ئایا ڕۆژوو بەتاوان بەتاڵ دەبێتەوە؟
بەڕێزێکی کە دەپرسێت ئایا ڕۆژوو بە تاوان بەتاڵ دەبێتەوە واتا ئەگەر کەسێک لە ڕۆژی مانگی ڕەمەزاندا بە ڕۆژوو بێت وە تاوان بکات یان ھەتتا ڕۆژووی سوننەت ئایا ڕۆژوو بە تاوان بەتاڵ دەبێتەوە؟
وەڵام
بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبانەوە سوپاس و ستایش بۆ پەروەردگاری جیهانیان، وە درود و ڕەحمەت بۆ سەر گیانی پاكی پێغەمبەر ﷺ و گشت كەس و یاران و شوێنكەوتوانی بەگشتی. وەڵام: سەبارەت بە پرسیارەكەی بەڕێزتان: تەبعەن بەڕێزان ئێمە گووتوومانە خۆی فەلسەفەی ڕۆژوو ئەوەیە کە خوای پەروەردگار دەفەرموێت: (کتب علیکم الصیام کما کتب علی الذین من قبلکم لعلکم تتقون)، دەفەرموێت: بۆ ئەوەی تەقوا لە ئێوە دروست بکات ڕۆژوو خۆپارێزی لە ئینساندا دروست بکات فەلسەفەی ڕۆژوو ئەوەیە ئێمە لەم مانگە تەنها گەدەمان بە ڕۆژوو نەبێت، زمانمان بە ڕۆژوو بێت، گوێمان بە ڕۆژوو بێت، دەستمان بە ڕۆژوو بێت، قاچمان بە ڕۆژوو بێت، داوێنمان بە ڕۆ ژوو بێت، خۆمان لە هەموو حەزێکی نامەشروع بگرینەوە، تەنانەت ئێمە حەزە مەشرووعەکانیشمان کە حەڵاڵەکانە خواردن و خواردنەوە چوونە لای خێزانەکانیان لەسەرمان حەرام دەبێت لەم مانگە پیرۆزەدا، ئینسان واز لە حەرامەکان نەهێنێ وە سزاکانیان چەند قات و چەند قات دەبنەوە،لەم مانگە پیرۆزەدا وە بە دڵنیاییەوە زیانیشی بۆ ڕۆژووەکانمان دەبێت پێغەمبەری خوا ﷺ لەو حەدیثەی کە دەفەرموێت: (من لم يدع قول الزور والعمل به والجهل فليس لله حاجة في أن يدع طعامه وشرابه) ئەگەر کەسێک واز لە قسەی هەڵبەستراو کاری هەڵبەستراو نەهێنێت خوا چ پێویستی بەوە هەیە كە ئەو واز لە خواردن و خواردنەوە بھێنێت لە حەدیسەکەی تردا دەفەرموێت: (ربَّ صائمٍ ليسَ لَه من صيامِه إلَّا الجوعُ وربَّ قائمٍ ليسَ لَه من قيامِه إلَّا السَّهرُ) دەفەرموێت: هەندێک ڕۆژووەوان تەنها تینوێتی و برسێتیان بۆ دەمێنێتەوە، واتا ئێوارە کە ڕۆژوو دەشکێنن هیچ شتێک لە پاداشتی ڕۆژووەکانیان دەست ناکەوێت، بۆ؟ چونکە خۆیان لە حەرامەکان نەپاراستووە، کابرا ڕۆژ هەتا ئێوارە لەو بازاڕەیە لەگەڵ ڕێزمدا درۆی کردووە، دزی کردووە، فێڵی کردووە، لە مامەڵەدا دەستی خەڵکی بڕیووە نەزەری حەرامی کردووە، جوێنی بەم داوە، غەیبەتی ئەوی کردووە، بەودا هەڵشاخاوە قسەی ناشیرنی بەو گوتووە ئەمە بەڕێزان کەی پێی دەگووترێت ئەخلاقی ڕۆژووەوان پێغەمبەری خوا ﷺ بۆ فەرمووی: (الصيام جن) بۆچی فەرمووی: ڕۆژوو قەڵغانە؟ یەعنی ڕۆژوو قەڵغانە لە گوناه دەمان گێڕێتەوە، بۆچی خوای پەروەردگار دەفەرموێت: (يدع شهوته من أجلي) بۆ دەفەرموێت: (الصوم فإنه لي وأنا أجزي به) چونکە دەفەرموێت: واز لە حەز و ئارەزووەکانی خۆی دەهێنێت لە پێناو ڕەزامەندی مندا کام حەز و ئارەزوو کە تۆ خۆت لە حەرامەکان نەگرتۆتەوە، بۆیە ئیمامی عومەر فەرموویەتی ( لیس الصیام من الشراب والطعام وحده ولكنه من الكذب والباطل واللغو.) فەرمویەتی: خۆگرتنەوە ڕۆژوو گرتن تەنها لە خواردن و خواردنەوە نییە، بگرە لە درۆیە لە حەرام خۆرییە لە کردەوەی بەدە إبن حجر إبن حەجەری عەسقەلانی دەفەرموێت: إن الغیبة تفطر الصائم وتجب علیه قضاء ذلك الیوم.) دەفەرموێت: غەیبەتکردن زیانی گەورە بە ڕۆژوو دەگەیەنێت، لە خاتوو عائیشە گێڕاویانەتەوە لە ئیمامی ئەوزاعییان گێڕاوەتەوە کە دەفەرموێت: ( وقد حکی عن عائشة وبه قال الأوزاعی إن الغیبة تفطر الصائم وتجب علیه قضاء ذلك الیوم.) کە فەرمویەتی غەیبەت ڕۆژوو بەتاڵ دەکاتەوە، وە دەبێت ڕۆژووی ئەو ڕۆژە بگرێتەوە. کەواتە بەڵێ ڕۆژوو ئەگەر ئینسان گوناهی کرد لەو ڕۆژووە لەو کاتەی زمانی بە ڕۆژووە گوناهەکان لە کردەوە چاکەکانی لە پاداشتی ڕۆژووەکەی دێننە خوارەوە فەلسەفەی ڕۆژوو ئەوەیە ئینسان لە حەرام بگێڕێتەوە فێری پابەند بوون و گوێڕایەڵی و وابەستە بوونی بکات بە فەرمانەکانی خوای پەروەردگار، ئەگەر ئەمەی تێدا دروست نەکرد ئەو کاتە بەڕێزان بە ڕاستی ئینسان خۆی تینو و برسی نەکات لە پێناو شتێکدا کە پاداشتی لەسەر وەرناگرێت هەوڵ بدەین لەم مانگە پیرۆزەدا خۆمان لە حەرامەکان بگێڕینەوە. خوای گەورەش زاناتره