سەردانیکەر: 397,050
کەمتەرخەمی لەپرسی شەرع: گرفتی گەورەی ئەمڕۆی خەڵک بێئاگایی و نەشارەزابوونیانە لە بوارە شەرعییەکاندا هۆکاری سەرەکی ئەم بێئاگابوونەیش تەنها خەمساردی و بێ باکیانە لەبەرامبەر ئەو جۆرە پرسانەدا، ئەگینا بۆ لەبوار و کایە دنیاییەکانی تردا کە بە بایەخەوە لێی دەڕوانن تەواو شارەزان؟ لەگەڵ ئەم نەشارەزاییەشدا زۆرجار پرسی شەرع هەرناکەن، یان پاش ئەوەی کار لەکار دەترازێت ئەوجا پرسی شەرع دەکەن، بۆ نموونە: کەسێک دەچێت پشکێکی حەرام لەدامەزراوەییەکی سووخۆریدا دەکڕێت، پاش ماوەیەکی زۆر ئەوجا بیری شەرعی دەکەوێتەوە و پرسیار دەکات، کە کارەکەی حەڵاڵە یان حەرام؟ پێویستە ئێستا چی بکات تا لەوحەرامە ڕزگاری بێت، ئەمە گرفتێکی گەورە بۆخۆی و خەڵکیش دروست دەکات، ئەگەر پێی دەڵێیت کارەکە حەرامە و وازی لێ بێنە، ئەوە پارەکەی دەڕوات و لەوانەیە بەرگەی ئەو زەرەرە نەگرێت، یان هەر هیچ نەبێت پارەکەی ئەم دەبێتە مایەی زیادکردنی دەسمایەی دەزگا سوو خۆریەکە، ئەگەر دەڵێیت بیفرۆشەوە بەکەسێکی تر ئەوە چۆن بۆ،ئەو حەرامە بۆ خەڵکی تریش حەرامە ودروست نییە، ئەگەر دەڵێیت بەردەوامبە لەسەری چۆن دروستە بەخەڵک بڵێیت لەکارێکی حەرام بەردەوام بێت؟ بەم شێوەیە خۆی و خەڵکیش تووشی گێژاو و قەیران دەکات. پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح پەرتووکی: دیاردەی سوو لەمامەڵە هاوچەرخەکاندا
داواکەی ئەم برادەرە زۆر ڕەوایە؛ چونکە ئەو لەهەموو کەس زیاتر خۆیان و دەسەڵاتەکەیان دەناسێت و دەزانێت ئەگەر ئاین ئاوێتەی دەسەڵاتی لەو جۆرە بکرێت ئاینیش وەک دەسەڵاتەکەی ئەوان بێزراو و بەدناو دەبێت..
خوای گەورە لە مردووەکانیان خۆش بیت و شیفای عاجلی بریندارەکانیان بدەیت و سەبووری خەمی کەسوکاریان بدەیت و قەرەبووی زیانەکانیان بۆ بکەیتەوە.
سروشتی جیاوازی بیروڕا: بیهێنە پێش چاوی خۆت ئەگەر هەموو ئەم بوونەوەرە یەك شێواز ویەك كات ویەك پێكهاتەی هەبووایە، ئەگەر مرۆڤەكانیش هەموویان یەك ڕەگەز ویەك ڕەنگ ویەك ڕوخسار ویەك ڕەوشت ویەك شێوازی بیركردنەوەیان هەبوایە وهەموویان هەر كۆپی ودووبارەبووەوەی یەكتر بوونایە، ئەگەر گشت خۆراك ومیوەكان یەك تام وچێژیان هەبووایە، ئەو كات ژیان ئەو تام وچێژەی نەدەبوو كە ئێستا هەیەتی وحیكمەت لەبوونی ئەو هەموو بوونەوەرەیش نەدەما، بگرە ئەوكات لەهەموو شتەكان یەك دانەیان بەس بوو بەمرۆڤیشەوە. هەربۆیە جیاوازی بیروبۆچوونەكانیش پێویستە ئاوا خوێندنەوەی بۆ بكرێت، كەچۆن خوای باڵا دەست شێواز وڕوخساری جیاواز وتایبەتی بۆ هەریەكەمان دروست كردووە، بەدڵنیاییشەوە شێوازی بیركردنەوەی هەر یەكەمانی جیاواز لەوی تر دروست كردوە؛ كەواتە بوونی بۆچوونی جیاواز شتێكی سرووشتی وئاساییە؛ بەڵام دەبێت هەمیشە ئاگامان لەوە بێت كە ئەم بۆچوونە جیاوازانە نەبنە بۆچوونی دژ و ڕوخێنەر؛ چونكە ئەو كات دەرەنجامەكەی پێچەوانە دەبێتەوە ولەبری ئەوەی ببێتە مایەی جوانی وتەواوكاری دەبێتە مایەی ناشیرین كردن وداخورانی یەكتر. بانگەوازی پێغەمبەران٫ ل7 پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح
ترسان لە خوای گەورە. خۆشەویستان نابێت مرۆڤ هیچ كاتێك بێ منەت و بێ باک بێت لە سزای خوای باڵادەست، نەك تەنها مرۆڤی تاوانبار پێویستە بترسێت بەڵكو خەڵكی خواناسیش هەر پێویستە بترسن، مرۆڤی تاوانبار پێویستە لەوە بترسێت كە خوا لەسەر تاوانەكانی سزای سەختی دەدات، مرۆڤی خواناسیش لە کەموکورتییەکانی بترسێت، لە ڕەتکردنەوەی پەرستشەکانی بترسێت، لەبەردەوام نەبوونی ئەو حاڵی خواناسییەی بترسێت؟ ئەمانە و چەندین هۆكار و پرس و ترسی تر هەن كە پێویست دەكات مرۆڤ بەردەوام لە خەمیاندا بێت.
ئەمڕۆ خەڵكانێكی كاڵفامی بەناو موسوڵمان لەژێر پەردەی قورئانیبووندا شان بەشانی برا لائیک و لادەرەکانیان سەنگەریان لە ژیان و سوننەتەکانی ئەو سەروەر و پێغەمبەرە مەزنە گرتووەو بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدان كە گومانی لەسەر دروست بکەن و لەپێگە و پیرۆزییەكەی كەم بكەنەوە و كاریگەری لەناخی باوەڕداراندا بسڕنەوە بەكۆمەڵێك بیانوی بێ بنەما و نازانستی . پەرتوکی ئوحود وێستگەو وانەکان
تکایە ئەمڕۆ دیاردەی خۆرگیران ڕووئەدا نوێژی خۆرگیران سوننەتێکی گەورەی پێغەمبەرە ﷺ ئەمڕۆ هەلە با زیندووی بکەینەوە لەمزگەوتەکاندا
فەتوادان كارێكی ئاسان نییە و بەهەموو كەس ناكرێت وپاشخانێكی زانستی فرە ڕەهەندی تۆكمەی پێویستە، تایبەت بەم جۆرە بابەتانەیش مرۆڤ دوو جۆر فیقهی پێویستە یەكەم (فیقهی واجب) كەبریتییە لەشارەزایی تەواو لەكۆی زانستە شەرعییەكان لەگەڵ (فیقهی واقیع) كەبریتییە لە تێگەیشتنی تەواوی ئەو بابەتەی كەدەیەوێت فەتوای لەبارەوە بدات چونكە (الحكم على الشيء جزء من تصوره) واتا: شێوازی تێگەیشتن لەهەر شتێك بەشێكە لەو بڕیارەی كەلەبارەیەوە گەڵاڵە دەبێت. هەریەك لەم دوو زانستەیش لای موفتی ناتەواو بوو بەدڵنیاییەوە بڕیارەكەیشی لاسەنگ و ناتەواو دەبێت. پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد ساڵح پەرتوکی: دراوە ئەلیکترۆنییەکان، ل:7
یادکردنەوەی مەولود وەک بۆنەیەکی ئاینی وقۆستنەوەی وەک هەلێک بۆ زیندوکردنەوە و بەر زڕاگرتنی سوننەتەکانی پێغەمبەری پێشەوامانﷺ وتیشک خستنە سەر ژیانی پڕ لە فەڕی ئەو زاتە مەزنە و خزمەتە بێ وێنەکانی بە رامبەر بە مرۆڤایەتی و تێڕامانی وەک وێستگەیەک بۆ بەخۆداچوونەوە ونوێکردنەوەی پەیامی شوێنکەوتن و وەفاداری بۆ ڕێبازە پڕ شکۆ و میهرەبانییەکەی وهەڵوێستە لەسەرکردنی وەک وێستگەیەک بۆ بەرپەرچدانەوە و ڕەواندنەوەی ئەو گومانانەی لەسەری دروست دەکرێت کارێکی شەرعی و ڕێگە پێدراوە، بەڵام سەیرکردنی ئاو یادە بەچاوی پەرستش یان ناوزەندکردنی بەجەژن و کورت هەڵهێنانی یادەکە لەسازدانی خوان و بانگهێشێتکردنی خەڵکانێکی دەوڵەمەند ودەست ڕۆیشتو و وەک ئامڕازێک بۆ خۆ دەرخستن وناوبانگ پەیدا کردن وخوێندنەوەی چەند پەخشان وهۆنراوە وپیاهەڵدانێک بێ تێگەیشتن لەواتاو مەبەستەکانیان کارێکی ناشەرعی ونابەجێیە وپێچەوانەی سوننەتەکانی سەروەرمانە.
چۆن لەژیانی سەروەرو پێشەوامان بڕوانین؟ ژیانی پێغەمبەری ئیسلامﷺ لە هەموو ڕویەكەوە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە بۆ ئێمەی بڕوادار، چ وەك پێغەمبەرﷺ و یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی باوەڕ و خواناسی، چ وەک یاسادانەر و جێبەجێکارێکی نموونەیی چەمکەکانی ئیسلام، چ وەك پێشەوا و سەركردەی بێ ڕكابەری قوتابخانەی ژیان. بۆیە پێویستە لە ورد و درشتی (23) ساڵ تەمەنی پڕ لەفەڕی ئەو سەركردە مەزنە تەواو شارەزابین، ئەو تەمەنەی كەلەژێر چاودێری وردی خوای گەورەدا دەگوزەرا و گشت چركە ساتێکی ئاوێتە و ڕەنگدانەوەی دەقێکی قورئانی بوو، یانیش دەقەکە ڕەنگدانەوەی گوزەرانی چرکە ساتەکانی ئەو مێژووە مەزن و پڕ لەسەروەرییە بوو، وە جبریلی ئەمین پردی پتەوی ئەو پەیوەندییە بەردەوام و تەواو تێکسمڕاوە بوو، بەشێوەیەك كە زەوی بەدرێژایی تەمەنی سیازدە بلیۆن ساڵی خۆی قۆناغێك لەوقۆناغە پیرۆز تر و پڕ فەڕ تری بەخۆیەوە نەبینیوە. گرنگە ئێمە لەقۆناغی [اقْرَأْ]( سورة العلق:آیة۱ ). هەتا [الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ](سورة المائدة:آیة۳ ). شارەزا بین، لە سەرەتاكانی سەرهەڵدانی ئاینی نوێ و (13) ساڵی کارکردنی بەردەوامی قۆناغی مەككە پەند وەرگرین، لە دڵسۆزی و خۆڕاگری و پێداگری و لێبڕاوی شوێنکەوتوانی فێر بین، لە دڵڕەقی و پلانگێڕی و شەڕەنێزی نەیارانی بەئاگا بین، لەحیكمەتی هەڵكردن و بەردەوامی گەشەكردن ڕابمێنین. لە (10) ساڵی دەسەڵآتی مەدینە و قۆناغی داڕشتنی بنەماکانی بەدەوڵەت بوون و پاراستنی دەستکەوتەکان بەهرەمەند بین. ئەمانە هەمووی هێندەی دەقەکان خاڵی گرنگو بنەڕەتین بۆ تێگەیشتن لە ئیسلام و چەمکەکانی کاری خواناسی و بانگخوازی.