نوسین
18/02/2022 - 11:58 PM
125 بینراو

ئاشووبی پیاهەڵدان

ئاشووبی پیاهەڵدان

ئاشووبی پیاهەڵدان

دەگێڕنەوە: جارێکیان عەبدوڵڵای کوڕی مەسعوود لە ماڵەکەی چووە دەرەوە، کۆمەڵێک لەو کەسانەی کە خۆشیان دەویست و بە زانست و کەسێتییەکەی سەرسام بوون، شوێنی کەوتن، ئەویش کە هەستی کرد، وەستاو گوتی: کارێکتان پێم هەیە لەگەڵم دێن؟ گوتیان نەخێر. فەرمووی: دەی بگەڕێنەوە؛ چونکە ئەم جۆرە شوێنکەوتنە دەبێتە مایەی فریودان و لەخۆباییبوونی شوێنکەوتووەکان و لە ڕێزی شوێنکەوتەکانی وەکو خۆشتان کەم دەکاتەوە( ابن الجوزی/صفة الصفوة/ص406). بزانن ئەم هەڵوێستەی عەبدوڵڵا، چەند خواناسانەیە؛ چونکە دەترسێت ئەم شوێنکەتن و پێداهەڵدانە، تووشی ڕیا و لەخۆباییبوونی بکات و نیەتی بگۆڕێت و لە پاداشتی کردەوەکانی کەم بکاتەوە. ئێستایش هەر ئەم جۆرە خەڵک و هەڵوێستانەن، کە کەسانی خۆسەپێن و ستەمکار درووست دەکەن، هەمیشە هەڵوێستی خەڵکانی خۆ بەکەمزان و چەوساوە، لووتبەرز و ملهوڕەکان درووست دەکات، بۆیە خوای گەورە، لە قورئاندا کە باسی سیفەتی (کبر) دەکات، لەگەڵ سیفەی (ضعف) هەمیشە (ألف، سين، تاء)ی داخوازییان دەخاتە سەرو بە (استکبار) (استضعاف) دەیانهێنێت، نەک بە (كبر، ضعف)؛ چونکە ئەو دوو سیفەتە لە ڕاستیدا بوونیان نییە و خوای گەورە هەموو مرۆڤەکانی لەیەک ئاستدا درووست کردووە و کەسی بەخواردەست و کۆیلەی کەسی تر درووست نەکردووە، بەڵام ئەوە هەڵوێستی مرۆڤەکان خۆیانە، دواتر دەیانکات بەو دوو بەرەیەوە و هەندێکیان ئەوانی تر دەچەوسێننەوە، هەر لەبەرئەوەیە خوا هەردوو بەرەکە پێکەوە لە دۆزەخدا کۆ دەکاتەوە؛ چونکە ئەگەر بەهاوکاری و دەستباریی ئەو کۆیلە و شوێنکەوتانە نەبوایە؛ ستەمی ستەمکاران نەدەچووە سەر. کتێبی کردەوەکانی دل