سەردانیکەر: 321,133
خۆشەویستان ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین کە چەندین ئاین و نەتەوە و نەژاد و کلتوری جیاوازی تێدایە و ئاینی سابیئە (الصابئة) یەكێكە لەو ئاینە دێرینانەی کە هەزاران ساڵە پێڕەوانی لەسەر ئەم خاکە و لەم نیشتمانەدا دەژین، بەڵام بەداخەوە لە بەر داخراوی ئاینەکە و گۆشەگیری شوێنکەوتوانی، زۆربەی زۆری خەڵکی و تەنانەت زۆرێک لە پێڕەوانی ئاینەکە خۆیشیان شتێکی ئەوتۆ لەبارەی وردەکارییەکانی ئاینەکەی خۆیان نازانن. هەر بۆیە نوسینی پەڕتوکێکی زانستی لەسەر ئاینێکی لەو شێوەیە و بەتایبەت لەسەر ڕێو ڕەسمی پرۆسەی هاوسەرگیری تێیدا کارێکی ئاسان نەبوو، وە هەوڵ وماندوبونێکی زۆری پێویست بوو؛ چونکە ناچار بووم لە پێناو پاراستنی بەهای زانستی توێژینەوەکە بگەڕێم بەشوێن سەرچاوە ڕەسەنەکانی ئاینەکە خۆیدا تا لەزاری خۆیانەوە قسە و زانیارییەکان وەربگرم، هەر لەو پێناوەشدا هەردوو پەڕتوکی (كنزاربا) و ( دراشا أدیهیا) م خوێندەوە و هەر بەوەیشەوە نەوەستام، بەڵکو دەیان سەرچاوەی ترم دەست خست کە بەپێنوسی هەندێک لە شارەزایان و شوێنکەوتوانی ئاینی صابیئی نوسرابوون، بۆیە خوێنەری بەڕێز لەوە دڵنیا دەکەمەوە کە هەر زانیارییەک باسم کردوە لەم پەڕتووکەدا تا تەواو لێی دڵنیا نەبووبم و چەندین سەرچاوەم لەسەر نەخوێندبێتەوە باسم نەکردوە و تۆمارم نەکردوە. ناوەڕۆکی پەڕتوکەکەیش بە پێناسی شوناس و ناسنامەی ئاینی و مێژووی ئەو ئاینە وپێڕەوانی دەست پێ دەکات، لەگەڵ وردەکارییەکانی پڕۆسەی هاوسەرگیری و پایەكان و مەرجەكان و لێكەوتەكانی، تا دەگاتە ڕونکردنەوەی ڕێگاکانی جیابوونەوە و جێ هێشتن (تهجیر) لەو ئاینەدا ، وبەراوردی هەموو ئەوانە بە شەریعەتی ئیسلامیو یاسای باری كەسێتی عێراقی.
بابەتی ئەم پەرتووکە خوێندنەوەیەکی واقیعی و بابەتیانەیە بۆ گرفتیکی هەنووکەیی و زیندو کە بریتییە لەپەرتبوونی مسوڵمانان و کاری ئیسلامی و تەسک کردنەوەی فراوانی و میهرەبانی ئیسلام لە کەسایەتی کەسێکدا یان دروشمێکدا یان لایەنیکی سیاسیدا و بەئامانج کردنی لەکارو هەوڵەکاندا و زۆر دیاردەی دزێوی تر کە بونەتە مایەی لەکەدارکردنی کاری ئیسلامی و شێواندنی ڕووخساری جوانی مسوڵمانان و پەیامە پیرۆزەکەیان. ئەم گرفتەیش ڕۆژانە لەژیانی هەریەکێکماندا چەندین جار و بەچەندین شێوە دووبارە دەبێتەوە و لەمپەری گەورەی لەبەردەم کاری ئیسلامی و ئامانجەکانیدا دروست کردووە. نووسینی ئەم پەرتووکە هەوڵێکە بۆ خستنەڕووی چەند بنەماو چەمکێکی گرنگ دەربارەی فیقهی جیاوازیبوون لەکاری ئیسلامی و شێوازی ئاڕاستەکردنی ئەو جیاوازیانە بەو لایەنەی کە بۆ خزمەتی ئیسلام و مسوڵمانان کۆتایی دێت و وێنایەکی جوان و گەشی کاری ئیسلامی دەکات لەدڵی یاوەران و نەیارانیدا بەیەک ئاڕاستە.
خوێنەری بەڕێز: پەڕتووكی بانگەوازی پێغەمبەران: - باس لە ژیانی ئەو پێغەمبەرانە دەكات، كە بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی خوای گەورە ڕەوانەی كردوون؛ تا پەیامی خواناسی و یەكتا پەرستی، و دادپەروەری لە نێو مرۆڤەكاندا بڵاو بكەنەوە. - باس لە ئامانج و ئەزموون و دەرئەنجامی بانگەوازی هەریەك لەو پێغەمبەرانە دەكات، كە ناویان لە قورئانو دەقی فەرموودە درووستەكانی پێغەمبەرادا هاتووە. - باس لەشێواز و ڕێباز و ئامرازەكانی بانگەوازی پێغەمبەران دەكات لەناو گەلەكانیاندا. - باس لەهەڵوێستی دۆستانە و دڵسۆزانە و گیانی قوربانیدانو بەرخودان و خۆڕاگریو پێداگریی پێغەمبەران دەكات لەپێناو سەرخستنی پەیامی خوای گەورەو بەختەوەریی مرۆڤەكاندا. - لە بەرامبەر ئەمانەیشدا باس لە بەرەی شەیتان و هەڵوێستی دوژمنكارانەو شەڕخوازانەی ئەو كەسانە دەكات كە ڕووبەڕووی پێغەمبەران وەستاونەتەوە؛ لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی تەسكی خۆیاندا، لەگەڵ باسكردنو شیكردنەوەو وەڵامدانەوەی هەموو ئەو بەڵگە بێبنەمایانەی كەپشتیان پێ بەستوون لەو پێناوەدا. - باس لە ئاكامی ململانێی نێوان ئەو دوو بەرەیە دەكات، كە هەمیشە بە بەرژەوەندیو سەركەوتنی بەرەی حەقو ڕاستی كۆتایی هاتووە، كە پێغەمبەران سەرمەشقو مامۆستاو پێشەوای بوون، لە بەرامبەر تێكشكانو تیاچوونو شكستخواردنی بەرەی ناحەق؛ كە شەیتان وخەڵكانی خۆپەرستو خۆسەپێن سەرمەشقی بوون. ئامانج لە نووسینی پەڕتووكەكە: - باسكردنی ژیانی پێغەمبەرانە وەك چۆن لە دەقەكانی قورئانو سوننەتدا هاتووە، تا هەرچی زیادەو هەڵبەستراوو شتی لاواز هەیە لای خەڵكی ڕون بێتەوەو پشتی پێ نەبەسترێت لەو بارەیەوە. - زیندوو ڕاگرتنی ناوو پەیامو ئەزموونی بانگخوازی ئەو پیغەمبەرانەیە؛ تا خەڵكانی بانگخواز چاویان لێ بكەنو شوێن پێیان هەڵبگرن لە بانگەوازەكەیاندا. - خستنە ڕووی ئەزموون و ئاکامی هەوڵی شکستخواردووی ناحەزانی دینە، کە دڵنیا بن لەوەی هەرچی بکەن و هەرچۆن بن سەرەنجام هەر پەیامی خوای گەورە و ڕێبازی پێغەمبەران و ڕێبوارانی ئەو ڕێگایە سەردەکەون وئەوان جگە لە بەدناوی و ماڵوێرانی شتێکی تریان بۆ نامێنێتەوە.
لەم پەڕتووکەدا قسە لەسەر مەرجەکانی پرۆسەی هاوسەرگیری دەکەین، چ ئەو مەرجانەی کە شەریعەت بەمەرجی گرتوون و دایناون ولایەنەکانی گرێبەستەکە ناتوانن لێی لا بدەن، یان ئەو مەرجانەی کە شەریعەت دایناون و لایەنەکانی گرێبەستەکە بەڕەزامەندی هەردوو لا دەتوانن سازشی لەسەر بکەن، یانیش ئەو مەرجانەی کە لەشەرعدا باس نەکراوە و لایەنەکانی گرێبەستە خۆیان لەسەر یەکتری دەکەنە مەرج، وەک ئەوەی ئافرەتەکە مەرجی ئەوە دابنێت ژنی بەسەر نەیەت، یان تەڵاقی بەدەست بێت، یان دەست لەکارەکەی هەڵنەگرێت، یان مەرجی پیاوەکە بەوەی ئافرەتەکە داوای ماڵی جیا نەکات، یان خەرجی لەسەر پیاوەکە نەبێت، یان دەست لەپیشەکەی هەڵبگرێت، ومەودای دەسەڵاتی لایەنەکانی گرێبەستەکە لەسەر دانانی ئەو جۆرە مەرجانە ودیاریکردنی پێوەری وەرگرتن وڕەتکردنەوەیان وکاریگەری ولێکەوتەی هەر لەیەک لەو مەرجانە و شوێنەواریان لەسەر پرۆسە هاوسەرگیرییەکان ئەمەیش بابەتێکی زۆر فراوانە و بەداخەوە زۆرێک لەخەڵکی لێی بێ ئاگان وبەشێوازێکی تەندروست مامەڵەی لەگەڵ ناکەن؛ بۆیە بەندە لەم پەڕتووکەدا تیشکی تەواوم خستۆتە سەر ئەم بابەتە و ڕوونکردنەی تەواوم لەسەر هەردوو چەمکە شەرعی ویاسییەکەی داوە.
هەر چەندە ئەو تەوەر و لایەن و باسانە زۆرن كە ناحەزان تیر و توانجی خۆیانی لێوە ئاراستەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەكەن؛ بەڵام ئێمە لەم پەڕتووكەدا ولەبەر كەمی ماوە تەنها دووان لەو تەوەرانە باس دەکەین و بە وردی قسەیان لەسەر دەكەین: تەوەری یەکەم: پەیوەندیی هەیە بە خێزانەكانی پێغەمبەری خودا ﷺ و پرۆسە هاوسەرگیرییەکانییەوە. چ لە رووی چەندێتییەوە بێت، كە پێغەمبەری خودا ﷺ چۆن و بۆ لە چوار ژن زیاتری هێناوە؟!. یان لە رووی چۆنێتییانەوە بێت، كە چۆن و بە چ پێوەرێك و بۆ چ مەبەستێك ئەو ژنانەی هێناوە؟! تەوەری دووەمیش: پەیوەندی هەیە بە گوفتار و هەندێك لە فەرموودەكانییەوە ﷺ كە پەیوەندییان بە ئافرەتانەوە هەیە و واتاكانیان كەمێك ئاڵۆزن وخەڵكانێك بە نەزانی و كۆمەڵێكیش بە زۆرزانی راڤەی نەشیاویان بۆ دەكەن و وا باسی دەكەن كە ئەو دەقانە سوكایەتی ئامێزن بەرامبەر بە ئافرەتان، لە كاتێكدا جەوهەری دەقەكە ئەگەر وەك پێویست و لە هەموو رووەكانییەوە سەیر بكرێت و روون بكرێتەوە بە پێچەوانەوەیە. ئەم دوو تەوەرە زۆر جار دەكرێنە ئامانجی ناحەزان و لەو رێیەوە و لە بیری نەخۆشیانەوە تیری ژەنگاوی و ژەهراوییان ئاڕاستەی كەسایەتی پێغەمبەر ﷺ و ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەكەن و زۆر جار بێئاگایانە و بێ شەرمانە و دوور لە هەموو راستی و پێوەرێكی زانستی دەیانورووژێنن. بۆیە ئێمە لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو دوو تەوەرەی ژیانی پێغەمبەری خودا ﷺ كە بەلای ئێمەی بڕوادارەوە سەروەری و شكۆمەندی و پەند و بەهرەكانیان ئەگەر لە لایەنەكانی ژیانی دیكەی زیاتر نەبن كەمتر نین. گرنگی ئەم پەڕتووكە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە وەڵامێكی زانستی و بابەتیانەیە بۆ هەموو ئەو كەسانەی كە بەشوێن راستیی رووداوەكاندا دەگەڕێن و هەوڵ دەدەن وەك چۆن روویان داوە، یان گوتراون ئاوا لێی تێ بگەن، نەك وەك خەڵكانێك كە بۆ مەرامی بەدی خۆیان بە ئاوەژووەوە باسیان لێوە دەكەن.
دیاردەی بەكار هێنانی توندوتیژی دژی ئافرەتان دیاردەیەكی جیهانییە و ڕوو لە زیادبوونە و ودیاردەکە ڕەهەندی ئاینیی و ڕۆشنبیری و سیاسی و ئابوری و کلتوری هەیە و سەرجەم کایەکانی ژیان دەگرێتەوە و دەکرێت توندوتیژییەکە ئاینی یان جەستەیی یان دەرونیی یان سێكسیی یان سۆزداری بێت و ئامڕازەکانی ئەنجامدانی دەکرێت لە ڕێی گوفتار یان ڕەفتارەوە بێت. گرفتی زیادبوونی ئەم دیاردەیە لەوەدایە کە ئارامی خێزان دەخاتە مەترسییە و کاریگەری نەرێنی لەسەر پەروەردەی ئەندامەکانی دروست دەکات. هەموو ئەو جۆرە توندوتیژییانەیش بەرپرسیارێتی شەرعی و یاسایی و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت؛ بۆیە پێویستی بەهەڵوێستەکردنی جدی وهەوڵی بابەتیانە و بەرپرسیارانە هەیە بۆ کەمکردنەوە و بنەبڕکردنی. ئەم پەڕتووکە خوێندنەوەیەكی زانستی و بابەتییانەی شەرعی و یاساییانەیە دەربارەی سەرجەم چەمکەکانی ئەم دیاردەیە و لێکەوتە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵ. پەڕتووکەکە بەشێوەیەکی گشتی ئەم بابەتانە لە خۆ دەگرێت: (پێناسەی توندو تیژی، شێوەكانی بەكار هێنانی توندو تیژی، خستنە ڕووی هەندێک داتا و ئامار لەسەر دیاردەکە، هۆكار وپاڵنەرەكانی دیاردەکە، كاریرگەرییەکانی دیاردەکە لەسەر تاک وکۆمەڵ، حوكمی شەرعی و یاسایی دیاردەکە و بەراوردکردنیان لەگەڵ یەک، ڕونكردنەوەی حوكمی كوشتن بە بیانوی پاراستنی شەرەف و شۆردنەوەی ئەتکەوە).
موضوع هذا الكتاب: هو دراسة بعض التطورات التي طرأت على طبيعة العلاقة الزوجية في مجتمعاتنا الإسلامية، وصور الأنكحة المستحدثة, حيث هناك الكثير من التطورات الخطيرة في هذا الإطار. وتأتي أهمية الكتاب من كونه: يتناول أغلب أنواع وصور العلاقة الزوجية المعاصرة بصورة علمية، بدءا بتعريفاتها مع بيان أركانها وشروطها، وكذلك بيان سلبياتها وإيجابياتها، ومن ثم بيان حكمها الشرعي والقانوني. وصور الزواج التي قمت بدراستها في هذا الكتاب هي: زواج المسيار، وزواج المتعة، والزواج بنية الطلاق، والزواج العرفي، وتدخل تحت هذه العناوين صور فرعية أخرى منها: زواج الفرند، وزواج المصياف، وزواج المسفار. وطبيعة الدراسة هي دراسة تحليلية مقارنة بين الفقه الإسلامي والقانون الوضعي. ومما دفعني لكتابته: هو أن صور الزواج هذه التي انتشرت في بعض الدول والمجتمعات إنما انتشرت إستجابة لظروف خاصة، أو حلولاً لمشاكل لها علاقة بطبيعة تلك المجتمعات، ولكن مع الأسف بدأت تتسرب إلى مجتمعنا دون أي مبرر أو احتياج، كما أنها بدأت تطرح كحلول رسمية في البرلمان لتحل محل الزواج الرسمي، مع أن أغلب صور الزواج هذه لا تتفق مع تعاليم الإسلام، كما أنها لا تلبي مقاصد الزواج وغاياته. بالإضافة إلى أنها تؤدي إلى مفاسد غير محمودة العواقب.
ئەم پەڕتووکە خوێندنەوەیەکی شەرعی و یاساییانەیە بۆ کۆمەڵێک پڕۆسەی هاوسەرگیری هاوچەرخ لەوانە: هاوسەرگیری مسیار (زواج المسيار)، هاوسەرگیری سیغە (زواج المتعة)، هاوسەرگیری بە نیازی جیابوونەوە (الزواج بنية الطلاق)، هاوسەرگیری نەریتی (الزواج العرفي)، هاوسەرگیری تێکەڵ (الزواج المختلط). هەرچەندە هیچ کام لەم جۆرە هاوسەرگیرییانە مەبەستەکانی پڕۆسەی هاوسەرگیری شەرعی ناپێکن و لەگەڵ بەها باڵاکان یەک ناکەنەوە و مافی هاوسەرەکانی وەکو پێویست تێدا ڕەچاو ناکرێت؛ کەچی بەداخەوە ئێستا زۆرێکیان بەپاساوی جیاواز لە وڵات و كۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا لە گەشەکردندان و هێدی هێدی دزەیان کردۆتە ناو کۆمەڵگەی کوردی خۆیشمانەوە و ئەگەر بەری پێنەگیرێت لەوانەیە لە داهاتوودا جێگە بە هاوسەرگیرییە شەرعییە فەرمییەکە لێژ بکات و ببێتە جێگرەوەی، ئەمە لە کاتێکدا کە ئەگەر سەرهەڵدانی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییانە لە شوێنەکانی خۆیدا پاساوی بوونی کۆمەڵایەتی یان دارایی یان مەزهەبی یان یاسایی هەبێت؛ لە کۆمەڵگەی ئێمەدا تا ئێستا پاساوێکی ئەوتۆی نییە و دەرەنجامی زۆر خراپیشی لێدەکەوێتەوە. لەم پەڕتووکەدا وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە دەدەینەوە کە بەهزری خوێنەردا دێت و هەموو وردەکارییەکانی ئەو هاوسەرگیرییانە دەخەینە ڕوو
بەڕێزان: جیهانی ئابووری لەم سەردەمە جەنجاڵ وئاڵۆزەدا، ڕووداو وپێشهاتەكانی زۆر بەخێرای تێپەڕ دەبێت وگوزەر دەكات، هاوكات پێداویستی ژیانی تاك وكۆمەڵگەكان هەمیشە ڕوو لە زیادبوون وفراوانبوونە، ئەمەیش زۆر پرس و مامەڵەی نوێ بەدوای خۆیدا دەهێنێت، كە پێویستیان بە وەڵآم وڕونكردنەوەی شەرعی هەیە. بۆیە ڕۆژانە خەڵكانێكی زۆر پرسیاریان بۆ دروست دەبێت لەسەر ئەو مامەڵانەی كە لەبازاڕەكاندا دەگوزەرێت، بەڵام بەداخەوە زۆر كات وەڵامی پێویستیان دەست ناكەوێت و زانایان بۆچوونی جیاوازیان پێدەدەن لەسەر پرسەكانیان، ئەمەیش وادەكات بەرچاوڕوونی تەوایان دەستنەكەوێت ودوودڵی ئاڵۆزیەكانیان چارەسەر نابێت. بۆیە هەندێك لەو پرسانە تائێستایش بەهەڵپەسێردراوای ماونەتەوە. یانیش هەندێک جار لەبەر بەرژەوەندییە تایبەتییەكانیان و بەبیانووی جۆراوجۆر خۆیان لەوەڵامە ڕاستەكان دەدزنەوە وكاری پێناكەن. ئامانجی سەرەكی باسكردنی ئەم بابەتە بریتییە: لە ڕونكردنەوەی حوكمی شەرعی لەسەر كۆمەڵێك پرسی ئابووری سەردەمیانە كە تا ئێستا ئاڵۆزن، وخەڵكانێكی زۆر وەڵامی شەرعی دروست لەسەریان نازانن. ئەمەیش بەئەركێكی شەرعی دەزانم كە پێویستە ئەوەندەی لەتواناماندا هەیە حوكمی شەرع لەسەر پرسەكانی خەڵك ڕوونبكەینەوە وبەرچاوڕۆشنی تەواویان پێبدەین لەسەریان. لەبەرامبەریشدا بەئەركی شەرعی سەرشانی هەموو ئەو كەسانەی دەزانم كە لەم بوارانەدا كاردەكەن، فەزری عەینە حوكمی حەڵاڵی وحەرامی مامەڵەكانیان بزانن وبەر لەوەی هەر كارێك یان مامەڵەیەك بكەن دەبێت پێشتر حوكمە شەرعییەكەیان پرسیبێت وزانیبێت، تا چیتر پاساوی نەزانین وبێئاگابوون بۆ خۆیان نەهێننەوە؛ چونكە ئەو پاساوە بۆ ئەو جۆرە كەسانە ولەم ڕۆژگارەدا لای خوای گەورە سوودی نییە ودادی كەس نادات. زانایان لەم بارەیەوە بۆچوونیان وایە: هەركەسێك بیەوێت هەر كارێك بكات، پێویستە پێش وەخت حوكمی شەرعی وورد ودرشتی كارەكەی بزانێت، ئەگینا شەرعی نییە ئەو كارە بكات؛ چونكە بێگومان تووشی تاوان وسنورشكێنی فەرمانەكانی خوای گەورە دەبێت. بۆ نموونە: كاتێك كەسێك دەیەوێت نوێژ بكات، ئەگەر نەزانێت مەرجەكانی نوێژەكەی چییە؟ وبنەماكانی چین؟ وچۆن دروست دەبێت؟ وبەچی بەتاڵ دەبێتەوە؟ ئەوە چۆن نوێژ دەكات؟! وچجۆرە نوێژێك دەكات؟!. هەروەها كەسێك كەدەیەوێت زەكات بدات، ئەگەر نەزانێت مەرجەكانی زەكات چییە؟ وزەكات لەچی دەدرێت؟ وڕێژەی زەكات چەندە؟ وبەكێ دەدرێت؟ ئەگەر ووردەكاریەكانی ئەمانە نەزانێت ئیتر چۆن زەكات دەدات؟! . یان زەڕەنگەرێك یان كەسێك كەپیشەی دراو گۆڕینەوە وحەواڵە دەكات لەو بازاڕەدا، پێویستە بەر لەوەی بچێتە ئەو بوارەوە حوكمی شەرعی تەواوی كارەكەی بزانێت ئەوجا بچێتە ناوی. هەروەها پزیشكێكیش كە كاری چارەسەری تەندروستی خەڵكی گرتۆتە ئەستۆ، پێویستە سنووری شەرعی كارەكەی خۆی بزانێت، و پسپۆڕی وشارەزایی تەواوی لەبواری كارەكەی خۆیدا هەبێت. كەسێكیش كە بازرگانە، یان بەڵێندەرە، یان ئەندازیارە، یان مامۆستایە، یان هەر كارێكی تری هەیە پێویستە حوکمی شەرعی کارەکەی بزانێت. گرفتی گەورەی ئەمڕۆی خەڵك بێئاگایی ونەشارەزابوونیانە لە بوارە شەرعییەكاندا، هۆكاری سەرەكی ئەم بێئاگابوونەیش تەنها خەمساردی وبێباكیانە لەبەرامبەر ئەو جۆرە پرسانەدا، ئەگینا بۆ لە بوار وكایە دنیاییەكانی تردا كە بە بایەخەوە لێی دەڕوانن تەواو شارەزان؟!. لەگەڵ ئەم نەشارەزاییەشدا زۆر جار پرسی شەرع هەر ناكەن، یان پاش ئەوەی كار لەكار دەترازێت ئەوجا پرسی شەرع دەكەن، بۆ نموونە: كەسێك دەچێت پشكێكی حەرام لە دامەزراوەییەكی سووخۆریدا دەكڕێت، پاش ماوەیەكی زۆر ئەوجا بیری شەرعی دەكەوێتەوە وپرسیار دەكات، كە كارەكەی حەڵاڵە یان حەرام؟ وپێویستە ئێستا چی بكات تا لەو حەرامە ڕزگاری بێت، ئەمە گرفتێكی گەورە بۆ خۆی وخەڵكیش دروست دەكات، ئەگەر پێی دەڵێیت كارەكە حەرامە ووازی لێ بێنە، ئەوە پارەكەی دەڕوات ولەوانەیە بەرگەی ئەو زەرەرە نەگرێت، یان هەر هیچ نەبێت پارەكەی ئەم دەبێتە مایەی زیاد كردنی دەسمایەی دەزگا سووخۆریەكە، ئەگەر دەڵێیت بیفرۆشەرەوە بەكەسێكی تر، ئەوە چۆن بۆ ئەم حەرامە بۆ خەڵكی تریش حەرامە ودروست نییە، ئەگەر دەڵێیت بەردەوامبە لەسەری چۆن دروستە بەخەڵك بڵێیت لەكارێكی حەرام بەردەوام بێت؟! بەم شێوەیە خۆی وخەڵكیش تووشی گێژاو وقەیران دەكات. ئامانجێكی تری وروژاندنی ئەم بابەتە ئەوەیە، كە ئێمە پێویستە بنەماكانی ئابووری ئیسلامی بۆ خەڵكی ڕوون بكەینەوە، تا بزانن ئەو بنەما سەرەكییانەی ئابووری ئیسلامی لەسەر دادەمەزرێت چییە؟ وجیاوازی لە نێوان ئەم سیستەمە، وسیستەمی ئابووری سەرمایەداری، وسیستەمی ئابووری سۆسیالیستیدا چییە؟ وكام لەم سیستەمانە گونجاوترن بۆ بنیات نانی ئابووری ووڵات؟. ئامانجێكی تری باسكردنی ئەم بابەتە ئەوەیە: كە ئێمە ڕێگە چارە شەرعییەكان بۆ خەڵكی بخەینە ڕوو، چونكە ئیسلام كاتێك ڕێگە لەكارێكی حەرام دەگرێت بەدڵنیاییەوە دەیەها ڕێگای تری حەڵاڵی بۆ خەڵك داناوە، تا بەهۆیانەوە مەبەست وئامانجەكانیان بهێننە دی، و كەس پاساوی كردنی حەرامی نەمێنێت، بۆ نموونە كاتێك ئیسلام ڕێگە لەدزی وداگیركردن دەگرێت، ڕێگە بەبەخشین، وكڕین وفرۆشتن، وئاڵوگۆڕكردن، وبەكرێدان، وچەندین کاری تر دەدات كە بەهۆیەوە ئەو شتە بەدەست بهێنی كە دەتەوێت، بۆیە ئێمە كاتێك لێرەدا دەڵێین سوو خۆری حەرامە، نامانەوێت دەستی خەڵكی ببەستین وڕێگە لەگەشەكردنی ئابووری تاك وكۆمەڵگە بگرین، بەڵكو بەپێچەوانەوە دەمانەوێت ڕێگە چارە شەرعییەكان بەخەڵكی نیشان بدەین، كە لەهەموو ڕوویەكەوە لە ڕێگا حەرامەكان سوود وبەرەكەتیان زیاترە وخەڵكیش تووشی حەرام وگوناە نابن بەهۆیانەوە. سەبارەت بە پێڕەوی باسكردنی بابەتەكانیش: هەوڵ دەدەین بەو پەڕی بێلایەنی ودوور لە دەمارگیری وبەڕۆحێكی زانستی وبابەتیانەوە، قسە لەسەر كۆی تەوەرەكان بكەین ولەسەر هەر تەوەرێك گشت بۆچوونە جیاوازەكان وبەڵگەكانیان بخەینە ڕوو وهەڵسەنگاندنی تەواو زانستیانە بۆ بەڵگەكان بكەین وبۆچوونی زانایانی كۆن ونوێ لەمەڕ بابەتەكان بخەینە ڕوو وبۆچوونی پەسەند لەنێوانیاندا دیاری بكەین، تا بیسەر وبینەر وخوێنەری بەڕێز بەرچاو ڕوونی تەواوی لەسەر كۆی بابەتەكان بۆ دروست بێت. هەرچەندە كۆی باسەكە بەزمانەكانی تر شتیان زۆر لەسەر گوتراوە ونووسراوە؛ بەڵام بەداخەوە بەزمانی كوردی وبەشێوەیەكی سەربەخۆ هیچی لەسەر نەگوتراوە ونەنووسراوە؛ بۆیە بەپێویستم زانی بەزمانی شیرینی كوردی دایك تەوەرەكانی بابەتەكە بخەینە بەر باس ولێكۆڵینەوە وكەلێنێكی كتێبخانەی كوردی پڕبكەینەوە وخزمەتێكی هەرچەند كەمیش بێت بە ئیسلام وموسوڵمانان بەشێویەیكی گشتی وخوێنەری كورد بەتایبەتی بكەین. جگە لەبەدەستهێنانی ڕەزامەندی خوای گەورە، وخزمەتكردن وخەمخۆری بۆ بەرژەوەندی گشتی ووڵات وكۆمەڵگا، هیچ مەبەستێكی تر لەپشت ووروژاندنی بابەتەكەوە نییە وقسەكانیشمان ئاراستە نییە بۆ هیچ كەس، ولایەن وكەرت وپیشە وبازرگانێك بەتایبەتی وناشمانەوێت لەبەرژەوەندی كەس بدەین، یان بەرتەسكی بكەینەوە؛ بەڵكو دەمانەوێت ڕێگە چارە شەرعییەكان بۆ گرفت وگرێ كوێرەكانی ژیانی خەڵكی بخەینە ڕوو، كە دڵنیاین تەنها ئەو ڕێگانە زامنی دەستەبەركردنی ئابووریەكی تەندروست وگەشەكردو بێ مەترسی ودوور لەستەم دەستەبەر دەكات بۆ هەموو لایەك. كۆی باسەكەیش لە سیازدە بەش پێك دێت، كەهەفتانە تۆمار كراون ولەكەناڵی ئاسمانی پەیامەوە پەخش كراون وهەر بەو شێوەیەیش لەم پەڕتوكەدا داڕشتنەوەی بۆ كراوە. هەموو ئەو پرسیارانەیش كە هەفتانە ئاراستەمان كراوە، یان ئەو گفتوگۆیانەی كە پاش هەموو بەشێك ڕاستە وخۆكراون، لێرەدا لەبەشێكی سەربەخۆدا تۆمارمان کردون تا هزری خوێنەر پرژ نەبێت، وڕیزبەندی بابەتەكان تێك نەچێت.
ئێمە لە ئێستادا دەبێت چاو بەو خوێندنەوە باوەماندا بگێڕینەوە كە تەنها وەكو مێژووی ژیانی پیاوێكی مەزن سەیری ژیانی پێغەمبەر ﷺ دەكەین و دەیخوێنینەوە لەكاتێكدا ئەمە هەڵەیە و لەگەڵ نەزانی و بێ ئاگایی جیاوازییەكی ئەوتۆیان نیە. بۆیە ئێمە لە هەر جێگەو پێگەیەك بین، هەر كەسایەتی وكارێكمان هەبێت، لەهەر ئاست وقۆناغێكی بانگەوازدا بین، پێویستە لەئەزموونی ژیان و بزاوتن و كەسایەتی ئەو زاتە مەزنە بەهرە مەند بین، تا لە هەموو گوفتار و ڕەفتارێكدا وەك ئەو مامەڵە بكەین، دەبێت خوێندنەوەمان بۆ ژیانی بمانگەیەنێت بە خۆشەویستی خۆی و یارانی و لەو خۆشەویستیەیش بەچاوی پەرستش بڕوانین. دەبێت وا خوێندنەوە بۆ ژیانی بكەین كە گشت ڕوداوەكانی تازەن و پەند و ئامۆژگارییان لێوە فێر ببین، دەبێت وەك ژیانی نزیكترین كەسی خۆمان سەیری بكەین و بەرگری لێ بكەین، دەبێت لەوە تێبگەین كە ئەو زاتە كەسێكی بلیمەت و فەیلەسوف نەبووە بەڵكو پێغەمبەر ﷺ و فروستادەی خوا بووە بەهەرچی ئەو نازناوە مەزنە هەڵی دەگرێت و شایەنییەتی. ئەم بەرنامە و نوسینە هەوڵێكی زۆر لاواز و شەرمنانەیە بۆ خزمەتكردن بەژیانی ئەو سەردارە مەزنەی مرۆڤایەتی، بەڵام ئەفسوف لەبەر بەرفراوانی باسەكە و زۆری چەمك و ڕەهەندەكانی و دەوڵەمەندی پەند و ئامۆژگارییەكانی زۆر زەحمەتە مرۆڤ بتوانێت بەم تەمەن و توانا کەمەوە و لەزنجیرە باسێكی ئاوهادا كۆی ژیانی پڕ سەروەری ئەو زاتە باس بكات و مافی خۆی پێ بدات، بۆیە من لەم دەرفەتەدا تیشك دەخەمە سەر چەند کاژێرێکی ژیانی ئەو سەردارە مەزنە و غەزایەك لەغەزا پڕ سەروەرییەكانی باس دەكەم كە بە غەزای (ئوحود) ناوبانگی دەركردوە.
بەڕێزان، دڵ هەستیارترین ئەندامی جەستەی مرۆڤە، چ لە ڕووی جەستەیی، چ لە ڕووی شەرعییەوە، هەربۆیە نەخۆشکەوتنو لاوازبوونی، لە هەر ڕوویەکیانەوە، ژیانی مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوە. دڵ کاتێک لەڕووی جەستەییەوە نەخۆش دەکەوێت، دەکرێت چارەسەر بکرێت، ئەگەر هەر سوودیشی نەبوو؛ دەکرێت فڕێبدرێتو بگۆڕدرێت، بەڵام کاتێک لەڕووی شەرعییەوە نەخۆش دەکەوێت؛ بەدوای خۆیدا، هەموو ئەندامانی تری جەستە نەخۆش دەخاتو لەکاریان دەخاتو پەیوەندییان لەگەڵ خوادا دەپچڕێنێت، تاکە ڕێگەش بۆ چارەسەری، پێش لەدەستدانو مردنی، تەوبەو بەخۆداچوونەوەو گەڕانەوەیە بۆ لای خوای گەورە، ئەگینا هەنگاو بەهەنگاو، دڵەکە سست دەبێتو دەمرێت، دواتریش هیچ شتێک بەهانای خاوەنەکەی نایەت. پاڵنەری قسەکردن لەسەر ئەم باسە، جگە لە گرنگیی خودی باسەکە لە ڕووی بابەتییەوە، بەهەڵە مامەڵەکردن لەگەڵ چەمکو ڕەهەندەکانیەتی. ئەمڕۆ خەڵکانێکی زۆر هەن، ئەوەی گوێی پێ نادەن، دڵە شەرعییەکانیانو خەمی قیامەتو دواڕۆژیانە، هەموو ژیانیان بۆ جەستەیان تەرخان کردووەو لە پێناوی خزمەتکردنی ئەودا، ساتەکانی بەخەرج دەدەن. بۆیە هەوڵ دەدەین لەم پەڕتووکەدا سەرنجتان بۆ لای نەخۆشە شەرعییەکانی دڵ رآبکێشین و هۆکارو چارەسەرەکانیان بخەینە ڕوو. بەو هیوایە هەوڵەکەمان جێگەی ڕەزامەندی خوای گەورە بێت و سوودێکیشی هەبێت بۆ بەڕێزتان
ئەم پەڕتووکە چوار توێژینەوەی زانستی لەخۆ دەگرێت لەسەر چواربابەتی شەرعی، یاسایی، زانستی، دارایی، بازرگانی، ئابووری سەردەمییانە کە ماوەیەکە هەموو ئەو نێوەندانەیان بەخۆیانەوە سەرقاڵ کردووە ئەوانیش بابەتەکانی: 1- حوکمی مامەڵەکردن بە دراوە ئەلکترۆنییەکانەوە (OneCoin) بەنموونە. 2- حوکمی بەشداریکردن لە کۆمپانیاکانی (بازاڕگەری تۆڕبەندی) (Network Marketing) (التسويق الشبكي) (Qnet) بەنموونە. 3- حوکمی مامەڵەکردن لە بازاڕی ( Forex) وکارکردن بە سیستەمی پەراوێزی بازرگانی(Margin) . 4- حوکمی مامەڵە کردن لەگەڵ کۆمپانیای(UniqueFinance) (یونیک فاینانس). ئەوەی لەم توێژینەوەیەدا هەیە بۆ ئەو كەسانەیە كە حساب بۆ حەڵاڵ وحەرام وسنورەكانی شەرع وقیامەتی خۆیان دەكەن، ئەگینا ئەوانەی گوێ بە حەرام وحەڵاڵ نادەن مەبست نین بەم بابەتانە وقسەكانیش ئاراستەی ئەوان نییە. گرنگە هەر موسوڵمانێك دەیەوێت هەر كارێك بكات پێویستە سەرەتا بۆچوونی شەرعی لەسەر بزانێت و پاشان بڕیاری كردن یان نەكردنی بدات؛ چونکە شەرعی خوا لەسەرو حەز و بەرژەوەندی هەموو لایەكەوەیە. مەبەستی سەرەکی توێژینەوەکان ڕزگاركردنی ئەو گەنجە سادە و خەڵكە بێ ئەزموونەیە كەدەكەونە داوی دەستبڕینی ئەم كۆمپانیایانەوە و وزە و تواناكانیان ئیفلیج دەكەن و داهات و دەستمایەكانیان بەهەدەر دەبەن ئەمە جگە لەوەی كەئەم جۆرە كۆمپانیایانە زیان بەئابوری وڵاتیش دەگەیەنن و پارەیەكی بێ شوماری ئەم وڵاتە ڕەوانەی كۆمەڵێك ژمارەی حسابی نادیار وبانكی بێ ناسنامە دەكەن