سەردانیکەر: 397,085
ئیسلام دەرمانخانەیه: خۆشەویستان ئەم ئیسلامە وەک دەرمانخانەیەکی گەورە وایە، دەرمانی هەموو دەرد و چارەسەری هەموو نەخۆشییەک ووەڵامی هەموو پرسیارێکی تێدایە، بەڵآم دەبێت پزیشکانی پسپۆڕو شارەزا ولەسەر بنەمای زانستی ئەو دەرمانانە بەخەڵکی بدەن؛ ئەگەر نا ئەوە دەرمانەکان چەند باش و ناوازەش بن ئەگەر پزیشکانی شارەزا بەپێی پێویست و لەکات وشوێنی خۆیدا بەنەخۆشەکانی نەدەن ئەوە دەرمانەکان لەبری دەرمان دەبنە دەرد و لەبری چارەسەر دەبنە لەناوبەری نەخۆشەکان ولەوانەیش خراپتر دەبنە مایەی ناوزڕاندن و ناشیرین کردنی خودی کارگەو دەرمانەکان. ئیستا بەداخەوە زۆربەی زۆری ئەو بەناو پزیشکانەی بەناوی ئیسلامەوە دەرمان بەخەڵکی دەدەن خودی خۆیان شارەزاییەکی ئەوتۆیان لەبارەی دەرمانەکانەوە نییە و بەڕاست و چەپدا دەیبەخشنەوە و بوونەتە بەڵا بەسەر دەرمان و نەخۆشەکانیشەوە، ئێستا دەمی هەرکەس دەکەیتەوە خۆی پێ پسپۆڕ و شارەزای شەرعە و دەم لەکامە بابەت هەستیارە کەکوفر و ئیمانە وەردەدات و بەئارەزووی دڵی خۆی خەڵکانی موسوڵمانت بۆ پۆلێن دەکات وجگە لەخۆی وخەڵکانی چواردەوری نەبێت کەسی تری پێ موسوڵمان و ئەهلی باوەڕ نییە. پەرتوکی: تەکفیر لەنێوان بنەما شەرعییەکان و بیری هەڵگرانیدا پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح
لەكاتی ئەنجامدانی خواپەرستیدا: واتە نەك تەنها لەو كاتەی كە یاخی ئەبیت پێویستە ملكەچ بیت؛ بەڵكو لەو كاتەیش كە كاری پەرستش ئەنجام دەدەیت هەر پێویستە ملكەچ بیت؛ چونكە ئەو كەسەی كەڕێگەی خواناسی نیشان داوین، وهێز وتوانای خواناسی پێ بەخشیوین هەر خوای گەورە خۆیەتی؛ بۆیە پێویستە زۆر ئاگامان لەوە بێت كە خواناسی نیعمەتە وسوپاس گوزاری دەوێت نەک لوتبەرزی و لەخۆ بایی بوون.
خوای گەورە لە گەڵ پێغەمبەران و ڕاستگۆیان و پیاوچاکان و شەهیدان کۆت بکاتەوە مەردی مەیدانی بانگەواز، بەردەوامی و دامەزراویش بە ئێمە ببەخشێت تا ئەو کاتەی بەخزمەتتان دەگەینەوە.
ئەمڕۆ دۆزی ئافرەت قۆناغی داکۆکی کردنی لەماف تێپەڕاندوە و هەنگاو بەرەو ئایدیای مێگەرایەتی دەنێ، کە تێیدا ڕەگەزی مێ بەچەق و سەنتەر دادەنرێت بۆ سەرجەم ماف و دەستکەوتەکان وسەرجەم یاسا و ڕێساکان، لەو دیدەوە داڕشتنەوەی بۆ دەکرێت و پێکهاتەکانی تری خێزانی وەکو: منداڵ و هاوسەر وکۆمەڵگە دەبێت لە خولگەی بەرژەوەندییەکان و بەختەوەری ڕەگەزی مێدا بن، ئەم ئایدیایە لەئێستادا نوێترین و مەترسیدارترین ئایدیایە کە ڕۆژئاواییەکان بەتوندی و لەسەر ئاستی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پشتیوانی لێ دەکەن و بەزۆر و لەژێر فشاری داگیرکردن و برسیکردنی گەلانی جیهاندا هەوڵی چەسپاندنی دەدەن، مەترسی ئەم ئایدیایە لەوەدایە کەئاشتی و ئارامی خێزان تێک دەدات و سەرجەم پێکهاتەکانی بەیەکدا دەدات، ولەبری ڕێز و خۆشەویستی و تەواوکردنی یەکتر لەسەر بنەمای ململانێ و پەراوێزکردن و بەدێوەزمەکردنی یەکتر و پەنابردن بۆ دادگا و یاسا تاکەکان پەروەردە دەکات، ئەگەر چی ئایدیاکەی مارکس لەکۆندا چینی هەژاری بەگژ دەوڵەمەندا دەکرد و کۆمەڵگەی لەسەر بنەمای مادە دابەش دەکرد، ئەم ئایدیایە نوێیەی ڕۆژئاوا کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ڕەگەز دابەش دەکات و پێکهاتەو جەمسەرەکانی بەگژ یەکدا دەکات. ئەو هەموو کارو چالاکیانەیش کە تائێستا ڕێکخراوە مێگەراکان پێی هەستاون لە کوردوستان و دونیای دەرەوەشدا هەر لەڕوانگەی بەچەقکردنی ڕەگەزی مێینە و بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی ئەو بووە، لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی منداڵ و هاوسەر و سەرجەم پێکهاتەکانی تری خێزان، هەر کەسیش چاوێک بە یاسای باری کەسێتی هەموارکراو لەکوردوستان و یاسای توندوتیژی خێزانی بەرکارو هەوڵی هەموارکردنەوەی ئەم دواییەی بدات، ئەو ڕاستییەی بەزەقی بۆ دەردەکەوێت، بۆیە ئەم هەوڵەی بزوتنەوە مێگەراکان دوا هەوڵ نابێت بۆ تێکدانی شیرازەی خێزان، بەڵکو هەوڵەکانیان لەو پێناوەدا بەردەوام دەبێت وپێویستە زۆر بە ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا بکرێت و ڕێگە نەدرێت خەڵکانێکی دەروون نەخۆش و هەل پەرست یاری بەداهاتووی خێزان و چارەنووسی نەوەکانمان بکەن.
زۆربەی زۆری هەڵسوڕاوانی ڕێکخراوەکانی ژنان خەڵکانی دۆڕاو و شکستخواردون لەژیانی خۆیان وخێزانیدا وڕقن وداخ لەدڵن بەرامبەر بەپیاوان وکۆمەڵگە، جا چۆن چاوەڕوانی پڕۆژە یاسای سەرکەوتو لە خەڵکانی دۆڕاو وشکستخواردو دەکرێت.
سەیرە بۆچی ڕێکخراوەکانی ژنان وپیاوە ژنانییەکان بە هاوسەر وهاوسەرگیرییە شەرعییەکانەوە گرتویانە و دەیانەوێت بیشێوێنن ئەگەر ئەوان راست دەکەن و خۆتان بەدڵسۆزی ئافرەتان دەزانن بۆ داوای داخستنی سەنتەرەکانی مەساج و دیسکۆ و باڕو یانەکانی شەوانەو ئەو شوێنانە ناکەن کەبەئاشکرا کاری بەدڕەوشتی تێدا دەکرێت و جەستەی ئافرەتی تێدا بەکاڵا دەکرێت؟ سەیرە بۆ لەوەتەی ئێوە پەیدا بوون وەک ڤایرۆسێکی کوشندە کێشەکانی ژنان وخێزان هەر لە دیاردەی ناپاکی هاوسەرگیری و ژن کوشتن و جیابوونەوە و توندوتیژی خێزانی و لەشفرۆشی ڕوو لە هەڵایسان و زیادبوونە؟ بۆچی ئێوە وەک بایەقوش لەهەرچی و لەهەرکوێ بخوێنن دەیشێوێنن ووێرانی دەکەن؟!!. پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح
ئێمە لە هەر جێگەو پێگەیەك بین، هەر كەسایەتی وكارێكمان هەبێت، لەهەر ئاست وقۆناغێكی بانگەوازدا بین، پێویستە لەئەزموونی ژیان و بزاوتن و كەسایەتی ئەو پێغەمبەرە مەزنە بەهرە مەند بین، تا لە هەموو گوفتار و ڕەفتارێكدا وەك ئەو مامەڵە بكەین، دەبێت خوێندنەوەمان بۆ ژیانی بمانگەیەنێت بە خۆشەویستی خۆی و یارانی و لەو خۆشەویستیەیش بەچاوی پەرستش بڕوانین. دەبێت وا خوێندنەوە بۆ ژیانی بكەین كە گشت ڕوداوەكانی تازەن و پەند و ئامۆژگارییان لێوە فێر ببین، دەبێت وەك ژیانی نزیكترین كەسی خۆمان سەیری بكەین و بەرگری لێ بكەین، دەبێت لەوە تێبگەین كە ئەو زاتە كەسێكی بلیمەت و فەیلەسوف نەبووە بەڵكو پێغەمبەر ﷺ و فروستادەی خوا بووە بەهەرچی ئەو نازناوە مەزنە هەڵی دەگرێت و شایەنییەتی. کتێبی ئوحود وێستگەو وانەکان،ل۷ پڕۆفیسۆر خالید موحەممد ساڵح
ترۆپکی گەندەڵی ئەوەیە کەسێک بکەیتە بەڕێوبەری دەزگایەکی ئاینی پیرۆز و سەرپەرشتیار و ئاراستەکاری مەلا و مزگەوت کە هیچ ئاگاییەکی لە زانستی شەرعی و ئادابی مزگەوت و حوکمی بانگ و نوێژ و قامەت نەبێت وتەنانەت لەخودی خۆیدا پابەندی پەیامەکانی دەزگاکەی خۆی نەبێت. پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح
دووڕوویی (النفاق) یەکێکی تر لە کردەوە هەستیارەکانی دڵ دووڕوویی و گومان و نیفاقە، ئەم کردەوەیەش تەواو پێچەوانەی کردەوەی پێشووەو هەرکات باوەڕ دامەزراو نەبوو ئەو کات دووڕوویی و گومان جێگەی دەگرێتەوە. لێرەدا و لەبەر گرنگیی ئەم باسە هەندێک لەسەر وردەکارییەکانی هەڵوێستە دەکەین و دەدوێین؛ تا بڕواداران لێی بەئاگا بن. سەرەتایش لە پێناسەکەیەوە دەست پێ دەکەین: یەکەم: پێناسەی دووڕوویی (النفاق): زانایان لەبارەی پێناسەی وشەی (نفاق) لە ڕووی زمانەوانییەوە چەند بۆچوونێکیان هەیە لەوانە: - هەندێک پێیان وایە وشەی نیفاق لە (نفق)ە وە وەرگیراوە و هەرکەسێک لە جێگەیەکی شاراوەدا کارێک بکات، یان خۆی تێدا بشارێتەوە، بەو جێگەیە دەگوترێت (نفق)؛ چونکە مرۆڤی دووڕوویش بێباوەڕییەکەی دەشارێتەوە، بۆیە پێی دەگوترێت: (منافق) دووڕوو. - هەندێکی تر دەڵێن: وشەی (نیفاق) لە ئاژەڵێکەوە وەرگیراوە کە بەزمانی عەرەبی پێی دەگوترێت: (یربوع)، ئەم ئاژەڵە چەند کونێک لە زەوی دەکات، کە هەست بە مەترسیی دەکات لە یەکێک لەم کونانەوە دەچێتە ناوەوە کە پێی دەگوترێت: (قاصعاء) و لە کونێکی ترەوە سەر دەردەهێنێت کە پێی دەگوترێت: (نافقاء). دووڕووەکانیش لە لایەکەوە دێنە بازنەی باوەڕەوە و لەلایەکی ترەوە لێی دەردەچن، جارێک وەک باوەڕدار خۆیان وێنا دەکەن جارێکیش وەک بێ باوەڕ. - هەندێکی تر دەڵێن ئەم ئاژەڵە ژێری زەوییەکە تەواو دەکۆڵێت و بنی بۆش دەکاش، بەڵام ڕوو پۆشی زەوییەکە دەهێڵێتەوە، کە ڕو پۆشی زەوییەکە دەبینیت هەست دەکەیت بەوەی زەوییەکی پتەوە، بەڵام وا نییەو بنی بەتاڵە، باوەڕی دووڕووەکانیش هەر وایە، کە بەڕووکەش سەیریان دەکەیت زۆر تۆکمە دەردەکەون، بەڵام باوەڕەکەیان بەرگەی هیچ ناگرێت و بچووکترین شتی بەرکەوێت دادەتەپێت و هەرەس دەهێنێت، هەر بۆیە پێیان دەگوترێت (منافق)( تاج العروس من جواهر القاموس:ج۲٦). لە ڕووی زاراوەشەوە زانایان لەبارەی پێناسەی (نفاق) دەڵێن: بریتییە لەوەی بەشێوەیەک لای خەڵکی خۆت دەربخەیت، بەڵام لە ڕاستی و لە ناختدا وانەبیت. پەرتووکی کردەوەکانی دڵ،ل۱۱٥ پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح
ئامڕازەکانی خۆڕاگری و دامەزراوی مرۆڤەکان: ۱۱- ئەو نەهامەتییە هەر دەبوو بهاتایە و ببوایە و خۆ دەربازکردن لێی مەحاڵ بوو، پێشەوا عەلی لە گوتەیەکیدا لەبارەی مردن دەفەرمووێت: (هەرگیز لە مردن نەترساوم؛ چونکە کاتی تەمەن و ڕۆژی مردنم دیاریکراوە و دەزانم ئەو ڕۆژەی کاتی مردنم دێت دەربازبوون لێی مەحاڵە، ئەو ڕۆژەش کە کاتی مردنم نییە مردن تێیدا مەحاڵە). بۆیە هەرگیز لێی نەترساوم. بۆیە با نەڵێین ئەگەر وامان بکردایە وا دەبوو، یان وامان نەکردایە وا نەدەبوو، یان بریا وام بکردایە، یان وام بگوتایە، یان نەمکردایە و نەمگوتایە؛ چونکە ئەو جۆرە بیرکردنەوانە ئازاری نەهامەتییەکان زیاد دەکەن و کێشەی دوودڵی و وەسوەسە درووست دەکەن و باوەڕیش بە قەزا و قەدەر لاواز دەکەن، پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: {وَإِنْ أَصَابَكَ شَىْءٌ فَلاَ تَقُلْ لَوْ أَنِّى فَعَلْتُ كَانَ كَذَا وَكَذَا. وَلَكِنْ قُلْ قَدَرُ اللَّهِ وَمَا شَاءَ فَعَلَ فَإِنَّ لَوْ تَفْتَحُ عَمَلَ الشَّيْطَانِ}(صحیح مسلیم:ج٤،ص۲۰٥۲). واتە: ئەگەر شتێکت بەسەر هات مەڵێ ئەگەر وام بکردایە ئاوا و ئاوا دەبوو، بەڵکو بڵێ: ویستی خوای لەسەر بووە، خوایش هەرچی بوێت، ئەوە دەبێت؛ وشەی (ئەگەر) دەرگای شەیتان لەسەر مرۆڤەکان دەکاتەوە. ئەمانە کۆمەڵێک خاڵن دەبێت زۆر بەوریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکەین و هەوڵ بدەین، هەمیشە لەبیرمان بن؛ چونکە پێم وایە زۆرێک لە ئازاری خەم و نەهامەتییەکانمان کەم دەکەنەوە و ئاسوودەییەکی زۆری دەروونیمان پێ دەبەخشن. پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح کتێبی کردەوەکانی دڵ:ل۱۱۱
ئامڕازەکانی خۆڕاگری و دامەزراوی مرۆڤەکان: سەرەڕای ئەوەی کە ناخۆشییەکان ئەو هەموو سوودەشیان هەیە، ناکرێت تاڵی ئازارەکانیشیان فەرامۆش بکرێت، بۆیە کۆمەڵێک کار هەن، دەکرێت مرۆڤی باوەڕدار پەنایان پێ ببات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئازارو تاڵی ناخۆشییەکان لەوانە: أ- نزاو پاڕانەوە: پێغەمبەری خواﷺلە فەرموودەیەکیدا دەفەرموێت: {لَا يَرُدُّ الْقَدَرَ إِلَّا الدُّعَاءُ}( مسند الامام احمد:ص۲۸۰،ج٥). واتە: جگە لە نزا و پاڕانەوە هیچ شتێک قەدەر گل ناداتەوە. بۆیە ئەگەر مرۆڤ لە ڕوودانی ڕووداوێک دەترسا، یان ڕووداوەکە ڕووی دا بوو، کاریگەرییەکانی زۆر قورس بوو لەسەری با زۆر بپاڕێتەوە، بەڵکو خوای گەورە بەزەیی پێیدا دێتەوە و لەسەری لادەبات، یان بۆی قەرەبوو دەکاتەوە و شوێنەکەی بۆ پڕ دەکاتەوە، ئومموسەلەمەی دایکی بڕواداران دەڵێت: گوێم لێ بوو پێغەمبەری خواﷺ دەیفەرموو: {مَا مِنْ مُسْلِمٍ تُصِيبُهُ مُصِيبَةٌ فَيَقُولُ مَا أَمَرَهُ اللَّهُ: إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ اللَّهُمَّ أْجُرْنِى فِى مُصِيبَتِى وَأَخْلِفْ لِى خَيْرًا مِنْهَا. إِلاَّ أَخْلَفَ اللَّهُ لَهُ خَيْرًا مِنْهَا}( صحیح مسلیم:ج۲،ص٦۳). واتە: هەر موسڵمانێک تووشی بەڵا و ناڕەحەتییەک بێت و ئەوە بڵێت کە خوای گەورە فەرمانی پێ کردووە: ئێمە موڵکی خواین و هەر بۆلای ئەویش دەگەڕێینەوە، خوایە گیان پاداشتی ئەم نەهامەتی و ناڕەحەتییەم بدەیتەوە و شوێنەکەیم بە باشتر بۆ پڕبکەیتەوە، ئیللا خوای گەورە قەرەبووی نەهامەتییەکەی بەباشتر بۆ دەکاتەوە. ئوممو سەلەمە دەفەرموێت: کاتێک ئەبو سەلەمەی هاوسەرم کۆچی دوایی کرد، من زۆر ناڕەحەت و خەمبار بووم و لە دڵی خۆمدا دەمگوت: دەبێت کێ لە هاوسەرەکەی خۆم باشتر بێت، تا خوا بۆمی قەرەبوو بکاتەوە، دەڵێت: کات هات و ڕۆیشت دواتر بوومە خێزانی پێغەمبەرﷺ و ئەوکات بەهای ئەو نزایەم بۆ دەرکەوت و زانیم چ کاریگەرییەکی هەیە. بۆیە نابێت مرۆڤی باوەڕدار لە کاتی ناخۆشی و نەهامەتیدا چۆک دابدات و دەستەو ئەژنۆ دابنیشێت، بەڵکو با پەنا بۆ خوای گەورە ببات و چی هەیە لەوی داوا بکات؛ چونکە هیچ شت بەبێ ویستی ئەو ناکرێت و هیچ شتێکیش لە توانا و دەسەڵاتی ئەو بەدەر نییە، دڵنیایش بێت لەوەی کە خوای گەورە نزاکانی وەردەگرێت و بەشێوەیەک لەشێوەکان بەدەم داواکانییەوە دێت. ب- نوێژکردن: کەسێک تووشی ناخۆشییەک دەبێت با زۆر نوێژ بکات؛ چونکە نوێژ پەیوەندیی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ خوای گەورە، بەدلنیاییەوە ئەو خۆڕادەستکردن و ملکەچی و چەمانەوە و کڕنووشبردنە بۆ خوای گەورە، واتای زۆر گەورەی هەیە، بۆیە خوای گەورە ئامۆژگاریمان دەکات لە کاتی ناخۆشیدا پەنای بۆ بەرین و دەفەرموێت: [وَاسْتَعِينُواْ بِالصَّبْرِ وَالصَّلاَةِ]( سورة البقرة:آیة٤٥). واتە: لە کاتی ناخۆشیدا پەنا بەر ئارامگری و نوێژکردن بەرن و خوای گەورە یارو یاوەری ئارامگرانە. دیارە لەژێر ڕۆشنایی ئەم ئایەتەدا بووە، کە هاوەڵان بۆمان دەگێڕنەوەو دەفەرموون: {كان إِذَا حَزَبَهُ أَمْرٌ صَلَّى}( السیوطی،الفتح الكبیر فی ضم الزیادة الی جامع الصغیر:ج۲،ص۳۳۰). واتە: هەرکات پێغەمبەری خوا ﷺ ڕووبەڕووی کارێک، یان شتێکی قورس و ناڕەحەت ببوایەتەوە پەنای بۆ نوێژکردن دەبرد. ت- بەخشین و چاکە کردن لەگەڵ هەژاراندا: پێغەمبەری خوا ﷺلە فەرموودەیەکیدا دەفەرموێت: {دَاوُوا مَرْضَاكُمْ بِالصَّدَقَةِ}(البیهقی:السنن الكبری،ج۳،ص۳۳۰ ). واتە: بە بەخشین و چاکە کردن لەگەڵ هەژاراندا چارەسەری نەخۆشەکانتان بکەن. ث- قورئان خوێندن: خوای گەورە لەبارەی یەکێک لە سوودەکانی قورئانەکەی خۆی دەفەرموێت: [ونُنَزِّلُ مِنَ الْقُرْآنِ مَا هُوَ شِفَاء وَرَحْمَةٌ لِّلْمُؤْمِنِينَ](سورة الٳسراء:۸۲ ). واتە: لە قورئاندا ئایەتانێکمان دابەزاندووە کەچارەسەر و بەزەیی و بەخششن بۆ باوەڕداران. کەواتە: قورئان خوێندیش یەکێکی ترە لە چاکەکانی مرۆڤی باوەڕدار، کە دەکرێت لە کاتی ناخۆشییەکاندا پەنای بۆ ببات؛ تا ئازارەکانی سووک بکات. کتێبی کردەوەکانی دڵ:ل۱۱۳ پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح
ئامڕازەکانی خۆڕاگری و دامەزراوی مرۆڤەکان: ۱۰- هەر ناخۆشییەک بەسەرمان دێت، ویستی خوای لەسەرە و هیچ شتێک بێ ویستی ئەو ناکرێت، پێغەمبەری خواﷺ لە فەرموودەیەکیدا دەفەرموێت: {وَاعْلَمْ أنَّ الأُمَّةَ لَوِ اجْتَمَعَتْ على أنْ يَنْفَعُوكَ بِشَيْءٍ لَمْ يَنْفَعُوكَ إِلاَّ بِشَيْءٍ قَدْ كَتَبَهُ اللَّهُ لَكَ، وَإِنِ اجْتَمَعُوا على أنْ يَضُرُوكَ بِشَيْءٍ لَمْ يَضُرُوكَ إِلا بِشَيءٍ قد كَتَبَهُ اللَّهُ عَلَيْكَ}( صحیح مسلیم:ج٤،ص۲۰٥۲). واتە: بزانە ئەگەر هەموو ئەو ئوممەتە کۆ بێتەوە لەسەر ئەوەی سوودێکت پێ بگەیەنن، ناتوانن پێتی بگەیەنن، ئەگەر خوای گەورە بۆی نەنووسیبیت، ئەگەریش کۆ ببنەوە لەسەر ئەوەی زیانێکت پێ بگەیەنن، ناتوانن پێتی بگەیەنن، ئەگەر خوای گەورە لەسەری نووسیبیت. کەواتە: هەموو خۆشی و ناخۆشییەک کە تووشمان دێت، ویستی خوای لەسەرە و پێویستە ئێمەش بە ویستەکانی ئەو ڕازی و سوپاسگوزار بین هەرچی و هەرچۆن بێت؛ چونکە وەکو گوتمان ئێمە لەبەر خودی خۆی کە شایەنی هەموو گەورەییەکە دەیپەرستین، نەک لەبەر بەخششەکانی و ئەو بەڵایەش بەدڵنیاییەوە بەشێک لە بەخششەکانی بردووە، نەک هەمووی. کتێبی کردەوەکانی دڵ:ل۱۱۱ پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح