ئامڕازەکانی خۆڕاگری و دامەزراوی مرۆڤەکان:

ئامڕازەکانی خۆڕاگری و دامەزراوی مرۆڤەکان:
ئامڕازەکانی خۆڕاگری و دامەزراوی مرۆڤەکان: ٤- خۆڕاگر و ئارامگربین و هیچ کات و بەهیچ شێوەیەک ناڕەزایی، یان قسەی خراپ و ناشکوری بەهیچ ئەندامێکی جەستەماندا نەیەت، نەدڵ، نەدەم، نەدەست، نەکردەوە؛ چونکە ناشکوری کردن، نەک بەڵاکە لا نابات، بەڵکو بەپێچەوانەوە زیادی دەکات و پاداشتەکەشی دەبات. ئەمەش خاڵی جیاوازیی نێوان مرۆڤی بڕوادار و خەڵکانی بێباوەڕە؛ چونکە ئێمە و ئەوانیش لە دونیا تووشی بەڵاو ناڕەحەتی دەبین، بەڵام ئێمە دەزانین دونیا هەر کۆتایی دێت و ئەم ناڕەحەتیانەش بەشێکن لە تاقیکردنەوەی خوای گەورە، بۆیە ئارام دەگرین و چاوەڕوانی پاداشتی ناڕەحەتییەکانمان لە خوا دەکەین، بەڵام ئەوان سەرباری ناڕەحەتییەکانی دونیایان، سزای قیامەتیشیان لەسەرە، بۆیە خوای گەورە دڵنەواییمان دەکات و دەفەرموێت: [إن تَكُونُواْ تَأْلَمُونَ فَإِنَّهُمْ يَأْلَمُونَ كَمَا تَأْلَمونَ وَتَرْجُونَ مِنَ اللّهِ مَا لاَ يَرْجُونَ]( سورة النساء،آیة۱۰). واتە: ئەگەر ئێوە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەیاندا، تووشی ئازار و ناڕەحەتی دەبن؛ ئەوانیش وەکو ئێوە تووشی ئازارو ناڕەحەتی دەبن، بەڵام ئێوە چاوەڕوانی پاداشت لە خوای گەورە دەکەن و ئەوان چاوەروانی هیچ پاداشتێک لە هیچ کەس ناکەن. بۆیە خوای گەورە، ئامۆژگاریمان دەکات کە لە کاتی بەڵاو ناڕەحەتییەکاندا ئارامگر بین و مژدەی زۆر گەورە بەئارامگران دەدات و دەفەرموێت: [وَبَشِّرِ الصَّابِرِينَ الَّذِينَ إِذَا أَصَابَتْهُم مُّصِيبَةٌ قَالُواْ إِنَّا لِلّهِ وَإِنَّـا إِلَيْهِ رَاجِعونَ أُولَـئِكَ عَلَيْهِمْ صَلَوَاتٌ مِّن رَّبِّهِمْ وَرَحْمَةٌ وَأُولَـئِكَ هُمُ الْمُهْتَدُونَ]( سورة البقرة: الآیة۱٥٥-۱٥۷). واتە: موژدە بدە بە ئارامگران ئەوانەی کاتێک نەهامەتییەک ڕوویان تێ دەکات، دەڵێن: ئێمە هی خواین و هەر بۆ لای ئەویش دەگەڕێینەوە ئەوانە بەزەیی و لێخۆشبوونی خوای گەورە دادەبەزێتە سەریان و هەر ئەوانەش لەسەر ڕێگەی ڕاستی خواناسین. لە شوێنێکی تردا باسی هاوەڵی بوونی خۆی و کۆمەکیکردنی ئارامگران دەکات و دەفەرموێت: [إنَّ اللّهَ مَعَ الصَّابِرِينَ]( سورة البقرة:الآیة ۱٥۳). واتە: خوای گەورە لەگەڵ ئارامگرانە. لە هەندێک شوێنی تردا جەخت لەسەر خۆشەویستیی خۆی دەکاتەوە بۆ ئەوان و دەفەرموێت: [وَاللّهُ يُحِبُّ الصَّابِرِينَ]( سورة آل عمران:الآیة ۱٤٦). واتە: خوای گەورە ئارامگرانی خۆش دەوێت. سەرباری ئەمانە هەمووی مژدەی ئەوەیان پێ دەدات کە بێ ئەندازە و بەشێوەیەک کە هەر بیریان لێ نەکردۆتەوە، پاداشتیان دەداتەوە و دەفەرموێت: [إِنَّمَا يُوَفَّى الصَّابِرُونَ أَجْرَهُم بِغَيْرِ حِسَابٍ]( سورة الزمر:الآیة۱۰). ئەمانە و چەندان بەخششی تر، کە لە ئارامگریدا دەست دەکەون. هەر بۆیە پێغەمبەری خوایشﷺ فێرمان دەکات لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێکدا خۆمان ڕادەستی خوای گەورە بکەین و بەقەدەری ئەو ڕازی بین و بڵێین: {قَدَرُ اللَّهِ وَمَا شَاءَ فَعَلَ}( صحیح مسلیم،ج٤،ص۲۰٥۲). واتە: ئەمە ویستی خوای لەسەر بووە، خوایش هەرچی بوێت؛ ئەوە دەبێت. ئەمانە ئەو هەڵوێستانەن کە دەقە شەرعییەکان فێرمان دەکەن لە کاتی ناڕەحەتیدا بیانکەینە وێردی زوبانمان و زیاد و کەمیان لێ نەکەین و بیرمان بەلای قسەی بەد و ناشکوریدا نەڕوات. پێشینانی ئەم ئوممەتە، ئەوەندە بەئاگاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم پرسەدا کردووە، کاتێک تووشی ناڕەحەتی بوون، نەک هەر ناڕەزاییان دەرنەبڕیوە، بەڵکو لای کەسیش باسیان نەکردووە؛ لە ترسی ئەوەی نەوەک پاداشتەکەی کەم بێتەوە. پیاوێک دەڵێت: سکاڵای نەخۆشییەکی خۆم لای کەسێک باس دەکرد، شورەیح ئاگای لێ بوو، هات دەستی خستە سەر شانم و گوتی: حەز دەکەم دوو قسەت لەگەڵ بکەم، دووری خستمەوە، گوتی: برام، بۆچی سکاڵای نەخۆشی و ناخۆشیی خۆت لای خەڵک دەکەیت؟ وتم: من ئازارم زۆر بوو، بۆیە باسم کردووە، گوتی: سەیری ئەو چاوەم بکە، منیش سەیری چاویم کرد، هیچی پێوە دیار نەبوو، گوتی: سوێند بە خوا نزیکەی (15) ساڵە نە کەسێک، نە ڕێگایەک هیچی پێ نابینم، هەتا ئێستایش جگە لە خۆم و خوا کەس نازانێت ئەو چاوەم لە دەست داوە و باسم نەکردووە؛ تا پاداشتەکەی لای خوا کەم نەکات، پاشان پێی گوتم: تۆ قسەکەی یەعقوبت گوێ لێ نەبووە، کە دەفەرموێت: [إِنَّمَا أَشْكُو بَثِّي وَحُزْنِي إِلَى اللّهِ](سورة یوسف:الآیة۸٦ ). واتە: من سکاڵای ناسۆرو خەمەکانم تەنها لای خوا دەکەم. ئەمە تێگەشتنێکی زۆر وردە لە مامەڵەکردن لەگەڵ خوای گەورە و ئێمە لێی بێئاگاین، بۆیە دەبینین بە بچووکترین ئازارو ناڕەحەتی هاوارمان لێ هەڵدەسێت و دەست دەکەین بە سکاڵاکردن و ناشکوری و تانەدان لە بڕیارەکانی خوای گەورە و تۆمەتبارکردنی بە ستەمکردن و نادادپەروەری، هەموو ئەمانەش نەک چارەسەری کێشەکان ناکەن بەڵکو ئەوەندەی تر زیادی دەکەن و قورستری دەکەن. کتێبی کردەوەکانی دڵ،ل103 پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح