ئامڕازەکانی خۆڕاگری لەبەر دەم تاقیکردنەوەکانی خوای گەورەدا

ئامڕازەکانی خۆڕاگری لەبەر دەم تاقیکردنەوەکانی خوای گەورەدا
ئامڕازەکانی خۆڕاگری و دامەزراوی مرۆڤەکان: سەرەڕای ئەوەی کە ناخۆشییەکان ئەو هەموو سوودەشیان هەیە، ناکرێت تاڵی ئازارەکانیشیان فەرامۆش بکرێت، بۆیە کۆمەڵێک کار هەن، دەکرێت مرۆڤی باوەڕدار پەنایان پێ ببات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئازارو تاڵی ناخۆشییەکان لەوانە: أ- نزاو پاڕانەوە: پێغەمبەری خواﷺلە فەرموودەیەکیدا دەفەرموێت: {لَا يَرُدُّ الْقَدَرَ إِلَّا الدُّعَاءُ}( مسند الامام احمد:ص۲۸۰،ج٥). واتە: جگە لە نزا و پاڕانەوە هیچ شتێک قەدەر گل ناداتەوە. بۆیە ئەگەر مرۆڤ لە ڕوودانی ڕووداوێک دەترسا، یان ڕووداوەکە ڕووی دا بوو، کاریگەرییەکانی زۆر قورس بوو لەسەری با زۆر بپاڕێتەوە، بەڵکو خوای گەورە بەزەیی پێیدا دێتەوە و لەسەری لادەبات، یان بۆی قەرەبوو دەکاتەوە و شوێنەکەی بۆ پڕ دەکاتەوە، ئومموسەلەمەی دایکی بڕواداران دەڵێت: گوێم لێ بوو پێغەمبەری خواﷺ دەیفەرموو: {مَا مِنْ مُسْلِمٍ تُصِيبُهُ مُصِيبَةٌ فَيَقُولُ مَا أَمَرَهُ اللَّهُ: إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ اللَّهُمَّ أْجُرْنِى فِى مُصِيبَتِى وَأَخْلِفْ لِى خَيْرًا مِنْهَا. إِلاَّ أَخْلَفَ اللَّهُ لَهُ خَيْرًا مِنْهَا}( صحیح مسلیم:ج۲،ص٦۳). واتە: هەر موسڵمانێک تووشی بەڵا و ناڕەحەتییەک بێت و ئەوە بڵێت کە خوای گەورە فەرمانی پێ کردووە: ئێمە موڵکی خواین و هەر بۆلای ئەویش دەگەڕێینەوە، خوایە گیان پاداشتی ئەم نەهامەتی و ناڕەحەتییەم بدەیتەوە و شوێنەکەیم بە باشتر بۆ پڕبکەیتەوە، ئیللا خوای گەورە قەرەبووی نەهامەتییەکەی بەباشتر بۆ دەکاتەوە. ئوممو سەلەمە دەفەرموێت: کاتێک ئەبو سەلەمەی هاوسەرم کۆچی دوایی کرد، من زۆر ناڕەحەت و خەمبار بووم و لە دڵی خۆمدا دەمگوت: دەبێت کێ لە هاوسەرەکەی خۆم باشتر بێت، تا خوا بۆمی قەرەبوو بکاتەوە، دەڵێت: کات هات و ڕۆیشت دواتر بوومە خێزانی پێغەمبەرﷺ و ئەوکات بەهای ئەو نزایەم بۆ دەرکەوت و زانیم چ کاریگەرییەکی هەیە. بۆیە نابێت مرۆڤی باوەڕدار لە کاتی ناخۆشی و نەهامەتیدا چۆک دابدات و دەستەو ئەژنۆ دابنیشێت، بەڵکو با پەنا بۆ خوای گەورە ببات و چی هەیە لەوی داوا بکات؛ چونکە هیچ شت بەبێ ویستی ئەو ناکرێت و هیچ شتێکیش لە توانا و دەسەڵاتی ئەو بەدەر نییە، دڵنیایش بێت لەوەی کە خوای گەورە نزاکانی وەردەگرێت و بەشێوەیەک لەشێوەکان بەدەم داواکانییەوە دێت. ب- نوێژکردن: کەسێک تووشی ناخۆشییەک دەبێت با زۆر نوێژ بکات؛ چونکە نوێژ پەیوەندیی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ خوای گەورە، بەدلنیاییەوە ئەو خۆڕادەستکردن و ملکەچی و چەمانەوە و کڕنووشبردنە بۆ خوای گەورە، واتای زۆر گەورەی هەیە، بۆیە خوای گەورە ئامۆژگاریمان دەکات لە کاتی ناخۆشیدا پەنای بۆ بەرین و دەفەرموێت: [وَاسْتَعِينُواْ بِالصَّبْرِ وَالصَّلاَةِ]( سورة البقرة:آیة٤٥). واتە: لە کاتی ناخۆشیدا پەنا بەر ئارامگری و نوێژکردن بەرن و خوای گەورە یارو یاوەری ئارامگرانە. دیارە لەژێر ڕۆشنایی ئەم ئایەتەدا بووە، کە هاوەڵان بۆمان دەگێڕنەوەو دەفەرموون: {كان إِذَا حَزَبَهُ أَمْرٌ صَلَّى}( السیوطی،الفتح الكبیر فی ضم الزیادة الی جامع الصغیر:ج۲،ص۳۳۰). واتە: هەرکات پێغەمبەری خوا ﷺ ڕووبەڕووی کارێک، یان شتێکی قورس و ناڕەحەت ببوایەتەوە پەنای بۆ نوێژکردن دەبرد. ت- بەخشین و چاکە کردن لەگەڵ هەژاراندا: پێغەمبەری خوا ﷺلە فەرموودەیەکیدا دەفەرموێت: {دَاوُوا مَرْضَاكُمْ بِالصَّدَقَةِ}(البیهقی:السنن الكبری،ج۳،ص۳۳۰ ). واتە: بە بەخشین و چاکە کردن لەگەڵ هەژاراندا چارەسەری نەخۆشەکانتان بکەن. ث- قورئان خوێندن: خوای گەورە لەبارەی یەکێک لە سوودەکانی قورئانەکەی خۆی دەفەرموێت: [ونُنَزِّلُ مِنَ الْقُرْآنِ مَا هُوَ شِفَاء وَرَحْمَةٌ لِّلْمُؤْمِنِينَ](سورة الٳسراء:۸۲ ). واتە: لە قورئاندا ئایەتانێکمان دابەزاندووە کەچارەسەر و بەزەیی و بەخششن بۆ باوەڕداران. کەواتە: قورئان خوێندیش یەکێکی ترە لە چاکەکانی مرۆڤی باوەڕدار، کە دەکرێت لە کاتی ناخۆشییەکاندا پەنای بۆ ببات؛ تا ئازارەکانی سووک بکات. کتێبی کردەوەکانی دڵ:ل۱۱۳ پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح