28/03/2025 - 11:12 AM
36 بینراو

گه‌وره‌یی شه‌وی قه‌در ته‌نها یه‌ك شه‌و بووه‌؟.

بەڕێزێک ئەپرسێ: هەندێ خەڵک گومان لەسەر ئەوە دروست ئەکەن وە باس لەوە ئەکەن کە ئەم شەوە تەنها ئەو شەوە بووە قورئانی تا هاتووەتە خوارەوە، وە ئەمشەوە بەردەوام نییە، وە گەورەیی ئەم شەوە تەنها بۆ ئەوشەوە بووە.

وەڵام

بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبانەوە سوپاس و ستایش بۆ پەروەردگاری جیهانیان، وە درود و ڕەحمەت بۆ سەر گیانی پاكی پێغەمبەر ﷺ و گشت كەس و یاران و شوێنكەوتوانی بەگشتی. وەڵام: سەبارەت بە پرسیارەكەی بەڕێزتان: ئەمە بڕێزان قسەیەکی بێ بنەمایە، قسەیەکی نازانستییە، قسەیەکە پێچەوانی دەربڕینینەکانی خوای پەروەردگار و فیعلی پێغەمبەرە (ﷺ)، بۆ؟ چونکە زانایان بە کۆی دەنگ کە ئەڵێین زانایان، واز لە خەڵکی سەر جادەو ئەملا ئەولا بێنین ئێمە، هەر کەسێک قسەی کرد بڵێین شەرع وایە نا بەڕێزان، با قسەی زانایان بکەین، زانایان بە ئیجماع بە ئیتفاق ئەڵێن ئەمشەوە باقییە، ئەو شەوەی کە قورئان تێدیا هاتۆتە خوارەوە لەو شەوەیە هەموو شەوەکانی ساڵ پیرۆز بوون بە هۆی هاتنە خوارەوەی قورئان لەو شەوەدا وە لەو ساڵەدا، لەبەر ئەوە عولەما ئەفەرموون باقییە، ئەگەر سەرنجی قورئان بدەین بەڕێزان، خوای پروەردگار کە باسی گەورەی ئەم شەوە ئەکا فەرمووێ چی؟ ئەفەرمووێ: ﴿تَنَزَّلُ ٱلْمَلَٰٓئِكَةُ وَٱلرُّوحُ فِيهَا﴾، ئەم ﴿تَنَزَّلُ ٱلْمَلَٰٓئِكَةُ﴾یە بۆ ئیستیمڕاییەتە، واتە: (بەردەوام لەو شەوەدا فریشتەکانی خوا دێنە سەر زەوی) ، ئەگەر ڕابردوو بووایە و شەوێک بووایە ئەیفەرموو (تنزلت فیها الملائکة)، مەلائیکەتەکان لەو شەوەدا هاتنە خوارەوە، نا ئەفەرمووێ: ﴿تَنَزَّلُ ٱلْمَلَٰٓئِكَةُ﴾، بۆ ئیستیمرارییەتە، وە پێغەمبەری خوا (ﷺ) بۆ خۆی وە ئەصحابی پێغەمبەر، بۆچی پێغەمبەری خوا ئەو (10) شەوەی زیندوو ڕاگرتووە؟ ئەگەر تەنها خێرەکە لە شەوێکدا بووەو تێپەڕیوە؟ وە بۆچی پێغەمبەری خوا (ﷺ) بە ئەصحابەکانی فەرمووە (التَمِسُوها في العَشْرِ الأَوَاخِرِ من رَمَضَانَ)، فەرمویەتی: ئەو شەوی قەدرە لە (10) شەوی ئەخیردا بۆی بگەڕێن، وە فەرموویەتی: (تحَرَّوْا لَيْلَةَ القَدْرِ في العشْرِ الأَوَاخِرِ مِنْ رَمَضانَ)، فەرموویەتی: (بگەڕێن بە شوێن شەوی قەدردا) لە کەیدا؟ (لە شەوە تاکەکانی (10) شەوی ئەخیری ڕەمەزاندا)، هەر بۆیەش ئەسحابی پێغەمبەر (ﷺ)وە پێغەمبەر خۆی (ﷺ) لەم شەوانەدا دانیشتوون، عیبادەتیان کردووە، وە بۆیە پێغەمبەری خواش (ﷺ) کە باس لە ئەجرەکەی ئەکا بە ڕابردوو باس ناکا، ئەفەرمووێ: (مَن قَامَ لَيْلَةَ القَدْرِ إيمَانًا واحْتِسَابًا) ئەگەر ئەمە شەوێکی ڕابردووە وە شەوەکە کۆتایی پێ هاتووە بۆ پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئەفەرموێ (مَن قَامَ لَيْلَةَ القَدْرِ.. )، (هەر کەس خێری ئەم شەوەی بە نسیب بێ، وە هەر کەس ئەم شەوەی بە زیندوو ڕاگرتبێ بە عیبادەت، خوای پەروەردگار ئەم ئەجری بۆ ئەنووسرێ)، بۆیە ئەم قسە و قسەڵۆکانە ئینسانی ئیماندار سارد نەکاتەوە، ئەمانە ئامانج لێیان کاڵکردنەوەی ئەم دروشمانەیە، وە ساردکردنەوەی ئیماندارانە لە عیبادەتی ئەم شەوانەدا، وەکوو شەیتان یەعنی وەکوو خوای پەروەردگار ئەفەرموێ:﴿زَيَّنَ لَهُمُ ٱلشَّيْطَٰنُ أَعْمَٰلَهُمْ﴾ وەسوەسەی شەیتانن، ڕازاندنەوەی شەیتانە بۆ کردەوەکانی کۆمەڵێك کەس کە ئەم ئیشانە بکەن، ئەم ئیشانە.. ئاخر کاکە تۆ بۆچی خەڵک ساردەکەیتەوە لە عیبادەتی ئەم شەوە؟ وە تۆ لە پێغەمبەر (ﷺ) شارەزاتر نی، داناتر نی، لە خوا نزیکتر نی، ئەگەر پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئەم (10) شەوە بۆ خۆی وەکوو وتمان خاتوو خاتوو عائیشە کە باسی ئەکا ئەفەرمووێ: (إذَا دَخَلَ العَشْرُ شَدَّ مِئْزَرَهُ،وأَيْقَظَ أهْلَهُ، وأَحْيَا لَيْلَهُ)، ئەفەرمووێ: (پێغەمبەری خوا (ﷺ) خۆی گورج ئەکردەوە، نەئەچووە لای خێزانەکانی، شەو بەردەوام عیبادەتی ئەکرد، ئەم شەوە پیرۆزانەی زیندوو ڕائەگرت بە پەرستش، وە ماڵ و منداڵ و خێزانەکانیشی بە خەبەر ئەکرد بۆ ئەوەی کە ئەم شەوانە زیندوو ڕابگرن)، لەبەرئەوە نەخێر ئەمە شەوێکی تایبەت نەبووە، وە ئیننما ئەمە هەموو ڕەمەزانێک خوای پەروەردگار ئەم میهرەبانی و لوتفە لەگەڵ ئومەتی پێغەمبەر ئەکا (ﷺ)، بەرەکەتی ئەو شەوەیان ئەداتێ. خوای گەورەش زاناترە