نوسین
28/02/2022 - 11:47 PM
27 بینراو

خوا ناسین ئامانجە نەک ئامڕاز

خوا ناسین ئامانجە نەک ئامڕاز

خوا ناسین ئامانجە نەک ئامڕاز

ئێستا خەڵکانێک هەن خوا ناسییەکەیان تەنها ئامڕازە، نەک ئامانج؛ چونکە تا ئەو کاتە خواناسی دەکەن کە ئیش و کارەکانیان جۆر دەبێت، ئیتر پشت دەکەنە خوا و هەر نایشی ناسن وەک ئەوەی جارێکی تر ئیشیان نەکەوێتە خوا. دەیان کەسمان بینیوە خواناس بوون و هاتوچۆی مزگەوتیان کردووە و باڵا پۆش بوون، بەڵام تا ئەو کاتەی کە هەژار بوون، یان هاوسەرگیرییان کردووە، یان خوا منداڵی پێ داون، یان لە نەخۆشییەکەیان چاک بوونەتەوە، یان هەر کارو مەبەستێکی تریان هەبووە، دواتر خوایان هەر نەناسیوە و پەیوەندیان لەگەڵ پچڕاندووە. کەواتە ئەم خواناسی و پەرستشەش بۆ خوا نییە و تەنها بۆ دونیایە و بۆ قیامەت هیچی لێ نا پێچیتەوە، وەک خوای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێت: [من كَانَ يُرِيدُ الْحَيَاةَ الدُّنْيَا وَزِينَتَهَا نُوَفِّ إِلَيْهِمْ أَعْمَالَهُمْ فِيهَا وَهُمْ فِيهَا لاَ يُبْخَسُونَ]( سورة هود). واتە: هەر کەس کردەوەکانی بە مەبەستی بەدەستهێنانی ژیانی دونیا و جوانییەکانی بێت؛ ئەوا هەر لە دونیا پاداشتی کردەوەکانیان دەدەینەوە و هیچ ستەمێکیان لێ ناکەین. هەر لەم ڕوانگەیەیشەوەیە کە نەزرکردن لە شەرعدا کارێکی باش نییە؛ چونکە مەبەستەکەی ڕەزامەندی خوای گەورە نییە؛ بەڵکو گەیشتنی کەسەکەیە بە ئامانجی خۆی؛ بۆیە کاتێک پرسیاریان لە پێغەمبەری خوا کرد ﷺ لەبارەی نەزر لە وەڵامدا فەرمووی: {إِنَّهُ لاَ يَأْتِى بِخَيْرٍ وَإِنَّمَا يُسْتَخْرَجُ بِهِ مِنَ الْبَخِيلِ}( صحیح البخاری). واتە: نەزرکردن خێری تێدا نییە، بەڵام بەخششێکە خوا بەزۆر لە گیرفانەی ڕژد و ڕەزیلەکانی دەردەکات؛ چونکە بیرۆکەی نەزر، بریتییە لە خێرکردنێک بەرامبەر دانانی مەرجێک لەسەر خوای گەورە، وەک ئەوەی بڵێیت خوای گەورە ئەگەر تۆ ئەو کارەم بۆ بکەیت؛ منیش فڵان خێر، یان پەرستشت بۆ دەکەم، بەڵام ئەگەر مەرامەکەت نەهاتە دی تۆیش کارەکە بۆ خوا ناکەیت. ئەم جۆرە هەڵوێستانە دەبێت کوێی بۆ خوا بێت و خوای گەورەش چ منەتێکی بەو کارەی ئێمە هەبێت؟!؛ ئەوانە تەنها ئامڕاز و ئامێرن بۆ گەشتن بە ئامانجێک کە ڕەزامەندیی خوا نییە، بەڵکو ڕەزامەندی و خواستەکانی خۆمانە. کتێبی کردەوەکانی دڵ/لا/37