حوکمی ئەو کردەوانەی ڕیایان تێدا درووست دەبیت

حوکمی ئەو کردەوانەی ڕیایان تێدا درووست دەبیت
حوکمی ئەو کردەوانەی ڕووپامایی و ڕیایان تێدا درووست دەبێت: ئەو کردەوانەی ڕیایان تێدا درووست دەبێت دەکرێت بکرێن بەچەند بەشێکەوە: ١- ئەگەر سەرەتا پاڵنەرو مەبەستی کردەوەکە ڕیا بوو؛ ئەوە خوای گەورە وەری ناگرێت و کردەوەکە بەتاڵ دەبێتەوە و پێویستە کەسەکە بە نیەتێکی پاک جارێکی تر بیکاتەوە، ئەگەر بیەوێت خوای گەورە لێی وەربگرێت. ٢- ئەگەریش سەرەتا مەبەستی کەسەکە ڕەزامەندیی خوای گەورە بوو، پاشان لە کاتی کردەوەکەدا نیەتی گۆڕا، ئەو کات سەیر دەکەین ئەگەر هەستی ڕیاکردنەکە تەنها بەدڵدا تێپەڕی بوو و زۆر لە دڵیدا نەمابویەوە و کاریگەری لەسەر دڵ و دەروونی درووست نەکردبوو؛ ئەوا هیچ کێشەی نییە و کردەوەکەی درووستە. بەڵام ئەگەر لە دڵیدا جێگەی گرت و نیەتەکەی گۆڕا ئەو کات زانایان بۆچوونیان لەسەر درووستی کردەوەکە جیاوازە: پێشەوا ئەحمەد و حەسەنی بەصری پێیان وایە کردەوەکە هەر درووستە و بەتاڵ نابێتەوە؛ چونکە سەرەتا نیەت و پاڵنەری کارەکە بۆ خوا بووە. هەندێکیش دەڵێن: ئەم حوکمەی پێشەوا ئەحمەد باسی دەکات بۆ ئەو جۆرە کارانەیە کە سەرەتاکەی تا کۆتاییەکەی یەک پەرستشە و ناکرێت لێک داببڕێت وەکو نوێژ و ڕۆژو و حەج، بەڵام ئەگەر سرووشتی پەرستشەکە وابوو کە جیاوازی لەنێوان بڕگەکانیدا هەبوو وەکو قورئان خوێندن ئەو کات کەی نیەتەکەی گۆڕا لەو کاتەوە کارەکەی بەتاڵ دەبێتەوە و پێویستە نیەتێکی تازە بهێنێتەوە بۆئەوەی پەرستشەکەی قەبووڵ بێت. خۆ ئەگەریش گۆڕینی نیەتەکە بەهۆی ڕیاوە نەبوو، بەڵکو جگە لە بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی خوای گەورە و دەستکەوتنی پاداشتی قیامەت نیەتی دەستکەوتنی شتێکی دونیایشی تێکەڵ بوو وەک مەبەستی دەستکەوتنی غەنیمەت لە غەزادا، یان بازرگانی لەحەجدا، زاناین دەڵێن ئەو مەبەستە لاوەکییە کردەوەکە بەتاڵ ناکاتەوە، بەڵام لە خێرو پادشاتی کەم دەکاتەوە، بەبەڵگەی ئەو فەرموودەیەی کە پێغەمبەری خوا ﷺ دەفەرموێت: {مَا مِنْ غَازِيَةٍ تَغْزُو فِى سَبِيلِ اللَّهِ فَيُصِيبُونَ الْغَنِيمَةَ إِلاَّ تَعَجَّلُوا ثُلُثَىْ أَجْرِهِمْ مِنَ الآخِرَةِ وَيَبْقَى لَهُمُ الثُّلُثُ وَإِنْ لَمْ يُصِيبُوا غَنِيمَةً تَمَّ لَهُمْ أَجْرُهُمْ}(صحیح مسلیم،ج۳،ص۱٥۱٤ ). واتە: هەر کۆمەڵێک لە پێناوی خوادا بڕۆن بۆ غەزا و غەنیمەت و دەستکەوتی شەڕو ماڵی دونیایان دەستکەوت؛ ئەوا دوولەسەر سێی پاداشتی غەزاکەیان دەڕوات و تەنها یەک لەسەر سێیان بۆ قیامەت دەمێنێتەوە، خۆ ئەگەریش هیچ غەنیمەت و دەستکەوتی شەڕیان دەست نەکەوت؛ ئەوا پاداشتی غەزاکەیان لای خوا و لە ڕۆژی دوایی بەتەواوی وەردەگرن. کتێبی کردەوەکانی دڵ/لا63_64