۆزگە ئەو کاتانەیش کە بەرپرس وکادر وئەندامان وکەناڵەکانی ڕاگەیاندنتان سوکایەتی وبێ ڕێزییان بەرامبەر ئیسلام وقورئان وپێغەمبەرو ویاران ومامۆستایانی ئاینی ومیراتگرانی وپیرۆزییەکانی موسوڵمانان دەکرد ئاوها دەهاتنە سەر خەت وسەرکۆنەی ئەو جۆرە کارانەشتان دەکرد وڕێکاری یاساییتان بەرامبەر ئەنجامدەرانی دەگرتە بەر.