سەردانیکەر: 397,081
لەدونیای دیموکراسیدا ئازادیەکانی تاک لەو شوێنەدا کۆتایی دێت کە ئازادی تاکەکانی تر دەست پێ دەکات، بۆیە بەهیچ شێوەیک قبوڵ نیە بەناوی ئازادی ولەژێر پەردەی دیموکراسیەتدا بێڕێزی وسوکایەتی بەپیرۆزی وبیروباوەڕی هاوڵاتیانی هیچ هەرێمێک بکرێت، ئاخر لەکام ووڵاتی ڕۆژئاوا کە لانکەی دیموکراتیەتە دەسەڵات قبوڵ دەکات سوکایەتی بەپیرۆزیەکان میللەت وبیروباوەڕیان بکرێت؟!! ، لەهەر ووڵاتێکی دونیا سنورێک بۆ ئازادی تاکەکان هەیە وتاکەکان ئازادن لەوەی هەر بیروباوەڕێکیان هەبێت، بەڵام ئازاد نین لەوەی سوکایەتی بەپیرۆزیەکانی نەتەوەکانیان بکرێت، بۆیە بەداخەوە ئەم برادەرانەی ئێمە وەک لەدین حاڵی نەبوون لەدیموکراسیەتیش هەر هێندەی ئیسلام حاڵی بوون بەداخەوە، جا دەڵێن قەل ڕۆیشتنی خۆی بەدڵ نەبوو بۆیە لاسایی کەوی دەکردەوە وپێی خۆش بوو وەک ئەو بڕوات، بەڵام پاش ماوەیەک فێری ڕۆیشتنی کەو نەبوو ڕۆیشتنەکەی خۆیشی لەبیر چووبۆوە. .
لە سەر وبەندی غەزای بەدردا هەندێک لەسەرۆک تیرە وهۆزە بەهێزەکانی ئەو سەردەمە، نوێنەری خۆیان ناردە لای ئەبو جەهل وئامادەباشاین دەربڕی کە بەخۆیان وهۆزەکانیانەوە بەشداری شەڕەکە بکەن وکۆمەکی سوپاکەی ئەبو جەهل بکەن، ئەبو جەهلیش سوپاسی ئەو هەڵوێستەی کردن ولەوەڵامیاندا قسەیەکی کرد کەدەبوو تا قیامەت بێتە وانە وپەند بۆ ئەبو جەهلەکان وپێی گوتن: ((ئەگەر ئەم شەڕەی ئێمە دژ بەخودا بێت وەکو موحەممەد بانگەشە دەکات، ئەوە کەس لەگەڵ خودا پێی ناکرێت، وکۆمەکی ئێوەیش بێ سوودە، خۆ ئەگەریش دژ بەمرۆڤ وخەڵکانێکی وەکو خۆمان بێت، ئەوە پێویستمان بەکۆمەکی کەس نیە، وخۆمان لەحەقیان دێین)). باشە ئەو کات سەرەتای هاتنی ئیسلام بوو، وە ئەبو جەهل دودڵ بوو لە وەی کە ئایا موحەممەد ڕاست دەکات یان نا، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش دڵنیابوو لەوەی کەکەس شەڕی خودای پێناکرێت، کەچی ئەبو جەهلە بەناو ڕۆشنبیرەکانی ئەم سەردەمە سووریش دەزانن کە ئیسلام پەیامی خودایە کەچی هەر ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەڵام دڵنیابن لەوەی هەموو ئەبو جەهلەکان لەهەر سەردەمێکدا بن ولەگەڵ جیاوازی ئاستی ڕۆشنبیریشیان یەک چارەنووسیان هەیە. چونکە ئیسلام پەیامی خودایە وهەر ئەویش خاوەن وپارێزەرێتی.
ماوەیەکە دام ودەزگا دەمکوتکار وداپڵۆسێنەرەکانی دەسەڵاتی کوردی کەوتونەتە وێزەی مەلا ومزگەوت هەر ڕۆژە وبەبیانوویەکی جیاواز سوکایەتی بەپیرۆزیەکان وپێشەوایانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام دەکەن، من لەسەر ئەم باسە ئەم چەند تێبینیە دەخەمە ڕوو: ١- ئەم دەسەڵاتە دوو لەت بووەی حکومەتی کوردی بێ شەرمانە بووەەتە دەروێشی دوو ووڵاتی دراوسێ کە هەردووکیان ئیسلامین، وخوا هەڵناگرێ بێ ئەوان ناتوانن پەنجە بکەن بە ئاوا، ئەی خێرە ئاوا دەبنە دەروێش ودەستەمۆی ئیسلامیەکانی دەرەوە وکەچی لەناوخۆدا تا سەر ئێسقان دژایەتی ئیسلام وموسوڵمانان دەکەن. ٢- جوێندان بەئیسلام، وهەڵکوتانە سەر مزگەوت، وتەقەکردن بەسەر مەلا، وەسوکایەتی کردن بەڕیش، لەسەر گوتاری هەینی وکردنی قسەی حەق پێمان دەڵێت کە هێشتا کلتوری بەعسیزم باڵادەستە لم ووڵاتە وئازادی ڕادەربڕین ودیموکراتیەت درۆیەکی شاخدارە وتەنها بۆ گەوجاندنی خەڵکە. ٣- ئەم دەسەڵاتە ئەوەندە بێ شەرمە پێی وایە سەرڕای ئەو هەموو قەیران وشکستە یەک لەدوای یەکەی لەگشت بوراەکاندا، پێی وایە هێشتا دەبێت شاباش بکرێت لەمینبەرەکانەوە بەقەد وباڵایاندا هەڵبدرێت، ئاخر نازانم ئێوە چاوەڕێن لەبەری بیست وپێنج ساڵەی زوڵم وستەمتان چاوەڕێن چی بچننەوە؟!. ٤- ئەو هێزانەی بەم جۆرە کارە قێزەونانە هەڵدەستن ئەو ڕاستیە دووپاتدەکەنەوە کە ئەمانە هێزی نیشتیمانی نین وکوتەکی دەستی دەسەڵاتن بۆ سەرکوتکردن ودەمکوتکردنی خەڵکانی بەش مەینەت وچەوساوە وبەمەیش ئەوان دەکەونە بەرەی دژ بەمیللەت. ٥- ئەو مامۆستا بەڕێزانەی دەکەونە بەر ئەم شاڵاوە دڕندایەی دەسەڵات مژدەیان لێبێت کە لەدونیا مێژوویەکی زێڕین بۆ خۆیان وخانەوادەکانیان تۆمار دەکەن ودەیشی سەلمێنن کە میراتگری ڕاستەقینەی پێغەمبەرانن لەبەرەنگاربوونەوەی ستەم وبەرگریکردن لەمافی خەڵکی چەوساوە وبەشخوراو وئەمەیش ڕۆلی ڕاستەقینەی مزگەوت ومەلایە کە دەبوو لەمێژەوە پێی هەستایە. ٦- ئەرکی وەزارەتی ئەوقاف ویەکێتی زانایاننە کە لەسەر ئەو هەموو سووکایەتیە بێتە دەنگ، چونکە لە ڕووی ئیداریەوە مامۆستایانن سەر بەوانن وتەنها ئەوان مافی لێپێچینەوە کردنیان هەیە لەگەڵیان نەک خەڵکانی شەقاوە وچەقۆکێش ویاسا شکێن. ٧- ئەرکی جەماوەری موسوڵمان وهەموو تاکێکی کوردە کە بەرگری لەئاینەکەی وپێشەوایانی بکات وبەگژ ستەم ونادادپەروەریدا بچێتەوە وپارێزگاری لەپیرۆزیەکانی خۆی بکات، وئەمانەیش هەمووی مافی سەرەتایی هاووڵاتیبوونە لە هەموو کات ولەژێر سایەی هەر دەسەڵاتێکدا بێت. لەکۆتاییدا پێشیننان ڕاستیان گوتوە کەدەڵێن هەموو شت لەتەنکیدا دەپسێت، بەڵام ستەم لە ئەستوریدا دەپسێت.