سەردانیکەر: 319,872
ئەم زنجیرە باسەی لەم پەرتووکەدا قسەی لەسەر دەکەین هەڵقوڵاوی زەرورەتێکی واقعیە کەبەداخەوە زۆرێک لەخەڵکانی ئێمە ئەمڕۆ لێی بێ ئاگان و گرنگی پێ نادەن، بەتایبەتی مامۆستایانی شەرعزان و موفتییەکان و ئەو کەسانەی کە خەڵکی بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە شەرعییەکانیان بۆ ئەوان دەگەڕێنەوە. ئەم فیقهانەی لەم پەرتووکەدا قسەیان لەسەر دەکەین بریتین لە فیقهەکانی: (مقاصد، موازنات, واقع، إختلاف, الأمر بالمعروف والنهي عن المنكر). کە هەر یەک لەو فیقهانە وەک ئامێرێکی کێشانە و پێوانەیە وایە کە هاوسەنگی دید و بۆچونەکانمان لە مەڕ پرسە شەرعییەکان دەپارێزێت و ناهێڵێت تووشی پەڕگیری یان شلگیری بین لەفەتوا و حوکمە شەرعییەکانماندا. هەر بۆیە مەبەستی سەرەکی نووسینی پەڕتووکەکە بەئاگا هێنانەوەی شەرعزانانە لە مەترسی فەتوای سەرپێیی و لابەلا، یان هەڵقوڵاوی پەرچەکردار، یان ئاوێتەبوو بە سۆزی سەرمینبەر و بەردەم کامێرا، یان دەرهاویشتەی حەز و بەرژەوەندی تاکە کەسی یان حیزبی و سیاسی، وە بەرچاوڕوونی پێدانیانە لەوەی هەموو فەتواو و بۆچونێکی شەرعی پێویستە بە فلتەری هەموو ئەم فیقهانەدا گوزەر بکات کە لەم پەڕتووکەدا باسکراوە، ئەوجا بڕیاری لەسەر بدرێت.
سوپاس و ستایشی بێ پایان بۆ بەخششە بێسنوورەکانی خوای گەورە. سوپاس بۆ خوای گەورە کە پەرتووکێکی ترمان بەپایان گەیشت و کەوتە بەر دیدی خوێنەران. پەرتووکی (هەنگاوە سەرەتاییەکانی بەمرۆڤبوون) پەرتووکێکی تایبەتە بەژیانی کۆرپلە و حوکمە شەرعییەکانی لەژێر ڕۆشنایی دەقە شەرعییەکان و بۆچوونی زانایان و پێشهاتە زانستییەکانی سەردەمدا. ناوەڕۆکی پەرتووکەکە (٣٠) باسی گرنگ لەخۆ دەگرێت کە ئەمانەن: (دروستبوونی مرۆڤ لە هزی ڕۆژئاواییەکاندا، دروستبوونی مرۆڤ لە دەقەکانی قورئان و سوننەتدا، دروستبوونی نەوەکانی ئادەم، شیاوی کۆرپەلە (الأهلية)، حوکمی لەباربردنی کۆرپەلە، ڕۆح بەبەردا کردنی کۆرپەلە و قۆناغی بەمرۆڤ بوون، شێوازەکانی دەستدرێژیکردنە سەر کۆرپەلە، لێکەوتەکانی دەستدرێژیکردنە سەر ژیانی کۆرپەلە، کێ بەرپرسە لەپێدانی خوێنی کۆرپەلە و بەکێ دەدرێت، سزای کوشتنەوە لە تۆڵەی کوشتنی کۆرپەلەدا، سزای کوشتنەوە لە تۆڵەی کوشتنی کۆرپەلە لەگەڵ دایکیدا، حاڵەتەکانی ڕێگەدان بە لەباربردنی کۆرپەلە، لەباربردنی کۆرپەلەی ناشەرعی (زینا) بەپاساوی پاراستنی ژیانی دایکی، ڕەچەڵەکی کۆرپەلە (النسب)، ڕەچەڵەک و نەسەبی منداڵی زینا و داوێنپیسی، ئاینی کۆرپەلە و منداڵ، ناونانی کۆرپەلە و منداڵ، ڕێکارەکانی بەخاک سپاردنی کۆرپەلە، زەکاتی پەیوەست بە ماڵ یان خودی کۆرپەلە و منداڵ، بژێوی ژیانی کۆرپەلە و منداڵ، وەسییەت و میراتی کۆرپەلە و منداڵ، میراتی کەسێک کە پێش کەسی میرات لێگیراو مردبێت (الوصية الواجبة)، چۆنییەتی دابەشكردنی میرات لە ئەگەری بوونی كۆرپەلە لە نێو میراتگرەکاندا، وەقفکردنی ماڵ لەسەر کۆرپەلە، بەکارهێنانی مافی شوفعە بۆ کۆرپەلە، پێدانی دیاری بە کۆرپەلە، دانپێدانان بە مافێک بۆ کۆرپەلە، ئامڕازەکانی سەلماندنی بابەتەکانی پەیوەست بە کۆرپەلە، پیتاندنی دەستکرد و منداڵی بلوری، هەڵبژاردنی ڕەگەزی منداڵ، ئەندازەی بۆماوەیی (الهندسة الوراثية)، لەبەرگرتنەوەی مرۆڤ (الإستنساخ البشري)....).
ئەم پەرتووکە هەوڵێکی خاکیانە و سادەیە بۆ ڕوونکردنەوەی چەمکەکانی بابەتی قەزا و قەدەر و وەڵامێکە بۆ سەرجەم ئەو گومان و ئاڵۆزیانەی کە لە سەر ئەو دەقە شەرعییانە دروست دەبن یان دروست دەکرێت، جگە لەوەیش وەڵامە بۆ پرسیارگەلێکی زۆر کە ڕۆژانە لەگەڵ بینین و بیستنی هەر ڕووداوێکدا لە مێشکماندا دەوروژێت و دووبارە دەبێتەوە لەوانە: - کێ بەرپرسیارە لەو پێشهات و ڕووداو و بەسەرهاتانەی بەسەر مرۆڤەکان دێن؟. - وە کێ چارەنووسی مرۆڤەکان دیاری دەکات و بڕیاری لەبارەوە دەدات؟. - وە خۆشگوزەرانی و بەدبەختی مرۆڤەکان هۆکاریان چییە و بۆچی مرۆڤەکان لەو ڕووەوە جیاوازن؟. - وە ئایا ویستەکانی مرۆڤ بەرامبەر ویستەکانی خوای گەورە هیچ ڕۆڵ و کاریگەرییان لە ئاراستەکردنی ڕووداوەکان و گۆڕینی دەرەنجامەکاندا هەیە؟. - وە کێ بەرپرسیارە لەباشی و خراپی مرۆڤەکان لەدونیا و بەهەشتی بوون و دۆزەخیبونیان لەدواڕۆژ؟. - وە ئایا مرۆڤەکان خۆیان بڕیار لەو بابەتانە دەدەن، یان خوای گەورە بۆی دیاری کردوون. ئەمانە و دەیەها پرسیاری تر کە ڕۆژانە بەمێشکماندا دێن و گوزەر دەکەن.
تەکفیر لەزاراوەی شەرعدا بریتییە لە بڕیاردان لەسەر دەرکردنی کەسێک لە بازنەی ئیسلام، جا یان ئەوەتا کەسەکە هەر لە بنەڕەتدا موسوڵمان نییە و شوێنکەوتەی پەیام یان ئاین یان ئایدیایەکی نائیسلامییە وخۆیشی دان بەناموسوڵمانبوونی خۆیدا دەنێت، یانیش کەسەکە لە بنەڕەتدا موسوڵمانە؛ بەڵام کارێک یان گوفتارێک یان هەڵوێستێکی هەبووە یان بیروباوەرێکی بۆ دروست بووە کە لە بازنەی ئیسلام وباوەڕ بردویەتییە دەرەوە. لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا تێگەیشتن و بەکارهێنانی ئەم زاراوە شەرعییە گرفتی گەورەی دروستکردوە وخەڵکانێکی زۆری ناوەوە و دەرەوەی رابوونی ئیسلامی بە خۆیەوە سەر قال کردوە وئاڵۆزیی وپشێویی زۆری لە بابەتە فیقهی و حوکمە شەرعییەکان وبنەماکانی بیروباوەڕدا دروست کردووە وسەری کێشاوە بۆ زۆر دیاردەی خراپ لە نموونەی لەدین دەرکردنی خەڵکانی موسوڵمان وحەڵاڵکردنی خوێن و سەرو ماڵ و ئابڕوویان بەناحەق و وێناکردنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام کە ئاینی بەزەیی ومیهرەبانیی و لێبوردەییە وەک ئاینێکی خوێنڕێژ وخۆسەپێن وڕقاوی. لەم پەڕتووکەدا هەوڵمان داوە تیشک بخەینە سەر بابەتی تەکفیر و بنەما شەرعییەکانی و هۆکارەکانی سەرهەڵدان ولێکەوتە ئەرێنی و نەرێنییەکانی وەک ئەوەی لەکۆی دەقە شەرعییەکاندا هاتووە و وەک ئەوەی زاناینی پێشینی ئەم ئوممەتە لێی تێگەیشتوون نەک خەڵکانی پەڕگیر و گومڕا، یان دەروون بەزیو و ڕوخاو.
ئەم پەڕتووکە تێزی دکتۆراکەمە کە لە ساڵی (٢٠٠٥) دا نووسراوە وساڵی (٢٠٠٩) لە قاهیرە لەچاپ دراوە وتێیدا باسم لەکۆی پرسە شەرعی ویاساییەکانی ژیانی کۆرپەلە کردوە هەر لە پێناسەکەی وسەرەتای دروستبوون وڕۆح بەبەراکردن و وشیاوی شەرعی ویاسایی بۆ مافەکانی و وگشت حوکمە پەیوەستەکانی هەر لە ئاین و زەکات وخەرجی و ڕەچەڵەک ومیراتی و و وەسییەت بۆ کردن و وەقف لەسەر کردن وپێ بەخشین و شوفعە ولەباربردن وچەندین حوکمی ترەوە. جا منداڵەکە بەرهەمی هاوسەرگیرییەکی شەرعی بێت یان حەرام یان هاوسەرگیرییەکی نا دروست یان هەڵە، باسم لەهەموو ئەو حوکمانە لەهەموو ئەو ڕێگانەوە کردوە. زیاد لەهەموو ئەوانەیش باسم لە بابەتە سەردەمییەکانی پەیوەست بە ژیانی کۆرپەلەوە کردوە، وەک ڕێگەکانی ئەنجامدانی منداڵی بلوری وحوکمە شەرعییەکانی وحوکمی کۆپی کردنەوەی مرۆڤ وڕێگە وگرفتەکانی وزانستی ئەندازەیی بۆ ماوەیی وکاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی کۆرپەلە وحوکمە شەرعی ویاساییەکانی. هەموو ئەمانەم لەڕوانگەی شەریعەت ویاساوە خستۆتە ڕوو وبۆچوونی زانایانی هەشت قوتابخانەی ئیسلامیم لەسەر گفتوگۆ کردون هەر لە حەنەفییەکان ومالیکییەکان وشافیعییەکان وحەنبەلییەکان وظاهیرییەکان وزەیدییەکان وئیباضییەکان وئیمامییەکان و قسەم لەسەر بۆچوونەکانیان کردوە و لەڕووی دەقە شەرعییەکان وزانستەکانی سەردەمەوە وڕاست وهەڵەی بۆچوونەکانیانم خستۆتە ڕوو. بۆ بابەتە سەردەمییەکانیش سوودم لەبۆچوونی زانایانی سەردەم وکۆمکارە ئیسلامییەکان ولیژنەکانی فەتوا وەرگرتووە. بەو هیوایەی کە ئەم هەوڵە جێی ڕەزامەندی خوای گەورە بێت وسوودی بۆ بەڕێزیشتان هەبێت وکەلێنێک لە کتێبخانەی کۆمەڵگەکەمان پڕ بکاتەوە.
ئەم پەڕتووکە نامەی ماستارنامەکەمە کە لە ساڵی (٢٠٠١) دا نووسراوە وساڵی (٢٠٠٩) لە قاهیرە لەچاپ دراوە وتێیدا قسەم لەسەر دەوڵەتی مەدینە کردوە وەک یەکەم دەوڵەتی ئیسلامی و ناوازەترین دەوڵەت کە لەسەری بنەمای بیر وئاین بەواتا فراوانەکەی دامەزرابوو وە پێغەمبەری خودا ﷺ خۆی ڕابەرایەتی کردوە وهەموو بنەما دەستورییەکانی بوون بەدەوڵەتی تێدا بووە، هەر لە: (خاک، نەتەوە، دەسەڵات، دانپێدانانی نێودەوڵەتی) نەک بەپێوەری ئەو سەردەمە بەڵکو بەپێێ پێوەرەکانی سەردەمی ئێستا. بنەماکانی حوکمڕانی لەدەوڵەتی مەدینەدا لەسەر پێنج پایە دامەزرابوو کە ئەوانیش پایەکانی: (ڕاوێژ کردن، دادپەروەری، یەکسانی، پەیامداری، بەرپارسیارێتی بەرامبەر بە دەسەڵات وئەرک بەرامبەر بەماف). لەدەوڵەتی مەدینەدا هەر سێ دەسەڵآتەکانی (جێبەجێکردن، یاسادانان، دادوەری). بەڕوونی هەبوون وهەست پێ دەکران، وماف وئازادییەکان بەشێوازێکی زۆر ناوازە ودادوەرانە وئامانجدارانە پۆلێن کرابوون وڕێکخرابوون. جگە لەوانەیش دەوڵەتی مەدینە سیاسەتێکی ئابووری سەبەخۆ وتۆکمە وتەواو بەهێزی هەبوو کە تێیدا سەرچاوەکانی داهات وخەرجی بەڕوونی تێدا دیاریکرابوو. لەپاڵ هەموو ئەوانەیشدا دەوڵەتی مەدینە پەیوەندی هەبوو لەگەڵ دەوڵەتانی سەردەمی خۆیدا کە پێغەمبەری خوا ﷺ دەستپێشخەربوو لەدروستکردنی ئەو پەیوەندییە لەڕێگەی ناردنی نامە وپەیامبەرەکانی خۆیەوە. هەموو ئەوانە وچەندین خاڵی ترم لەم پەڕتووکەدا بەوردی باس کردوە، بەو هیوایەی توانیبێتم مافی تەواوم بەسەرجەم بابەتەکانی دابێت وتوانیبێتم بەڕوونی ئامانجەکانیانم پێکا بێت. پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد صاڵح
. پەڕتووکی (ولاية الإجبار في عقد الزواج) توێژینەوەیەکی زانستی شەرعیی ویاساییە لەسەر بابەتێکی فیقهی ویاسایی گرنگ وئاڵۆز کە هەندێک لەزانایان ومەزاهیبە ئیسلامییەکان ڕێگەیان پێداوە. ئەویش بابەتی بەزۆر بەشودانە بۆ کچان یاخود منداڵانی ناپێگەیشتوو، کە ئەم بابەتە لێکەوتەی زۆر خراپی هەبووە لەسەر لایەنەکانی گرێبەستەکە بەتایبەتی وکۆمەڵگە بەگشتی ودیاردەی ژن بەژن وگەورە بەبچوک ولەسەر بێشکە مارەکردنی لێکەوتۆتەوە. پاش بەدواداچونێکی ورد بۆ سەرجەم دەقە شەرعییەکان ویاسا بەرکارەکانی سەر ئەو بابەتە و خستنەڕووی بۆچوونی زانایان لەو بارەیەوە بۆم دەرکەوت کە ئەو بابەتە هەڵقوڵآوی لێکدانەوە و تێگەیشتنی زانایان خۆیانە وهیچ دەقێکی شەرعی لەسەر نییە پشتڕاسی بکاتەوە سەرەڕای ئەوەی ئەو بۆچوونە لەگەڵ بنەماکانیی ئازادی و دادگەری یەک ناکاتەوە و دژی مەبەستەکانی هاوسەرگیری و ئامانجەكانێتی.
ئەم پەڕتووکە توێژینەوەیەکی زانستییە وساڵی (٢٠١٤- ٢٠١٥) نوسیومە وهەر هەمان ساڵ لەگۆڤاری زانستی زانکۆی (المنصورة) لە قاهیرە لە چاپ دراوە و بڵاوکراوەتەوە. بابەتی توێژینەوەکە خوێندنەوەیەکی یاسایی بەراوردکارانەیە بۆ پڕۆژە یاسایەکی تایبەت بەباری کەسێتی یەزیدییەکان کە کۆمەڵێک نووسەر وڕۆشنبیری یەزدی هەستاون بە پێشكەشكردنی وەك جیگرەوەیەك بۆ یاسای باری كەسێتی عێراقی بۆ پێڕەوانی خۆیان، هەرچەندە نووسینەوەی پڕۆژەکە چەند ساڵێكی بەسەردا تێپەڕیوە بەڵآم هەتا ئێستایش لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند نەکراوە، بەڵآم وەک بەرنامە و بیرۆکە بوونی هەر ماوە. لەبەر ئەوەی سەرجەم بڕگە وبابەتەکانی پڕۆژەکە ڕەهەندی ئاینیان هەیە و هەڵقوڵای دەقە ئاینییەکان بوون؛ بۆیە زۆربەی زۆری ئەو سەرچاوانەی پشتم پێ بەستوون وبەکارم هێناون لە توێژینەوەکەمدا سەرچاوەی یەزیدییەکان خۆیانن وقسەی کەسی ترم لەسەر نەکردونەتە ماڵ، لەو پێناوەشدا دەیان كتێبو سەدان توێژینەوە و بابەت و ڕاپۆرت وچاوپێكەوتنیانم لەسەر بابەتەکانی توێژینەوەکە خوێندۆتەوە. نووسین دەربارەی ئاینی یەزیدی کارێکی ئاسان نییە وهەوڵ وماندووبوونی زۆری دەوێت؛ ئەویش بەهۆی ئاڵۆزی و ناڕوونی و نهێنی بوونی سەرچاوەکانی ئاینەکە وبوونی شرۆڤە ولێکدانەوەی جیاواز و دژ بەیەک ونەبوونی بەڵگەی یەکلاکەرەوە لەسەریان، بۆیە ناچار بووم سەدان سەرچاوە بخوێنمەوە لەسەریان و جار جار ناچار دەبووم یەك سەرچاوە چەندین جار بخوێنمەوە بۆ ئەوەی بیرۆكەیەكی لێ دەربهێنم. بەشێوەیەکی گشتی بابەتەکانی پەڕتووکەکەم دابەش کردوە بەسەر دوو بەشدا: لە بەشی یەکەمدا باسم لە مێژووی یەزیدییەکان کردوەچ وەك تیرە یان کەمینەیەکی ئاینی وقسەم لەسەر پێناسەو و ناو و قۆناغەكانی گەشەكردن وچینە ئاینییو كۆمەڵایەتییەكان وگرنگترین بیروباوەڕەكانیان کردوە. لەبەشی دووەمدا قسەم لەسەر پڕۆژە یاساکە و خاڵە جیاواز ولەیەکچووەکانی لەگەڵ یاسای باری کەسێتی عێراقی کردوە. هیوادارم توانیبێتم مافی تەواوی بابەتەکە بدەم وبەرچاو ڕوونی تەواوم لەسەر ئاینی یەزیدی و بنەما وبڕگەکانی پڕۆژە یاساکە خستبێتە ڕوو. پڕۆفیسۆر خالید موحەممەد صاڵح 4/1/2022
پەڕتووکی یەکسانی نێوان ژن و پیاو توێژینەوەیەکی زانستی بەراوردکارییە، باس لە لە بیردۆزەو و فەلسەفەی یەکسانی نێوان ژن وپیاو دەکات لەدووتوێی دەقەکانی شەریعەت وبڕگەکانی یاساو ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکاندا، سەرەتای پەڕتوکەکە بەشێوەیەکی گشتی باس لە پێگەی ئافرەت دەکات لە ئیسلام و شارستانییەتە جیاوازەکاندا، دواتر باس لە واتا ومەبەستی چەمکی یەکسانی و بنەما تیۆرییەکانی دەکات، دواتر بەس لە خاڵە جیاوازو لەیەکچووکانی نێوان ژن وپیاو دەکات لە ڕووی دەروونی جەستەیی و هۆرمۆنییەوەو کاریگەرییەکانی ئەو جیاوازییانە لەسەر ئەرک و مافەکانیان دەخاتە ڕوو، هەروەها باس لە مەترسییەکان و لێکەوتە خراپەکانی بانگەشەی یەکسانی دەکات. لەکۆتاییشدا قسە لەسەر ئەو خاڵانە دەکات کە ئیسلام یەکسانی لەنێوان ژن و پیاودا کردوە و لەبەرامبەریشدا قسە لەسەر خاڵە جیاوازەکانیان وپاساوی جیاوازییەکانیان دەکات.
ئەم پەڕتووکە تۆێژینەوەیەکی زانستییە ساڵی (٢٠٠٦) نوسراوە، ئەوکات کە ڕێکخراوەکانی ژنان سەرقاڵی پێشکەشکردنی پڕۆژەیەک بوون بە پەرلەمان بە مەبەستی هەموارکردنەوەی یاساکانی باری کەسێتی، بەندە ئەو کات وەک ئەرکێکی شەرعیی و یاسایی ئەو توێژینەوەیەم لەسەر پڕۆژەکەی ئەوان نووسیی و گشت هەڵە شەرعیی ویاسایی و زانستیەکانی پڕۆژەکەم تێدا باسکرد. هەرچەندە دواتر پڕۆژەکە هەموارکرایەوە بەڵام بەداخەوە هەموارکردنەوەکە بە پێی پێویست نەبوو، وە دواجار بە کەم و کورتییەکەی زۆرەوە لە پەرلەمان تێپەڕێندرا و لە ئێستایشدا کۆمەڵێک کێشە و گرفتی شەرعیی و یاسایی زۆری بۆ خەڵک و خێزان و دادگاکان درووست کردووە. توێژینەوەکە هەر ئەوکات و لە مانگی (٩)ی ساڵی (٢٠٠٧) لە ژمارە (٢١) گۆڤاری زانکۆی سلێمانی، بەشی (B) بڵاوکرایەوە.