؛زەکاتی سەرفترە لەنێوان پارە و خواردن و بەرژەوەندی هەژاراندا
؛زەکاتی سەرفترە لەنێوان پارە و خواردن و بەرژەوەندی هەژاراندا
وەڵام
خۆشەویستان؛ لە هەرجێیەکن سڵاوی خودای پەروەردگارتان لێبێت. بەڕێزان؛ بابەتێکی تر لە بابەتە گرنگەکانی پەیوەست بە پرسەکانی ڕەمەزانەوە کە تایبەتە بە ڕۆژووەوانانەوە، ئەویش ئەو پرسەیە کە زۆر کات ئێمە سەری خۆمان و خەڵکیشمان پێوە ئێشاندووە بە هۆیشییەوە گرفت و ئاڵۆزی پشێوییەک بۆ خەڵک دروستدەکەین لەم دە شەوەی کۆتایی ڕەمەزاندا، ئەویش ئەو پرسیارەیە کە دەگوترێت: "ئایا سەبارەت بە زەکاتی سەرفترە؛ دەبێت تەنها بە قووت و خواردن بدرێت؛ یا دروستە و دەکرێت بە پارەش بدرێت؟ بێگومان لە بنەڕەتدا ئەمە بابەتێکی لاوەکییە و زۆر ناچێتە خانەی بابەتە سەرەکییەکانەوە، بابەتێکە بۆچوونی جیاواز هەڵدەگرێت، بەڵام ئێمە هاتووین لە خەڵکمان زۆر زۆر بەرتەسک کردووەتەوە و دوودڵ و نیگەرانيان دەکەین و ساردیشیان دەکەینەوە و زیانێکی زۆریش بە بەرژەوەندی هەژارەکان دەگەینێت، لەبەر ئەوەشە کە من حەزدەکەم ئەم بەرنامەیە تایبەت بکەم بەم باسەوە، کە باسی ئەوەیە (ئایا ئێمە دروستە بۆ سەرفیترە پارە بدەین یا تەنها دەبێت خواردن بدەین؟) بێگومان هۆکاری هاتنەکایەی بۆچوونی جیاواز ەسەر ئەم بابەتە بۆ پرسیارێکی سەرەکی دەگەڕێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە ئایا بابەتی زەکاتی سەرفیترە حوکمێکی (تەعلیلی)ە؛ یان حوکمێکی (تەعەبودی)ە؟ واتە ئایا لایەنێکی مەبەستدارانەی تێدایە یان لایەنێکی پەرستشی تێدا زاڵترە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا زانایان ڕاجیاییان تێدایە، هەندێکیان دەڵێن (جانیبی تەعلیل)ییە، ئەی (تەعلیلەکە و مەقاسیدەکە)ی چییە؟ ئەوەش بریتییە لە پڕکردنەوەی پێداویستی هەژارێک، هەروەها خۆپاککردنەوەی ڕۆژووەوانە لەو تاوان و کەموکورتیانەی کە لە ڕۆژووەکەیدا بۆی دروستبووە. هەندێکیش دەڵێن نا؛ ئەمە پەرستش و بەندایەتییە و دەبێت پابەندبین پێوەی بەو شێوازەی کە لە دەقە شەرعییەکاندا هاتووە. بەڵام گەر بمانەوێت بۆچوونێکی دروست لەمەڕ ئەم باسەوە وەربگرین؛ سەبارەت بە بۆچوونی زانایان دەبێت بزانین کە زۆرینەی زانایانی پێشین جگە لە حەنەفییەکان لەسەرئەوە کۆکبوون کە (زەکاتی سەرفیترە) بە (قووت) بدرێت واتە: بە خواردن. بەڵام حەنەفییەکان گوتوویانە بە خواردن و بە پارەش دروستە، واتە: دروستە ئێمە برنج بدەین بە سەرفیترە، لە هەمانکاتدا دروستیشە بە پارەش بیدەین. (ئیبنو تەیمییە) لێرەدا ڕێگەیەکی نێوەندگیری وەرگرتووە و لەو سۆنگەیەشەوە گوتوویەتی: "بەرژەوەندی هەژارەکە بە کامیان بوو ئەوە دەدەین، ئەگەر بەرژەوەندییەکەی لەوەدابوو کە پارەی بدەینێ؛ پارەی پێ دەدەین، گەر لەوەشدا بوو خواردنی بدەینێ؛ خواردنی دەدەینێ"، بگرە زۆر زیاتر لەوەش دەڵێت و بەردەوام دەبێت: "إخراج القيمة للحاجة أو المصلحة، أو العدل، فلا بأس به"، واتە دەکرێت نرخی خواردنەکە؛ پارەی خواردنەکە بدەین بە هەژارەکە، ئەگەر بەرژەوەندی هەژارەکە یان دادپەروەری یان پێویستی هەژارەکە زیاتر بە پارەکەبوو، ئێمە پارەکەی دەدەینێ. "وقد نص احمد علي جوازي ذالك"، پێشەوا ئەحمەدیش دەربارەی ئەم بابەتە ئەم بۆچوونەی هەبووە کە دروستە. ئەمە دەربارەی ئەو بۆچوونانەی لەسەر ئەم بابەتە هەن. بەڕێزان؛ بێگومان بۆچوونی پەسەند بەلای بەندەوە ئەوەیە کە ئێمە ئەم بابەتە لەسەر خەڵکی قورس نەکەین، ئەم بۆچوونەی (ئیبنو تەیمییە) بۆچوونێکی نێوەندگیر و زانستی و دروستە بەو کەتوارەی کە تێیداین، واتە لایەنە مەبەستدارەکەی شەرعیش لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا دێتەوەیەک. بەڵام نامەوێت وا دەربکەوێت کە لە خۆمەوە و بەبێ بەڵگە ئەم قسەیە پشتڕاست بکەمەوە، بەڵکوو حەزدەکەم ئەو بەڵگانە باسبکەم کە لەلاتان ڕوونببێتەوە بۆچی ئەو بۆچوونە دروستترە کە ئێمە دەتوانین لەجیاتی خواردن پارە بدەین؟ چونکە من حەزناکەم تەنها بە قسە و بۆچوونێک بێت و تەواو، بەڵکوو وا پێویست دەکات کە بە بەڵگەوە قسەبکەین کە لە خودی فەرموودەکانی پەیامبەر (ﷺ) و هاوەڵەکانییەوە سەرچاوەی گرتبێت، چونکە هیچ ئایەتێکمان دەربارەی ئەم ئەم بابەتە نییە و ئەوەی هەمانە فەرموودەکانن: • پەیامبەری خودا (ﷺ) موعازی کوڕی جەبەل دەنێرێت بۆ یەمەن (بێگومان دەزانن موعاز لەلایەن پەیامبەرەوە (ﷺ) بووە بە قازی و پۆستی والی یەمەنیشی پێدراوە)، بەم شێوازە پێی دەفەرمووێت زەکاتی ماڵەکانیان لێ کۆبکەرەوە: «خذ الحب من الحب، والشاة من الغنم، والبعير من الإبل، والبقر من البقر»، دەفەرمووێت: «لە دانەوێڵە دانەوێڵە وەربگرە، لە مەڕ مەڕ وەربگرە، لە حوشتر حوشتر وەربگرە، لە مانگا مانگا وەربگرە»، ئەمە فەرمانی پەیامبەرە (ﷺ) بۆ ئەوەی موعاز لە هەرجۆرێک جۆرەکەی خۆی بە زەکات وەربگرێت. ئەی موعاز کە دەچێتە یەمەن چی بە خەڵکەکەی دەڵێت؟ بێگومان ئەم پێشوەختە ئەو فەرموودەیەی لەبەرە کە ڕاستەوخۆ پێی ڕاگەیەنراوە، هەربۆیە موعاز بە هەمان ژیربێژییەوە بە خەڵکی یەمەن دەڵێت: "ائتوني بعرض ثياب خميص أو لبيس في الصدقة"، واتە: "لەجیاتی زەکاتی ماڵەکانتان؛ جلوبەرگ و پۆشاکم بۆ بهێنن"، واتە لەبری خواردن و خواردەمەنییەکان جلوبەرگ و پۆشاکی داواکرد. بۆچی؟ هۆکاری ئەمە چی بووە؟ دەفەرمووێت: "فإنه أهون عليكم وخير لأصحاب النبي صلى الله عليه وسلم بالمدينة". ئەمە زۆر زۆر ڕوونە کە موعاز لەجیاتی (الشعير و الذرة) واتە جۆ و گەنمەشامی؛ جلوبەرگ و پۆشاکی داواکرد، چونکە دەیزانی ئەمە بۆ هاوەڵانی پەیامبەر (ﷺ) لە مەدینە سوودی زیاترە و بۆ خەڵکەکەش کارئاسانیترە. پێشەوا (بوخاری) ئەم فەرموودەیەی لە سەحیحەکەیدا هێناوە کە موعاز لە یەمەن دەگەڕێتەوە و شتەکانی لەگەڵ خۆیدا هێناوەتەوە، پەیامبەری خودا (ﷺ) پێی نافەرمووێت: موعاز خۆ جلوبەرگ زەکاتی تێدا نییە؛ ئەم جلوبەرگانەت لەکوێوە هێنا؟ کوا گەنم و جۆ و مەڕ و مانگا؟ کەواتە موعاز هاتووە بەو پێوەرەی فەرمایشتەکەی پەیامبەر (ﷺ) تێگەیشتووە مەبەستەکەی گەیاندووە، لەجیاتی مەڕ و گەنم و جۆ و خواردەمەنی جلوبەرگی هێناوە، پەیامبەری خودایش (ﷺ) بەرپەرچی ناداتەوە و لێی وەردەگرێت و لێپرسینەوەی لەسەر ناکات کە بۆچی ڕێک هاوشێوەی دەقی قسەکەی ئەوی جێبەجێ نەکردووە، کەواتە پەیامبەری خودا (ﷺ) کێشەی نەبووە لەم بڕیارەی موعاز و بێدەنگبووە لێی، لە کاتێکدا گەر بڕیارەکە هەڵە بووایە و پێچەوانەی شەرع بووایە؛ بێگومان دەستوبرد موعازی ئاگادار دەکردەوە، ئەوەش واتای ئەوەیە کە ئەم دەقە بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەرئەوەی کە دروستە ئێمە لەبری زەکات پارە وەربگرین، زەکاتەکە هەرچی بێت مادام لە بەرژەوەندی هەژارەکەدا بێت، ئەگەر بەرژەوەندییەکەش پارە بوو؛ پارە وەربگرین. (ئیبن بەتاڵ) لە ڕاڤەی ئەم فەرموودەیەی موعازدا دەڵێت: "وكان معاذ ينقل الصدقات إلى المدينة، فيتولى رسول الله (ﷺ) قسمتها، فإن كانت هذه الصدقة نقلها إلى المدينة في حياة النبي ﷺ فقسمها بين فقراء المدينة..فلا محالة أنه قد أقره على جواز أخذ البدل في الزكواتِ، لأنه قد علم صلى الله عليه وسلم أن الزكوات ليس فيها ما هو من جنس الثياب، وأنها لا تُؤخذ إلا على وجه البدل، فصار إقراره له على فعله دلالة على الجواز، وإن كان بعد موته فقد وضعها أبو بكر بحضرة الصحابة في مواضعها مع علمهم أن الثياب لا تجب في الزكاة، فصار ذلك إقرارًا منهم على جواز أخذ القيم، فتحصل للمسألة اتفاق بين الصحابة"، واتە موعاز کە ئەو زەکاتانەی کۆیدەکردەوە لە یەمەن؛ دەیهێنایەوە بۆ مەدینە، پەیامبەری خودا (ﷺ) دابەشیدەکرد، دەڵێت ئەگەر موعاز ئەم جلوبەرگەی لە ژیانی پەیامبەردا گێڕابێتەوە بۆ مەدینە و پەیامبەری خوداش (ﷺ) خۆی دابەشیکردبێت بەسەر هەژارەکانی مەدینەدا؛ کەواتە پەیامبەری خودا (ﷺ) ڕازیبووە بەوەی جلوبەرگ لەجیاتی گەنم و جۆ و مەڕوماڵات وەربگرێت، چونکە پەیامبەر (ﷺ) دەزانێت کە زەکات لە جۆری جلوبەرگدا نییە، کەواتە موعاز ئەم جلوبەرگەی لەبریتی و قەرەبووی شتی تردا وەرگرتووە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە پەیامبەری خودا (ﷺ) زانیویەتی کە ئەمە بریتییە، بۆیە چەسپاندوویەتی و بێدەنگبوونیش لێی بەڵگەی دروستبوونییەتی. بەڵام دەڵێت ئەگەر موعاز ئەمەی لە ژیانی پەیامبەردا (ﷺ) نەگێڕابێتەوە و وادابنرێت کە چووە بۆ یەمەن و کاتێک گەڕاوەتەوە کە پەیامبەری خودا (ﷺ) کۆچیدوایی کردووە، ئێ ئەودەمەش ئەبوبەکری سدیق خەلیفە بووە، کەواتە ئەبوبەکر ئەم زەکاتانەی وەرگرتووە و هەموو هاوەڵانیش ئاگاداربوون و ئەبووبەکریش بەوشێوازە دابەشیکردووە, لەکاتێکدا کە ئەوان زانیویانە جلوبەرگ زەکات تێیدا (واجب) نابێت، ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە هاوەڵانی پەیامبەر (ﷺ) کۆدەنگبوون لەسەر ئەوەی وەرگرتنی نرخ لە زەکاتدا دروستە، بەمشێوازەش ئەمە کۆدەنگی لەنێوان هاوەڵاندا دروستکردووە. پێشەوا (بوخاری) کە فەرموودەکەی موعازی لە سەحیحەکەیدا گێڕاوەتەوە خۆی دەڵێت: "وقال نبي (ﷺ)..."، دەڵێت پەیامبەری خودا (ﷺ) لە جەژندا بە ژنانی فەرموو: «تصدَّقنَ ولو من حُليِّكُنَّ»، فەرمووی: «ئێوە زەکات بدەن لە خشڵەکانیش، با لە خشڵەکانیشتان بێت زەکات بدەن»، هەروەها فەرموویەتی: «فلم يستثن صدقة الفرض من غيرها»، واتە پەیامبەری خودا (ﷺ) زەکاتی فەرزی لەگەڵ سەرفیترەدا جیانەکردووەتەوە. «فجعلت المرأة»، دەفەرمووێت کە پەیامبەری خودا وای فەرموو؛ ژنان دەهاتن چیان دەکرد؟ «تلقي خرصها وسخابها ولم يخص الذهب والفضة من العروض»، دەفەرمووێت ژن دەهات گوارەی دادەنا و هەبوو دەهات شتێکی دیکەی دادەنا، هەشبوو پۆشاکی دادەنا، واتە دەڵێت پەیامبەری خودا (ﷺ) لەم بابەتەدا زێڕ و زیوی تایبەت نەکرد، نەیفەرموو زێڕ لە زێڕ و زیو لە زیو، نەخێر! بەڵکوو فەرمووی لەو خشڵانەی کە هەتانە خێر بکەن، هەربۆیە دەفەرموون ژن دەهات هەبوو جلوبەرگی دادەنا، هەبوو گوارەی دادەنا، یان هەرشتێکیان دادەنا لەبری ئەو زەکاتەی کە لەسەریان پێویست بووە. ئەی ئایا پێشەوا (بوخاری) خۆی -تەعقیبەن- لەسەر ئەم فەرموودانە دەفەرمووێت چی؟ دەفەرمووێت: "ومن بلغت صدقته بنت مخاض"، واتە: ئەگەر هاتوو کابرا زەکاتەکەی پێنج حوشتر بوو، ئێمە گوتمان پێنج حوشتر "بنت مخاض"ێکی تێدایە و دەبێت بە زەکات، "وليست عنده" دەڵێت: -ئەگەر- "بنت مخاض"ی دەستنەکەوت؛ حوشترێکی لەو تەمەنەدا دەستنەکەوتەوە کە بیدات بە زەکات، "وليست عنده، وعنده بنت لبون، فإنها تقبل منه، ويعطيه المصدق عشرين درهما أو شاتين"، دەڵێت کابرا "بنت مخاض"ی دەستنەکەوت؛ (بنت لبون)ێکی هەبوو، (بنت لبون) گەورەترە و بەتەمەنترە لە (بنت مخاض)، لێرەدا دەڵێت: ئەم هات (بنت لبون)ێکیدا کە ئەمانە هەموویان ناوەکانی حوشترن بەپێی تەمەنە جیاوازەکانیان: (بنت مخاض، بنت لبون، جذع و حق و ...هتد). دەڵێت -ئەگەر- ئەم (بنت مخاض)ێکی دەستنەکەوت و (بنت لبون)ێکی بەخشی؛ حوشترێکی گەورەتری بەخشی لەو حوشترەی کەوا پێویستە لەسەری، ئەو کەسەی کە زەکاتەکە کۆدەکاتەوە ئەم حوشترەی لێ وەرگرێت، بەڵام دەبێت (٢٠) دینار یان دوو کاوڕ باقی بداتەوە. کەواتە ئەم هاتووە جۆری حوشترەکەی گۆڕیوە، ئەو حوشترەی نەداوە کە پێویستبووە بیدات، حوشترێکی گەورەتری بەخشیوە و ئەو کەسەیش کە زەکاتەکەی کۆکردووەتەوە باقی داوەتەوە کە بریتیبووە لە (٢٠) دینار یان دوو کاوڕ یان دوو مەڕ، کەواتە کە پێشەوا (بوخاری) باس لەمە دەکات؛ مەبەستی ئەوەیە کە پێدانی نرخ لە زەکاتدا دروستە. • تەنانەت پێشەوا بوخاری خۆی لە سەحیحەکەیدا دەروازەیەکی تایبەتی داناوە و ناویناوە (باب العرض في زكاة)، واتە (دەروازەی پێدانی بریتی لە زەکاتدا). کەواتە دروستە کە ئێمە پارە بدەین لە بواری زەکاتدا، بێگومان پێشەوا بوخاری خۆی حەنەفی نەبووە؛ بەڵکوو پێشەوا بوخاری زیاتر بەڵگەداری وەک ڕێبازی خۆی داناوە، کەچی سەرەڕای ئەمەش بۆچوونی حەنەفییەکانی پەسەندکردووە، کە ئەمە بووەتە مایەی سەرسوڕمان لەلای ئەوانەی کە ڕاڤەی سەحیحی بوخاری دەکەن! بۆنموونە پیاوێکی وەکو (ئیبنوو حەجەر) کە ڕاڤەی سەحیحی بوخاری کردووە فەرموویەتی: "وعلى غير عادة البخاري في مخالفته للأحناف أن اتفق معهم في إخراج صدقة الفطر نقوداً"، واتە: بوخاری دابی وانییە لەگەڵ حەنەفییەکاندا هاوڕا بێت، -کەچی- بە پێچەوانەی ئەم دابەی خۆیەوە ئەمجارە لەگەڵ حەنەفییەکاندا کۆکبووە. کەواتە ئەمە پرسێکی جیاوازبووە بەلای پێشەوا بوخارییەوە و تێگەیشتن لەوەی کە بۆچوونەکەیان دروستکردووە وایکردووە کە کۆکبێت لەگەڵ حەنەفییەکاندا. ئەم بۆچوونە هی کەسێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو هەڵگری ئەم هزرە بوخاری بووە. دەزانن بوخاری کێیە؟ بوخاری (ئەعلەمی ئوممەتە) بە فەرموودەکانی پەیامبەر (ﷺ)، کەواتە ئەمە بانگەشە و موزایەدەی کەسی لێوە وەرناگیرێت کە بیەوێت بە بیانووی پێشینەوە لەسەر ئەم بابەتە بە چەقبەستوویی قسەبکات، ئەمە بوخارییە کە پەرتووکەکەی "اصح كتاب بعد كتاب الله صحيح البخاري"یە. ئەمە بوخارییە کە دەفەرمووێت: "دروستە پارە لەبری سەرفیترە و خواردندا بدرێت لە بابەتی زەکاتی سەرفیترەدا". • ئیبن بەتاڵ کە ئەویش هەر ڕاڤەی سەحیحی بوخاری کردووە؛ لە پێشەوا بوخارییەوە بەڵگەی بۆ بۆچوونی حەنەفییەکان هێناوەتەوە کە بۆچوونی ئەوان دروستترە و شەرع و فەرموودەکانی پەیامبەریش (ﷺ) پشتیوانی لێدەکەن، هەرچەندە بوخاری زۆرجار دژی (ئەبوو حەنیفە) قسەی کردووە؛ بەڵام لێرە بۆچوونی لەگەڵ ئەبوو حەنیفەدا کۆکبووە، هەربۆیە دەفەرمووێت: "لاكني اتباع أحاديث قاده إلى موافقته"، دەڵێت: چونکە بەڵگەی فەرموودەکانی پەیامبەر (ﷺ) وایکردووە کە بوخاری هاوڕابێت لەگەڵ حەنەفییەکان لەم بابەتەدا. کەواتە ئەگەر فەرموودەکان و پێشەوا بوخارییش پێمان بڵێن وەرگرتنی نرخەکە لە زەکاتدا دروستە؛ کەواتە وەکوو بوخاری خۆی گوتی لە سەرفیترەشدا ئەمە هیچ بەڵگەیەکی شەرعی نییە دژی بوەستێتەوە، کەواتە دروستە. • ئەی ئایا لە هاوەڵانی پەیامبەردا (ﷺ) کێی دیکە بۆچوونی لەگەڵ ئەمەدا هاتووەتەوەیەک؟ ئێمە گوتمان پەیامبەر (ﷺ) ئەگەر خۆی ئەمەی کردبێت کە موعاز زەکاتەکەی هێناوەتەوە بە جلوبەرگی؛ ئەمە واتای چەسپاندنییەتی لەلایەن پەیامبەرەوە (ﷺ) کە واتای سوننەتبوونی پێدەبەخشێت، ئەگەر ئەو نەیکردبێت؛ کەواتە ئەمە کۆدەنگی هاوەڵانە لە سەردەمی ئەبووبەکردا لەسەر وەرگرتنی بریتییەکە لەبری خواردن و خواردەمەنی لە زەکاتەکەدا، هەربۆیە تەنانەت (ئەبوو ئیسحاقی سوبەیعی) کە لە شوێنکەوتووانە دەڵێت: "ادركتهم"، واتە من بەخزمەت هاوەڵانی پەیامبەر (ﷺ) گەیشتووم، "أدركتهم وهم يعطون في صدقة رمضان الدراهم بقيمة الطعام"، دەڵێت: من بە خزمەت هاوەڵانی پەیامبەر گەیشتووم (ﷺ) کە لەبری خواردن پارەیان داوە". • پێشەوا (عومەری کوڕی عەبدولعەزیز) کە لە شوێنکەوتووان و بگرە پایەبڵندانی شوێنکەوتووان بووە؛ بۆ (عەدی) والی بەسڕە دەنووسێت: "يؤخذ من أهل الديوان، من أعطياتهم، على كل إنسان نصف درهم"، فەرموویەتی: ئەوانەی کە ناویان تۆمارە لە دیواندا؛ زەکاتەکانیان (مەبەستی زەکاتی سەرفیترەکانیانە) نیو درهەمیان لێ وەردەگیرێت. "عن صدقة الفطر". کەواتە هەرچی ناوی لە دیواندا تۆمار کراوە کە لە تۆماری ویلایەتدا بووە و لە ژیاندایە، فەرموویەتی لە هەموویان نیو درهەمیان لە سەرفیترەکە لێوەردەگیرێت. ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کە شوێنکەوتووان و مەزنانی شوێنکەوتووانیش لە سەردەمی عومەری کوڕی عەبدولعەزیزدا کۆکبوون لەسەر ئەم پرسە و کەسیش پێداگیری نەکردووە بە پێچەوانەیەوە، بۆیە ئەمە دەبێت بە کۆدەنگی شوێنکەوتووانیش لەسەر ئەم بابەتە. لە پێشەوا گەورەکانی وەک (پێشەوا مالیک یان پێشەوا شافیعی یان پێشەوا ئەحمەد)یش ئەگەر گریمان بۆچوونی پێچەوانەى ئەمەش هەبوو، بەڵام ئەوکاتەی (عومەری کوڕی عەبدولعەزیز) ئەمەی کردووە؛ پێشەوا (مالیک) منداڵ بووە و لەوکاتەدا ئەهلی فەتوا نەبووە بەهۆی تەمەنەکەیەوە، ئێستا ئێمە بڵێین فەرموودەکانی پەیامبەر (ﷺ) و (موعازی کوڕی جەبل و عومەری کوڕی خەتتاب و ئەبووبەکری سديق و عومەری کوڕی عەبدولعەزیز) و کۆدەنگی هاوەڵان بەبێ هیچ پێداگیرییەک، قەت نەبیستراوە کەس پێداگیری ئەمەی کردبێت، ئێمە هەموو ئەمانە واز لێ بهێنین و بڵێین پێشەوا مالیک و پێشەوا شافعی ناکۆکبوون بەمە؟ ئەگەر ئێمە بانگەشەی ئەوە دەکەین کە پابەندین بە فەرموودەی پەیامبەرەوە (ﷺ) و بە فیقهی پێشینی خۆمانەوە، پێشەوا مالیک پێشینەترە یان هاوەڵان و شوێنکەوتووان؟ کامیان پێشینەییترن بەڕێزان؟ ئەمانە هەمووی بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە لەبری زەکاتی سەرفیترە پارە دراوە. تەنانەت (حەسەنی بەسڕی و عەتائی کوڕی ئەبی ڕەباح) و ئەمانە هەموویان لەسەر ئەم بابەتە کۆکن. • هەتا ئەوانیشی کە گوتوویانە ئەمە دروست نییە؛ گوتوویانە بۆ بەرژەوەندی و پێویستی دروستە، واتە کە تۆ دەڵێیت ئەو فەقیهە گوتوویەتی ئەمە نابێت؛ باسی لە دۆخی بەرژەوەندی و پێویستییەکەش کردووە، بۆنموونە حەنبەلییەکان ناڵێن بە پارە نابێت، وەک چۆن نموونەی پێشەوا ئیبنو تەیمییەمان هێنایەوە کە خۆی حەنبەلییە. خۆ ئێمەش هەر وامان گوتووە! بۆنموونە شافیعییەکان کە دەربارەیان دەڵێین گوتوویانە ئەم بریتی پارەیە نابێت؛ کەچی پێشەوا نەوەوی لە مەجمووعدا دەربارەی ئەم بابەتە دەڵێت: "نقل الرافعي عن الأصحاب أنهم قالوا: يعدل في الزكاة إلى غير الجنس الواجب للضرورة"، هاوەڵانی شافیعی گێڕاویانەتەوە کە لە بابەتی زەکاتدا بۆمان هەیە ئەگەر پێویستییەک هەبوو؛ جگە لەو ڕەگەزەی کە زەکاتەکەی تێدایە وەریبگرین، واتە لەجیاتی مەڕ و حوشتر و زێڕ پارە وەربگرین، ئەمە خودی پێشەوا نەوەویش لە مەجمووعدا هێناوییەتی. • پێشەوا (بووجەیرمی)ش کە لە شافیعییەکانە دەڵێت: "وجاز دفع النقد مع كونه من غير جنس الواجب"، واتە دروستە پارە بدەین؛ لە کاتێکدا پارە ئەو ڕەگەزە نییە کە زەکاتەکەی تێدا واجب بووە. چونکە با بڵێین زەکاتەکە لە گەنم و جۆدا دەبێت، یان با بڵێین لە: (زێڕ، زیو، مانگا، مەڕ، بزن)دا پێویستبووە، ئێمە دێین نەختینە دەدەین؛ واتە پارە دەدەین، پێشەوا بووجەیرمی دەفەرمووێت هەموو ئەمانە دروستن. • هەتا مالیکییەکان خۆیشیان لە (تاج الإكليل)دا دەڵێن: "إذا أخرج في زكاة الفطر ثمنا فإنه يجزؤه"، گوتوویانە: ئەگەر لەبری زەکاتی سەرفیترە پارەیدا؛ لە کۆڵی دەکەوێت و زەکاتەکەشی دروستە. لە پێشتریشدا بۆچوونەکەی ئیبنو تەیمییەشمان هێنا کە دەربارەی ئەم بابەتە دەڵێت بۆ پێویستی و پێداویستییەکان دروستە. کەواتە ئێمە گوتومانە ئەم فەرموودانەی پەیامبەر (ﷺ) و هاوەڵان بەڵگەن لەسەر ئەمە، ئەی ئەوان بەڵگە بە چی دەهێننەوە؟ دەڵێن: پەیامبەری خودا (ﷺ) کە فەرموویەتی: «لە گەنم گەنم لە جۆ جۆ وەربگرە»، ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە جگە لەوە هیچی دیکە نابێت، خۆ پەیامبەری خودا (ﷺ) فەرموویەتی لەمانە ئەوانە وەربگرە؛ نەیفەرمووە جگە لەوانەش دەبێت، هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەم دەربڕینە کە لە پەیامبەرەوە (ﷺ) چەسپابێت، بۆ کردارەکەی موعازیش ئەوە خۆی بەڵگەیە لەسەرئەوەی کە ئەم بابەتە فراوانە و دەرفەتی ئەوەی تێدایە کە ئاسانکاری تێدا بکرێت. پاشان ئێمە دەڵێین ئەگەر ئێمە بمانەوێت پابەندبین بەو دەقانەی کە لە سەردەمی پەیامبەردا (ﷺ) هەبوون و ئەم بەڕێزانەش دەڵێن نابێت لەمانە لابدەین، کەواتە خواردنێکی وەک برنج لەکوێی ئەو دەقانەدا هاتووە کە ئێوە بە بەڵگە دەیانهێننەوە؟ پەیامبەری خودا (ﷺ) باسی گەنم و جۆ و کەشک و خورما و ئەمانە دەکات، کەواتە ئیدی چۆن برنج لە زەکاتی سەرفیترەدا پەسەند دەکەن؟ وەڵامەکەش ئەوەیە کە پێتانوایە ئەوە قووتی ئێستایە، کەواتە چۆن جێگرەوەتان بۆ داناوە؛ ئەی کەواتە مادام هەرجێگرەوەیەکتان بۆ داناوە، بۆچی پارەکەش وەک جێگرەوە پەسەند ناکەن؟ مادام جێگرەوە بوونی هەبێت با پارە بێت، لەبەرئەوە ئاساییە. بۆیە تەنانەت فەقیهەکان کاتی خۆی هاتوون لەبری ئەو قووتانەی کە لە سەردەمی خۆیاندا هەبووە؛ ڕێگەیانداوە و فەتوایانداوە و بەوهۆیەشەوە بە دروست بینراوە کە گۆڕانکاری لەم قووتانەدا بکرێت. • خاڵێکی دیکە با ئێمە بچینەسەر لایەنە مەبەستدارییەکەی ئەم بڕیارە شەرعییە، گەر بپرسین بنچینەی دانراو لە دانانی سەرفیترە چییە؟ بۆ وەڵامی ئەمە گوتوومانە دوو مەبەستی هەیە: 1. پاکردنەوەی ڕۆژووەوان لە تاوان. 2. پڕکردنەوەی پێداویستی هەژارەکان. من دەپرسم لەبارەی ئەم کرداوە؛ ئایا ئەم حیکمەتە بە پارە جێبەجێ دەبێت، یان بە گەنم و گوێ و کەشک و خورما؟ ویژدانییەن پێویستی هەژارەکان بە کام لەمانە پڕدەبێتەوە؟ ئێمە پارەی بدەینێ هەموو ئەوانەی بۆ پڕدەکەینەوە، بەڵام خواردنی بدەینێ؛ هیچکام لەوانەی بۆ پڕناکەینەوە، خواردن بەس گەدەی تێر دەکات، لەکاتێکدا هیچ پێداویستییەکی تری بۆ نابێت. • خالێکی دیکە کە هەر بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەم لایەنە ڕەچاوکردنێکی تێدایە، ئێمە گوتوومانە فەتوا بەپێی کات و شوێن دەگۆڕێت، ئەگەر لە سەردەمی پەیامبەردا (ﷺ) لە مەدینە وا ئاسانتر بووبێت؛ هۆکارەکەی ئەوەبووە کە دەزانین مەدینە شارێکی کشتوکاڵی بووە، گەنم و جۆیان هەبووە، بۆ دەوڵەمەندەکان وا ئاسانتربووە کە گەنم و جۆیەکانی خۆیان بدەن بە سەرفیترە، ئەمە بۆ هەژارەکانیش هەمان گرنگی هەبووە، چونکە پێداویستییەکانیان زیاتر خۆی لە خواردندا بینیوەتەوە، هەربۆیە بڕیارەکە بۆ مەدینە زۆر گونجاوبووە کە گەنم و جۆ وەربگرن، بەڵام ئەم فەتوایە کە بۆ کۆمەڵگایەکی کشتوکاڵییە؛ بیهێنە و بەسەر کۆمەڵگای ئێمەدا جێبەجێی بکە! لە کۆمەڵگای ئێمەدا (٩٨%)ی خەڵکی گەنم و جۆیان نییە و خاوەن کێڵگەش نین، واتە داهاتی کشتوکاڵیان نییە، بەڵكوو لە بەرامبەردا خاوەنی پارە و دەستمایەن، هەروەها لە (٨٠-98%)ی پێداویستی هەژارەکانی ئەمڕۆ خواردن نییە، چونکە جیاوازییەکی زۆر ڕوون و بەرچاوی هەبووە لەگەڵ سەردەمی پەیامبەردا (ﷺ). لە سەردەمی پەیامبەردا (ﷺ) پارەی کرێی خانوو نەدراوە، پارەی کارتی ئەنتەرنێت و مۆبایل و پارەی سەردانیکردنی پزیشک و...هتدی ئەم بابەتانەی نەداوە، جلوبەرگیان بەدەستی خۆیان چنیوە و لەبەریانکردووە. هەربۆیە ئێستا هەژارەکان ئەوەی کە ماڵوێرانی بۆ دروستکردوون؛ ئەم خەرجی و پێویستیانەیە کە هەمووی بە پارە دابین دەکرێن، ئێمە ئێستا بچین بە خەڵکی دەوڵەمەند بڵێین ئێوە بڕۆن گەنم و جۆ بکڕن و بیهێنن بۆ هەژارەکان، هەژارەکانیش دەبێت بچن بیفرۆشنەوە، ئەی ئێمە لێرەدا کارئاسانیمان بۆ خەڵکی موسڵمان دروستکرد؛ یان قورساییمان لەسەر دروستکردن؟ بێگومان قورساییمان لەسەر دروستکردن، لەبەرئەوە ئەم شێوازە لەگەڵ لایەنە مەبەستدارییەکەشدا یەکناکاتەوە. • خاڵێکی دیکە ئەگەر ئێمە لایەنی (مەفسەدە و مەسڵەحە) لێکبدەینەوە؛ ئەوکاتە باشتروایە خەڵکی هەژار کەرامەتی پارێزراو بێت کە ئێمە چاکەی لەگەڵدا دەکەین، ئەوە چ کەرامەتپارێزییەکە کە تۆ بچیت فەردەیەک بگریت بەدەستەوە و بیبەیتە بەردەمی ماڵی هەژارەکە و لە دەرگا بدەیت و فەردەیەک برنج یان گەنمی بدەیتێ؟ لەکاتێکدا بەم کردارە هەموو خەڵک و دەرودراوسێ دەزانن ئەم کابرایە برنج یان گەنمی بە سەرفیترە وەرگرتووە، چونکە تۆ نە خزمیانی نە کەسوکاریان، ئیدی ئەوە چ خێرێکە تۆ دەیکەیت؟ ئەی بۆچی لە مزگەوت و بەتایبەت ناچیت لەنێوان خۆت و خۆی و خودادا (٥٠٠٠٠) بکەیت بە گیرفانیدا بڵێی بڕۆ ئەمە پێداویستییەکانی پێ پڕبکەرەوە؟ کابرا (٥٠) فەردە گەنمی بۆ دەچێت، یان بۆ نموونە (٥٠) فەردە برنجی بۆ دەچێت، چی لێ بکات؟ بچێ هەڵیبخات؟ بچێ بیچێنێت؟ مەرەزە دروستبکات؟ نایکات! هەربۆیە ناچاردەبێت بیباتەوە بۆ مارکێتێک و مارکێتەکەش بە نیوەی نرخی خۆی لێی دەکڕێتەوە، بەوەش هەژارەکە تەنها نیوەی پارەکەی دەستدەکەوێتەوە. واتە ئەمە وەک هاوکێشەیەک وایە کە تۆ چوویت بۆ مارکێتەکە و لەوێ خواردنەکەت کڕیوە و دواتر داوتە بە هەژارەکە، هەژارەکەش دەیباتەوە بۆ مارکێتەکە، کەواتە لێرەدا تەنها دەوڵەمەندەکان و خاوەن مارکێتەکان سوودمەند دەبن و لە بەرامبەردا هەژارەکان زیانمەندن، کە ئەمەش لە ئەنجامی ئەو فەتوایەی ئەمڕۆدایە کە ئاوا بەبێ قووڵبوونەوە لە مەبەستەکان بۆ هەژارەکانی دەدەن، ئەمە جگە لەوەی کە کەرامەتی هەژارەکان لەناو ماڵ و منداڵ و دەرودراوسێیاندا بەم بابەتە دەشکێت. بۆیە بەڕێزان؛ تکایە لەوە تێبگەن کە ئێمە نەمانگوتووە ئێوە ناچارن بۆچوونی خۆتان بگۆڕن، بەس کەمێک ئەم گرژبوونە وازلێبهێنن، کەمێک سنگفراوانبن بۆ بۆچوونە جیاواز و پێچەوانەکانیش، چونکە ئێمە گوتوومانە ئەوەی ئێوە دەیڵێن دروستە و ڕەتی ناکەینەوە، واتە هیچ ڕێگرییەک نییە لەوەی خەڵک سەرفیترەکەی بە برنج یان گەنم یان هەرشتێکی دیکە بە هەژارەکان بدات کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیاندا بێتەوەیەک، ئەگەر هەژارەکە گوتی من پێویستم بە ئاردەکەیە؛ گەنمی بدەرێ، سەبارەت بەم پرسیارکردنەش دەتوانیت لە مزگەوت بەتەنها قسەی لەگەڵدا بکەیت، یان تەلەفۆنێکی بۆ بکەیت، کام ڕێگایە ئاسانترە و دەتوانیت باشتر بۆچوونەکەی لێوەربگریت ئەوەیان پەیڕەو بکە. بۆنموونە تەلەفۆنێکی بۆ بکە و پێی بڵێ: "زەحمەت نەبێت دەمەوێت سەرفیترەکەم بدەم بە بەڕێزت، چیتان پێویستە"؟ ئەگەر گوتی برنج؛ برنجەکەی بۆ ببە، ئەگەر گوتی گۆشت؛ گۆشتەکەی بۆ ببە، ئەگەر گوتی پارە؛ پارەکەی بۆ ببە، واتە ئەوەی بۆ ببە کە پێویستی پێیەتی. بەڵام تۆ ئەم دەرگای فراوانەی شەرع لە خەڵکی دابخەیت و بەرتەسکی بکەیتەوە و بە ئاوەزێکی سنووردارەوە بە خەڵک بڵێیت: "تەنها گەنم و جۆ و برنج دەبێت"! ئەمە پێچەوانەی فەرموودەی پەیامبەر و هاوەڵان و کۆدەنگی فەقیهەکان ڕێساکانی فەتوا و مەبەستەکانی شەرع (موازەدەینی مەسالیح و مەفاسید)یشە. لەبەرئەوە تکادەکەم با ئێمە بەبەزەیی بین لەگەڵ هەژارەکاندا و بەرژەوەندییان ڕەچاو بکەین و کاتێک دەمانەوێت چاکەیان لەگەڵدا بکەین؛ کەرامەتیان نەشکێنین و لە چوارچێوەی مەبەستەکانی شەرعەوە بۆچوونە دروستەکان وەربگرین.
لینک