دامەزراویی دڵ (الیقین)

دامەزراویی دڵ (الیقین)
دامەزراویی دڵ (الیقین) یەکێکی تر لە کردەوە گرنگەکانی دڵ (يقين) ە و (یقین) یش بریتییە لە بوونی باوەڕی تەواو بە هەموو ئەو شتانەی کە لێمان پەنهانن بە ڕێژەیەکی زۆر زیاتر لەو شتانەی کە بەرجەستەن و دەیانبینین؛ چونکەی ئەوەی دەیبینین بەچاو، یان بەهەستەوەرەکانی تر هەستیان پێ دەکەین ئەوانە ئێمە لەڕێگەی توانا سنووردارەکانی خۆمانەوە دەیانسەلمێنین، کە لەوانەیە لەژێر کاریگەریی هەندێک شتدا زانیاری هەڵەمان پێ بدەن وەک لە کاتی بوونی جادوو، یان نەخۆشی, بەڵام ئەوەی خوای گەورە دەیفەرمووێت؛ هیچ جێی گومان و دوودڵی نییە و لە هیچ کاتێکیشدا و لەژێر کاریگەریی هیچ شتێکدا خوای گەورە زانیاریی هەڵە ناداتە بەندەکانی، ئیتر عەقڵ و هەستەوەرەکانی ئێمە بیسەلمێنن، یان نا؛ ئەوە ئەرزشێکی ئەوتۆی نییە بەمەرجێک لەشەرع و فەرموودەی خوادا سەلمابێت. باوەڕی دامەزراویش بەو شێوەیە باڵاترین پلەکانی باوەڕە و لە قۆناغی ئیسلام و ئیمان هەڵدەکشێت بۆ قۆناغی ئیحسان کە پێغەمبەری خوا ﷺلە بارەیەوە دەفەرموێت: {الْإِحْسَانُ أَنْ تَعْبُدَ اللَّهَ كَأَنَّكَ تَرَاهُ فَإِنْ لَمْ تَكُنْ تَرَاهُ فَإِنَّهُ يَرَاكَ}( صحیح البخاری،ج۱،ص۱۹). واتە: ئیحسان ئەوەیە کە بەشێوەیەک خوا پەرستی بکەیت کە خوای گەورە دەبینیت، خۆ ئەگەر تۆ ئەو نەبینیت ئەوا ئەو تۆ دەبینێت. کتێبی کردەوەکانی دڵ/لا65