زەکاتی مووچە و قازانج و داهاتی مانگانە
بەڕێزێك ئەپرسێ: من کارمەندی کۆمپانیام، مانگانە مووچە وەرەگرم و ئەوەی پێویستی ڕۆژانە و ماڵ بێ لێی دەرئەچێ، ئەوەی کۆ ئەبێتەوە پێش تێپەڕبوونی ساڵ ئەیخەمە ناو پڕۆژەکان، ئایا زەکاتی چۆن لێ دەر بکەم؟
وەڵام
بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبانەوە سوپاس و ستایش بۆ پەروەردگاری جیهانیان، وە درود و ڕەحمەت بۆ سەر گیانی پاكی پێغەمبەر ﷺ و گشت كەس و یاران و شوێنكەوتوانی بەگشتی. وەڵام: سەبارەت بە پرسیارەكەی بەڕێزتان: ئەم بەڕێزەی کە پارە پەیا ئەکا وە بەر لەوەی ساڵی بە سەرا تێپەڕ بێ ئەیخاتە ناو پرۆژەوە، ئەگەر ئەمە بە نییەتی خۆ دزینەوە بێ لە زەکات ئەمە حەرامە، وەکو پێغەمبەر (ﷺ) ئەفەرموێ: (لا ترتكبوا ما ارتكبت اليهود فتستحلوا محارم الله بأدنى الحيل)، ئەفەرمووێ: (فێڵ و تەڵەکەی جوولەکەکان دووبارە مەکەنەوە، حەرامەکانی خوا حەڵاڵ بکەن بە فێڵ و تەڵەکە)، کەسێک بێت پارەی هەبێ وە ساڵانە بۆ خۆ دزینەوە لە زەکات، بەر لەوەی زەکات مەسەلەن مانگی مانگێکی ماوە زەکات واجب بێ لەسەری ئەچێ پارەکان ئەخاتە پرۆژەیەکەوە، دوایی پارەکان وەردەگرێتەوە یان ئەیدا بە کەسێک، جاری وایە ئەم فێڵ و تەڵەکەی لە بەینی ژن و مێردا کراوە، کابرا بە خێزانەکەی ئەڵێ "ژنەکەم من و تۆ فەرقمان چیە خۆ ئێمە هەر لە ماڵێکدا ئەژێین و پارەمان هەر یەکێکە و گیرفانمان هەر یەکێکەو، ئەوە ئەو دوو دەفتەرە بۆ تۆ بێ"، کە ئەڵێ "ئەم دوو دەفتەرە بۆ تۆ بێ" ئافرەتەکە کە وەری دەگرێ کاتی مانگەکە تێئەپەڕی ئافرەتەکە زەکاتی ناکەوێ بۆ؟ چونکە مانگێکە ئەو پارەیە هی ئەوە ساڵی بە سەرا تێنەپەڕیوە، پیاوەکەش زەکات نادا چونکە کە یانزە مانگ لای بووە نەبووە بە دوانزە مانگ تا ساڵ بەسەریدا تێپەڕی و زەکاتی بدا، دوای ئەوە ئافرەتەکە دوای دوو مانگ ئەیداتەوە بە پیاوەکە، بەم دەساودەستکردنە قەت زەکات نادەن، ئەمە کارێکی حەرامە، فێڵ لە خوای پەروەردگار ناکرێ، خوای پەروەردگار ئەفەرموێ بە مونافیقەکان: ﴿يُخَادِعُونَ اللَّهَ وَهُوَ خَادِعُهُمْ﴾، خوای پەروەردگار ئەمان بە حساب فێڵ لە خوا ئەکەن، خوا ئەفەرمووێ: (خوای پەروەردگار ئەوان ئیستیدراج ئەکا، ئەوانە لە تاوان و گومڕایی و سەرلێشێواوی خۆیاندا، لەو ڕەزیلی و چروکی خۆیاندا وا ئەزانن فێڵ لە خوا ئەکەن، بەس فێڵ لە خوا ناکرێ وە خوای پەروەردگار ئاگادارە). لەبەرئەوە ئەم بەڕێزە کە ئەم پارانەی هەیەتی بەر لەوەی ساڵی بەسەردا تێپەڕ بێ ئەیکاتە پڕۆژەوە نابێ بەو نییەتیە بیکا زەکات نەدا، ئەگەریش پێداویستییە وا ئەخوازێ کە بیدا هیچ ئیشکالێکی شەرعی نییە و زەکاتی ناکەوێ. خوای گەورەش زاناتره
لینک