سەردانیکەر: 321,001
یادکردنەوەی مەولود وەک بۆنەیەکی ئاینی وقۆستنەوەی وەک هەلێک بۆ زیندوکردنەوە و بەر زڕاگرتنی سوننەتەکانی پێغەمبەری پێشەوامانﷺ وتیشک خستنە سەر ژیانی پڕ لە فەڕی ئەو زاتە مەزنە و خزمەتە بێ وێنەکانی بە رامبەر بە مرۆڤایەتی و تێڕامانی وەک وێستگەیەک بۆ بەخۆداچوونەوە ونوێکردنەوەی پەیامی شوێنکەوتن و وەفاداری بۆ ڕێبازە پڕ شکۆ و میهرەبانییەکەی وهەڵوێستە لەسەرکردنی وەک وێستگەیەک بۆ بەرپەرچدانەوە و ڕەواندنەوەی ئەو گومانانەی لەسەری دروست دەکرێت کارێکی شەرعی و ڕێگە پێدراوە، بەڵام سەیرکردنی ئاو یادە بەچاوی پەرستش یان ناوزەندکردنی بەجەژن و کورت هەڵهێنانی یادەکە لەسازدانی خوان و بانگهێشێتکردنی خەڵکانێکی دەوڵەمەند ودەست ڕۆیشتو و وەک ئامڕازێک بۆ خۆ دەرخستن وناوبانگ پەیدا کردن وخوێندنەوەی چەند پەخشان وهۆنراوە وپیاهەڵدانێک بێ تێگەیشتن لەواتاو مەبەستەکانیان کارێکی ناشەرعی ونابەجێیە وپێچەوانەی سوننەتەکانی سەروەرمانە.
چۆن لەژیانی سەروەرو پێشەوامان بڕوانین؟ ژیانی پێغەمبەری ئیسلامﷺ لە هەموو ڕویەكەوە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە بۆ ئێمەی بڕوادار، چ وەك پێغەمبەرﷺ و یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی باوەڕ و خواناسی، چ وەک یاسادانەر و جێبەجێکارێکی نموونەیی چەمکەکانی ئیسلام، چ وەك پێشەوا و سەركردەی بێ ڕكابەری قوتابخانەی ژیان. بۆیە پێویستە لە ورد و درشتی (23) ساڵ تەمەنی پڕ لەفەڕی ئەو سەركردە مەزنە تەواو شارەزابین، ئەو تەمەنەی كەلەژێر چاودێری وردی خوای گەورەدا دەگوزەرا و گشت چركە ساتێکی ئاوێتە و ڕەنگدانەوەی دەقێکی قورئانی بوو، یانیش دەقەکە ڕەنگدانەوەی گوزەرانی چرکە ساتەکانی ئەو مێژووە مەزن و پڕ لەسەروەرییە بوو، وە جبریلی ئەمین پردی پتەوی ئەو پەیوەندییە بەردەوام و تەواو تێکسمڕاوە بوو، بەشێوەیەك كە زەوی بەدرێژایی تەمەنی سیازدە بلیۆن ساڵی خۆی قۆناغێك لەوقۆناغە پیرۆز تر و پڕ فەڕ تری بەخۆیەوە نەبینیوە. گرنگە ئێمە لەقۆناغی [اقْرَأْ]( سورة العلق:آیة۱ ). هەتا [الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ](سورة المائدة:آیة۳ ). شارەزا بین، لە سەرەتاكانی سەرهەڵدانی ئاینی نوێ و (13) ساڵی کارکردنی بەردەوامی قۆناغی مەككە پەند وەرگرین، لە دڵسۆزی و خۆڕاگری و پێداگری و لێبڕاوی شوێنکەوتوانی فێر بین، لە دڵڕەقی و پلانگێڕی و شەڕەنێزی نەیارانی بەئاگا بین، لەحیكمەتی هەڵكردن و بەردەوامی گەشەكردن ڕابمێنین. لە (10) ساڵی دەسەڵآتی مەدینە و قۆناغی داڕشتنی بنەماکانی بەدەوڵەت بوون و پاراستنی دەستکەوتەکان بەهرەمەند بین. ئەمانە هەمووی هێندەی دەقەکان خاڵی گرنگو بنەڕەتین بۆ تێگەیشتن لە ئیسلام و چەمکەکانی کاری خواناسی و بانگخوازی.
ئیسلام دەرمانخانەیه: خۆشەویستان ئەم ئیسلامە وەک دەرمانخانەیەکی گەورە وایە، دەرمانی هەموو دەرد و چارەسەری هەموو نەخۆشییەک ووەڵامی هەموو پرسیارێکی تێدایە، بەڵآم دەبێت پزیشکانی پسپۆڕو شارەزا ولەسەر بنەمای زانستی ئەو دەرمانانە بەخەڵکی بدەن؛ ئەگەر نا ئەوە دەرمانەکان چەند باش و ناوازەش بن ئەگەر پزیشکانی شارەزا بەپێی پێویست و لەکات وشوێنی خۆیدا بەنەخۆشەکانی نەدەن ئەوە دەرمانەکان لەبری دەرمان دەبنە دەرد و لەبری چارەسەر دەبنە لەناوبەری نەخۆشەکان ولەوانەیش خراپتر دەبنە مایەی ناوزڕاندن و ناشیرین کردنی خودی کارگەو دەرمانەکان. ئیستا بەداخەوە زۆربەی زۆری ئەو بەناو پزیشکانەی بەناوی ئیسلامەوە دەرمان بەخەڵکی دەدەن خودی خۆیان شارەزاییەکی ئەوتۆیان لەبارەی دەرمانەکانەوە نییە و بەڕاست و چەپدا دەیبەخشنەوە و بوونەتە بەڵا بەسەر دەرمان و نەخۆشەکانیشەوە، ئێستا دەمی هەرکەس دەکەیتەوە خۆی پێ پسپۆڕ و شارەزای شەرعە و دەم لەکامە بابەت هەستیارە کەکوفر و ئیمانە وەردەدات و بەئارەزووی دڵی خۆی خەڵکانی موسوڵمانت بۆ پۆلێن دەکات وجگە لەخۆی وخەڵکانی چواردەوری نەبێت کەسی تری پێ موسوڵمان و ئەهلی باوەڕ نییە. پەرتوکی: تەکفیر لەنێوان بنەما شەرعییەکان و بیری هەڵگرانیدا پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح
لەكاتی ئەنجامدانی خواپەرستیدا: واتە نەك تەنها لەو كاتەی كە یاخی ئەبیت پێویستە ملكەچ بیت؛ بەڵكو لەو كاتەیش كە كاری پەرستش ئەنجام دەدەیت هەر پێویستە ملكەچ بیت؛ چونكە ئەو كەسەی كەڕێگەی خواناسی نیشان داوین، وهێز وتوانای خواناسی پێ بەخشیوین هەر خوای گەورە خۆیەتی؛ بۆیە پێویستە زۆر ئاگامان لەوە بێت كە خواناسی نیعمەتە وسوپاس گوزاری دەوێت نەک لوتبەرزی و لەخۆ بایی بوون.
خوای گەورە لە گەڵ پێغەمبەران و ڕاستگۆیان و پیاوچاکان و شەهیدان کۆت بکاتەوە مەردی مەیدانی بانگەواز، بەردەوامی و دامەزراویش بە ئێمە ببەخشێت تا ئەو کاتەی بەخزمەتتان دەگەینەوە.
ئەمڕۆ دۆزی ئافرەت قۆناغی داکۆکی کردنی لەماف تێپەڕاندوە و هەنگاو بەرەو ئایدیای مێگەرایەتی دەنێ، کە تێیدا ڕەگەزی مێ بەچەق و سەنتەر دادەنرێت بۆ سەرجەم ماف و دەستکەوتەکان وسەرجەم یاسا و ڕێساکان، لەو دیدەوە داڕشتنەوەی بۆ دەکرێت و پێکهاتەکانی تری خێزانی وەکو: منداڵ و هاوسەر وکۆمەڵگە دەبێت لە خولگەی بەرژەوەندییەکان و بەختەوەری ڕەگەزی مێدا بن، ئەم ئایدیایە لەئێستادا نوێترین و مەترسیدارترین ئایدیایە کە ڕۆژئاواییەکان بەتوندی و لەسەر ئاستی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پشتیوانی لێ دەکەن و بەزۆر و لەژێر فشاری داگیرکردن و برسیکردنی گەلانی جیهاندا هەوڵی چەسپاندنی دەدەن، مەترسی ئەم ئایدیایە لەوەدایە کەئاشتی و ئارامی خێزان تێک دەدات و سەرجەم پێکهاتەکانی بەیەکدا دەدات، ولەبری ڕێز و خۆشەویستی و تەواوکردنی یەکتر لەسەر بنەمای ململانێ و پەراوێزکردن و بەدێوەزمەکردنی یەکتر و پەنابردن بۆ دادگا و یاسا تاکەکان پەروەردە دەکات، ئەگەر چی ئایدیاکەی مارکس لەکۆندا چینی هەژاری بەگژ دەوڵەمەندا دەکرد و کۆمەڵگەی لەسەر بنەمای مادە دابەش دەکرد، ئەم ئایدیایە نوێیەی ڕۆژئاوا کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ڕەگەز دابەش دەکات و پێکهاتەو جەمسەرەکانی بەگژ یەکدا دەکات. ئەو هەموو کارو چالاکیانەیش کە تائێستا ڕێکخراوە مێگەراکان پێی هەستاون لە کوردوستان و دونیای دەرەوەشدا هەر لەڕوانگەی بەچەقکردنی ڕەگەزی مێینە و بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی ئەو بووە، لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی منداڵ و هاوسەر و سەرجەم پێکهاتەکانی تری خێزان، هەر کەسیش چاوێک بە یاسای باری کەسێتی هەموارکراو لەکوردوستان و یاسای توندوتیژی خێزانی بەرکارو هەوڵی هەموارکردنەوەی ئەم دواییەی بدات، ئەو ڕاستییەی بەزەقی بۆ دەردەکەوێت، بۆیە ئەم هەوڵەی بزوتنەوە مێگەراکان دوا هەوڵ نابێت بۆ تێکدانی شیرازەی خێزان، بەڵکو هەوڵەکانیان لەو پێناوەدا بەردەوام دەبێت وپێویستە زۆر بە ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا بکرێت و ڕێگە نەدرێت خەڵکانێکی دەروون نەخۆش و هەل پەرست یاری بەداهاتووی خێزان و چارەنووسی نەوەکانمان بکەن.
زۆربەی زۆری هەڵسوڕاوانی ڕێکخراوەکانی ژنان خەڵکانی دۆڕاو و شکستخواردون لەژیانی خۆیان وخێزانیدا وڕقن وداخ لەدڵن بەرامبەر بەپیاوان وکۆمەڵگە، جا چۆن چاوەڕوانی پڕۆژە یاسای سەرکەوتو لە خەڵکانی دۆڕاو وشکستخواردو دەکرێت.
سەیرە بۆچی ڕێکخراوەکانی ژنان وپیاوە ژنانییەکان بە هاوسەر وهاوسەرگیرییە شەرعییەکانەوە گرتویانە و دەیانەوێت بیشێوێنن ئەگەر ئەوان راست دەکەن و خۆتان بەدڵسۆزی ئافرەتان دەزانن بۆ داوای داخستنی سەنتەرەکانی مەساج و دیسکۆ و باڕو یانەکانی شەوانەو ئەو شوێنانە ناکەن کەبەئاشکرا کاری بەدڕەوشتی تێدا دەکرێت و جەستەی ئافرەتی تێدا بەکاڵا دەکرێت؟ سەیرە بۆ لەوەتەی ئێوە پەیدا بوون وەک ڤایرۆسێکی کوشندە کێشەکانی ژنان وخێزان هەر لە دیاردەی ناپاکی هاوسەرگیری و ژن کوشتن و جیابوونەوە و توندوتیژی خێزانی و لەشفرۆشی ڕوو لە هەڵایسان و زیادبوونە؟ بۆچی ئێوە وەک بایەقوش لەهەرچی و لەهەرکوێ بخوێنن دەیشێوێنن ووێرانی دەکەن؟!!. پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح
ئێمە لە هەر جێگەو پێگەیەك بین، هەر كەسایەتی وكارێكمان هەبێت، لەهەر ئاست وقۆناغێكی بانگەوازدا بین، پێویستە لەئەزموونی ژیان و بزاوتن و كەسایەتی ئەو پێغەمبەرە مەزنە بەهرە مەند بین، تا لە هەموو گوفتار و ڕەفتارێكدا وەك ئەو مامەڵە بكەین، دەبێت خوێندنەوەمان بۆ ژیانی بمانگەیەنێت بە خۆشەویستی خۆی و یارانی و لەو خۆشەویستیەیش بەچاوی پەرستش بڕوانین. دەبێت وا خوێندنەوە بۆ ژیانی بكەین كە گشت ڕوداوەكانی تازەن و پەند و ئامۆژگارییان لێوە فێر ببین، دەبێت وەك ژیانی نزیكترین كەسی خۆمان سەیری بكەین و بەرگری لێ بكەین، دەبێت لەوە تێبگەین كە ئەو زاتە كەسێكی بلیمەت و فەیلەسوف نەبووە بەڵكو پێغەمبەر ﷺ و فروستادەی خوا بووە بەهەرچی ئەو نازناوە مەزنە هەڵی دەگرێت و شایەنییەتی. کتێبی ئوحود وێستگەو وانەکان،ل۷ پڕۆفیسۆر خالید موحەممد ساڵح
ترۆپکی گەندەڵی ئەوەیە کەسێک بکەیتە بەڕێوبەری دەزگایەکی ئاینی پیرۆز و سەرپەرشتیار و ئاراستەکاری مەلا و مزگەوت کە هیچ ئاگاییەکی لە زانستی شەرعی و ئادابی مزگەوت و حوکمی بانگ و نوێژ و قامەت نەبێت وتەنانەت لەخودی خۆیدا پابەندی پەیامەکانی دەزگاکەی خۆی نەبێت. پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح