نوسین
03/09/2022 - 03:41 PM
73 بینراو

دووڕوویی

دووڕوویی

دووڕوویی

دووڕوویی (النفاق) یەکێکی تر لە کردەوە هەستیارەکانی دڵ دووڕوویی و گومان و نیفاقە، ئەم کردەوەیەش تەواو پێچەوانەی کردەوەی پێشووەو هەرکات باوەڕ دامەزراو نەبوو ئەو کات دووڕوویی و گومان جێگەی دەگرێتەوە. لێرەدا و لەبەر گرنگیی ئەم باسە هەندێک لەسەر وردەکارییەکانی هەڵوێستە دەکەین و دەدوێین؛ تا بڕواداران لێی بەئاگا بن. سەرەتایش لە پێناسەکەیەوە دەست پێ دەکەین: یەکەم: پێناسەی دووڕوویی (النفاق): زانایان لەبارەی پێناسەی وشەی (نفاق) لە ڕووی زمانەوانییەوە چەند بۆچوونێکیان هەیە لەوانە: - هەندێک پێیان وایە وشەی نیفاق لە (نفق)ە وە وەرگیراوە و هەرکەسێک لە جێگەیەکی شاراوەدا کارێک بکات، یان خۆی تێدا بشارێتەوە، بەو جێگەیە دەگوترێت (نفق)؛ چونکە مرۆڤی دووڕوویش بێباوەڕییەکەی دەشارێتەوە، بۆیە پێی دەگوترێت: (منافق) دووڕوو. - هەندێکی تر دەڵێن: وشەی (نیفاق) لە ئاژەڵێکەوە وەرگیراوە کە بەزمانی عەرەبی پێی دەگوترێت: (یربوع)، ئەم ئاژەڵە چەند کونێک لە زەوی دەکات، کە هەست بە مەترسیی دەکات لە یەکێک لەم کونانەوە دەچێتە ناوەوە کە پێی دەگوترێت: (قاصعاء) و لە کونێکی ترەوە سەر دەردەهێنێت کە پێی دەگوترێت: (نافقاء). دووڕووەکانیش لە لایەکەوە دێنە بازنەی باوەڕەوە و لەلایەکی ترەوە لێی دەردەچن، جارێک وەک باوەڕدار خۆیان وێنا دەکەن جارێکیش وەک بێ باوەڕ. - هەندێکی تر دەڵێن ئەم ئاژەڵە ژێری زەوییەکە تەواو دەکۆڵێت و بنی بۆش دەکاش، بەڵام ڕوو پۆشی زەوییەکە دەهێڵێتەوە، کە ڕو پۆشی زەوییەکە دەبینیت هەست دەکەیت بەوەی زەوییەکی پتەوە، بەڵام وا نییەو بنی بەتاڵە، باوەڕی دووڕووەکانیش هەر وایە، کە بەڕووکەش سەیریان دەکەیت زۆر تۆکمە دەردەکەون، بەڵام باوەڕەکەیان بەرگەی هیچ ناگرێت و بچووکترین شتی بەرکەوێت دادەتەپێت و هەرەس دەهێنێت، هەر بۆیە پێیان دەگوترێت (منافق)( تاج العروس من جواهر القاموس:ج۲٦). لە ڕووی زاراوەشەوە زانایان لەبارەی پێناسەی (نفاق) دەڵێن: بریتییە لەوەی بەشێوەیەک لای خەڵکی خۆت دەربخەیت، بەڵام لە ڕاستی و لە ناختدا وانەبیت. پەرتووکی کردەوەکانی دڵ،ل۱۱٥ پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح