هۆکارەکانی درووستبوونی ریا/سێیەم وەرگرتنی پۆست و پایە

هۆکارەکانی درووستبوونی ریا/سێیەم وەرگرتنی پۆست و پایە
وەرگرتنی پۆست و پایە: خەڵکانێکی تر هەن خولیای پۆست و پلە و پایەن و هەر ئەو خولیایەش سەریان دەخوات و بێ ئەرزشیان دەکات، بۆیە دینداری دەکەن، یان خۆیان وا نیشان دەدەن کە دیندارن؛ تا خەڵکی متمانەیان پێ بکەن و لە پاشماوەی سفرەی خۆیان فەرموویەکیان لێ بکەن و شتێکیان یێ بدەن، یان بە مەبەستی ئەوەی عەیب و عارەکانی خۆیانی پێ داپۆشن و دین بکەنە ڕەشماڵێک و لەژێریدا خەریکی دونیاداری و کاری نابەجێی خۆیان بن. ئەمڕۆ خەڵکانێکی زۆری بەناو دیندار دەبینین، واز لە دینداری و خواناسی دەهێنن؛ تا لە کەلاکی دونیای خەڵکانی دونیاویست پشکێکیان پێ ببڕێت، چەندان کەس هەن، لە ناخی خۆیاندا حەز بە خواناسی دەکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی ئەمڕۆ حەزی بەم جۆرە خەڵکانە نییەو کار و پۆستیان پێ نادەن، ئەمان بۆ ڕازیکردنی ئەوان، واز لە دینداری و مزگەوت و کۆمەڵی موسڵمانان دەهێنن؛ تا متمانەی ئەوان بەدەست بێنن؛ چونکە ئەوانە بەلای دەسەڵاتەوە، هەموویان تۆمەتن و پێویستە ئەمان لەملی خۆیانی داماڵن. بەداخەوە زۆر کات ئەم جۆرە کەسانە، سەرەڕای ئەم هەموو سازش و خۆ بەدەستەوەدانەش، کەچی هەر متمانەیان پێ ناکەن و هیچیان پێ نادەن و سەرەنجام دەبنە کوردەکەی لە هەردوو جەژنە بوو؛ هەم دونیا و هەم قیامەتیشیان لەدەست دەچێت. کتێبی کردەوەکانی دڵ/ل50