28/03/2025 - 11:02 AM
18 بینراو

شه‌وی قه‌در جێگیره‌ یان گۆڕاوه‌؟.

بەڕێزێک ئەپرسێ: ئایا شەوی قەدر شەوێکی جێگیرە یا گۆڕاوە؟ یەعنی بۆ نموونە ئەکرێ ئەم شەوەی قەدرە (21) بووبێ لەم ساڵەدا، ساڵێک تر بچێتە (23)، ساڵێکیتر کە بچێتە (25).. ؟

وەڵام

بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبانەوە سوپاس و ستایش بۆ پەروەردگاری جیهانیان، وە درود و ڕەحمەت بۆ سەر گیانی پاكی پێغەمبەر ﷺ و گشت كەس و یاران و شوێنكەوتوانی بەگشتی. وەڵام: سەبارەت بە پرسیارەكەی بەڕێزتان: ئەمە بابەتێکی خیلافییە، عولەما تەرجیحاتیان جیاوازە، بەڵام (والله أعلم) یەعنی زۆرێک لە عولەما ڕەئیان وایە بەوەی کە ئەم شەوە شەوێکی سابیت نییە، واتە بڵێی شەوی (27)ە یا (23)یە، بە پێی ئەو شتانەی کە ئەسحاب ئەیگێڕنەوە، وە بە پێی ئەو عەلاماتانەی کە پێغەمبەر (ﷺ) بۆی باس کردوون، هەندێکجار لە (27) هەست کراوەکە شەوی قەدرە، هەندێکجار لە شەوی (25)دا، هەندێکجار لە شەوی (27)دا. بۆیە ئیمامی نەوەوی ئەفەرموێ وە ئیبنوحەجەریش ئەفەرموون: ئەمشەوە (متنقيل)ە. ئیمامی نەوەوی ئەفەرمووێ: (هذا هو الظاهر المختار ) ئەفەرمووێ: (زاهیر، وە ڕەئی پەسەند ئەوەیە کە ئەم شەوە ئەسوڕێ، شەوێکی گەڕاوە، (لتعارض الأحاديث الصحيحة في ذالك) چونکە ئەڵێ حەدیسەکانی پێغەمبەری خوا (ﷺ) کە ئاماژە بەم شەوە ئەکەن هەر دانەیە و ئاماژە بە شەوێک ئەکا، ئەسحاب ئەوەی کە ئەگێڕنەوە ئەڵێن ئەو شەوە هەستمان کرد کە قەدرە، ساڵێکییتر ئەڵێ ئەو شەوە هەستمان کرد کە قەدرە، (هەستەکەی شەوەکە گۆڕاوە). ئەفەرمووێ: (ولا طريق إلى الجمع بين الأحاديث إلا بانتقالها)، ئیمامی نەووەی ئەفەرمووێ: (تاکە ڕێگەیەکیش بۆ کۆکردنەوەی فەرموودەکان ئەوەیە کە بڵێین ئەم شەوە شەوێکی گەڕۆکە)، واتە: لەوانەیە ئەم ساڵ لە (21)دابێ، ساڵێکی تر لە (23)دا بێ، ساڵێکی تر لە (27)دا بێ، ساڵێکی تر لە (29)دا بێ، (وەکوو عەرزم کردن) هەموو ئەمەش حیکمەتەکەی ئەوەیە کە ئێمە هەموو ئەم شەوانە زیندوو ڕابگرین. ئیبنو حەجەریش ئەفەرموێ: (وارجحها انها في الوتر العشر الأواخر وانها تنتقل)، ئەفەرموێ ڕەئی پەسەند ئەوەیە کە ئەکەوێتە شەوە تاکەکانەوە وە شەوێکی گەڕۆکە، واتە ئەمیش وەکوو ئیمامی نەوەوی ڕەئی وایە کە شەوێکی گەڕۆکە. لەبەر ئەوەی ئێمە ئەڵێین بەڕێزان با تەنها.. ئیستا بەداخەوە تەنها شەوانی (27) مزگەوتەکان قەڵەباڵغ ئەبن، لە کاتێکدا مەفروزە ئەم (10) شەوە هەر (10) شەوەکەی وەک شەوی (27) قەڵەباڵغ بن، بۆ؟ چونکە ئێمە بە شوێن خێرێکدا ئەگەڕێین کە قەرەبوو نابێتەوە، ئێمە بە شوێن عیبادەتی سێ و چوار سەعاتدا ئەگەڕێین کە لە هەموو تەمەنمان گەورەترە، بۆیە هەوڵ بدەین هەموومان ئەم شەو لە دەست خۆمان نەدەین وە عیبادەتەکانی ئەم شەو ان شاءالله بە قیسمەت ببێ. خوای گەورەش زاناتره

لینک