بەڵاو ناخۆشییەکان زلەی میهرەبانیی خوای گەورەن و مەبەست لێیان بەئاگاهێنانەوەی بەندەکانە بۆ بەخۆداچوونەوە و گەڕانەوە لە دونیا بەر لە لێپرسینەوە و سزای قیامەت

بەڵاو ناخۆشییەکان زلەی میهرەبانیی خوای گەورەن و مەبەست لێیان بەئاگاهێنانەوەی بەندەکانە بۆ بەخۆداچوونەوە و گەڕانەوە لە دونیا بەر لە لێپرسینەوە و سزای قیامەت
ئامانجەکانی تاقیکردنەوەی مرۆڤەکان 6- بەڵاو ناخۆشییەکان زلەی میهرەبانیی خوای گەورەن و مەبەست لێیان بەئاگاهێنانەوەی بەندەکانە بۆ بەخۆداچوونەوە و گەڕانەوە لە دونیا بەر لە لێپرسینەوە و سزای قیامەت. خوای پەروەردگار لەبارەی ئەم خاڵە دەفەرموێت: {وَلَنُذِيقَنهُم منَ العَذَابِ الأدنَى دُونَ العَذَابِ الأكبَرِ لَعَلهُم يَرجِعُونَ}(سورة السجدة،آیة۲۱ ). واتە: ئێمە بەر لەسزا سەخت و گەورەکەی قیامەت لە دونیا، هەندێک جار سزا و ناخۆشییان بەسەردا دەهێنین؛ تا پەشیمان ببنەوەو بگەڕێنەوە بۆ لای خوا. لەم سۆنگەیەوە کاتێک ئاوڕ لە ژیانی پێغەمبەرﷺ و ڕووداوەکانی دەدەینەوە، ئەم خاڵە بەڕوونی هەست پێ دەکەین، بۆ نموونە: کاتێک هاوەڵانی هەڵەیەکیان کردبێت، خوای گەورە نەیهێشتووە بەسەریاندا تێپەڕبێت و یەکسەر ئاگاداری کردوونەتەوە، ئەوەتا لە غەزای ئوحوددا، کاتێک هەندێک لە تیرهاوێژەکان سەرپێچی فەرمانەکەی پێغەمبەر ﷺدەکەن و شوێنەکانیان چۆڵ دەکەن، خوای گەورە یەکسەر دەرەنجامی شەڕەکە لە سەرکەوتنەوە دەگۆڕێت بۆ شکست و باجەکەشی زۆر بەسەختی دەدەن و (70) لە هاوەڵە بەڕێزەکانی شەهید دەبن. خۆ دەکرا خوای گەورە سەرەڕای سەرپێچیکردنەکەشیان، هەر سەرکەوتنی پێ ببەخشینایە، بەڵام ئەوە ڕێخۆشکەر دەبوو، بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەو جۆرە هەڵانە، بۆیە خوای گەورە لێیان قەبووڵ ناکات و یەکسەر باجی هەڵەکەیان پێ دەدات؛ تا جارێکی تر دووبارەی نەکەنەوە و لە قورئانیشدا و لە نزیکەی (60) ئایەتدا وردەکارییەکانی شەڕەکە تۆمار دەکات، هەتا نەک تەنها بۆ ئەوان، بەڵکو تا قیامەت بۆ هەموو نەوەکان بێتە پەند و پابەند بن بەفەرمانەکانی پێغەمبەرەوەﷺو بەموو لێی لانەدەن، ئەگینا خوای گەورە سزای سەختیان دەدات. ڕووداوێکی تر کە دەکرێت لەم ڕووەوە سوودی لێ ببینرێت غەزای حونەین بوو، کە تێیدا ژمارەی موسڵمانان نزیکەی (12000) کەس بوون و ئەم ژمارە زۆرەیش جۆرێک لە لووتبەرزی لای هەندێک لە هاوەڵان درووستکرد و کە ژمارەیان نەدەگەشتە (15) کەس و گوتیان: (ئەمڕۆ بەم ژمارە زۆرەوە نابەزین). ئەوەبوو خوای گەورە بەهەمان شێوەی ئوحود، بەسەختی دەرسی دادان و ئەگەر لوتفی خوا نەبوایە، تووشی گەورەترین شکستی سەربازی دەهاتن، دواتر خوای گەورە هات بەهانایانە و سەری خستن، بەڵام پاش ئەوەی باجی هەڵوێستی هەڵەی خۆیان دا. خوای گەورە هاوشێوەی ئوحود ڕووداوەکانی حونەینیشمان لە قورئاندا بۆ تۆمار دەکات و باسی پەند و وانەکانیمان بۆ دەکات. جا با لێرەدا هەڵوێستەیەک بکەین و بەراوردێک لەنێوان حاڵەتی دینداری خۆمان و ئەواندا بکەین. ئەوان هاوەڵی پێغەمبەری خوا بوون و پێغەمبەرﷺ بە جەستە لەو ئەزموونانەدا لەگەڵیان بووە. ئەوان کە خوای گەورە هەڵی بژاردوون بۆ هاوەڵیکردنی پێغەمبەرەکەی و لە چەندان شوێندا شایەتی پاکی و چاکی و دڵسۆزی بۆ داون. ئەوان کە هەموو ژیانیان خستبوە پێناو سەرخستنی دینی خواوە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، خوای گەورە لەسەر بچووکترین هەڵە کە کەمینەیەکی زۆر کەمیش کردبێتیان، سزای داون و سەرکەوتنی پێ نەداون. ئەی ئێستا و بەم پێوەرانە، دەبێت حاڵی ئێمە چۆن بێت؟! ئێمە تا چەند پابەندین بە فەرمانەکانی خواو پێغەمبەرەوەﷺ؛ تا لەڕوومان بێت داوای سەرکەوتنی لێ بکەین؟! پێم وایە لوتفی خوا لەگەڵمان زۆرە، ئەگەر نا دەبوو نەک هەر شکست، بەڵک و تەفروتوونا بووینانە و شوێنەواریشمان هەر نەمایە؛ چونکە ئێمە، نەک خزمەتمان بەدینی خوا پێ نەکراوە، بەڵکو زۆر کات هەڵسوکەوت و هەڵوێستەکانی ئێمە، بووەتە لەکە و بەهۆیانەوە خەڵکی لە دینی خوا تۆراوە. ئەوە ئێمە کە بە ناخێری گیانمان خۆمان بە ئیسلامی لەقەڵەم داوە و خۆمان بەشوێنکەوتەی پێغەمبەرﷺ دەزانین و لاف وگەزافی سەلەفییەت لێ دەدەین، ئەگینا خەڵکانی تر ئەوە لەم جۆرە شوێنانەدا هەر جێی باس نین، هەموو گەڕانەونەتەوە سەر نەریتەکانی نەفامی سەردەمانی زوو، هەر یەکە بتێکی بۆ خۆی تاشیوە لە خۆی کردووەتە خوا و شەوو ڕۆژی خستۆتە سەر یەک لە پێناو پیاهەڵدان و خزمەتکردنیدا. کتێبی کردەوەکانی دڵ،ل٩٩-١٠٠ پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح