گۆڕینەوەی پارەی وردە بە زبرە

درێژەی پرسیار:

ڕێژەی وردەی 1000 و 250یی زۆربووە بێگومان بۆکڕینی دۆلار نرخی زۆرجیاوازە کەسێک بڕێکی زۆری لەو وردە 1000 و 250  دینارییانە هەیە و ئەیەوێ بیکات بە جۆری 5و10و25یی بەڵام ئاسان ناکرێ بۆی هەر مەبلەغێک ئەدات بەچەند دوکاندارێک بەقەرز کە ماوە ماوە بۆی ئەگۆڕن بە 5هەزاریی ئەمیش سود و نەفعی لێ ئەکات و دوایی دۆلاری پێ ئەکڕێتەوە. ئایا ئەو نەفعە ڕیبایە؟

وەڵام:

بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبانەوە
سوپاس و ستایش بۆ پەروەردگاری جیهانیان، وە درود و ڕەحمەت بۆ سەر گیانی پاكی پێغەمبەر ﷺ و گشت كەس و یاران و شوێنكەوتوانی بەگشتی.
وەڵام: سەبارەت بە پرسیارەكەی بەڕێزتان:	
سەرەتا دەبێت خاوەن دوکانەکان لە وەکیلی ئەوەوە ئەو پارەیە وەربگرن و بۆی بکەن بەپێنج هەزاری یان دەهەزاری ودواتر وەک خۆی بۆی بگێڕنەوە بێ زیاد و کەم و نابێت ئەم مامەڵەیە بچێتە قاڵبی کڕین و فرۆشتنەوە، خۆ ئەگەر مامەڵەکە بەو شێوەیە بوو ئەو کات ئاساییە ئەم ئەو پارانە بگۆڕێتەوە  بەدۆلار و بەزیاد یان کەم بێت هیچ کێشەی نییە ودروستە.
بەڵام ئەگەر دوکاندارەکان وەک کڕین و فرۆشتن ئەوەی بۆ بکەن ئەو کات پێویستە ڕەچاوی دوو مەرج بکەن:
یەکەم: کاتێک ئەم وردەکەیان دەداتێ دەبێت ئەوان یەکسەر پارە زبرەکەی ڕادەست بکەن و دروست نییە دوای بخەن.
دووەم: پێویستە هەر دوو پارەکە بەرامبەر بن و زیاد وکەمیان نەبێت، چونکە هەردووکیان بەدیناری عێراقییە نابێت زیادوکەم بکات.
خوای گەورەش زاناترە.

زنجیرەی: 1045

بڵاوکردنەوە: