پلەکانی یەقین

پلەکانی یەقین
پلەکانی یەقین: پاش ئەوەی مرۆڤ لە باوەڕەکەیدا قۆناغەکانی دوودڵی و گومان تێدەپەڕێنێت و دەگاتە یەقین، پێویستە لەم قۆناغەشدا کۆمەڵێک پلە ببڕێت تا دەگاتە یەقینی تەواو، ئەو پلانەیش کە مرۆڤ دەگەیەنن بە یەقینی تەواو بریتین لە: ١- بوونی زانست (علم الیقین): واتا مرۆڤ لە ڕووی تیۆریی و فیکرییەوە بەڵگەی زانستی تەواوی بۆ درووست بێت، کە ئەوانەی باوەڕی پێیەتی هەمووی ڕاستن و دڵنیاکەرەوەن. مرۆڤی باوەڕدار بۆ ئەوەی بگاتە ئەم قۆناغە بەچەند بازنەیەکدا گوزەر دەکات: بازنەی یەکەم: بازنەی ئیسلام: ئیسلام بازنەیەکی فراوانە و هەموو ئەو کار و کردەوانە دەگرێتەوە کە بەڕوکەش واتەی موسوڵمانبوونیان لێ دەخوێنرێتەوە و خەڵکی پێیانەوە پابەندن، جا تا چەند ئەوەی بەڕووکەش دەیکەن لە ناخیاندا جێگیر بووە، یان نا، ئەوە جێی پرسیارە و بۆ وەڵامدانەوەی پێویستمان بە بازنەی دووەم هەیە کە بازنەی باوەڕە. بازنەی دووەم: بازنەی باوەڕ (إيمان): بریتییە لە ئاوێتەبوونی ئەو کارو کردەوانەی کە مرۆڤ لە ڕووکەشدا دەیکەن لەگەڵ باوەڕی ناخی دڵیان و ئاوێتەبوونی سەرجەم ئەندامانی لەش بەتایبەتی دڵ لەگەڵ کردەوەکانی جەستە و هەرکات مرۆڤ گەشتە ئەم قۆناغ و بازنەیە؛ ئەوکات باوەڕەکەی بەتەواوی دادەمەزرێت، بەڵام مانەوە لە بازنەی یەکەم جێی متمانە نییە و کەسەکە هەمیشە لە مەترسیدایە و ناکرێت متمانە بە باوەڕەکەی بکرێت. بازنەی سێیەم: بازنەی ئیحسان: پاش بازنەی دووەمیش بازنەیەکی تەسکتر هەیە لەو دوو بازنەیەی پێشتر، ئەویش بازنەی ئیحسانە و مرۆڤ کە دەگاتە ئەم بازنەیە بەشێوەیەک خوا ناسی دەکات وەک ئەوەی بەچاوی سەر خوای گەورە ببینێت و هەموو شتە نەبینراو غەیبیەکانیش لای ئەم بینراو و بەرجەستە دەبن. بەڵام بەداخەوە کەمن ئەو باوەڕدارانەی کە دەگەنە ئەم بازنەیە و زۆربەی باوەڕداران هەر لە بازنەی یەکەم و دووەم دەمێننەوەو ناگەنە بازنەی سێیەم. هەموو ئەم بازنەو قۆناغانەیش کە باسمان کرد، هێشتا هەر قۆناغی زانستی تیۆرییە (علم الیقین) و نەگەشتووەتە قۆناغی دووەمی یەقین. ٢- قۆناغی بینینی ڕاستییەکان (عین الیقین): لەم قۆناغەدا ڕاستییەکان لە بازنەی تیۆری دەترازێن و دەچنە بازنەی کرداری و مرۆڤ بەچاوی سەر ڕاستییەکان دەبینێت، داواکەی حەزرەتی ئیبراهیم علیه السلام دەچێتە ئەم بازنەو قۆناغەوە کاتێک داوا لە خوای گەورە دەکات نیشانی بدات کە چۆن مردوو زیندوو دەکاتەوە، خۆ ئێمە دڵنیاین لە دامەزراویی باوەڕی ئیبراهیم؛ چونکە ئەم داوایەی لە سەرەتای پێغەمبەرایەتییەکەیدا نییە؛ تا بڵێین داوای دڵنیایی دەکات، بەڵکو کاتێک ئەم داوایە دەکات چەند قۆناغێکی سەختی لەگەڵ گەلەکەی بڕیوە و تەنانەت خوای گەورە پاش گفتوگۆکەی لەگەڵ نەمروود ئەم داوایەی باس دەکات و لەبارەیەوە دەفەرموێت: [وَإِذْ قَالَ إِبْرَاهِيمُ رَبِّ أَرِنِي كَيْفَ تُحْيِـي الْمَوْتَى قَالَ أَوَلَمْ تُؤْمِن قَالَ بَلَى وَلَـكِن لِّيَطْمَئِنَّ قَلْبِي قَالَ فَخُذْ أَرْبَعَةً مِّنَ الطَّيْرِ فَصُرْهُنَّ إِلَيْكَ ثُمَّ اجْعَلْ عَلَى كُلِّ جَبَلٍ مِّنْهُنَّ جُزْءاً ثُمَّ ادْعُهُنَّ يَأْتِينَكَ سَعْياً وَاعْلَمْ أَنَّ اللّهَ عَزِيزٌ حَكِيمٌ]( سورة البقرة:آیة۲٦۰). واتە: کاتێک ئیبراهیم گوتی: ئەی پەروەردگارم نیشانم بدە چۆن مردوو زیندوو دەکەیتەوە. ئەم داوایەی ئیبراهیم وەک داواکەی موسا وایە دروودو سەلامی خوایان لەسەر بێت کە داوا لە خوای گەورە دەکاتو دەفەرموێت: [رَبِّ أَرِنِي أَنظُرْ إِلَيْكَ]( سورة الاعراف:الآیة۱٤۳). واتە: ئەی پەروەردگارم ڕێگەم بدە بتبینم. پێغەمبەران لە شەوق و خۆشەویستییان بۆ خوای گەورە، حەزیان کردووە زۆر لێی نزیک ببنەوە و خوای گەورە هەندێک بەخششیان لەگەڵ بکات کە لەگەڵ خەڵکانی تری نەکردووە، داواکەی ئیبراهیمیش هەر لەم ڕوانگەیەوەیە. خوای گەورەش پێی دەفەرموێت: بۆ هێشتا باوەڕت دانەمەزراوە؟ هەرچەندەی خوای گەورە خۆی باشتر دەزانێت کە باوەڕی چەند پتەوو دامەزراوە، بەڵام ئەمە تەنها بۆ دواندنی ئیبراهیمە، هەروەک چۆن پرسیار لە موسا دەکاتو دەفەرموێت: [وَمَا تِلْكَ بِيَمِينِكَ يَا مُوسَى]( سورة طه:الآیة ۱۷). واتە: ئەی ئەوە چییە بەدەستی ڕاستەوە ئەی موسا؟ لە کاتێکدا خوای گەورە دەزانێت گۆچانە و بۆچیشی بەکار دەهێنێت، بەڵام تەنها بۆ دواندنی موسا پرسیارەکە دەکات. لێرەشدا پرسیارەکە هەر بۆ هەمان مەبەسەتە. ئیبراهیمیش لە وەڵامدا دەفەرمووێت: بەڵێ باوەڕم تەواو دامەزراوە، بەڵام دەمەوێت زیاتر دڵنیا بم و زیاتر گەورەیی دەسەڵاتت ببینم. بۆیە ئیبراهیم دەیەوێت لە قۆناغی باوەڕی تیۆری بەڕاستییەکان (علم الیقین) بترازێت بۆ بینینی ڕاستییەکان (عین الیقین)، ئەم قۆناغەش تایبەتە بە پێغەمبەران و لەوانەشە هەندێک لە پیاوچاکان بەشێکی کەمیان لەم بەخششە گەورەیە بەهرەمەندبن. ٣- قۆناغی بەرجەستەبوون و ژیان لەناو ڕاستییەکان (حق الیقین): لەم قۆناغەدا مرۆڤ بەشێوەیەکی بەرجەستەبوو، ئاوێتەی ڕاستییەکان دەبێت و لەگەڵیاندا دەژی و هیچ بوارێک بۆ ئینکاریکردن، یان باوەڕ نەبوون نامێنێتەوە بۆ نموونە: هەموو ئەو شتانەی کە لە دونیا لێمان پەنهانن و خوای گەورە داوای لێ کردووین باوەڕمان پێیان هەبێت لەپاش مردن دەبنە واقیع و مرۆڤ تەواو لە بوونیان دڵنیا دەبێتەوە؛ چونکە هەستەوەرەکان هەستی پێ دەکەن، ئیتر لەو کاتانەدا باوەڕ هیچ هونەرو گرنگییەکی نامێنێت؛ چونکە بیەوێت، یان نا شتەکان ڕاستن و بوونیان هەیە. ئەمەش خاڵی جیاکەرەوەی نێوان مرۆڤی باوەڕدار و بێباوەڕە؛ چونکە ئێمە هەر لە دونیا و بەر لەوەی هیچ شتێک بەچاوی سەر ببینین، باوەڕمان وایە هەموو ئەو شتانەی کە خوای گەورە خۆی ڕاستەوخۆ لە قورئاندا، یان لەسەر زاری پێغەمبەرەکەی ﷺ باسی کردوون و فەرموونی هەمووی ڕاستن و بۆ یەک ساتیش لە بوونی بچووکترینی ئەو شتانە دوو دڵ نین، بەڵام بێباوەڕان باوەڕیان پێیان نییە، پاش مردن ئێمە و ئەوانیش هەموومان وەک یەک ڕاستییەکان دەبینین، بەڵام بەداخەوە ئەو کات کاتی تاقیکردنەوەکان کۆتایی هاتووەو باوەڕبوون هیچ سوودێکی نامێنێت. کتێبی کردەوەکانی دڵ/لا۷۲