سەردانیکەر: 397,209
ئەگەر عەلمانییەت بەحوکمی خودی خوای گەورە خۆی ڕازی نەبێت وەک دەستورێک بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات، دڵنیا بن لە هیچ کەس و دەسەڵاتێکیش ڕازی نابێت کە لە هەوڵی چەسپاندنی ئەو حوکمەدا بێت لە سەر ژیانی خەڵک. پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد صاڵح
تانەدان لە پێشەوا عومەر: - تانەدانە لە خانەوادە و خەزوری پێغەمبەر و خەلیفەی دووەمی بڕواداران - تانەدانە لە کەسێک کە خوای گەورە بژاردەی کردوە وهەر لەدونیا مژدەی شەهیدی وبەهەشتی پێداوە. - تانەدانە لە کەسێک کە چەندین ئایەتی قورئان لەسەر پەسەند کردنی بۆچوونەکانی هاتۆتە خوارەوە. - تانەدان و بێڕێزی کردنە بەرامبەر بە مێژووی پرشنگداری ئیسلام وسەرکردە و سونبولەکانی. - تانەدانە لە هەموو مەلا و مزگەوت و تەکێ و خانەقایەکە لە پێش هەموویانەوە لە کەسایەتی خودی مەلا مستەفای بارزانی کە مەلا و موریدێکی ڕێبازەکەی پێشەوا عومەر بووە. - خۆ بچوککردنەوە وچەمانەوەیەکی بێ بەها و بێ بەرامبەرەرە لە بەرامبەر نەیارانی ئیسلام و موسوڵماناندا. - هەوڵێکە بۆ شاردەنەوە ودیزە بەدەرخۆنە کردنی شکستی سی ساڵ حوکمڕانی عەلمانییەتی کوردی لێوان لێو لە ستەم و گەندەڵی و تاڵانی و خیانەتکاری. - هەوڵێکی نەزۆکە بۆ خۆ دەرخستن و خۆ لەپێش بردن و دەستکەوتی تاکە کەسی لەسەر حیسابی ئاین و مەزهەب و مێژوو و پیرۆزییەکانی نەتەوە و نیشتیمان. لە کۆتاییدا دەڵێم بێدەنگی و بێ هەڵوێستی پارتی بەرامبەر قسە و بێڕێزییەکانی بەرپرسە نابەرپرسەکانی بەرامبەر بە پیرۆزییەکانی ئیسلام و موسوڵمانان زۆر نیشانەی پرسیار لەسەر ئامانج و ئاراستەی ئەو حیزبە دروست دەکات و پێویستە بەجدی هەڵوێستەی لەسەر بکرێت و هەڵوێستی بەرامبەر وەربگیرێت.
هەندێك تاوان هەیە لەبەر قورسییەكەی هەموو ئەو كەسانە دەگرێتە كەبەشێوەیەك لەشێوەكان بەشداری دەكەن لەجێبەجێكردنی تاوانەكەدا، وەكو عارەق بۆ نموونە، پێغەمبەری خودا ﷺ دەربارەی عارەقیش دەفەرمووێت: خوای گەورە نەفرەتی كردوە لەو كەسەی كە عارەق دروستدەكات، لەوەیش كەبۆی دروستدەكرێت، لەوەیش كەدەیخواتەوە، لەوەیش كە كارمەندە لەباڕێكدا وعارەق دەگێڕێت، لەوەیش كە حەماڵە و سەیارەیەكی بارهەڵگر، یان تەكسی، یان عەرەبانەیەكی پێیە ودەیگوازێتەوە، لەوەیش كەبۆی دەگوازرێتەوە، لەوەیش كە دەیفرۆشێیت، لەوەیش كە دەیكڕێت، لەوەیش كە دەیبەخشێت وبەدیاری دەیدات بەخەڵكی، لەوەیش كەپارەی عارەق دەخوات، لەوەیش كە لەسەر مێز وخوانێك دادەنیشێت كەعارەقی لەسەر دانراوە. جا مەرج نییە ئەمانە هەموویان عارەق خۆر بن بەڵام هەموویان یەك حوكمیان هەیە و وەك یەك بەر نەفرەتی خودا دەكەون، بەهۆی ئەوەی كەبەجۆرێك لەجۆرەكان پشكداربوون لە ئەنجامدانی تاوانەكەدا
لەساڵی (1945) ولەدوای جەنگی جیهانی دووەم، وبەپێی ڕێكەوتننامەیەكی نێو دەوڵەتی سندوقی دراوی نێو دەوڵەتی (International Monetary Fund) لەلایەن (29) ووڵاتی جیهانەوە دامەزرا، ئامانج لەدروستكردنی سندوقەكە بەناو بۆ هاوكاری كردنو و دەستگیرۆیی كردنی وڵاتە هەژارەكان بوو، هەرچەندە لەڕاستیدا بەپێچەوانەوە بۆ تێشكاندن ودرێژەدان بوو بەباری هەژاری ودەستەوخواریان بۆ وڵاتە زلهێزەكان. چونكە ئەم سندوقە هەرگیز بەبێ مەرج قەرز بەكەس نادات، وهیچ قەرزێكیشی بێ بەرامبەر نییە، لەم قەیرانەی ئەم دواییەی میسردا، میسر داوای (5) ملیار دۆلاری لەسندوقەكە كردوە، وئەوانیش ڕازیبوون بۆ ماوەی (5) ساڵ قەرزەكەی بدەنێ، خۆ ئەگەر ڕێژەی سووی ئەو قەرزە (1.1%) یش بێت، ئەوە ساڵی زیاتر لە (30) ملیۆن دۆلار سووی دەچێتە سەر، وپاش پێنج ساڵەكە قەرزەكە (152) ملیۆن دۆلار سووی دەچێتەسەر. ئایا ئەمە چ جۆرە هاوكارییەكی پێ دەڵێن، ئێستا ئەم سندوقە هەندێك قەرزی هەیە لەلای هەندێك وڵات سودەكەی زۆر زیاترە لەبڕی ئەو قەرزەی كەكاتی خۆی پێی داون. هەر كاتێكیش بابەتێكی پەیوەست بەو سندوقە دەخرێتە دەنگدانەوە، كێ پارەی لەسندوقەكەدا زیاترە ئەوە ڕێژەی دەنگیشی زیاترە، بۆ نموونە: ئەمەریكا بەتەنها (17.8%) دەنگی هەیە، پاش ئەو یابان دێت كە ( 6.13%) ی ڕێژەی دەنگی هەیە، پاش ئەوان ئەڵمانیا دێت كە (5.99%) ی ڕێژەی دەنگی هەیە، پاش ئەوان فەڕەنسا دێت كە (4.95%) ی ڕێژەی دەنگی هەیە، لەو لایشەوە بە هەر (24) ووڵاتە هەژارەكەی ئەفەریقیا كە سەدەها ملێۆن هاوڵاتیان هەیە بەهەموویان تەنها (1.41%)ی ڕێژەی دەنگیان هەیە. هەر بۆیە هەمیشە هەژموون وسیاسەتی ئەو زلهێزانە بەسەر وڵاتە هەژارەكاندا زاڵە وهەرگیز بواری هەستانەوە وسەربەخۆیی ئابوورییان پێنادەن، تا لەو ڕێیەوە لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان بەكاریان بهێنن.
پێغەمبەری خودا ﷺ دەفەرموێت: : {لَعَنَ رَسُولُ اللَّهِ ﷺ آكِلَ الرِّبَا، وَمُوكِلَهُ، وَكَاتِبَهُ، وَشَاهِدَيْهِ، وَقَالَ هُمْ سَوَاءٌ}( رواه البخاري ومسلم). واتە: پێغەمبەری خوداﷺ نەفرەتی كردوە لەو كەسەی كە سوو دەخوات و ئەو كەسەیش كە سوو دەدات، وئەو كەسەیش كەدەبێتە شاهید لەنێوانیاندا، وئەو كەسەیش كەگرێبەستەكەیان بۆ دەنووسێت، وفەرمووی: هەموویان وەك یەك تاوانبارن. كەواتە ئەو دەڵەمەندەی كەتەنها بۆ زیاد بوونی داهاتی خۆی پارە بەسوو دەدات، لەگەڵ ئەو هەژارەی کە بەناوی ناچارییەوە وەری دەگرێت، لای خوی گەورە لەڕێژەی تاوانباریاندا هیچ جیاوازییەكیان نییە و وەك یەك تاوانبارن، نەك ئەوان بەڵكو شاهید، ونووسینگە، وكەفیل، وكارمەندی كۆمپانیا یان بانكیش، هەموو ئەمانە پەنا بەخوا وەك یەك تاوانبار دەبن. ئەمەیش لەبەر قورسی تاوانی سووخۆریەكەیە.
کێ باوەڕ دەکات ئەمڕۆ ئێمە وەکو خەڵکانی مسوڵمان بەهەموو لایەنەکانمانەوە لەگەڵ ئەو هەموو خاڵە هاوبەشانەی کە هەمانە نەمانتوانیوە یەک خولی زانستی هاوبەش پێکەوە بکەینەوە! نەمانتوانیوە بۆجاریێک لەجارەکان پێکەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین وبەرنامەیەکی هاوبەش دابنێین و بیکەینە ستراتیژ و کاری لەسەر بکەین، نەمانتوانیوە پێکەوە یەک کەناڵی ڕاگەیاندن دابنێین یان هەر هیچ نەبێت بەرنامەیەکی هاوبەشمان هەبێت لەهەموو کەناڵەکانەوە پەخش بکرێت کێ باوەڕ دەکات کە ئێمە بەدرێژایی ئەزموونی سیاسی کوردستان نەمانتوانیوە لە هیچ هەڵمەتێکی هەڵبژاردندا پێکەوە بەیەک لیست دابەزین لە کاتێکدا هاوپەیمانی و هەماهەنگیمان لەگەڵ خەڵکی عەلمانی لەو پەڕی ڕاست تا ئەوپەڕی چەپیان کردووەو بەیەک لیستیش لەگەڵیان دابەزیوین ، کێ باوەڕدەکات ئەمڕۆ برا و مامۆستای وامان هەیە تەنانەت ئامادەنییە لەگەڵ براکانی بۆ ساتێکیش لەسەر مێزی گفتوگۆ دانبیشێت و باسێک لەو واقیعە تاڵەی مسوڵمان بکات و بەشوێن چارەسەریدا بگەڕێت لەکاتێکدا ئامادەیە لەبەرامبەر خەڵکانی عەلمانی ئەوپەڕی سازش بکات.
• ئەم سورەتە لەسەر ململانێی نێوان ئیمپراتۆرییەتی فارس و ڕۆم هاتە خوارەوە، کە فارسەکان ئەو کات مەجوس و ئاگر پەرست بوون و ڕۆمەکان مەسیحی و پێڕەوی پەیامی ئاسمانی ئینجیل بوون. • لەو کاتەی کە ململانێی نێوان بێباوەڕانی مەککە و بڕواداران لە ترۆپکدا بوو، فارسەکان هەڵیانکوتایە سەر ڕۆمەکان لە فەلەستین و شام و شکاندیانن. • بێباوەڕانی مەککە ئەم سەرکەوتنەی فارسیان زۆر پێ خۆشبوو؛ چونکە بەسەرکەوتنی بەرەی بێباوەڕی دژە دینیان دەزانی بەسەر بەرەی باوەڕ و دینداریدا، و بڕوادارانیش بەشکستی ڕۆمەکان نیگەران بوون لەبەر هەمان مەبەست. • خوای گەورە ئەم هاوخەمییەی بڕوادارانی بەهەند وەرگرت و بەرز نرخاند وبۆ دڵدانەوەی بڕاواداران و داخبەدڵداکردنی بێ باوەڕان و بێهیوا کردنیان لە چارەنووسی ململانێ بێ ماناکەیان، ئەم سورەتەی ناردە خوارەوە و سەرەتاکەی بەمژدەی ئەوە دەستی پێ کرد کە لەچەند ساڵی داهاتوودا ڕۆمەکان بەسەر فارسەکاندا سەردەکەونەوە. • ئەم سورەتە بەسورەتی (ڕۆم) نانراو و ئەو سەرکەوتنەیش بەسەرکەوتنی خوای گەورە و ئەو هەواڵەیش بەدڵخۆشییەک بۆ بڕواداران. • ئەمە لەکاتێکدا کەخوای گەورە و پێغەمبەر و بڕاوادارانیش باشیان دەزانی کە ڕۆمەکان لە ڕێبازی مەسیح و پێڕەوی ئینجیل تەواو لایان داوە؛ بەڵام هەرچۆنێک بێت لەفارسە ئاگرپەرستەکان باشترن و خاڵی هاوبەشیان لەگەڵ بڕواداران زیاتر • ئێستا با ئەم هاوکێشەیە بەسەر ئەم ململانێ نوێیەی فەلەستیندا جێبەجێ بکەین و بزانین هەڵوێستی تاکی عەلمانی کورد وباوەڕەکەی لە چ بەرەیەکدایە. • ئێستا ململانێ فەلەستین لەسەر ڕووگەی یەکەمی موسوڵمانان و دووەم پەرستگای دێرینی دونیا و سێیەم حەرەمی پیرۆزی موسوڵمانانە بێ جیاوازی نەتەوەو ناسنامەیان لەبەرامبەر ڕژێمێکی ڕەگەزپەرستی دامارگیردایە. • ململانێکە لە نێوان گەلێکی موسوڵمان و دەسەڵاتێکی فراوانخوازی زایۆنیدایە. • ململانێکە لەسەر خاکێکی داگیرکراو خەڵکێکی ستەمدیدە و دەسەڵاتێکی داگیرکەر و ستەمکاردایە. • ئێستا و بەلێکدانی ئەو دوو ڕووداوەی دوێنێ وئەمڕۆی سەرخاک و خەڵکی فەلەستین ئیمانی هەندێک تاکی عەلمانی کورد و هەڵوێست و هاوسۆزی لەکام بەرەدایە، بەرەی ئەبوجەهل و قوڕەیش و ئاگر پەستی و داگیرکاری و ستەمکاری زایۆنییەت، یان بەرەی باوەڕ و خواناسی و خەڵکانی بەشمەینەتدایە؟!!!. پڕۆفیسۆر خالید محمد صاڵح
- سنوورەکانی ئاین ڕوون وئاشکران وکەس ناتوانێت لێیان لابدات ولەژێر پەردەی ئاییندا ستەم لەخەڵکی بکات، بەڵام دیموکراسەت وەکو بتەکانی سەردەمی نەفامی بێ ناسنامە و بێ هەست وبێ زمانە وهەمیشە ستەمکاران وئاڵقە لەگوێ وکاسەلێسەکانیان وەک کاڵایەک بەبەر بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەیدورن، ولەژێر پەردەی ئەودا مافەکانی خەڵکانی بەش مەینەت وچەوساوە پێشێل دەکەن. . - ئاین ڕێگە نادات خەڵکانی مفتەخۆر وستەمکار ببنە دەمڕاست وپێشەوای خەڵکی، وهەمیشە دەبێتە بەربەست ولەمپەرلەبەردەم بەدی هاتنی حەز وئارەزووەکانیان، بەڵام دروشمی دیموکراسیەت زەمینەیەکی لەباری بۆ گەیشتنی ئەوانە بەو ئاست وپۆست ومەرامانە ڕەخساندوە. - ئاین ڕێگە بە دزین وتاڵان بردنی داهات وسامانی میللەت نادات، ودادوەری کۆمەڵایەتی دەکاتە ئامانج وگشت ئامرازەکانی چەسپاندنی دەستەبەردەکات، بەڵام دروشمی دیموکراسیەت بۆ چارەکە سەدەیەکە کۆمەڵێک دز وچەتە ومافیای کردۆتە دەمڕاستی کۆمەڵگای کوردی وداهاتی دوێنێ وئەمڕۆ وتەنانەت دواڕۆژی میللەتیشیان بەتاڵان بردوە، وهێشتایش دەستی ناپاکیان گیرە بەکورسی دەسەڵاتەوە. . - ئاين ڕێگە بە درۆ وچەواشەکاری ویاری کردن بەچارەنووسی میللەتان نادات، بەڵام لەسایەی دروشمی دیموکراسیەتدا خەڵکانێک نەک تەنها بازرگانی بەداهاتی میللەتەوە دەکەن، بەڵکو بازرگانی بەخودی میللەت خۆی ونەتەوە وچارەنووس ومافەڕەواکانیەوە دەکەن، ولەپێناو مانەوەی خۆیاندا هەر جارە ولەبازاڕی دوژمنێکدا هەڕاجی دەکەن. ئەمانە وچەندین هۆکاری تری هاوشێوەن وا لەخەڵکانێک دەکەن ئەم دروشمانە بکەنە ئامانج ودەیانەوێت شکستی چارەکەسەدەیەکی ئەزموونی عەلمانیەت ودەسەڵاتی لێوان لێو لە شەرمەزاریان بەم دروشمانە پەردەپۆش بکەن، ولەو دەلاقەیەوە بێ ڕیزی بەپیرۆزییەکانی میللەت وبەها باڵاکانی بکەن.
ئەی ئافەرین هەی بارک الله جەنابی وەزیر ئاوها دەبێت تدبیر الأمور: جارێکی تر هێزێکی پارتی بێ گوێدانە هیچ بنەمایەکی ئاینی ویاسایی وئەخلاقی بەهێزی چەک هەڵدەکوتێتە سەر ماڵەکانی خودا وبێڕێزی بەرامبەر بە مینبەر ومەلا و مزگەوت ونوێژخوێنان دەکات. ماوەیەکە پارتی بە بیانووی جۆراوجۆر دەیەوێت کۆمەڵێک مامۆستای مێزەر پاک وحەق وێژ لەمزگەوتەکانیان دوور بخاتەوە، وئەمڕۆیش بەشێوازێکی نەشیاو هێزی چەکداری بردۆتە سەر هەندێک لەو مزگەوتانە نەیانهێشتووە ئەو مامۆستا بەڕێزانە گوتاری هەینی بخوێننەوە. من لەسەر ئەم هەنگاوەی پارتی ئەم چەند تێبینیە دەخەمە ڕوو: ١- بۆ ماوەی سێ ساڵ زیاترە کە داعش سەری هەڵداوە، تا ئێستایشی لەگەڵ بێت یەک لایەنی ئیسلامی کوردستان، یان مەلایەکی دیار وناسراو، یان بانگخوازێک بەرگری لە پەڕگیری وزیادەڕەویەکانی داعش نەکردوە بەڵکو بەپێچەوانەوە هەمیشە خەڵکیان لە مەترسیەکانی ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە ئاینی پیۆزی ئیسلام ئاگادار وهۆشیار کردۆتەوە، نەک تەنها لەکوردستان بەڵکو لە سەرتاسەری جیهانی ئیسلامی زانایەکی ناودار لەگەڵ ئەم گروپە نیە، وبەرگریان لێناکەن. ٢- ئەگەر چەکدارانی داعش پۆلێن بکەین دەبنین دەیەها هەزار چەکداری بیانی وعەرەبیان لەگەڵدایە ولەبەرامبەریشدا کەمترین ڕێژەی چەکداری کوردیان لەگەڵدایە ، فەزڵی ئەمەیش بۆ مامۆستایانی ئاینی ومینبەر ومزگەوتەکان دەگەڕێتەوە کە هەمیشە بیری ئیسلامی ڕەسەنیان لەناو گەنجاندا بڵاوکردۆتەوە، وگوتارەکانیان بۆتە هەوێنی ئاشتی وتەبایی کۆمەڵگای کوردەواری، ونەیانهێشتووە ئەو ئاگری دووبەرەکی وتیەفەگەریەی کە زۆرێک لەپیاوانی ئاینی شیعە مەزهەبی تێوە گلاوە تەشەنە بکات و هەرێمی کوردستان بگرێتەوە. ٣- ئەگەر گریمان ئەم مامۆستا بەڕێزانەی پارتی بڕیاری لادانی داون خەڵکانی لەو جۆرەیان تێدایە، کە ئەمە گریمانەیەکی دوورە لەڕاستیەوە، - چونکە وەک هەمووان دەزانین ئەو بەڕێزانە ئەندام پەڕلەمانی عێراق، وخاوەن بڕوانامی باڵا، وکەسانی زانا وبلیمەتیان تێدایە- ئەو کات دادگا هەیە، ودەبوو پارتی ڕێ وشوێنی یاسایی لەدژیان بگرتایەتە بەر، وسەرەتا یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی لێ ئاگادار بکردنایەتەوە، وپاشان دۆسیەکانی بە بەڵگەوە بدایەتە دادگا، وئەگەر لەدادگا ئەو تۆمەتانە بەسەریاندا ساغ بۆوە ئەو کات بۆی هەبوو نەک دوورخستنەوە بەڵکو بەندیشیان بکات وسزای سەختریشیان بدات. ٤- ئەم کارەی پارتی دژ بەو بەڕێزانە دەچێتە خانەی بێڕێزی وناوزڕاندن وسوکایەتی کردن، بۆیە مافی خۆیانە دژ بەهەموو ئەو کەس ولایەنانەی کە دەستیان هەبووە لەو بڕیارەدا سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن، وهەموو ڕێگەیەکی تری یاسایی ومەدەنیانە بگرنە بەر بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان. ٥- ئەو بەناو وەزیری ئەوقافەی ئەو بڕیارەی داوە پۆستەکەی خۆی نا یاساییەو وبەبڕیارێکی حیزبی وناشەرعی وەری گرتوە، دەبوو جورئەتی بڕیاری لەو شێوەی نەبوایە، وئەو مافەی بەخۆی نەدایە کە بڕیاری لەو شێوەیە بدات، تا بارودۆخی هەرێم ئارام دەبووە وئەو پۆستانە دەدرانەوە خاوەنە شەرعیەکانی خۆیان، وئەو کات وەزیری شەرعی ئەو وەزارەتە بڕیاری لەو بارەیەوە بدایە. ٦- پارتی بەم سیاسەتە چەوتانەی هەرێم بەرەو کەناری نائارامی دەبات وڕوو بەڕووی چارەنووسێکی نا دیاری دەکاتەوە، ئەوەتا هەموو دام ودەزگا شەرعیەکانی هەرێم بەبڕیارەکانی ئەم حیزبە یەکیان کەوتووە، ودەیەها وسەدەها قەیران یەخەی ئەم میللەتە بەش مەینەتەی گرتووە، وڕۆژ بەڕۆژیش قەیرانەکان لەزیادبووندان، ووا بۆ پێنج مانگ دەچێت فەرمانبەران مووچەیان وەرنەگرتوە، وهەرچی بانک وکۆمپانیا هەیە ئیفلاسی کردووە، وهەرچی پڕۆژەی خزمەتگوزاری هەیە پەکی کەوتووە و وەستاوە، وڕۆژانە لێرە ولەوێ خەڵکی بەرەو چارەنووسێکی نادیار سەری خۆیان هەڵدەگرن ومل لەڕێگای مەرگ دەنێن، ویان لە ناچاری ولەژێر باری قەرزاریدا کۆتایی بەژیانی خۆیان دەهێنن. پارتی لەبری چارەسەری ئەم هەموو قەیرانە پەلاماری مەلا ومزگەوت ومینبەر دەدات، وەک ئەوەی بیەوێت بەخەڵکی بڵێت: کە هەموو قەیرانەکانی ئەم هەرێمە خەتای ئەوانە، یان هەرێم هیچ قەیرانی تێدا نیە جگە لە گوتاری ئەم بەڕێزانە. ٧- دەبێت پارتی لەو ڕاستیە حاڵی بن کە مزگەوت ومینبەر ماڵی خودان هێڵی سوورن وهەرکەس بێڕێزیان بەرامبەر بکات خوا ڕیسوای دەکات وپشتی دەشکێنێت، بۆیە باشتر وایە پارتی شەڕی هەرچی دەکات، هی مەلا ومزگەوت نەکات، چونکە سەنگەرگرتن لەخوا وەک سەنگەر گرتن لەهیچ شتێکی تر نیە. ٨- لەکۆتاییدا دەڵێم ئەی ئافەرین وەزیری پەروەردەی هەرێم، ئەی کەسی یەکەمی ئەو وەزارەتەی کەپەروەردەی منداڵانی ئەم هەرێمە لەبن دەستی جەنابتە، بەڕاستی نموونەیەکی جوان وپێشەنگێکی ناوازەی بۆ پەروەردەی منداڵانی ئەم هەرێمە، کە بەڕۆژی نیوەڕۆ، ولەپیرۆزترینی کاتدا کەکاتی نوێژی هەینیە، هێزی چەکدار دەنێریتە سەر ماڵەکانی خودا بێڕێزی بەمەلا ومزگەوت ومینبەر ومیوانانی ماڵی خودا دەکەیت.
١- ئیسلام فەرمان بەدڵسۆزی، ولەخۆبوردن، وهەستکردن بەگیانی بەرپرسیارێتی دەکات لەبەڕێوەبردنی کارو باری خەڵکیدا، بەڵام ئەوان ڕۆژانە داهێنانی نوێ وسەرسوڕهێناریان هەیە لە شێوازەکانی گەندەڵی، ومشەخۆری، وبەهەدەر دانی سامانی گشتی وبەتاڵان بردنی داهات وقوتی خەڵکیدا. ٢- ئیسلام فەرمان بەدادوەری دەکات لەبەڕیوەبرنی دەسەڵاتدا، بەڵام ئەوان تا تەپڵی سەریان لەزۆنگاوی ستەمدا نوقم بوون وسیستەمێکی حوکمڕانی خۆسەپێن ووتۆتالیتاریزمیان بەرهەم هێناوە. ٢- ئیسلام فەرمان بەدەستپاکی دەکات، وڕێگە لە بەتاڵان بردنی داهات وسامان ونانی هەژاران دەگرێت، بەڵام ئەوان بەدزی گۆشکراوەن، ولەوانەیە پارە وپارویەک بەدزی پەیدانەکرابێت بەزەحمەت بچێت بەقوڕگیاندا. ٣- ئیسلام فەرمان بەدەم پاکی وڕاستگۆیی دەکات لەگەڵ خودا خەڵکی وخوددا، بەڵام ئەوان ئەگەر ڕۆژی سەد درۆ وبەڵێنی بەتاڵ بەخەڵکی نەدەن ژان دەیانگرێت. ٤- ئیسلام فەرمان بەداوێنپاکی وڕەوشت بەرزی دەکات، بەڵام ئەوان داوێن پیس ونەگریس ونەفس نزمن، هەربۆیەیشە ئەم وڵاتەیان پڕکردوە لەخانەی لەشفرۆشی وئافرەتی سۆزانی وسەنتەری مەساج ونایت کلەب ودەیەها دیاردەی دزێوی تر. ئەمانە وسەدەها خاڵی تری ناوازە وجوان هەن کە ئیسلام فەرمانیان پێدەکات، وکار لەسەر چەسپاندنیان دەکات بەڵام ئەوان تەنها لەبەر بەرژەوەندی خۆیان سەرسەختانە دژایەتی دەکەن وهەوڵی ناوزڕداندن ولەکەدارکردنی دەدەن. وئەوەیش داهات وبەرهەمی بیست وپێنج ساڵی حوکمی چەوتی چەچەکان وسەرانی دۆڕاوی عەلمانیەت ودژە دینە.