نوسین
17/08/2022 - 11:20 AM
330 بینراو

ئامڕازەکانی خۆڕاگری و دامەراوی مرۆڤەکان:

ئامڕازەکانی خۆڕاگری و دامەراوی مرۆڤەکان:

ئامڕازەکانی خۆڕاگری و دامەراوی مرۆڤەکان:

ئامرازەکانی خۆڕاگری و دامەزراوی مرۆڤەکان: ۹-با پێوەری بەخششەکانی دونیا نەکەینە سەنگی مەحەکی باشی و بەختەوەری مرۆڤەکان، بەو واتایەی ئەگەر خوای گەورە دەرگای دونیای بۆ خەڵکانێکی خراپ واڵا کرد، ئیتر پێمان وا بێت ئەوان ڕاستن و لەسەر حەقن، بۆیە خوا دونیای پێ داون، ئێمەش پێویستە چاویان لێ بکەین؛ چونکە ئەم بۆچوونە هەڵەیە لەبەر دوو هۆ: ‌أ- هیچ کات بەخششەکانی دونیا نابنە پێوەر بۆ بەختەوەری مرۆڤەکان؛ چونکە بەختەوەری لە ناخ و دڵدایە، نەک لەبەر دەست و دەوروبەر، بۆ نموونە: مەرج نییە کەسێک خانووی خۆش و ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز و پارە و سامانی زۆری هەبێت بەختەوەر بێت، پێچەوانەکەشی بەدبەخت بێت. ئێستا وڵاتێکی وەک و یابان کە بە هەموو پێوەرێکی دونیا، دەبێت دانیشتووانەکەی بەختەوەرترین مرۆڤی دونیا بن؛ کەچی بەپێچەوانەوە زۆرترین و مەترسیدارترین ڕێژەی خۆکوشتن لە وڵاتی یابانە، یان سوید کە پێی دەڵێن بەهەشتی خوا لەسەر زەوی ڕێژەی خۆکوشتن تێیدا ئێجگار زۆرە و ئەم ڕێژانەش ساڵ بەساڵ ڕوو لە زیادبوونە، باشە بۆچی؟! ئەی بۆ لە صوماڵ کە هیچ هۆکارێکی بەختەوەری ژیانی دونیای تێدا نییە ڕێژەی خۆ کوشتن دەگمەنە؟! کەواتە: وەکو گوتمان بەختەوەری لە ناخدایە و خەڵکی صۆماڵ بەختەوەرن بەو باوەڕەی لە ناخیاندایە و گەشبینن بە دواڕۆژی باوەڕ و خواناسییەکەیان. ب- ئەو بەخششانە نابنە پێوەری ڕەزامەندیی خوا و ڕاستیی ڕێبازی ئەوان؛ چونکە هەندێک جار زۆری بەخششەکان ئیستدراجە و خوای گەورە بەو بەخششانە تاقییان دەکاتەوە، پێغەمبەری خوا ﷺ لە فەرموودەیەکیدا دەفەرموێت: {إِذَا رَأَيْتَ اللَّهَ يُعْطِى الْعَبْدَ مِنَ الدُّنْيَا عَلَى مَعَاصِيهِ مَا يُحِبُّ، فَإِنَّمَا هُوَ اسْتِدْرَاجٌ}( مسند الامام احمد،ج۲۸،ج٤٥۷). واتە: ئەگەر بینیت خوای گەورە، بێ دڵی بەندەیەکی یاخی نەدەکرد و ئەوەی پێی خۆش بوو دەیدایە؛ ئەوە بزانە خوا جڵەوی بۆ شل دەکات و ئیستدراجی دەکات، پاشان ئەو ئایەتەی خوێندەوە: [فَلَمَّا نَسُواْ مَا ذُكِّرُواْ بِهِ فَتَحْنَا عَلَيْهِمْ أَبْوَابَ كُلِّ شَيْءٍ حَتَّى إِذَا فَرِحُواْ بِمَا أُوتُواْ أَخَذْنَاهُم بَغْتَةً فَإِذَا هُم مُّبْلِسُونَ](سورة الانعام:آیة٤٤). واتە: کاتێک پشتیان کردە پەیامەکانی خوا و لەبیر خۆیان بردەوە ئێمەش دەرگای هەموو بەخششەکانمان بە ڕوویاندا واڵا کرد، کاتێک کەوتنە نازو نیعمەتەوە، لەناکاودا لەناومان بردن و و بێ هیوامان کردن لە بەزەیی خوای گەورە. لە ئایەتێکی تردا دەفەرموێت: [أَيَحْسَبُونَ أَنَّمَا نُمِدُّهُم بِهِ مِن مَّالٍ وَبَنِينَ * نُسَارِعُ لَهُمْ فِي الْخَيْرَاتِ بَل لَّا يَشْعُرُونَ](سورة المؤمنون:آیتان ٥٥-٥٦ ). واتە: بۆ وا دەزانن ئەو بەخششانەی لەگەڵمان کردوون لەو ماڵ و سەروەت و سامانەی پێمان داون ئێمە دەمانەوێت خێر و چاکەیان لەگەڵدا بکەین نەخێر، بەڵکو ئەوانە بێ هەستن و وای تێ دەگەن. کەواتە: هەموو بەخشش و پێدانێک مەرج نییە نیشانە و بەڵگەی باشی خاوەنەکەی بێت، یان بەپێچەوانەوە، ناڕەحەتی و ناخۆشی نیشانەی خراپیی خاوەنەکەی بێت، بەڵکو هەندێک جار بەپێچەوانەوەیە ئەوەتا فیرعەون (400) ساڵ ژیاوە و لە هەموو تەمەنیدا، تەنانەت ددانێکی نەئێشاوە و ئەو هەموو دەوڵەت و دەسەڵاتەشی هەبووە، بەڵام ئەمە هەرگیز نیشانەی ئەوە نەبووە، کە خوا فیرعەونی خۆش ویستووە، لەبەرامبەریشدا پێغەمبەران ئەوەندە بەشمەینەت و ناڕەحەت بوون لە ژیانی دونیا، نوح (950) ساڵ گیرۆدەی دەستی گەلێکی سەرسەخت بووبوو، کە هەمیشە سەرقاڵی بانگخوازی و هیدایەتیان بوو، ئیبراهیم بە چەندان شێوە خوای گەورە تاقیی کردۆتەوە هەر لە بەگژاچوونەوەی بێباوەڕی باوکی و گەلەکەی، تا دەگاتە هەوڵی سووتاندن و دەربەدەرکردن و بەجێهێشتنی خێزان و جگەرگۆشە تاقانەکەی لە دۆڵێکی چۆڵ و بێکەسدا، تا فەرمانکردن بەسەربڕینی تاقانەکەی پاش گەورەبوونی و جۆرەها تاقیکردنەوەی تر، ئەیوب خوای گەورە هەموو سەروەت و سامان و ماڵ و منداڵەکەی لێوەرگرتۆتەوە و بۆماوەی (14) ساڵ نەخۆشییەکی خراپی گرتووە، کە شاربەدەر کراوە و لە هیچ ئاوەدانییەکدا جێگەی نەکراوەتەوە، یوسف چەندان ساڵی تەمەنی منداڵی و لاوی لە کۆیلایەتی و بەندیدا بەسەر بردووە، پێغەمبەری سەروەرمان ﷺ هەر لە سەرەتاوە بەهەتیوی و هەژاری هاتووەتە دونیا و هەر لە منداڵیدا لە نازی دایکی بێبەش بووە، پاشانیش ڕووبەڕووی ئەو هەموو ئازار و ئەشکەنجەیە بۆتەوە لە لایەن نەیارانییەوە و پاش ئەوەش کە دەسەڵاتی هەبوو هەر بەهەژاری و نەداری ژیانی بردۆتە سەر و جار هەبوو بۆ دوومانگ زیاتر ئاگر لە هیچ ماڵێکیدا نەکراوەتەوە و تەنها ئاو و خورمای خواردووە، خۆ ناکرێت بڵێین ئەمانە خوا خۆشی نەویستوون، یان ڕقی لێیان بووە!. کەواتە: پێوەری خۆشی و ناخۆشی، لای خوا بۆ قیامەتە، نەک خۆمان و خەڵک و دونیا؛ چونکە ژیانی دواڕۆژ نەبڕاوە و هەمیشەییە هەر بۆیە خوا پاداشتی باوەڕداران و سزای بێباوەڕانی خستۆتە ئەو ڕۆژە. کتێبی کردەوەکانی دڵ، ل۱۰۸-۱۰۹-۱۱۰ پڕۆفیسۆر خالید