ئەو کاڵا و شمەکانەی لە شوێنە گشتی و گەشتیارییەکان جێ دەمێنێت
بەڕێزێک دەپرسێت: کاک دکتۆر من خانووی گەشتیاریم هەیە، لە شوێنێکی گەشتیاری، هەندێک لەو خەڵکانە کە دێنە لای ئێمە دوای خۆیان هەندێک جار شت بەجێ دەهێڵن، لە بیریان دەچێت، وەکو سەعات و ئەو بابەتانە، ناچار دەبین هەڵی بگرین کە دڵنیاین نایەتەوە بۆی، لە ڕووی شەرعەوە چی لەو شتانە بکەین؟ زۆر جار هەندێک لەو شتانە خاوەنەکەی کە نەهاتووەتەوە، داوای بکاتەوە، ئێمە بۆ خۆمان بە کارمان هێناوەتەوەو بەڵام لە بەرامبەرا بڕێک پارەمان کردووەتە خێر بۆ خاوەنەکەی، ئەگەر ڕوونکردنەوەیەکمان بدەیتێ مەمنوون دەبین
وەڵام
بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبانەوە سوپاس و ستایش بۆ پەروەردگاری جیهانیان، وە درود و ڕەحمەت بۆ سەر گیانی پاكی پێغەمبەر ﷺ و گشت كەس و یاران و شوێنكەوتوانی بەگشتی. وەڵام: سەبارەت بە پرسیارەكەی بەڕێزتان: ئێمە سەبارەت بەم شتانە بەڕێزانە دەڵێین ئەو خەڵکانە کە شتیان لێ جێ دەمێنێت، هەرکات بگەڕێنەوە مافی خۆیانە داوای شتەکانیان بکەنەوە، ئەو شتانە لەئەستۆی ئێوەدایە، ئێوە بەرپرسیارن لە پاراستنی شتەکان. ئەگەر بە کارتان هێنا بۆ خۆتان هەر کات خاوەنەکەی هاتەوە مەفروزە ئێوە زەمانەتی شەکان بۆ خاوەنەکانیان بکەنەوە. باشترین چارەسەر بۆ ئەم حاڵەتە ئەوەیە ئەم کاڵایانە بخەمڵێندرێن، نرخەکەی بکرێ بە خێر، بۆ خاوەنەکەی بۆئەوەی ئێوە ئەستۆپاک بن، لەم بابەتە، وە هیچ بەرپرسیاریەتییەک نەیێتە ئەستۆی ئێوە، ئەگەریش بۆ خۆتان بەکار هێنا وەکو عەرزم کردی، ئەو کاتە بیخەمڵێنن بە بڕێک پارە، هەر کات خاوەنەکەی هاتەوە پارەکەی بدەنەوە. کەواتە ئەو شتانە لای ئێوە ئەمانەتن، پاراستنیان لە ئەستۆی ئێوەیە، خاوەنەکانیان هات دەبێت بۆیان بگێڕنەوە، ئەگەر دەتانەوێ لە ئەستۆتان نەمێنێ بیکەن بەخێر بۆیان، یان ئەگەریش کردتان بەخێر بۆیان ڕۆژێک لە ڕۆژان خاوەنەکەی هاتەوە ئێوە بەرپرسیارن لە گێڕانەوەی کاڵاکە بۆیان، ئەو کاتە خێرەکە بۆ خۆتان دەبێ و نرخی کاڵاکە بۆ ئەوان دەگێڕنەوە و ئیشکالێک بۆ ئێوە دروست ناکات، لەم حاڵەتەدا، بەڵام نابی بە هیچ کاتێک بە هیچ شێوەیەک ئێوە وەکوو موڵکی خۆتان مامەڵی لەگەڵدا بکەن، وە وا سەیری بکەن لە هەر ڕۆژێکا خاوەنەکەی هاتەوە ئێوە بەرپرسیارن لە گەڕانەوەی بۆی خوای گەورەش زاناترە
لینک